وشیار ئەسوەد : دوای داخستنی ئاژانسی کوردستان بۆ دەنگوباس (ئاکانیوز) کە تاکە ئاژانسی ھەواڵی بوو لە کوردستاندا تا ئاستێکی باش پیشەییانە کاری دەکرد، نازانم ھەنگاوەکان بەرەو کوێم دەبەن و زۆریش گوێم بەو لایەنە نەداوە. ئێمە رۆژنامەنووسین و بەر لە ئاکانیوزیش جێگەمان لەو بوارەدا دیار بووە، لە کاتی کارکردنیشم لەو ئاژانسەدا چەندان پڕۆژەی کارکردنم لە شوێنانی ترەوە خراوەتە بەر دەست و بەھۆی ئاکانیوز و راستیتان دەوێ بەڕێوەبەرەکەشی (کاک بەدران)ەوە نەمکردوون، چونکە دڵم بەو شوێنە خۆش بووە کە لە دەرەوەی حزبەکانەوە کاری رژدمان تێدا کرد و مەبەستیشمان بوو پێشی بخەین.. ئەمانە زۆر جێگەی داخ نین و لە کوردستاندا بەھۆی نەبوونی یاسایەک بۆ پاڵپشتیکردنی دارایی میدیاکان روودانی ئەم شتانە بەئاسایی دەبینم. بەڵام ئەوەی لەم چەند رۆژەدا خەمی دنیای پێ ھەڵگرتووم، ئەوەیە کە لە کوردستاندا شتێک بەناوی ئاژانسی ھەواڵەوە نامێنێ. زۆریش سەیرە لەم ھەرێمە زەبەلاحەدا ئاژانسێکی ھەواڵ نەبێ!!!.. بەڵی بەھۆی ماندووبوونی بەڕێوەبەرەکەم و ھاوڕێ و ھاوپیشەکانم گریانم بۆ ئاکانیوز دێ، بەڵام خەمی داخستنی ئاکانیوز بەھۆی پارەوە کە لە کوردستاندا گەلێک زۆرە، ھەرگیز گەورەتر نییە لەو خەمەی دەبێ بۆ دیتنەوەی ئاژانسێکی ھەواڵ کە پیشەییانە کار بکا، فانۆس ھەڵبگرین.