م. عه‌ونی خۆشناو
دوای 22 ساڵ له حوکمڕانی، هێشتا کوردستان خاوه‌نی ده‌ستوری خۆی نییه، هه‌رچه‌نده له دوای یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان و پێکهێنانی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان و یه‌که‌مین کابینه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان،
هه‌ندێک له پسپۆڕانی بواری یاسا‌و ده‌ستور و دڵسۆزانی گه‌ل و نیشتمان، به سوود وه‌رگرتن له ده‌ستوری وڵاتانی جیهان له هه‌وڵی نووسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسێکی پرۆژه‌ی ده‌ستور بوون، به هۆکاری جۆراوجۆر ئه‌و هه‌وڵ و کۆششانه کهنارگیرکران، به‌ڵام له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ستور دایکی یاساکانه هه‌وڵ و کۆششه‌کان درێژه‌یان کێشا، سه‌رئه‌نجام دوای چه‌ندان ساڵ له حوکمڕانی و گۆڕانکاری گه‌وره له ده‌ڤه‌ره‌که هه‌وڵ و کۆششه‌کان هاتنه‌به‌ر، ئه‌وه بوو له کۆتایی خولی دووه‌می په‌رله‌مان ڕه‌شنووسێکی ده‌ستور ئاماده‌کرا بۆ ڕاپرسی، به به‌روارد له‌گه‌ل ده‌ستوری وڵاته پێشکه‌وتووه‌کانی جیهان، به‌و پرنسیپ و میتۆده ڕه‌شنووسی ده‌ستوری کوردستان له ئاستی پێویست نه‌بوو، بۆیه کۆده‌نگی نیشتمانی له‌سه‌ر نه‌بوو، وه له لایه‌نی ده‌ره‌کیش فشار هه‌بوو، هه‌ر بۆیه له‌و ئان و ساته‌دا نه‌خرا ڕاپرسییه‌وه. له ده‌ستپێکی خولی سێیه‌می په‌رله‌مان ئه‌و پرسه چاره‌نووسسازه به هه‌ڵواسراوی مایه‌وه!!.
له دانیشتنه‌کانی په‌رله‌مان ئه‌وه‌نده‌ی گرنگی به پرسه لاوه‌کییه‌کان و ململانێی نێوان ده‌سته‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن دراوه، ئه‌وه‌نده گرنگی به پرسه چاره‌نووسسازه‌کان نه‌دراوه، یه‌کێ له‌و پرسه گرنگ و پڕ بایه‌خانه، پرسی ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستانه. له زۆربه‌ی وڵاته پێشکه‌وتووه‌کانی جیهاندا ده‌ستور بۆ خزمه‌ت و پاراستنی ژیان و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاکانی کۆمه‌ڵگایه، به‌ڵام له وڵاتی ئێمه‌دا بۆ گروپ و ململانێی حزبی به‌کار دێ!! دوای ململانێیه‌کی توند له نێوان پارتی و ئۆپۆزسیۆن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستور، یه‌کێتی وه‌ک ئه‌رکێکی نیشتمانی بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قه‌یرانه ڕێگا چاره‌ی سازانی نیشتمانی هه‌ڵبژارد، تاکو سه‌رجه‌م هێزو گروپ و لایه‌نه سیاسییه‌کان پێکه‌وه بسازێن، ئه‌وه بوو سه‌رۆکی هه‌رێم سه‌رجه‌م ڕه‌خنه‌و سه‌رنج و پێشنیاری لایه‌نه‌کانی ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مان کرد، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵ و کۆششانه شکستی هێنا.
یه‌کێتی و پارتی وه‌ک دوو هێزی پایه‌ی سه‌ره‌کی حوکمڕانی له هه‌رێمی کوردستان، له سۆنگه‌ی دڵسۆزی و په‌رۆشیان بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قه‌یرانه، وێرای هه‌بوونی کۆسپ و ته‌گه‌ره له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی کار‌و خه‌بات، به گوێره‌ی ڕێکه‌وتنی نێوان هه‌ردوو مه‌کته‌بی سیاسی ( ی.ن.ک و پ.د.ک ) به سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێزان کاک کۆسره‌ت و کاک نێچیرڤان بارزانی که که‌سی دووه‌می هه‌ردوو پارته‌که‌ن، نه‌خشه ڕێگایه‌ک بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه ئاراسته‌ی په‌رله‌مان کرا، تاکو له په‌رله‌مان به یاسا ڕێکبخرێت و ڕه‌زامه‌ندی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی له‌سه‌ر بدریت، ئه‌وه بوو دوای تێپه‌ڕاندنی هه‌ردوو پرۆژه یاساکه ئاراسته‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم کرا، له ئه‌نجامدا هه‌ردوو یاساکه له لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێم په‌سند کران، ئاراسته‌کردنی پرۆژه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێم و سپاردنی به خولی چواره‌می په‌رله‌مان و ڕێکه‌وتن و سازان له‌سه‌ر کۆی بڕگه و مادده‌کانی ده‌ستور ئه‌مه چی ده‌گه‌یێنێ؟؟ یاخود پێده‌چێ بابه‌تێکی گرنگ وه‌ک ده‌ستور ته‌نها بۆ یاری سیاسی به‌کاربهێنن، نه‌وه‌ک په‌رۆشی بۆ دواڕۆژی وڵات و دڵسۆزی بۆ گه‌ل و نیشتمان و ژیانی نه‌وه‌کانی داهاتوو، ئه‌ی قسه‌و شرۆڤه‌تان چیه بۆ دوا په‌یامی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی؟ که ده‌ڵیت ئێمه ڕێککه‌وتووین ته‌وافوق و سازانی نیشتمانی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان دروست بکه‌ین، ده‌مانه‌وێ ببێته گربه‌ستێکی هاوبه‌شی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی نێوان هه‌موو گه‌لی کوردستان، په‌یامه‌که ڕاست و دروست و ڕۆشنه هیچ شرۆڤه‌یه‌ک هه‌ڵناگرێ!! وه به‌ڕێز فازیل میرانی هه‌مان دیدو تێڕوانین و بۆچوونی سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی هه‌یه له‌سه‌ر ئه‌و پرسه، ئه‌و سێ به‌ڕێزانه له لوتکه‌ی هه‌ڕه‌می ده‌سته‌ڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستانی هاوپه‌یمانن، بۆیه به هه‌موو ئه‌و ده‌نگه ناشازانه ده‌ڵێین هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کی پێشنیارکراو بوو به پرۆژه یاسا و زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتارانی به‌ده‌ستهێناو سه‌رۆکی هه‌ڕێم ڕهتینهکردهوهو په‌سندی کرد، ئه‌وه ده‌بێته یاسا‌و هیچ که‌س و لایه‌نێک بۆی نیه یاساکه پێشێل بکات، تا ئه‌و کاته‌ی پرۆژه یاسایه‌کی تر جێگره‌وه‌ی ده‌بێت، ئه‌و پرۆژه یاسایه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستوری هه‌رێم بوو به یاسا و له په‌یامه‌که‌ی به‌ڕێز سه‌رۆکی هه‌رێمدا پانتاییه‌کی فراوانی بۆ ته‌رخانکراوه‌و به گرنگی و بایه‌خه‌وه خراوه‌ته ڕوو، ئه‌و ده‌نگانه‌ی لێره‌و له‌وێش ده‌بیسترێن ته‌نها خوو گریه‌کی ده‌روونیه بۆ پێچه‌وانه ئاراسته‌کردنی ده‌ربڕین دژ به خواسته نیشتمانیهکانهو به‌س!! ئه‌گه‌ر نا ده‌ستور به‌رهه‌می هزرو تێڕوانینی مرۆڤه‌کانه، ده‌کرێت کار له‌سه‌ر پێشخستن و چاککردن و ڕێکخستنه‌وه‌ی بکرێت، چونکه ده‌ستور ده‌بێت گوزارشت له کۆمه‌ڵگا بکات، هه‌موو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌کان تیۆری نه‌وازه و تێکدان وه‌لابنێن و ئه‌و بیرۆکه‌یه له بیر بکه‌ن، که ته‌نها ئه‌وان نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی گه‌لن، یاخود ده‌تانه‌وێ به‌و لێدوانه دژ بهیهکانهتاندا سیناریۆی هاورده‌کردنی کێشه‌و ململانێیه‌کانی نێو خۆتان دوور بخه‌ن و هاویشته‌ی زۆنی سه‌وزی بکه‌ن؟؟ یاخود ده‌تانه‌وێ به‌و لێدوانانه بانگه‌شه‌ی پێشوه‌خته‌ی هه‌ڵبژاردن بکه‌ن؟ ئه‌مه‌ش له یاسا‌و ڕێسای کۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن یاساغه!!
ده‌کرا له جیاتی لێدوانی دژ به‌یه‌ک هه‌مووان سوپاسگوزاری ئه‌وانه باین که له‌خه‌می تێپه‌ڕاندنی ئه‌و قه‌یرانه و سوپاسگوزاری یه‌کێتی باین، بۆ ئه‌و ئاراسته‌ی که په‌یڕه‌وی کرد، که پرۆژه‌که‌ی ( ی.ن.ک ) بوو به ڕێنیشانده‌رو نه‌خشه ڕێگای سیاسی ئایندهی هه‌رێم و سیسته‌می حوکمڕانیه‌که‌ی، له کۆتاییدا ده‌ڵێین ڕیزگرتن له ڕای گه‌ل و جه‌ماوه‌ری کوردستان، به پاراستنی سه‌روه‌ری یاسا ده‌سته‌به‌ر ده‌بێ، ئه‌مه‌ش له ڕێگای جێبه‌جێ کردنی بڕیار‌و ڕاسپارده یاساکانی په‌رله‌مانه‌وه ده‌بێت، نه‌وه‌ک پێچه‌وانه!!
م. عه‌ونی خۆشناو
هۆڵه‌ندا / لاهای