دانا هەڵەبجەیی
30.03.2020
کرۆنا فێری کردین کە جیاوازی لە نێوان وەزیرو گوزیر نییە، لە نێوان هەژار و زەنگین نییە. ئەوەندە وانەی پێ بە خشین کە هەموومانی فێر کرد، کە ئێمە جگە لە دانیشتوانێکی بێ دەسەڵات لە تاو سروشتی سەر گۆی زەوی، هیچی دیکە نین و هەموومان وەک ئۆرگانێکی تری سروشت نەبێت، هیچی دیکە نین،،،.
پێشتر زۆر خۆمانمان لەلا لەوی دیکە گرنگتر بوو و خۆمانمان لا یەکەم بوولەوی تر. وەک تاک و نەتەوە، پاشان وەک وڵات، ئینجا وەک ئایین و ئایدیۆلۆژیا، کە هەریەکەمان لەوی تر پێ باڵاتر بوو.
ئەوەی من هەمە وەک ئایین و ئایدۆلۆژیا و ڕەگەز، تەنانەت وەک بۆچوونێکی لۆکالیش، لە تۆی دیکە ڕاستتر و ڕەوانتر و درووستر بوو.
هەموو جەنگ و جیدالەکانی سەد سالەی پێشووی سەر زەوەی لەسەر ئەوە بوو کە من ڕاسترم لە تۆ، ئێمە گرنترین لە ئێوە، ئایین و ئایدۆلۆژی ئێمە لە ئێوە دروستترە.
کۆرۆنا وانەیەکی فێرکردین، کە بە دەیان کتێب و سیستەمی سیاسی و جەنگ و شەڕی جیهانی فێری نەئەکردین.
کۆرۆنا هەر ئەوەی فێر نەکردین، بەڵکوو ڕۆچوویە ناو ژیانی تاکایەتی مرۆڤەکان، ناو ژیانی ژن و مێردایەتیش،، نێوان خوشک و برا، باوک و دایک، نێوان خودی مرۆڤەکان لەگەڵ خۆێدا.
پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئەگەر بە زیندووی ماینەوە لە پاش هێرشی کۆرۆنا، ئایا هەمان مرۆڤین کە پێش کۆرۆنا ژیاوین؟، یا بە هەمان سیستەمی سیاسی و ئیداری ڕازی ئەبین کە بەڕێوەمان ئەبات یا ئیتر ئەبێت کار بۆ لەناوبردنی بکەین، چونکە ئەوە نەبوو کە بینیمان و ویستمان.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ، وەزیری تەندروستی ئیتالیا و هتد، توشی پەتای کۆرۆنا بوون، کەچی ئەوانەی کە لە گردە پڕ بازگەکانی لای خۆمان، بە دانسقەش نەک خۆیان دەرناخەن، بەڵکو بە ئۆنلاین ئەیانەوێت ئیدارەی حکومەتێک بکەن، کە ئەگەر بەغدا پارەی بۆ نەنێرێت، لە قەباغێک زیاتر هیچی تر نین. ئاوا بە ئاسانی مێگەڵ بە دوایاندا ئەڕوات یا نا؟.
کەواتە هەم خێزان، هەم دەوڵەت، هەم جیهان هەمووی دەرکەوت کە بایی چەندن.
ئایا خەڵک بەو سیستەمە رازی ئەبێت کە هەیەتی، ئایا گۆڕانکاری دێت بە سەر سیستەمی بەڕیوەبەرایەتی جیهاندا؟.
بێ گومان بەڵی، هەموو شت ئەگۆڕێت، لە ئەلفەوە تا یا. هیچ کاتێک سیستەمی بانکی جیهانی و نەوت و بازرگانی و ڕەگەزە سەرەکییەکانی پەیوەندی وەک فرۆکەوانی و بازاڕە گەورەکانی دراو، ئاوا دەستەوەوەستان نەوەستاون و نەچوونەتە ناو قاڵبەکەی خۆیان.
هەموو ئەم مت بوونە، ئەم خۆ کەرەنتینە کردنە، قەد وەک پێش کەرەنتیرە نابێت.
دڵنیام لە تاک بە تاکی مرۆڤەکانیش، گۆرانکاری بەسەر ڕامان و بیر و هۆشیان هاتووە، لەم خۆ حەشاردانەدا، هیچ کەسێک مرۆڤی پێش کۆرۆنا نییە، ئەگەر تۆزقاڵێکیش بیرکردنەوەی نەگۆڕابێت، ئەوا دیدی بۆ خود و چواردەوەر و جیهان ئەگۆڕێت.
ئەمەیە کۆدی کۆرۆنا بۆ مرۆڤە ڕۆبۆتەکانی دنیای سەرمایەداری ، ئەگەر مرۆڤەکان بگۆڕێن، ئیتر چۆن چاوەڕی نەبین کە سیستەمی سیاسی و ئابووریی جیهان نەگۆڕێت.
کەواتە چاوەڕێی گۆڕناکاری گەورە بن، ژیانی پێش کۆرۆنا ئەبێتە مێژوویەک و هیچی تر.