ئەلفۆنس دو لامارتین
لەفارسیەوە ئازاد نەجم
ڕۆژێکیان ، وەرگێڕدراوی ئنگلیزی کتێبێکی سانسکریتی زمانی پیرۆزی ھندیەکانم لەگەڵ خۆمدا بردە ڕاو. لەناکاو ئاسکێکی خەت و خاڵ جوانم لەنێو دار ژاڵەکاندا بینی کە بەو بەیانیە خەریکی ھەڵبەز و دابەز بو.
من ھەر بەسروشت کەسێکی ھەست ناسک بوم و ڕقم لەکوشتنی گیانلەبەران دەبۆوە. بەڵام لەناکاو فیشکەکێکم لەدەست دەرچو و بەشانی ئاسکەکە کەوت و شانی شکاند و کەوتە سەر زەوی.
ڕەنگم پەڕی و ھەرچۆنێک بو بەرەولای ڕۆیشتم. ئەو ئاژەڵە بێچارە و بەستەزمانە ھێشتا نەمردبو و سەیری دەکردم. سەری بەلایەکدا بەسەر سەوزە گیایەکەدا شۆڕکردبۆوە و بەچاوانی فرمێسک تێزاوەوە سەیری دەکردم. ئەو نیگا قوڵە پڕ لە حەسرەت و ئازارەیم ھەرگیز لەبیر ناچێتەوە کە بارتەقای چەندین وتە و قسە ، کاریگەریان لەسەر ناخی مرۆڤدا دەنا. چونکە چاویش زمانی ھەیە. بەتایبەتی ئەو چاوانەی کە بۆ دوایین جار لێک دەنرێن. بەچاوە فرمێسک تێزاوەکانی ، سەرزەنشتێکی ناخ ھەژێنی ئەو کردەوە بێبەزەیی و بێ ھۆکارەی منی دەکرد و بەئاشکرا لەچاوەکانیدا دەخوێنرایەوە و پێی دەگوتم: ( تۆ کێی؟ من تۆ ناناسم! من ھیچ ئازارێکم پێنەگەیاندوی! لەوانەیە ئەگەر تۆم دیتبا خۆشم ویستبای! بۆچی بریندارت کردم؟ لەبەرچی لە کەش و ھەوای ئازاد! تیشکی خۆر! سەردەمی لاوێتی! بێ بەشت کردم؟ ئاخۆ دوای من چی بەسەر دایکم ، جوتەکەم ، برا و بەچکەکانمدا دێت؟ کە لەنێو دارستانەکەدا چاوەڕوانی گەڕانەوەی منن و کاتێ جگە لە مشتێک خوری و چەند دڵۆپە خوێنێک کە بەسەر سەوزە گیایەکەدا ڕژاوە ، ھیچی تر لەپاشماوەی جەستەم نادۆزنەوە؟ ئایا لەئاسماندا تۆڵەسێنێک بۆ مافی من و دادوەرێک بۆ سزادانی تۆ نیە؟ بەڵام من دەتبەخشم. لەچاوانی مندا ھیچ ڕق و قینێک بەدی ناکەیت. سروشتێکی ئەوەندە فراوان و پاک و بێ ئازارم ھەیە ، تەنانەت بکوژی خۆشم دەبەخشم. جگە لە سەرسوڕمان و ئازار و دەرد و ژان ، ھیچ شتێکی تر لەچاوانی مندا بەدی ناکەیت).
ئەمە ئەو شتە بو کە ئاسکەبریندارەکە بەنیگای چاوەکانی پێی دەگوتم. منیش تێدەگەیشتم و داوای لێبوردنم دەکرد.
لەسکاڵای چاوە خەماوی و جەستە لەرزۆکەکەیەوە دیار بو کە دەپاڕایەوە: (خێراکە بمکوژە و تەواوم کە).
ویستم ھەرچۆنێک بێت چارەسەری بکەم. بۆیە دوبارە تفەنگەکەم ھەڵگرت و ڕوم کردە ئەولاوە و فیشەکێکی ترم پێوەنا. پاشان بەبێزاریەوە ، تفەنگەکەم فڕێدا.
نایشارمەوە ، زۆر کاری تێکردم و گریام.
سەگەکەشم خەمناک بو! بۆنی بەخوێنەکەوە نەکرد و لەئاسکەکە نزیک نەبۆوە. بەدڵتەنگیەوە لەتەنیشتمەوە ھەڵتوتا و تا ماوەیەک ھەرسێکمان لەنێو بێدەنگیەکی قوڵدا ماینەوە.
لەوڕۆژە بەدواوە ، ئیدی ھەرگیز نەچومەوە ڕاو. ئیدی بۆ ھەمیشە وازم لەو چێژە دڕندانەی کوشتن ، ئەو زوڵم و ستەم و خوێنڕێژیەی ڕاوچیان ھێنا. کە بێ ھیچ ھەقێک ، بێ بەزەییانە مافی ژیان لە بونەوەرەکان دەستێننەوە. سوێندیشم خوارد ھیچ کاتێک بۆ ھەوا و ئارەزو و کەیفی خۆم ، وەدوی (دانیشتوانی جەنگەڵ) ، یان باڵندەکانی ئاسمان ، نەکەوم.
کە وەک ئێمە تەمەنی کورتی خۆیان لا شیرن و خۆشەویستە.
سەرچاوە/ http://www.dibache.com