ھونەرمەندی گەورە (زیاد ئەسعەد) دوای (١٠) ساڵ بێدەنگی لە نەبوونی ھیچ لێدوانێکی فەرمی رۆژنامەوانی و ئەنجامدانی دیمانە، بۆ یەکەمین جار لە ساڵی (٢٠١٤) ھاتە ئاخاوتن و لە دیدارێکی تایبەتدا لە ژمارەی (٢)ـی گۆڤاری “بابیلۆن مەگەزین” دێتە ئاخاوتن، چەند بابەتێکی تازە دەخاتە بەر باس و شیکردنەوەیان بۆ دەکات،
لەو دیدارەی دا ھونەرمەندی ناودار (زیاد ئەسعەد) وەڵامی ھەموو ئەو پڕو پاگەندانە دەداتەوە، کە ناوە ناوە بەناوی ئەو ھونەرمەندە بڵاو دەکرێنەوە
لەدەستپێکی ئەو دیدارەی دا ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) لەبارەی نەبوونی بەرھەمی تازەی، کە ماوەکەی بۆ (١٠) ساڵ دەگەرێتەوەو دەڵێت : “راستیەکەی (١٠) ساڵە تەنیای و بێدەنگیم بەیەکەوە ھەڵبژاردووە، ھۆکارەکانیش زۆرن، کە ناکرێ پەنجەی ئاماژە بۆ ھەموویان ئاڕاستە بکەم، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەتوانم بڵێم ئاوا ئاسوودەتر بووم”.
لەبارەی ھەبوونی بەرھەمێکی تازە، کە لە ساڵی (٢٠١٠) ئەوەی راگەیاندبوو لە رێگەی دوو کۆمپانیا ئەلبومێکی گۆرانی تازە بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ئەوەشیان نەگیشتە کەناری مەبەست، لەکاتێکدا ھونەرمەند خۆی ئەوەی راگەیاندبوو، کە ئەلبومێکی تازە بڵاو دەکاتەوە و لەوەڵامی ئەو پرسیارەش ھونەرمەند رایدەگەینێت : “بەڵێ من ئامادەکاریی تەواوم کرد، بۆ بەرھەمێکی تازە، کە پێم وابوو کە دەمتوانی لە رووی ناوەرۆک و کوالێتی ھونەرییەوە دەتوانم کارێکی باش پێشکەش بکەم، بەڵام ئەوەی دەمویست وادەرنەچوو، بۆیە ئەو لێدوانەم لەسەر ئەو ئەلبومە ھەڵەیەکی گەورە بوو!”.
دەربارەی بڵاوبوونەوەی چەند لێدوان و قسەیەک لەسەر زاری ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) لە دەزگا راگەیاندنەکان، ھەروەھا بوونی چەند پێگەیەک و لاپەرەیەک لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئایا تا چەند ئاگاداری ئەو لێدوان و دیمانانە ھەیە ؟ لەوەڵامدا ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) دەڵێت : “لە ماوەی ئەو دە ساڵە کە بێدەنگییم ھەڵبژاردبوو، بە ھیچ جۆرە دیمانەو لێدوانێکم نەداوە بەناوی ھیچ بابەتێکی ھونەریی یاخوود بابەتی دیاری کراو، بۆیە من لە رێگەی ئەو دیدارەوە ئەو لێدوان و دیمانانە بە ناڕاست و نادروست دادەنێم و لێی بەر پرس نیم، ھیچ بەشداریەکیشم لەفەیسبووک نیە، بگرە کاتی ئەوەشم نیە، ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە، ھیوادارم دایبخەن و نەیھڵن، ھەرچەند خۆشم ھەوڵی لەو جۆرەم داوەو ھەندێکیانم داخستووە بەڕێگەی کەناڵی یاسیەوە، بەڵام وادیارە سوودی نەبووە”.
لەگەڵ ئەوەی بەرھەمی تازەی بۆ خۆی نەبووە، بەڵام بۆ ھەندێک ھونەرمەندی گۆرانیبێژ ئاواز و تێکستی داناوە، بۆچی ئەو کارە بۆ خەڵکی دەکەیت بەڵام بۆ خۆی نایکات ؟ لەوەڵامدا ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) گوتویەتی : “لەبەر ھۆکاری خۆشەویستم بە کارەکەمەوە، وایکردووە ئەو کارە بۆ ھەندێک ھونەرمەند بە ئەنجام بگەینم، ھەروەھا ھەندێک جاریش بۆ بژێوی ژیانم ئەم کارەم کردووە، جگە لەوەش ویستوومە لە دانان و دروستکردنی گۆرانی دانەبڕێم و بەردەوام بم”.
لەبارەی ناتەواوی باری تەندروستی و ھەبوونی مەترسی بۆ سەر ژیانی ھونەرمەندی دەنگ خۆش زیاد ئەسعەد رایدەگەینێت : “راستیەکەی ھەندێک جار باری تەندروستیم ناجێگیر بووە، ئەوەش لەبەر ھۆکاری زیاد بوونی کێشی لەشم بووە، بەڵام لە ئێستادا لە رێگەی رێجم و ئەنجامدانی وەرزش چارەسەری بکەم، جگە لەوانە نەخۆشیەکی ئەوەندە گرانم تووش نەھاتووە، کە جێگای مەترسی بوو بێت”.
دەربارەی پەشیمانی بوونی لەدانانی ئاواز و تێکست بۆ ھەندێک ھونەرمەند، کە ئەو یارمەتی داون، ھونەرمەند وەھا دێتە ئاخاوتن و روونی دەکاتەوە : “ئەو گۆرانیانەی کە من دایان دەنێم لەکات و شوێنێکی جیاواز بووە، بۆ ھونەرمەندانی گۆرانیبێژی جیاواز، وەک وێنەیەکی یادگاری وایە کە گرتوومە لەگەڵیان، بۆیە ناکرێ بڵێم پەشیمانم لە ھیچ کامێکیان”.
لەبارەی ئەو کارەی (زیاد) پەشیمانە لە کارە ھونەرییەکانی کردویەتی دەڵێت : “پەشیمانم کە پێشتر لە ھەندێک لە نووسینی تێکستەکانم بێرێزیم بەرامبەر ئافرەت کردووە، کە ئەوەشیان دەر ئەنجامی بێئاگای و کاڵفامی بووە، ھەروەھا پەشیمانم کە بەبێ مەبەست دڵی ھەندێ لە ھاوڕێیە ئازیزەکانم شکاندووە، بۆ ئەمانە ھەم غەمبارم و ھەم داوای لێبوردنم ھەیە.
دەربارەی گەڕانەوەی بۆ کوردستان و دەنگ گۆی ھەبوونی کێشەو، بۆیە ناتوانێت سەردانی کوردستان بکاتەوە، لەوەڵامدا (زیاد) دەڵێت : “نەخێر ھیچ کێشەیەکم لەگەڵ ھیچ کەسێکدا نیە، تەنیا بابەتەکە پەیوەندی بەکاتەوە ھەیە، کە نەگونجاو بوون بۆ ھاتنەوەکەم، ھەر کاتێک بگونجێ بە خۆشحاڵیەوە دێمەوە، بۆیە پێویست ناکات کەس خۆی سەرقاڵ بکات بەم جۆرە ریکلامە بێ ناوەرۆک و ئەرزشانە”.
لەبارەی ھەبوونی پرۆژەیەک بۆ گەڕانەوەی بۆ کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤
(زیاد ئەسعەد) ئاشکرای دەکات : “زۆر ئارەزوو دەکەم لە ئەم ساڵ پلانێکم ھەبێت بۆ ھاتنەوە بۆ کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە لەلایەن کۆمپانیای بابیلۆن پرۆژەیەکم بەدەست گەیشتووە، ئەگەر گەیشتینە رێکەوتنی کۆتایی ئاوا حەزدەکەم ئەو کارە بکەم، لێرەوە دەمەوێ سوپاسی ستافی کۆمپانیای بابیلۆن بکەم، بەتایبەتی ھەریەک لە برایان (سەلوان و نەشوان) ئەوانە دوو کەسی خەم خۆرن بۆ جموجۆڵی ھونەریی لە کوردستان، بۆیە ھەبوونی کۆمپانیای وەک بابیلۆن لەکوردستان جێگای دڵخۆشیەو پێویستە پاڵپشتی بکرێن لە پرۆژەکانیان، بۆیە منیش بڕیارم داوە ئەگەر ھاتمەوە لە رێگەی ئەو کۆمپانیایەوە دەبێت و بەس، ھەست دەکەم کوردستان پێشکەوتنێکی ئابووری و سیاسی بەخۆیەوە بینیووە، ئەوەی لەوانەش زیاتر خۆشحاڵم دەکات ئەوەیە، دەبینم بە رووی وڵاتانی دیکەش دەرگای پەیوەندی باش کراوەتەوە”.
لەوەڵامی ئەوەی رۆژێکت داناوە بۆ وازھێنان لە گۆرانی (زیاد ئەسعەد) دەڵێ : “ئەگەر ئەو کاتە ھات ناوەستم لەسەر وەستان”.
لەبارەی ئاگاداربوونی لە کاری میدیای لە کوردستان و لەگەڵ خوێندنەوەو سەیرکردنی تیڤەکان نێوانی چۆنە ؟(زیاد ئەسعەد) دەڵێت : “ھەندێک جار سەیری تیڤەکان دەکەم، بەڵام زیاتر لەگەڵ خوێندنەوە سەرقاڵم،لە کوردییەکان لەگەڵ نووسین و رەخنەکانی نووسەری بەتوانا (حەمە سەعید حەسەن) زۆر ئاشانیاتم ھەیە، زۆر سوودم لێ بینووە، ھەروەھا ھەندێک لە نووسەران و رەخەنەگرانی تری وەک (کەریم دەشتی) و (فاروق رەفیق)”.
لەماوەی ئەوەندە ساڵە دووریە چ ھەوڵێک زۆر کاریگەری ھەبوو لەسەر (زیاد ئەسعەد)ـی گەورە ھونەرمەندو بەم شێوەیە ئاشکرای دەکات : “ھەرچەندە کارەسات زۆرن، بەڵام کۆچی دوای دایکی ئازیزم ئازارێکی زۆری پێ گەیاندم کە وا بەئاسانی ئەو ئازارە ناڕوات، ھەروەھا کۆچی دوایی شاعیری بەتوانا (شێرکۆ بێکەس) و بەم دوایەش کۆچی ھونەرمەندی ئازیز (جەلال سەعید) خەمی یەکجار گەورە بوون، زۆری تریش ھەن، بەڵام ئەوانە کاریگەرتر بوون لەلام”.
دەڵێن (زیاد ئەسعەد) بەنیازی گۆڕینی جۆری ستایلی گۆرانی گوتنیەتی ئایا دەیەوێ بە ئاڕاستەیەکی دیکە گۆرانی بڵێت، لەوەڵامی ئەو پرسیارەشدا (زیاد) گوتویەتی : “ستایل پەیوەستە بەبەکارھێنانی جۆری ریتم، وە ھەروەھا داڕشتنی میلۆدی لەناو رێتمێکدا، من تا ئێستا خۆم لە قەرەی ھەندێکیان داوە، بەردەوامیش ستایلی تازەتر تاقی دەکەمەوە، ئیتر تاچەند سەرکەوتوو بووم یاخوود نا ئیتر نازانم، ئەوەیان نازانم بەڵام لەلای من تەنیا ھەوڵدانێکە”.
دەربارەی دەنگ و باسی گوتنی گۆرانییەکی دووانە لەگەڵ ھەریەک لە ھونەرمەندان (چۆپی و ئەیوب عەلی) (زیاد ئەسعەد) بە گۆڤاری بابیلۆن مەگەزینی راگەیاندووە:”چۆپی یەکێکە لەو کەسانەی کە دەڵێی بۆ ھونەر دروست بووە، بەڕاستی دەنگێکی فراوان و ئاستێکی یەکجار بەرزی ھەیە لە وتنی گۆرانی گۆرانی دا، زۆر چێژم پێدەبەخشێت بەتایبەتی لە گوتنی گۆرانی ئینگلیزی، ھونەرمەند (ئەیوب عەلی) لەم دوایانەدا پێشکەوتنێکی زۆر باشی لە ئەداکردنی گۆرانی کردووە، بۆیە خۆشحاڵ دەبم ئەگەر ھاتوو لە پرۆژەکانی ئەم ساڵم، یاخوود لە داھاتوو بتوانم ئەو دوو پرۆژەیە لەگەڵ ئەو دوو ھونەرمەندە بە ئەنجام بگەینم، سوپاسیان دەکەم کە پێشتر ئەو پێشنیارانیان خستبووە روو بۆ من، تاوەکو ئەو کارەیان لەگەڵ بخەمە بواری جێ بەجێکردنەوە”.
جاران بە وڵاتی سوید دەگوترا ھۆلیودی کوردان بەڵام ئێستاکە ئەو ھۆلیودە بەرەو چۆڵ بوون رۆیشتووە، لەوەڵامی ئەو پرسەشدا ھونەرمەند دەڵێت :”ناوێکی یا ووشەیەکی نەگونجاوە بۆ ئەو مەبەستە، چونکە ھۆلیود ناوێکی گەورەی جیھانییە، بەڵام ئەوەی شایانی باسە جاران پەیوەندیەیکی توندو تۆڵ ھەبوو لە نێوان ھونەرمەندانی ئەوێ، وایکردبوو ھونەرمەندەکان ئەکتیڤ تر بن، بەڵام دوای کەم تا زۆر ئەو پەیوەندییە تووشی لێکترازان و پەرتەوازە بوون بوو، وایکرد ئەو چالاکییانە کەمتر بوونەوە”.