شانۆگەری (موختار و ژنانی گەڕەک)، لە نووسین و دەرھێنانی خانمە ھونەرمەند (گەزیزە عومەر)ـە، دوای ئەوەی لە چەند شارۆچکیەک نمایشی بۆ ئەنجامدرا، لە ئێستادا لەلایەن بەڕێوبەریەتی گشتی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان، بەڕێوەبەرایەتی سەنتەرەکان و تیپە ھونەرییەکان ئامادەکاریی بۆ کراوە لە شاری سلێمانی لەلایەن تیپی شانۆیی ھاوڕێیانی “گەزیزە” لە رێکەوتی ٢٤/ ٢/ ٢٠١٢ بۆ ماوەی شەش رۆژ نمایشی بۆ دەکرێت.
لە لێدوانێکی دا بۆ “ھەولێر” ھونەرمەند (گەزیزە عومەر) راگەیاند : “لەگەڵ ھاوکارانم لە تیپی (ھاوڕێیانی گەزیزە) توانیمان شانۆگەرییە تازەکەمان لە ژێر ناوی (موختار و ژنانی گەرەک) لە (٦) شارۆچک، کە پێکھاتبوون لە (رانیە، کۆیە، کفری، کەلار، قەڵادزێ و چەمچەماڵ) نمایشمان ئەنجامدا، جەماوەرێکی بەرچاویش ئامادەیی بینینی بەرھەمەکەمان بوون”.
گوتیشی : “ئەو شانۆگەرییە خۆم کاری نووسین و دەرھێنانی بۆی بە ئەنجام دەگەینم، بەشێوەی “کۆمیدیا” کاری نووسینم بۆ ئەنجامداوە، کە بۆ یەکەم جارە ئافرەتێکی شانۆکار دەقێکی شانۆیی بە شێوەی کۆمیدی دەنوسێت و کار لەسەر بابەتێکی لەو شێوەیە دەکات، کە خۆشبەختانە بەیەکێک لە کارە باشەکان ھەژمار دەکرێت بە رای ئەو جەماوەر و شانۆکار و شانۆدۆستانەی کە بینیویانە”.
دەربارەی ناوەرۆکی ئەو بەرھەمە شانۆییە (گەزیزە) روونیشی کردەوە : “ناوەرۆکی ئەو دەقە شانۆییە باس لە کێشەو گرفتەکانی ئێستای ناو کۆمەڵگای کوردیی دەکات، بە تایبەتی ناوەرۆکی دەقی شانۆگەرییەکە باس لە گرفت و نەھەماتیەکانی ئافرەتی کورد دەکات، پێنج کەسایەتی ئافرەت و پیاوێک رۆڵی سەرەکی شانۆگەرییەکە بەرجەستە دەکەن، کە پێکھاتوون لە (رۆشنا محەمەد، دیاری عومەر، رۆزا ئومێد، بەیان عەلی، بنار نەجمدین، نەھرۆ ساڵح دەلۆیی) “.
لەبارەی نمایشەکەیان لە شاری سلێمانی (گەزیزە عومەر) گوتیشی : “لەلایەن بەڕێوبەریەتی گشتی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان، بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی سەنتەرەکان و تیپە ھونەرییەکان، تیپی ھاوڕێانی “گەزیزە” شانۆیی (موختار و ژنانی گەڕەک) لە ھۆڵی رۆشنبیری سلێمانی کاتژمێر (٦:٠٠) ئێوارە بۆ ماوەی شەش رۆژ نمایش دەکرێت، یەکەم نمایشی لە رۆژی ھەینی ٢٤/ ٢/ ٢٠١٢ دەست پێدەکات”.
لەبارەی نمایشەکانی لە شاری ھەولێر، نووسەر و دەرھێنەری شانۆگەری (موختار و ژنانی گەڕەک) گوتی : “شانۆگەرییەکەمان باس لە واقیعی ئێستای کۆمەڵگای کوردی دەکات، پێمان باشە لە ھەموو شارەکانی کوردستان نمایشی بکەین، لە شاری ھەولێریش زۆرمان پێ خۆشە نمایشی بکەین، زۆر ھەوڵماندا لە ھەولێر دەزگایەک یا کۆمپانیایەک سپۆنسەری شانۆگەریەکەمان بکات و بۆ ئەوەی چەند رۆژێک نمایشی بکەین، بەڵام ھیچ شوێنێک ئامادەیی خۆیان نیشان نەدا، بۆ ئەو مەبەستە ئەگەر کۆمپاینایەک یاخوو ھەر ناوەندێکی ھونەری و رۆشنبیری سپۆنسەری ئەو کارە شانۆییە بکات، ئاوا بێ دوو دڵی شانۆگەرییەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێک دەھێنین بۆ ھەولێر”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا