حەیدەر عەبدولڕەحمان : دراما کۆرییەکان لەو ساڵانەی دواییدا پانتاییەکی بەر فرەوانیان لە راکێشانی بینەر لە ھەموو جیھاندا بە دەوری خۆیاندا کێش کرد , بە شێوەیەک ئەو درامایانە بوون بە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ ناساندنی گەلی کۆریا وەک گەلێکی
ئاشتی خوازو مرۆ پەرست و دۆستە خواز , ئەم پێناساندنە درامیە وای کرد کە پلەو پایەی ئەو وڵاتەو ئەو گەلە ئاشتی خوازە بە شێوەیەک لە نێو گەلانی جیھاندا بەرز بێتەوە , کە ساڵانە بە ملیۆنەھا گەشتیار لە ھەموو جیھاندا روو لە کۆریا بکەن و لە نزیکەوە ئاشنا بەو گەلە نموونەییەی جیان بن , کە لە رێگەی ئەو درامایانەدا خەڵکییان فێری زۆر لە بەھا پیرۆزە نیشتمانی و مرۆییەکان کرد , لەوانە زنجیرە درامای سۆناتای زستان و خۆشەویستییەکی خەمناک و دۆنگی و د. جونسۆن و چەندینی تر , کە رەنگە چێژو ئاسەوارە پەروەردەییە نیشتمانی و کۆمەڵایەتیەکانی ئەو زنجیرانە بە ئاسانی لە خەیاڵو ھزری خەڵکیدا کاڵ نەبنەوە , ھەر ئەو بەھا پیرۆزانەش بوو وای کرد کە کۆمپانیاکانی دەبلەجە کردن , بە تایبەت کۆمپانیای خاوێ فیلم بە دەنگ خواستی زۆرینەی خەڵکەوە بێت و درێژە بە دەبلەجە کردنی دراما کۆرییەکان بدات . لە لایێکی دیکەوە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان پێشبڕکێ بکەن لە سەر کڕین و نمایشکردنی ئەو زنجیرە درامایانە .
ئەم روو تێکردنە گەرم و گوڕەش بوو وای کرد کە دوو ئامانجی بنەڕەتی بپێکین : یەکەمیان ئەوەبوو کە دراما کۆرییەکان بوون بە ئەلتەر ناتیفی درامای کوردی , لەو بۆشاییە بەر فرەوانەی کە لە درامای کوردی دا بەرپا بوو , بڕێکی زۆر لە خواستی بینەری بۆ دراما پڕ کردەوە , بە تایبەت چونکە ھونەری دەبلەجە کردنی ئەو درامایانە لە لایەن کۆمپانیای خاوێً فیلم لە ئاستێکی ئەوەندە بەرز دابوون کە بینەر ھەست بە بیانی بوونی ئەو درامایانە نەکات .
دووھەمیان : کاریگەری ھەرە گەورەی ئەو درامایانە لەوە دابوو کە توانی بینەری کورد لە دراما کرچو کاڵە تورکییەکان دوور خاتەوە کە ماوەیەک بوو خەریک بوو کاریگەری نەگەتیفانەی خۆی بە سەر کۆمەڵگای ئێمەدا بە جێ بێڵێ و ببێت بە کێشەیەکی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای کوردی دا بە تایبەت لای لاوەکان , وێڕای ھەموو ئەمانەش گەلێک فاکتەری دیکەی ھونەری ھەبوون کە ئەو درامایانە بەو خێراییە تێکەڵ بە رۆح و جەستەی ئیچمە بن , لە سەرووی ھەمووشیانەوە لێک نزیکی ئەو پرسانەی کە ناوەرۆکی دراماکان بوون و لێک نزیکییەکی زۆریان لە گەڵ باری سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتی ئێمە ھەبوو , وەک ئەوەی کە کۆمەڵگای ئێمە لە نێو ئەو زنجیرانەدا کێشەکانی خۆی بدۆزێتەوە و بە دوای دەرەنجامەکانیدا بگەڕێت لە کۆتایی زنجیرەکاندا , وەک رووداوەکانی زنجیرەی د. جۆنسۆن کە وای کرد دوای کۆتایی ھاتنی زنجیرەکە و مردنی دکتۆر لە نێو خەڵکی سادەو نەخۆشی وڵاتەکەی و نیشاندانی ئەو قوربانیەی ئەو پاڵەوانە نواندی بۆ گەیاندنی پەیامی پیرۆزی نیشتمانی و مرۆیی خۆی , بە سەدان لە گەنجی رانیە بە خۆیان و دروشمە رەشەکانیان بچنە سەر شەقام و داوای نموونەی دکتۆری ئاوا دڵسۆز بکەن , لە ھەمان کاتیشدا وا لە کەناڵی کورد سات بکات بانگھێشتی ئەو ئەکتەرە بکات بۆ کوردستان و بینەری کورد بە بینینی شاد بکات .
بە گشتی ئەو زنجیرانە وێڕای دەرھاوێشتە نیشتمانی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکانی خۆیانەوە بینەری کوردییان لە کرۆکی دراما و ھونەری دراما ھوشیار کردەوە و ئاستی تێگەیشتن و رۆشنبیریی ئەوانی بەرز کردەوە , بە شێوەیەک کە بۆ لەمەودا بتوانێت تێڕوانینی خۆی ھەبێت بۆ ئەو ھونەرەو توانای لێک جودا کردنەوەی بەرھەمە بە پێزەکان و بەرھەمە کرچ و کاڵەکانی ھەبێت , بۆیە زۆر بە ئاسانی توانی ھەندێ بەرھەمی کوردی لاواز پەراوێز بکات ..
بێگومان کۆمپانیای خاوێ فیلم و رەنگاڵە بە دەر لە لایەنە بازرگانییەکان یەکەم کۆمپانیای سەربەخۆ بوونە کە داھێنانێکی وا گەورەو مەزن لە دەبلەجەی کوردی دا بکەن و و بتوانن تێنوویەتی ھەزاران بینەری کورد لە درامای بە پێز بشکێنێ و زۆرێک لە چێژی ھونەرییان پێ ببەخشن .. بەڵام لەو چەند بەرھەمەی دوایی کە ئەو کۆمپانیایە ئەنجامی دا کۆمپانیاکان رەوتێکی تازەیان گرتە بەر بەوەی کە کۆمەڵێ بەرھەمی پڕ لە توندو تیژی شەڕو شۆِڕو کوشتاریا ن ھەڵبژارد کە تەواو لە گەڵ دیسپلین و ئامانجەکانی پێشووی زنجیرە کۆرییە سۆزداری و نیشتمانی و پەروەردەییەکانەوە لێک دوور بوون , بە شێوەیەک ئەو توندو تیژیانە لەو زنجیرانەدا بەرجەستە کرابوون , کە تەماشا کردنیان بۆ بینەری ئاسایی سەخت و دژوار بوو نەک بۆ خێزان و منداڵ … کە دیارە ئاسەواری ئەو دیمەنە پڕ لە توندو تیژیانە چ کاریگەرییەکی سایکۆلۆژی و دەروونییان بە سەر بینەردا بەجێ دەھێڵن بە تایبەت بۆ منداڵەکانمان , کە ئەمڕۆکە ئەو کاریگەرییە لە ژیانی رۆژانەیاندا بە تەواوەتی بە دی دەکرێت .. بۆیە زۆرێک لە خەڵکی پێیان وایە کۆمپانیا بەرپرسی یەکەمە لە ھەڵبژاردنی ئەو فیلمانە و ئاکامە نەگەتیفەکانی , کە رەنگە لە ئایندەدا کاریگەری ئەو جۆرە درامایانە ھەر تەنھا لە سەر بینەری کورد نابێت بەڵکو لە سەر شوێن و پایەی ئەو کۆمپانیایەو بازاڕی کۆمپانیاکە دەبێت کە بەر لە ھەڵسوو کەوت کردن لە گەڵیاندا حیسابێک بۆ ناوەرۆکی بەرھەمەکانیان لە گەڵدا بکرێت .. بێگومان کۆمپانیاکان ئەو رەوتەی بۆ پرسێکی بازرگانی ھەڵبژاردووەو پێیان وا بووە کە بینەری کورد سۆزی لە گەڵ ئەکشنی کلاسیکی دا ھەیە و ئامانجە بازرگانییەکانی پتر دەپێکێنێ .. بەڵام ئەو ئامانجە پیرۆزانەی کۆمپانیاکان لە رابووردوودا ھەڵی گرتبوو ئەو ئامانجانە بوون بوونە ھۆکار بۆ لە باوەش گرتنی ئەو کۆمپانیایەو بەرھەمەکانی , ناکرێت ھیچ ئامانجێکی دیکە لە ئارا دابێت کە متمانەی خەڵکی بە کۆمپانیاکە لەق بکات .