(دلێر عومەر عەبدولرەحمان) یەکێکە لە وێنەگر و دەرھێنەرە بەتواناکانی شاری ھەولێر، تا ئێستا لە چەندین دەزگای راگەیاندنی tvی وەک مۆنتێر و وێنەگر و دەرھێنەر کاری کردووە، بەشداری لە بەرھەم ھێنانی دەیان کلیپی گۆرانی ھونەرمەندان کردووە، لە دیمانەیکدا بەم شێوەیەی خوارەوە باسی لە کارەکانی خۆی و ئەزموونی کار کردنی لە بواری tvو بەرھەم ھێنانی کلیپ کرد لە کوردستان.
پ/ دەست پێکی کاری وێنەگرتنت بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟
دلێر :”لە ساڵانی ١٩٩٧ بەکامیرای ڕەش و سپی دەستم پی کردووە، تاساڵی ١٩٩٩، پاشان کە زانیم سەرکەوتوو بووم، پاشان بیرم کردەوە دەبێ زیاتر ھەول بدەم دەستم کرد بەکاری وینەگرتنی فۆتۆی ملەوەن لەساڵی ٢٠٠٠ لەگەڵ دەست پێکردنی زنجیرە درامای (مەمی ئالان) وەکو فوتۆگرافیک لەم درامایەدا بەشداربووم”.
پ/ قسەیەک ھەیە دەڵێت ھەر وێنەگرێک ئەگەر بەکاری “فۆتۆ” دەستی پێکردبێت وێنەگرێکی “ڤیدیۆی” سەرکەوتووی لێ دروست دەبێت، تۆ کە لەھەردوو بواردا کارت کردووە تا چەند باوەڕت بەو قسەیە ھەیە ؟
دلێر : “راستە لەبەرئەوەی من لە رێگەی “فۆتۆ” فێربووم کەزاوییەی کامیرا چۆن دادەندرێت، گۆڕینی گرتە ئەگەر ھاتوو کار لەسەر کامیرای فۆتۆگراف بکەین دەببینین وەکو و ڤیدیۆ وایە وێنەکان زۆر لیک نزیکن، بۆنموونە لەفۆتۆ شەتەر ھەیە بەھەمان شێوە لەڤیدۆشدا ھەیە لەفۆتۆ فەتحە ھەیە لەڤیدۆش داھەیە بەلام لەفۆتۆ تۆ لەگرتنی یەک وێنە مامەلە لەگەل فریم دەکەی بەلام لەڤیدیۆدا وانییە مامەلە لەگەل جولە دەکرێت”.
پ/ تۆ کە بەشدارییەکی زۆرت ھەیە لەکاری کلیپ کردندا رەوشی کلیپ لە ئێستادا چۆن ھەڵدەسنگێنی ؟
دلێر : “ڕەوشی کلیپ لەچاو ساڵانی رابردوو بەرەو باشتر ھەنگاوی چاکی ھاویشتووە، ئەوەش دەگەریێتەوە بۆ دروست بوونی ستافی نوێ ئیستا لەھەموو شارەکان لەرووی کلیپەوە ستافی باش ھەیە تەنانەت لەئەوروپاش ، بەڵام بەگشتی بەئەکادیمی بوون ھۆیەکی سەرەکییە بۆسەرکەوتنی ئەوکەسانەی کەکاری کلیپ ئەنجام دەدەن، جا لەرووی دەرھینەر و لەرووی وینەگرتن و مۆنتاژ، بە شێوەیەکی گشتی ڕەوشی کیلپ ئێستاکە باشە”.
پ/ ئایا کەناڵەکان بەر پرس نین لەو ھەموو تێکەڵی و بێ سەرو بەریەی نیشاندانی کلیپ ؟
دلێر : “نەخیر لەبەرئەوەی دونیای کلیپ بەستراوەتەوە بەحەزی ئەوکەسەی ئەم کارە دەکات، لەبەرئەوەی دەبێت کارەکان لیک جیابکەینەوە کاریی کلیپ جیاوازی ھەیە لەگەل کاری تەلەفزیۆن، ئەگەر بمەوێت لەبواری کلیپ سەرکەوتووبم وەک خۆم دەبێت بوخۆم ھەوڵ بدەم بونموونە بمەویت خولیک ببینم لە ئەوروپا ئەوە ئەرکی تەلەفزیون نییە من بنێریت بۆ دەرەوەی ووڵات لەسەر حسابی خۆی خولیکی کلیپ بۆمن ئەنجام بدات، ئیمە ناتوانیین تەلەفزیۆنەکان لەمبارەیەوە تاوانبار بکەین بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەتوانیین بڵێن ئەوان لەدابەزاندنی کلیپ فلتەریان نییە ئەمە مەسەلەیەکی زور گرنگە” .
پ/ جوانترین کلیپ کە کارت بۆ کردبێ کلیپی چ ھونەرمەندێکە ؟
دلێر : “کلیپی گۆرانی (کەرکوک)ـی ھونەرمەندی گەورەو دەنگ خۆش (ھاوتا ئەسعەد) من پێم کاریکی زۆر جوان و پرلە مانابوو، دەنگی دانەوەیەکی زۆر گەورەی لەسەر ئاستی کوردستان و دەرەوەش ھەبوو، لە رەوشی ئێستادا سەیر دەکەین ئەو کلیپە زۆربەی شاشەکانی ئاسمانی و ناوخۆیەکانی تەنیووە،کاری دیکەی جوانتریشمان کردووە لەگەل ھاوکاری بەڕێزم بۆتان عبدوڵڵا ئەنجاماندا”.
پ/ ئاواتە خوازی کلیپ بۆ چ ھونەرمەندێکی کورد بە ئەنجام بگەینی بەڵام تا ئێستا پێی نەگەیشتووی ؟
دلێر : “ئاواتە خوازم کلیپێک بۆ مامۆستای ھونەری کوردی (زیاد ئەسعەد) خەونی منە کە کاری کلیپێکی بۆئەنجام بدەم، ھیوادارم ئەورۆژە بێت بتوانم خزمەتێک بەم ھونەرمەندە گەورەیەبکەم . وەدەمەوێت ئاماژە بەوەبکەم کە ماوەی ٤ مانگە من خەریکی فلمیکی دیکۆمێنتیم لەسەر ژیان و سەر بردەی ھونەرمەند (زیاد ئەسعەد) ئیستا کارەکە تەواو بووە بەلام کاری مۆنتاژی ماوە”.
پ/ ماوەیەک لەکەناڵی ئاسمانی “کۆرەک tv” کارتان کرد، کار کردنت لەو کەناڵە چۆن ھەڵدەسنگێنی ؟
دلێر : “دامەزراندنی کۆرەکtv کارێکی باش و ھەنگاوێکی جوان بوو، ماوەی یەک ساڵ لەوێ کارم کرد لەبەشی مۆنتاژ و وێنەگرتن، بەڵام کۆرەکی ئەوکات زۆر باشتر بوو بە بەراورد لەگەڵ کۆرەکی ئێستا، چونکە ئەو کات بەستافێکی زۆر کەم زۆرترین بەرنامە ئامادە دەکرا، یەکێک لەو بەرنامانەی کەسەرنجی منی راکێشابوو، لە نزیکەوە ئاگاداری بەرھەم ھێنانی ئەو بەرنامەیە بووم، کە بەرنامەی (ستاتیکا) بوو، بەرنامەیەکی جوان و پێویست بوو بۆ کەناڵێکی ھونەری، چونکە ئەرکی ئەو بەرنامەیە بریتی بوو لە بەسەرکردنەوەی ئەزموونی ھونەرمەندانی ڕەسەن و بە ئەزموون، خەڵکیش زۆر چێژیان لێ وەردەگرت، ئەم بەرنامەییە لەئامادەکردن و پێشکەش کردنی رۆژنامەنووس (عبدالغفار عەبدوڵڵا)ـی بوو، کاری دەرھێنانی لەلایەن (سامی کاکە) ئەنجام دەدرا، منیش کاری مۆنتاژ و زۆر جار وێنەگرتنیشم بۆئەنجام دەدا، کە توانیم بە شێوازێکی زۆر چاک کار بۆ پێشخستنی ئەو بەرنامەیە بکەم لە کورەک و چەند بەرنامەیەکی دیکەش رۆڵی بەرچاوم ھەبوو لەکاری مۆنتێری و وێنەگرتندا”.
پ/ کاری کلیپ کردن و بەرھەم ھێنانی کلیپ لەگەڵ چ ھونەرمەندێک ئاسوودەت دەکات ؟
دلێر : “کار کردن لەگەل ھونەرمەندی ئازیز و بەتوانا (ھاوتا ئەسعەد) زۆر خۆشە، ئاسوودەم لە کار کردنم لەگەڵً ئەو ھونەرمەندە، تا ئێستاکە دوو کارمان بۆی کردووە یەکێکیان گۆرانی “کەرکوک” بوو ئەوی تریشیان (چریکستان) بوو کە دژی توندو تیژی بەرھەمی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بوو کە بەھاوکاری کۆمپانیای ھۆلی کورد ئەنجام درا”.
پ/ بەکام دەرھێنەری بواری کلیپ سەر سامی ؟
دلێر : “بەداخەوە من دەلێم تا ئێستا لەبواری کلیپدا لەکوردستان دەرھێنەرمان نییە، تاوەکو پێیان سەرسام بم، کارێکی ئاوام لە دەرھێنەرەکان نەبینیووە سەرسام بم پێیان، چونکە پێم وایە ئێستاکە ھەموومان لە قۆناغی ئەزموونی داین، ئەو کارانەی کە کراون ھەوڵی جیا جیا بووەو ھیچی تر، بەڵام لە عەرەبدا دەرھێنەری زۆر چاک و بەتوانا ھەن، من زۆر سەرسامم بەکاری دەرھێنەری بەتوانای عەرەب (فادی حداد) دەکرێ ئێمە سوود لە دەرھێنەری وەکو (فادی) وەربگرین کە خاوەنی چەندیین شاکاری جوانی کلیپە”.
بۆچی ئەوەندە جەخت لەسەر ئەوە دەکەیتەوە دەرھێنەرمان نیە لە بواری کلیپ لە پ/ کاتێکدا لەکوردستان چەندین کەسی بەتوانا لە بواری کلیپ سازی کار دەکەن و بەرھەمی باشیان ھەیە ؟
دلێر : “راستە بەرھەمی کلیپمان زۆرە بەڵام کام بەرھەم کامە کلیپ؟! ئەوانەی کە دەکرێ یاخوود کراون دەکرێ پێان بگوترێ ھەوڵدان، ئەو کارانە تەنیا دەچێتە چوار چێوەی ھەوڵدان ئەو قۆناغەش بە قۆناغی شاکار و بەرھەمی نایبا ھەژمار ناکرێت، تا ئێستا نەم بینیووە دەرھێنەرێکی بواری کلیپ لە کوردستان لە شێوەی کورتە فیلمێک سیناریۆیەکی چاک لە گۆرانی ھونەرمەندێکدا بەکار بھێنێت و بیکاتە کلیپ، ئەگەر سەیری کلیپەکانیش بکەین وابزانم ھەموومان بۆمان دەردەکەوێت لە چ ئاستێک داین، بۆیە من تەئکید دەکەمەوە تائێستا نەبووینە خاوەنی دەرھێنەری کلیپ لەکوردستان”.
پ/ کار کردنی ئێستات لە کام دەزگای راگەیاندنە ؟
دلێر : “ئیستا من لە کەناڵی ئاسمانی زاگرۆس کاردەکەم، جیالەو کارەش لەگەل ھاوڕێی خۆشەویستم کاک (ئیبراھیم رێکانی) کە خاوەنی کۆمپانیای “ھۆلی کوردە” و ھوتێل “بەرشلۆنە”ـیە لە شاری ھەولێر، سەرقالی ئەوەیە تەلەفزیۆنێکی لۆکاڵ دابمەزرێنێت، ھەوڵی زۆر چاکی داوە لە رووی کوالێتی کارە کان زۆر بەپرۆفیشناڵی کاری بۆ بکەین ئیستا واخەرکین پەنابەخوا بەم نزیکانە دەست بەکردنەوی پەخش دەکەین”.
پ/ زۆر بوونی ئەو ھەموو کەناڵە ناو خۆی و ئاسمانیە پێت وایە خزمەت بەرەوشی راگەیاندنی کوردی دەکات بەھەموو جۆرەکانیەوە ؟
دلێر : “ھەموو tv کان نا، بەڵام ھەریەکەیان بەگوێرەی توانای خۆی توانیویەتی خزمەت بکات، بەڵام من پێم وایە تەلەفزیۆن تا زۆربێت رکابەری دروست دەبێت بۆ پێشکەش کردنی کاری جوان”.
موحسین یاسین – سلێمانی