محەمەد حوسێن یەکەم پێشانگاى شێوەکارى خۆی کردەوە.. کاتژمێر 11ى سەرلەبەیانى 28/12/2009 لە گەلەرى کوردستان لە هۆڵی میدیا هونەرمەندى خۆشنووس و شێوەکار محەمەد حوسێن یەکەم پێشانگاى تایبەتى خۆی کردەوە و پێشانگاکە ماوەى 3 رۆژ بەردەوام بوو. دەربارەى پێشانگاکە محەمەد حوسێن گوتى: لەو پێشانگایەمدا 26 تابلۆی رەنگاورەنگم نمایش کردووە، کە پێکهاتووە لە 3 بەش، بەشی یەکەم سروشت و فۆلکلۆرە، بەشی دووەمیان گوزارشتە “تەعبیرە”، بەشی سێیەمیان ستایلێکە تایبەت بەخۆم، کە دەتوانم بڵێم سەرەتاى قوتابخانەیەکى نوێیە لە کارەکانمدا، تەجرید و حەدیس و واقیعیشم لەگەڵی بەکارهێناوە، لەگەڵ ئەوەدا هەموویان گوزارشت لە ئێش و ئازار و موعاناتى گەلى کورد دەکەن، لە رابردوو و ئێستاشدا، ئەو تابلۆیانە چین؟ تێکدانى گوندەکان، ئەنفال، کیمیاباران، هى ئێستاش تیرۆر و چەوسانەوەى مرۆڤ.
دەربارەى ئەوەى دواى 19 ساڵە کاردەکا، کەچی تازە یەکەم پیشانگاى تایبەتى خۆی دەکاتەوە، ئایا کەمتەرخەمى لەخۆیەتى، یان لە لایەنى پەیوەندیدار، بۆ ئەوەیان محەمەد حوسێن گوتى: خۆی لە پێشانگاى هاوبەشدا زۆر بەشداریم هەبووە، چالاکى خۆشنووسیشم هەبووە و بڕوانامەى خۆشنووسیشم لە کوردستان و تورکیا وەرگرتووە، لە ئیمارات بەشداری پێشانگاى هاوبەشم کردووە، بەڵام ئەوانە سەرقاڵیان کردووم و کە ماوەیەک ئیش نەکەم، بەڵام وەکو پێشانگاى تایبەتى خۆم ژیانى رۆژانە و ئیش و کار و ئەوانە، پاشانیش حەزمنەکردووە 12 پێشانگا بکەمەوە، یەک پێشانگا دەکەمەوە بەقەد 12 پێشانگا تام و چێژی هەبێ پێم باشترە. هەروەها یەکێک لە ئامادەبووانى پێشانگاکە گوتى: لەو پێشانگایەدا چەند جۆرە ستایلێکم بینى، کە بەشی زۆریان کارى جوان بوون، بەڵام بەبڕواى من ئەگەر هونەرمەند بە تەنها خۆی لە ستایلێک قاڵ بکاتەوە ئەوا دەتوانێ داهێنانى زیاتر بکا لەو بوارەدا.
جێی ئاماژەیە محەمەد حوسێن لەدایکبووى 1961ى شارى هەولێرە و تا ئێستا لە چەندین پێشانگاى هاوبەشدا بەشدارى کردووە و لە بوارى خۆشنووسیشدا تا ئێستا چەندین خەڵات و بڕوانامەى بەدەست هێناوە.
مەسعودى مەلا هەمزە