نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
تورکیا یەکێکە لەو سیازدە وڵاتەی کە لە ٤ نیسانی ١٩٤٩ پەیمانی باکوری ئەتلەسی (ناتۆ ) یان دامەزراند , وەکو سەرچاوە سەربازیەکان ئاماژەی پێدەدەن سوپاکەی لە ریزبەندی دەیەمدا دێت لە نێو سوپاکانی جیھاندا و خاوەنی زیاتر لە ھەزار فرۆکەی جەنگی پێشکەوتوو جگە لە سەدان فڕۆکە ی کۆبتەر بۆ مەشق و ڕاھێنان و گواستنەوەوخاوەنی ١١٥ کەشتی جەنگی و ١٣ ھەزار ئامێرو کەرەسەو لە تانک و مودەرەعەو سیستمی ڕۆکیتی و تۆپخانەی دوور ھاوێژو شتی تریشە و ھەروەھا نزیکەی نیوملیۆن جەنگاوەری ھەیە بە ھەموو پلە جۆراوجۆرەکانیەوە .
ئەگەر ئاوڕێک کەمێک بۆ دواوە بدەینەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٣ کاتێک ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی پەلاماری عێراقیان دا ئەو کات ھەمان پارتی فەرمانڕەوا ی ئێستە پارتی دادو گەشە پێدان لە سەرەتای حوکمڕانی دا بوو لە تورکیادا نەک ھەر بەشداری نەکرد لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراقدا ھەرچەندە ئەندامی کارای ھاوپەیمانی ناتۆ بوو بەڵکو ڕێگەی نەدا ھێزی ھاوپەیمانەکان بە ناو خاکەکەیشیدا گوزەر بکەن , وە لە یەک دووساڵی ڕابردوویشدا لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش خۆی بە دوور گرتوەو گەلێک بەڵگەو ھەواڵ ھەن باس لە پاڵپشتی و کۆمەکی تورکیا دەکەن بۆ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) .
ئەی ئیستە خێرە وابەم خێراییە سەدو ھەشتا پلە بای داوەتەوە وڕێکەوتنی ١٨ تەموزی لە گەڵ واشنتۆندا واژۆ کردووە دەبێتە ئەندامێکی کاروا ھاوبەشێکی گرنگ کە پێشبینی دەکرێت تەرازووی ھێز بگۆرێت ھەر لە یەکەم ھەنگاودا ، ڕێوشووێنی ئەمنی لە دژی داعش لە تورکیا گیرابوونە بەر. ژمارەیەکی زۆری ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە ھەبوو یاخود بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە سنووریان بڕیبوو، دەستبەسەر کران و سنوورداش کرابوونەوە.
بە ھەرحاڵ ئیستە دوای ھەڵبژاردنەکانی ٧ حوزەیران ڕابردووی تورکیا کە ئاک پارتی بە ڕادەیەکی زۆر دەنگەکانی دابەزی بە جۆرێک کە نەتوانێت بە تەنیا کابینەی حکومەت پێکبھێنێت و پارتی دیموکراتی گەلان ھادەپ بەربەستی لە سەدا دەی تێپەڕاند و ڕێکەوتنی (٥+١) و ئێران و نزیک بوونەوە ئێران وئەمریکا لە یەکتر و شکستەکانی داعش لە سەر دەستی ھێزەکانی یەپەگە و یە پە ژە لە خۆرئاوای کوردستان بە بۆچوونی من گەورەترین پاڵنەرن بۆ تورکیا بۆ چوونە ناو ئە و ھاوپەیمانێتیەوە کە لە ساڵی ڕابردوەوە بەرقەرارەو شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی دەکات لە عیراق و سوریا .
خالێکی تر کە زۆر مەبەستمە و خاڵی سەرەکیو ئامانجی وتارەکەشمە دەسەڵاتی ئاکەپە لە ژێر ناوی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ کوردەکان تیکەڵ بە بەرەنگاربوونەوەی داعش دەکات. کە ئەمەش ناھەقی و لیکچواندنێَکی نا لۆجیکی و ناڕەوایە بەراورد لە نێوان ھێزێک کە داعشە “دەوڵەتیی ئیسلامی، کە لە سەر پاشماوەی گرووپە جیھادیە شکستخواردووەکانی پێش خۆی لە دایک بووە، سەرجەم ئیمکاناتەکانی شەری بەوەکالەت و تاکتیکی دەوڵەتان شارەزایەو ، بەڵکو ئەو دوژمنێکی ئەم سەردەمەی دونیای ئێمەیە کە بە تەواوی خۆی لەگەڵ دونیای ناڕێک و مۆدێرنی ئەمرۆکەدا رێک خستووەو دژ بە ھەموو بە ھا جوان و پێشکەوتوەکانی ئەم سەردەمەیە .
لە بەرامبەردا ھێزە کوردیەکانی باکورو رۆژ ئاوا بە گەواھی ھەموو دونیا ھێزی شۆڕشگێڕو ئازدیخوازن و بەرگری لە مافی مرۆڤ و خاکی داگیر کراوو دابەشکراو دەکەن و لە ماوەی ڕابردوودا بە کردەوە لە گۆڕەپانەکانی شەڕدا ئەوە یان سەلماندووە و بە تایبەتی ھێزە تێکۆشەرەکانی یەپەژە کە سەرنجی ھەموو جیھانیان ڕاکێشاوەو بوونەتە سیمبووڵی بەرخۆدان و ئازادی .