لوقمان غەریب :” ئەو درامایە لە رووی ناوەرۆک و شێوازی بەرھەم ھێنانەوە، ھەنگاوێکی گەورەیە لە مێژووی درامای کوردی!
زنجیرە درامای (دوا بڕیاڕی یەعقوب) لە ئێستادا یەکێکە لەو درامایانەی، کە ماوەی نزیکەی سالێکە لە لایەن ھونەرمەندی دەرھێنەر (لوقمان غەریب) کاری دەرھێنانی بۆ ئەنجام دەدرێت و لە ئێستادا لە قۆناغی کۆتایی دایە، وابڕیارە لە مانگی رەمەزان و لەچەند رۆژی داھاتوودا، لە رێگەی شاشەی کۆرەک tvـیەوە نیشانی بینەران بدرێت، ئەو درامایە لەلایەن کۆمپانیای “بابیلۆن” و ناوەندی “گاڤ” بۆ بەرھەم ھێنانی ھونەریی کاری بەرھەم ھێنانی بۆ کراوە، لە دیدارێکدا دەرھێنەر (لوقمان غەریب) باسی ناوەرۆکی ئەم درامایەی بۆ کردین.
بیرۆکەی داڕشتنی زنجیرە درامای (دوا بڕیاڕی یەعقوب) چۆن سەرچاوەی گرت ؟
من وەکو ئەو ستایلەی کارم لەسەر کردووە، کە ستایلێکی رەخنەگرانەی کۆمەڵایەتی یا کۆمیدیە، لەو بەرھەمەشدا ھەنگاوێکی تازەم ھاوێشتووە، ئەویش کارم لەسەر دەقێکی تازە کردووەو لە نووسینی ئەو دەقەدا ھەوڵمداوە ئەم جارە رەخنەیەکی واقیعانەو کەمتر کۆمیدیا بەکار بھێنم، چەند روویەکی دیکەی دیاردەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای خۆمانم لەو درامایەدا بخەمەروو، کە لە ئێستادا بەشێکی زۆری خەڵک بە دەست ئەو دیاردە نالەبارانەوە دەناڵێنن و پێویستە لە رێگەی دراما نیشانی بینەری بدەین”.
لەبەرھەم ھێنانی ئەو درمایەدا لایەنێکی دیار کراو، وەک وەزارەتی رۆشنبیری یارمەتی داوی؟
من لە (٣) بەرھەم کە لەم چەند ساڵەی دوایی دا کارم لەسەر کردووە، کە ئەوانیش بریتین لە (نامەکانی ئەسرەف، رەیحانە و دوا بڕیاری یەعقوب) ھیچ پارەیەکم لە وەزارەتی رۆشنبیری وەرنەگرتووە بۆ ئەو سێ درامایە، کە لای خەلکی زۆر ئاشناو زۆر دیارن، من تەنیا ناوەندەکەی خۆم، کە ناوەندی “گاڤ” بۆ بەرھەم ھێنانی ھونەریی لەپشت کارەکەم بووە، ئەویش ناوەندێکی ئەھلی و سەربەخۆیە، ھەر بەرھەمێکمان بەرھەم ھێنا بێت، خۆمان پارەمان بۆ دابینکردووە، پاشان لەگەڵ تەلەفزیۆنێک یا کۆمپانیایە رێک کەوتووین و بڵاومان کردۆتەوە، بۆیە لەگەڵ رێزم بۆ وەزارەتی رۆشنیری من لە ئێستادا تەنیا لەگەڵ تەلەفزیۆنەکان مەمەلە دەکەم”.
ئەو بەرھەمەی ئەم جارەت لە رێگەی کامە تەلەفزیۆن بڵاوی دەکەیتەوە؟
ئەو بەرھەمە بە پێی بۆندێک لە نێوان ناوەندەکەی ئێمەو کۆمپانیای (بابیلۆن) بەرھەم ھاتووە، ئەو کۆمپانیایە لە ئێستادا ھەردوو کەناڵی کۆرەک تیڤی و کەناڵ٤ بەرێوەدەبەن، دیارە کاتێک بۆندیان لەگەڵ ئێمە واژوو کرد، گوتیان لە کۆرەک تیڤی بڵاوی دەکەینەوە، ئێمەش پێمان باشبوو، چونکە کۆڕەک خاوەنی پێگەو جەماوەرو بینەرێکی فروانە، جگە لەوانەش کەناڵێکی ھونەرییە، کە لەو کەناڵە بڵاو دەبێتەوە کارێکی باشەو سوپاسیان دەکەین”.
کۆمپانیای بابیلۆن لە رووی تەکنیکەوە ناسراون خاوەنی تەکنیکی بەرزن، بۆ درامای “دوا بڕیاری یەعقوب) ھاوکاریان کردن ؟
کۆمپانیای “بابیلۆن” ھاوکارییەکی زۆری کردین، لە رووی دابینکردنی کامێراو چەندیین ئامێری تەکنیکی بەرز، کە ئەوە بۆ ئێمە پاڵپشتیەکی زۆر باشبوو، ھەوڵی ئەوان کاریگەر بوو بۆ ئەوەی ئێمە لە کاتێکی گونجاودا وێنەگرتنی دراماکە تەواو بکەین، دیارە تەکنیکی ئەو کۆمپانیایە بۆ ئێمەی ھونەرمەند جێگای خۆشحاڵیە کە پەکمان نەکەوێ زۆر جار پێویستمان بەھەر شتێک بووبێت، ئەگەر بۆ ئەو درامایەش نەبووبێ دیارە زۆرینەی ھونەرمەندانیش سوودیان لێ بینووە، بۆ ناوەندەکەی ئێمەو ئەو درامایەش ھەمان رۆڵیان ھەبوو”.
فۆرمی کارکردنت لەو زنجیرە درامایە، بە بەراورد لە گەڵ دراماکانی (نامەکانی ئەشرەف و رەیحانە) چ جیاوازیەکی ھەیە؟ ئایا لەسەر ھەمان شێواز و ستایل کارت بۆ کردووە؟
ئەو درامایە لە رووی ناوەرۆک و شێوازی بەرھەم ھێنان و تەنانەت وێنەگرتنیشەوە، ھەنگاوێکی گەورەیە لە کارەکانی من و ئێستای ھەنگاوەکانی درامای کوردی، بەو فۆرمەی پێشووم کارم نەکردووە، چونکە من ئەگەر کار لە دوای کار، ئەگەر نەزانم شتێکی تازەم ھێناوەتە بوون، دڵنیام کاری تێدا ناکەم، لە دوای نمایشەکەی ئیتر پێم وایە بینەران و چاودێرانی ھونەریی ئەو ھەنگاوە دەبینن”.
تۆ وەکو زۆربەی بەرھەمەکانی پێشووترت بۆچی بەتەنیا خۆت کاری نووسین و سینارۆ و درھێنانت ئەنجامداوە، ئایا ئەنجامدانی ئەو (٣) کارە بەکەسێک ئەستەم نیە؟
بێگومان بۆمنیش ئەوە ئەرکێکی زۆر گرانە، بەڵام لەکاتێکدا دەبینن لەکوردستان، تا ئێستا سیناریۆ نووس و نووسەری ئەوەندە زۆرمان نیە، بەردەوام پشتیان پێ ببەستین، ئەگەر ھەشبێت رەنگە نەتوانێ ئەوەی ئێمەی دەرھێنەر، یاخوود من دەمەوێ بۆم بنوسێت، چونکە دەرھێنەر زۆرجار بەدەست دەقێکەوە دەناڵێنێت نازانێت چی لێ بکات و چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکات، ئەگەرنا چی لەوە خۆشترە من تەنیا کاری دەرھێنان ئەنجام بدەم و خەریکی کاری خۆم بم”.
ئەو ئەکتەرانەی لە بەرھەمەکانی دیکە، بەھەمان شێوە لەگەڵ ئەو بەرھەمەش بەشدارن ؟
ھەندێکیان لەو ئەکتەرانەی لە ھەردوو بەرھەمی (نامەکانی ئەشرەف و رەیحانە) بەشدار بوون، لەو بەرھەمەشدا بەشدارن، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەکتەری تازە بەشدارن لەو درامایە، کە بەشێکی زۆریان تازە ھاتوونەتە ناو کاری درما، بۆ نموونە زیاتر لە (٦) ئافرەت ھاتوون لەو درامایە نواندن ئەنجام دەدەن، کە ئەوەشیان ھەنگاوێکی باشە بۆ پیشەوە چوونی ئاستی درامای کوردیی”.
وەکو بیستوومانە ستافێک لە کامێرەمان و کارە ھونەرییەکانی پشتی کامێرا لە دەرەوەی کوردستان ھێناوە بۆ ئەوەی کار بکەن لەو درامایە، ئایا ستافێکی لەو جۆرە لە کوردستان نەبوو ئەو کارە بکەن ؟
من لەوەتەی کارم کردووە لە بەرھەم ھێنانی دراماکانم، پشتم بەخەڵکی خۆمان بەستووە، لە (٤) درامای رابردوومدا پشتم بە خەڵکی خۆمان بەستووە، بەڵام وەک ئەزموونێکی تازە ویستم لەگەڵ ستافێکی دەرەوە ئەم کارە بکەم، بۆ ئەوەی بۆ منیش روون بێتەوە کەمو کورییەکانی ئێمە چیە بە بەراورد لەگەڵ وێنەگرێت یا کەسانێکی پشت کامێرا، کە لەوڵاتێکی وەکو ئێرانەوە ھاتوون ئەوە چەند مانگێکە لەگەڵ من کار دەکەن، دیارە ئەوانەی من ھێناومن خاوەنی چەندیین کاری باش و ئەزموونێکی دەوڵەمەندیان ھەیە، بۆیە لەکاتی نیشاندانی دراماکە بۆتان دەر ئەکەوێ ئەم جارە گۆڕانکارییەکانی ئەو ستافە کردیان چی بوو”.
ئەو درامایە لە چەند ئەڵقە پێکھاتووە کەی دەست دەکرێت بە پەخشکردنی ؟
ئەو درامایە لە (٤٠) ئەڵقە پێکھاتووە، ھەر ئەلقەیەک (٤٥) خولەکە، کە تا ئێستاکە لە بەرھەم ھێنانی درامای کوردیی دا بۆ یەکەم جارە درامایەکی (٤٠) ئەڵقەی و ماوەکەی (٤٥) خولەک بەرھەم بھێندرێت، دیارە ستافی بەڕێوەبەرانی کۆرەک تیڤی وا بڕیاریان داوە لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا نیشانی بینەران بدرێت، دیارە ئەوەش کاتێکی باشە چونکە بینەری کوردیش وەک ھەموو میللەتانی دیکە، لەو مانگە پیرۆزەدا بەرھەمێکی درامی تازە ببینن”.
لە دوای ئەو بەرھەمە پلانی داھاتووتان چیە؟ ئایا بەرھەمی دیکەتان ھەیە کاری بۆ بکەن ؟
لە دوای تەواو بوون پەخشکردنی زنجیرە درامای (دوا بڕیاری یەعقوب) بە نیازی بەرھەم ھێنای درێژترین و گەورەترین زنجیرە درامای کوردیی دەبین، کە خۆی لە (١٠٠) ئەلقە دەگرێتەوە، لەگەڵ ھاوکارانم لە ناوەندی “گاڤ” پلانمان داناوە لە پایزی داھاتوودا ئەم کارە بخەینە بواری جێ بەجێکردنەوە، ناوەرۆکی ئەو درامایە بە شێوازێکی زۆر سەردەمیانە کارم بۆ کردووە، لە رووی ناوەرۆکی کاری درامیەوە پشت بە خوای گەورە کارێک دەبێت، ھەنگاوێکی گەورە دەھاوێژین بۆ ئەوەی بینەری کورد ئاشنا بکەینەوە بە زنجیرە درامای خۆماڵی و ھێنانەوەی کۆمەڵێک ئەکتەری بە توانا، کە پێویستە ئەوانیش جارێکی دیکە بە بینەریان شاد بکەینەوە”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا
سپۆت
کۆمپانیای “بابیلۆن” ھاوکارییەکی زۆری کردین، لە رووی دابینکردنی کامێراو چەندیین ئامێری تەکنیکی بەرز، کە ئەوە بۆ ئێمە پاڵپشتیەکی زۆر باشبوو