(عەلی ئەحمەد) : “لە ئێستادا درامای کوردیی لەقەیڕاندایە، ئەو قەیرانەش بە پلەی یەکەم تەلەفزیۆنەکان لێی بەر پرسن!”.
ھونەرمەندی بە ئەزموونی بواری شانۆ و دراما (عەلی ئەحمەد) بەیەکێک لە ھونەرمەندە دیار و بەرچاوەکانی شاری ھەولێر ئەژمار دەکرێت، ئەو ھونەرمەندە لە ماوەی نزیکەی (٤٢) ساڵی رابردوودوا بە بەردەوام لە چالاکییە شانۆیی و دراماییەکاندا بوونی ھەیەو توانیویەتی بە شێوەیەکی بەرچاو خزمەتی بواری نواندن بکات، رۆژنامەی “ھەولێر” لە بەسەر کردنەوەیەکی کورتدا لە ھەواڵی ئەو ھونەرمەندەی پرسی و ئەویش لەلای خۆیەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و سوپاسی ئەو بەسەرکردنەوەی کرد و گوتی : “من ئێستاکە رۆژانە خەریکی کاری دەوامم لە بەڕێوەبەرایەتی شانۆ لە ھەولێر، لە ئێستادا سوپاس بۆ خوای گەورە تەندروستیم باشە و بەردەوامیشم لەکاری نواندندا”.
لە بارەی بەشدارییەکانی لە کاری نواندا ھونەرمەند (عەلی ئەحمەد) گوتی : “تا ئێستاکەش لە کاری نواندن بەردەوامم، ھیچ رۆژێک لە ماوەی ئەو تەمەنەی کە لەگەڵ کاری ھونەریی دا بەسەرم بردووە، ھەستم بە ماندوو بوون، نەکردووەو ھەمیشە حەزم بۆ نودان لە ئاستێکی باڵادایەو ئومێد دەکەم ھەمیشە بەشدارییم ھەبێ لەکارە جوان و بەرچاوەکانی شانۆ و درامای کوردیی”.
ھەر دەربارەی ئەو بەردەوام بوونەی لەگەڵ کاری ھونەریی ئەو ھونەرمەندە بە ئەزموونە ئەوەشی خستەروو و گوتی : “ئەم ساڵ بەشداریی (٣) کاریی شانۆیی و کاری وێنەگرتنی درامایەکی تەلەفزیۆنییم کردووە، لە دەرھێنانی ھونەرمەند (بەکر مەعروف)ـە، کە خۆی لە (٥) ئەڵەقە دەگرێتەوە لە ژێر ناوی (کارەباچی) لەو درامایەدا رۆڵێکی بەرچاوم ھەیە، جگە لەوانەش لە ئێستادا لە گەڵ ھونەرمەند (سەعدوون یونس) بەشدارم لە بەشی دووەمی درامای (کەونە دەرکە)”.
لە بارەی بەشداریی کردنی لە درامای (کەونە دەرکە) ھونەرمەند (عەلی ئەحمەد) گوتی : “ئەو درامایە لە کاتی خۆی لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان بەرھەم ھات، چەندیین ھونەرمەندی بە ئەزموون و بەتوانای شاری ھەولێر بەشدارییان تێدا کرد و دەنگدانەوەیەکی جەماوەری باشی ھەبوو، لە ئێستاشدا دەرھێنەری ئەو درامایە (سەعدوون یونس) دەیەوێ بەشی دووەمی بە شێوەی درامایەکی (١٥) ئەڵقەیی بەرھەم بھێنێت، کە بەو ئومێدەم کارێکی جوان و دانسقەی لێ بەرھەم بێت”.
لەبارەی بەشداریی کردنی لە کار و بەرھەمە تازەکان (عەلی ئەحمەد) ئەوەشی ئاشکرا کرد و گوتی : “ھێشتا گڕوتینم بۆ کاری ھونەریی وەک گەنجێکی (١٦) ساڵان وایە، چونکە من عەشقی نواندنم و ھەمیشە نواندن بووە بەبەشێک لە ژیانم، بۆیە ھەست بە ماندوو بوون ناکەم لەم کارەدا، دوای درامای (کەونە دەرکە) بەشداریی دەکەم لە درامایەکی دیکەی تەلەفزیۆنی لە ژێر ناوی (خەج و سیامەند) لەو درامایەدا رۆڵی (ئاپۆی شوان) دەبینم، لەلام رۆڵێکی جوانە و ھەست دەکەم کارێکی جیاوازترە لەکارەکانی پێشووترم”.
(عەلی ئەحمەد) لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا ئەوەشی باسکرد : “بەداخەوە لە ئێستادا درامای کوردیی لەقەیڕاندایە، ئەو قەیرانەش بە پلەی یەکەم تەلەفزیۆنەکان لێی بەر پرسن، چونکە بەرھەم ھێنانی دراما و پشتکگیری کردنی بەرھەمی درامی ئەرکی تەلەفزیرنەکانە نەک وەزارەتی رۆشنبیری، من ئەو ئەرکە دەخەمە ئەستۆی تەلەفزیۆنەکان، بەداخەوە لە ئێستادا بەر پرسانی تەلەفزیۆنەکان دەستیان ناچێتە گیرفانیان درامای کوردی بەرھەم بھێنن، بەداخەوە لە ئێستادا دەبینین و دەبیستین بە دەیان ھەزار و سەدان ھەزار دۆلار خەرج دەکرێت، بۆ دۆبلاژ کردنی درامایەکی تورکی یا کۆریی، یاخوود فارسی و ھەر نەتەوەیەکی دیکە، باشە من دەپرسم بۆچی ناتوانن بەو پارەیە لەوانەیە کەمتریشی تێبچێت، پشتکگیری و دەستی ھونەرمەندانی دەرھێنەر بگرن، بۆ ئەوەی بەرھەمی درامای خۆماڵی بچێتە پێشەوە!”.
روونتر گوتی : “من ئەو قسەیە بۆ مێژوو دەکەم، بەردەوام بوون و کێ بڕکێ کردنی تەلەفزیۆنەکانمان لە سەر دۆبلاژ کردنی بەرھەمی بیانی ھیچ خزمەتێک بە بینەر و کەللتوور و ژیانی کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی ئەو وڵاتەی ئێمە ناکات!، من تێ ناکەم ئاشنا بوون بە فەرھەنگی دونیایەک کە پێش سەد یا دوو سەد ساڵ رووی داوە لە وڵاتێک، کە بە ھەموو شێوەیەک لە ئێمە دوورن، چ خزمەتێک بە نەوەی ئەمڕۆ و بینەری کورد دەگەینێت؟!، ئاخر من زانیاریم ھەیە جل و بەرگی جۆن و گۆما و خاوەن شکۆ و چەند ناوێکی دیکە لە بازاڕەکانی کوردستان دەفرۆشێت و بازرگانەکانیش کێ بڕکێ ی لەسەر دەکەن بۆ ھێنانی ئەو جل و بەرگانە، لەکاتێکدا بەدەیان و سەدان چیرۆک و داستانمان ھەن پێویستە کاری لەسەر بکرێت و نیشانی بینەرامان بدرێت، بەڵام لە سایەی زیاتر لە (٢٠) کەناڵی ئاسمانی بەرھەمێکی خۆماڵی بە ساڵێک جارێکیش نابینین!”.
لە بەشێکی دیکەی ئەو قسانەی دا ھونەرمەندی ئەکتەری بواری دراما (عەلی ئەحمەد) گوتی : “من لە ئێستادا ئەسەف بۆ ئەوە دەخۆم ئێمە لەساڵانی ھەشتاکان لە ژێر دەستی رژێمێکی زاڵم و زۆردار ژیانمان لە ژێر مەرگەسات بەسەر دەبرد، کە خاوەنی کەناڵێکی کوردیی لۆکاڵی بووین لە ھەموو عێراق، کەچی بەرھەمی درامی و جموجۆڵی دراما لە ئێستادا باڵاتر بوو، لە ساڵانی ھەشتاکان شارێکی وەکو ھەولێر بە دەیان کاری درامی، لەسەر چەندیین ھونەرمەندی دەرھێنەری بە ئەزموون دەھاتنە بوون، شاری ھەولێر لە پێش ھەموو شارەکان بوو لە بەرھەم ھێنانی کاری درامی، کەچی لە ئێستادا خاوەنی ئەو ھەموو کەناڵە ئاسمانی و لۆکاڵیەین، ئینجا حەسرەتمان بۆتە بەرھەمێکی درامای باش و نایاب و شاری ھەولێر لە ئێستادا لە بەرھەم ھێنانی درامی لە قەیڕاندایە، پێویستە کاری باشتری بۆ بکرێت، ڕاستە چەند ھەولێکی چەند ھونەرمەندێک بوونی ھەیە، بەڵام ئەوە ساڵی (٢٠١٢)ـیە، سەیر بکەن وڵاتانی دراسێ ھەر لە ئێران و تورکیاوە تا دەگاتە وڵاتانی عەرەبی سەیر بکەن چی بەرھەم دەھێنن و دراماکانیان گەیشتۆتە چ ئاستێک!”.
لە کۆتایی دا ھونەرمەند (عەلی ئەحمەد) چارەسەرێکی خستە روو بۆ ئەوەی درامای کوردیی لەو قەیڕانە رزگای بێت و گوتی : “من پێم وایە پێویستە بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەت بۆ درامای کوردیی دابمەزرێنن، چونکە تەلەفزیۆنەکان دیار لە ئەجیندای کاری خۆیان وا دیارە ئەوەیان بەلاوە ناوە کار بۆ بەرھەمی خۆماڵی بکەن، بۆیە من پێشنیار دەکەم وەکو زۆرینەی ئەو بەشانەی دیکەی ھونەر، بەڕێوەبەرایەتیەکی عادیلانەو راستگۆ دابمەزرێنن بۆ درامای کوردیی، پێویستە ئەو بەڕێوەبەرایەتی تەرازوویەکی ھاوسەنگ دابنێت لە نێوان شارەکان، بەرنامەیەکی شەفاف و رێکی ھەبێت بۆ ئەوەی ساڵانە دراما و فیلمی کوردیی بەرھەم بھێنێت، ئەگەر تەنیا ئەوە بتوانێت لەو قەیڕانە تاڕادەیەک رزگارمان بکات، ئەگەرنا ئاوا بڕوات، دامای کوردیی حاڵی پەرێشانە و پەرێشان تریش دەبێت!”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا