دوای ئەوەی ئەلبومێکی گۆرانی بڵاو کردەوە، هونەرمەندی گۆرانیبێژ (دلێر عەبدولقادر) ئەلبومێکی تازەی گۆرانی بە هەردوو زاراوەی کرمانجی ژوورو (بادینی) و سۆرانی بەرهەم دەهێنێت، کە پێکهاتووە لە (8) تراکی گۆرانی. لەمبارەیەوە (دلێر عەبدولقادر) لە لێدوانێکی دا بە خوێنەرانی رۆژنامەی “هەولێر”ـی راگەیاند : “لە چەند مانگی رابردوودا، دوایین ئەلبومی گۆرانییم بەرهەم هێنا بەناوی (تۆم خۆشدەوێ) کە پێکهاتبوو لە (9) گۆرانی و لە رێگەی کۆمپانیای “کۆرەک میوزیک” بڵاوم کردەوە، سوپاسی هاوکاری و پاڵپشتی ستافی ئەو کۆمپانیایە دەکەم، بەتایبەتی خودی برای بەڕێزم (عیسا مێرگەسۆری)”.
هەروەها گوتی : “ئێستاکە بە هاوکاری کۆمپانیای (سویدش ستار بۆ خانووبەرە) شاری زێرین، ئەلبومێکی گۆرانی بەرهەم دەهێنم، کە ئەرکی بەرهەم هێنانی ئەلبومەکەم دەگرنە ئەستۆ سوپاسیان ئەو هاوکارییان دەکەم”. (دلێر) دەربارەی ناوەرۆکی ئەلبومە تازەکەی گوتی : “ئەو ئەلبومە جیاواز لەگەڵ کارەکانی پێشووترم، بە دوو زاراوە تۆمارییان دەکەم، کە ئەوانیش بەهەردوو زاراوەی کرمانجی ژوورو و سۆرانی، کارییان لەسەر دەکەم، بۆ ئەو مەبەستە ئەلبومی ئەم جارەم دابەش کردووە بۆ دوو بەش بەشێکیان (4) گۆرانی بەزاراوەی سۆرانی (4) گۆرانیش بە زاراوەی کرمانجی تۆمار دەکەم”. لە کۆتایی دا دڵیر عەبدولقادر گوتیشی : “جگە لەو ئەلبومە بەنیازم کلیپێکی گۆرانی بەرهەم بهێنم بۆ یەکێک لە تراکەکانی ئەلبومی پێشووم، هەروەها بە نیازم لە نەوررۆزی داهاتوودا بەشداریی لە یەکێک لە ئاهەنگە جەماوەرییەکان بکەم، هاوڕێ لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی دیکە لە گفتوگۆکردن دام بۆ ئەوەی ئەو کارە بهێنمە بوون”.