بورھان شێخ ڕەئوف
دواجار لە ١/١٢/٢٠١٩ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق قایل بوو بە دەست لە کارکێشانەوەی بەڕێز عادیل عەبدولمھدی لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ناوەندی عێراق , ھەرچەندە عەبدولمھدی وتی لە سەر بانگەوزای مەرجعیەتی باڵای شیعە عەلی سیستانی دەستم لە کارکێشایەوە , بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە فشاری شەقام و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی عێراق بوو کە قوربانی زۆری لێکەوتەوە , ناوبراویان ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرد , لە کاتێکدا ئەوەی ڕوون و بەڵگەنەویستە ئەوەیە کە عبدولمھدی بووبە قوربانی گەندەڵی شازدە ساڵی ڕابردوو لە کاتێکدا ئەو لە یەک ساڵ ویەک مانگی کابینەکەی دا ھیچ بوارێکیان نەدا چاکسازی بکات و بەڵکو دەستیان بەستبووەو , تەنھا گوناھی ئەوە بوو کە دەبوو زوتر دەست لە کاربکێشێتەوە وەکو جارانی پێشووی لە جیگری سەرۆک کۆمارو وەزارەتی نەوتیش.
ئێستاو لە دوای دەست لەکارکێشانەوەی عەبدولمھدی و بڕیاری عێراق لەوەناچێت سەربەخۆ بێت و خواستێکی وا لە لایەن کاربەدەستانی عێراقەوە ھەبێت لە بەرئەوەی بۆ ھەموو لایەکیش ڕوونە عێراق لە ژێر فشارو کاریگەری زۆری وڵاتانی ئیقلیمیدایە بە تایبەتی ئێران و دواتر ئەمریکا و مەرجعیەتی تائیفی شیعەش لە نەجەف کە دەخوازێت لەم قوناغەدا فریای سیاسیە شکست خواردووە تائیفیەکان بکەوێت و حکومەتێکی تکنۆکرات دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەوەی کاربەدەستانی ئێستا و پێشتر تێکیان داوە چاکی بکاتەوە.
لەلایەکی ترەوە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق محەمەد حەلبووسی ڕایگەیاند بوو کە داوا لە سەرۆک کۆمار دەکەم کە داوا لە گەورەترین فراکسیۆن بکات کاندید دەستنیشان بکات بۆ پێکھێنانی کابینەیەکی نوێ بە گوێرەی مادەی ٧٦ ی دەستور کە کابینەیەکی نوێ پێک بھێنێت لەماوەی سی ڕۆژدا .
بەڵام ئەوەی لە شەقامەکانی عێراق دەگوزەرێت پێچەوانەی ئەمەمان پێ دەڵێت , سەرەڕای دەست لە کارکێشانەوەی عەبدولمھدی دوای دوو ھەفتە ھێشتا گۆڕەپانەکان پڕن لە خەڵک و ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان تاوەکو تەواوی مافەکانیان بە دەست نەھێنن , جگە لەوەش پەلاماردانی گۆڕەپانەکان و ڕفاندنی چالاکوانانەکانی گۆڕەپانەکان و تیرۆرکردن و تۆقاندن لە لایەن لایەنی سێ یەم, خەڵکی زیاتر تووڕە کردووە سوورتر بوون لە سەر داخوازییەکانیان سەرەڕای ئەو ھێرش و پەلامارە ھۆڤیانەی میلیشیا و چەکدارە تائیفیە بەکرێگیراوانەی وڵاتانی دراوسێ .
ئەوەی ئێستا باس و خواستی گەرمی گۆڕەپانەکانە ھەنگاوی دووەمە , ئەویش ھەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانەو ھەڵبژاردنێکی پێش وەختەیە لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی بە بێ بەشداری ھەموو لایەن و تاقمە تائیفیەکان کە تێوەگلاون بە گەندەڵی و وابەستەی وڵاتانی ئیقلیمین و بەرژەوەندی ئەوان دەخەنە سەرووی بەرژەوەندی عێراقەوە لە ھەمان کاتدا باس لە سیستمێکی سیاسی نوێ دەکەن کە جێگەی ئەمە ی ئێستا بگرێتەوە.
کورد بۆ قۆناغی داھاتوو
ئەوە ی گرنگە بۆ کورد خۆ ئامادەکردنە بۆ ھەموو ئەگەرو پێشھاتەکان , ھەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی بێجگە لە ھەندێ دەنگی ناسازی ناو گۆڕەپانەکان کە دژ بە ھەرێمی کوردستان لێدوان و بانگەشەی نیگەتیفیان کردووە, ھیچ لێدوان و دۆکومینتێکی فەرمی نیە کە ئەو لێدوانانە بسەلمێنێت , بەڵام ئەگەر ئەو بزاوتە ی کە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق سەریھەڵداوە باسی مافی مرۆڤ و یەکسانی و دەوڵەتی ھاوڵاتی بوون و دژ بە تائفییەت و ئتنیک بێت بێگومان ناتوانێت دژ بە مافی کوردو تایبتمەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و مافە دەستووریەکلانی بێت ,
لە ھەمانکاتیشدا زۆرگرنگە و پێویستە ھەموو ھێزە سیاسیە کوردستانیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتیەکان ئەم بارودۆخە تازەی عێراق بە ھەند وەربگرن و دوورەپەرێز نەبن لێ ی لینکی پەیوەندییان لە گەڵ دروست بکەن و ھەرچەند پشتیوانی داخوازییەکانیان کراوە بەڵام ھەنگاوی زیاتر و لێک نزیک بوونەوەی باشتری گەرەکە , پێ ناچێت عێراق بگەڕێتەوە بۆ پێش ١ تشرین .