(دلشاد عوسمان) نوێنەری فیستیڤاڵی ساڵانەی “گەنجان” بۆ موزیک و گۆرانی، بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڤیەنای پایتەختی وڵاتی (نەمسا)، کەساڵانە لەوڵاتە ساز دەکرێت، بەبەشداریی تەنیا یەک گروپی موزیک و گۆرانی کورد لە کوردستان، چالاکییەکانی ئەو فیستیڤاڵە لە سەرەتای مانگی تەمووزی داهاتوودا دەست پێدەکات.
لەمبارەیەوە (دلشاد عوسمان) لە لێدوانێکی دا بە خوێنەرانی هەفتەنامەی “هونەری هەولێر”ـی راگەیاند : “گروپی کیژانی “تەوار”ـی شاری سلێمانی، لەسەرەتای مانگی تەمووزی داهاتوودا، بەشداری دەکات لە فیستیڤاڵی ساڵانەی (گەنجان)، لە (ڤیەنا)ـی پایتەختی وڵاتی (نەمسا) بەڕێوەدەچێت، کە ئەو فیستیڤاڵە تەنها بۆ بەشداریی کردنی گەنجە موزیکژەن و گۆرانیبێژانەیە، کە تەمەنیان لە نێوان (17) ساڵ بۆ (25) ساڵە”.
نوێنەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروەها گوتی :”لەم فیستیڤاڵەدا (25) وڵات بەشداریی دەکەن، کە سەرجەمی بەشداربوون بریتین لە (1000) موزیکژەن و کۆراڵی گۆرانیبێژ، هەرتیپێک نمایشی بەرهەمەکانی خۆی دەکات، قۆناغ بەقۆناغ خاڵیان بۆ دیاری دەکرێت، ئەو تیپانەی خاڵی زیاتر کۆدەکاتەوە، ئەو تیپانە سەردەکەون بۆ قانەغەکانی کۆتایی و نمایشی بەرهەمەکانیان دەکەن، جگە لەوانە چەندیین ورۆک شۆپ ئەنجام دەدرێت و تیادا چەندیین گفتوگۆ دەربارەی موزیک و گۆرانی و باسی لێوە دەکرێت”.
(دلشاد عوسمان) لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەی دا هەروها گوتیشی : “بۆ فیستیڤاڵی ئەم ساڵی “گەنجان” لە(ڤیەنا)، بەنیاز بووم (4) گروپ داوەت بکەم، کە دووانیان ژێداربوون و دووانەکەی دیکەش فۆلکۆریی بوون، بەڵام بەهۆی دابین نەکردنی پارەی تێچووی سەفەرەکەیان، لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و حکومەتی هەرێم، نەیان توانی ئامادەبن و بێن بۆ فیستیڤاڵەکە، تیپی کچانی “تەوار” جگە لەبەشداریی کردنیان چەند زنجیرە کۆنسێرتێک ساز دەکەن “.
دەربارەی هۆکاری ئامادە نەبوونی کەناڵەکانی راگەیاندن، بۆ روماڵ کردن و گواستنەوەی رووداوەکانی ئەو فیستیڤاڵە، (دڵشاد) گوتی : “هۆکارەکە تەنها ئەوەیە خۆیان نەیان کردۆتە خەم و پلانیان نیە بۆ ئەوەی ئامادەبن، ئەگەرنا من وەک گروپە موزیکییەکان (ڤیزەیان) بۆ دابین دەکەم، ئەگەر پەیامنێر و وێنەگرانیان بنێرن، چونکە ئەو رووداوە لەسەر ئاستی وڵاتی نەمسا و وڵاتانی ئەوروپا زۆر گرنگە، هیواداربووم کە دەزگا راگەیاندنەکان بەتایبەتی tvیەکان ئامادەییان هەبوایە و گرنگیان بەو فیستیڤاڵە بدایە”.
لە کۆتایی دا (دڵشاد عوسمان) گوتی : “من ئەوە چوارەمین ساڵە گروپە موزیکیەکانی کوردستان داوەت دەکەم بۆ ئەو فیستیڤاڵە، توانیویانە هەنگاوێکی باش بچنە پێش لە نیزیکبوونەوەی گروپە موزیکیەکانی وڵاتانی ئەوروپا، هەروەها ئاشنابوونی وڵاتان بەموزیک و گۆرانی کوردیی، لەو رێگەیەوەش چەندیین جار لەلایەن وڵاتانی ئەوروپا داوام لێکراوە، گروپە موزیکییە کوردییەکان بچن بۆ ئەوەی کۆنسێرت و چالاکی هونەریی ئەنجام بدەن، بەڵام بەهۆی نەبوونی هاوکاری ماددیی و پاڵپشتی لەهەوڵەکانی من، نەمتوانیووە ئەو هەنگاوانە بهاوێژم، چونکە من بەتەنیام، ئەوەندەی کە هەنگاوم بۆ هاوێشتووە، تەنها بەهۆی ئەو پەیوەندیەی کە هەمە لەنەمسا توانیومە ئەو کارانە بکەم، بۆیە گرنگە ساڵانە بەشداریی لەو جۆرە فیستیڤاڵانە بکەین و ئامادەییمان هەبێ لەو جۆرە چالاکییە جیهانیانە، بۆ ئەوەی ئێمەی کوردیش بێبەش نەبین”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا