ماکسیم گۆرکی/ و: ئازاد نجم : دەکرێ سەبارەت بەدایکان تا ھەتایە چیرۆکی بێکۆتایی بگێڕینەوە./چەند ھەفتەیەک بو ھێزەکانی دوژمن شاریان گەمارۆ دابو ، غەرقی نێو ئاسن و پۆڵا بون. شەوانە ئاگریان دەکردەوە. دەتگوت ئاگرەکە ، لەنێو ئەو تاریکیەدا بەچاوانی سوری بێشومارەوە لەشورای شارەکە دەڕوانێ. بڵێسەی حەزکردن بە تاوان و بەدکاری لەو چاوە سورانەدا دەخوێندرانەوە. پریشکی شادیان لێ ھەڵدەستا و ئەو نیگا پڕ لەسوکایەتیە ، لەشارێکی گەمارۆدراودا ، بیرکردنەوەی تاریکیی لەگەڵ خۆیدا دەھێنا .
خەڵکی شارەکە ، لەسەر شوراکانەوە دەیانبینی چۆن دوژمن وردە وردە ئەڵقەی گەمارۆکە چڕتر و بەھێزتر دەکات. سێبەرەکانیان بەتەنیشت ئاگرەکانیانەوە نەدەبینران ، حیلەی ئەسپە سندم کراوەکانیان ، دەبیسترا. چرکە چرکی شمشێر و قاقای پێکەنینیان دەگەیشتە بەرگوێیان. دەنگی شادمانیی چڕینی گۆرانیی کەسانێک کە باوەڕ و متمانەی تەواویان بەسەرکەوتن ھەبو – دەبیسترا.
دەبێ شتێک ھەبێ لە دەنگی پێکەنین و شادی دوژمن ناخۆشتر و ھەژێنەر تر بێت؟
دوژمنەکان ، ھەرچی ئەو ڕوبار و سەرچاوە ئاویانەی کەدەھاتنە نێو شارەوە ، پڕیان کردبون لەتەرمی کوژراوان.
تەواوی رەزە مێوەکانی دەوروبەری شارەکەیان سوتاند و کێڵگەکانیان وێران کردن و باخچەکانیان لەبنەوە بڕینەوە.
شار ، لەھەمو لایەکەوە کراوە و بێ پاریزگاریی بوو ، زۆربەی ڕۆژەکان تۆپ و (شمخاڵ*) ، چەشنی باران بەسەر شاردا دەبارین. دەستەی سەربازە برسیەکان ، کەبەھۆی شەڕەوە بڕستیان لێبڕابو ، بەڕوخسارێکی شەکەت و ماندوەوە ، بەنێو کۆڵانە باریکەکانی شاردا دەگەڕان. دەنگی ناڵە ناڵی برینداران و وڕێنە و نزا و پاڕانەوەی ژنان و گریانی منداڵان ، لەپەنجەرەکانەوە دەبیسترا. ھەمویان بەسرتە و بەترسەوە قسەیان دەکرد و لەکاتی گفتوگۆدا قسەکانیان بەیەکتر دەبڕِی و بەوردی گوێیان دەگرت ، ئایا دوژمن دەستی بەپەلاماردان کردوە؟
بەتایبەتی لەشەوی یەکەمەوە ، ژیان لەنێو شاردا ، تادەھات تاڵتر دەبو.
ئەوکاتانەی کە سایە و تارماییەکان ، لە ناوەڕاستی دۆڵەکانی کێوە دورەکەوە دەھاتنە دەرێ و ئۆردوی دوژمنیان زیاتر و پتەوتر دەکرد و بەرەو شورا نیمچە ڕوخاوەکانی شار دەھاتنە پێش ، نیوە مانگ ، بەئاسمانەوە ، چەشنی قەڵغانێک کە لەمەیدانی شەڕدا کەوتبێ و بەزەبری شمشێرێک دولەت بوبێ ، بەسەر ئاسمانی لوتکەی تیژی چیاکانەوە دەبینرا. لەو بێدەنگی و تاریکیەدا ، دەنگی شیوەن و ناڵە باشتر دەبیسترا.
خەڵکانێک کە بەھۆی ڕەنج و برسێتیەوە بڕستیان لەبەردا نەمابوو و چاوەڕوانی ھیچ جۆرە کۆمەک و یارمەتیەکیان نەدەکرد ، ڕۆژ بە ڕۆژ نائومێدتر دەبون و بەترسەوە دەیانڕوانیە گەروی تاریک و ڕەشی دۆڵەکان و لوتکەی تیژ و سەختی چیاکان و ئۆردوی پڕ لەھاتوھاواری سوپای دوژمن.
ھەمو ئەمانە ، دیمەنی مەرگیان لەبەرامبەر چاوی ئەواندا وێنا دەکرد. ھیچ ئەستێرەیەکی ئومێد لەئاسمانی ئەواندا نەدەدرەوشایەوە.
دەترسان چرا لەنێو ماڵەکانیاندا داگیرسێنن. تاریکیەکی تۆقێنەر ، فەرمانڕەوایی بەسەر شەقام و کۆڵانەکانی شاردا دەکرد.
لەوتاریکیەدا ، ژنێک ، بێدەنگ ، کەسەرتاپای خۆی لەباڵاپۆشێکی ڕەشەوە پێچابو ، چەشنی ماسیەک بەنێو قوڵایی دەریاچەیەکدا مەلە بکات ، بەنیۆ کۆڵانەکانی شاردا تێدەپەڕی.
خەڵکی شار کاتێ ئەویان دەبینی ، لەیەکتریان دەپرسی: ئەوە؟
: خۆیەتی!
پاشان لەنێو کۆڵانەکاندا ون دەبون. بەبێدەنگی و بەسەرداخستنەوە بەتەنیشتیدا تێدەپەڕین. فەرماندەکانی دەستە ئێشکچیەکان و پاسەوانەکانیش ، بەڕقەوە وریایان دەکردەوە: خاتو ماریانا ، چیە! دیسان ھاتیەوە نێو کۆڵانان؟ وریای خۆتبە! لەوانەیە بتکوژن! دواتر کەسیش تاوانبارەکەی پێ نادۆزرێتەوە …
ژنە ، قەدی ڕاست دەکردەوە ، ئارام ڕادەوەستا ، ھەتا دەستەی ئێشکچیەکان بەتەنیشتیدا تێدەپەڕین. جەسارەتیان نەدەکرد ، یان حەزیان نەدەکرد دەست لەئاستیدا بەرز بکەنەوە.
پیاوە چەکدارەکان ، خۆیان لێ دور دەگرت و چەشنی کەسێکی مردوو ، حەزیان نەدەکرد لێی نزیک بنەوە.
ئەویش لەو تاریکیەدا دەمایەوە و دیسان جارێکی تر ، تەنیا و ئارام ، دەکەوتەوە ڕێ.
تاریک و لاڵ ، چەشنی تابلۆی بەدبەختی و نەھامەتیەکانی شار ، لەکۆڵانێکەوە دەچوە کۆڵانێکی تر. لەھەر چواردەوریدا دەنگی شیوەن و ناڵە و نزا و پاڕٍانەوە و گفتوگۆی خەمناکی سەربازانێک کە بەتەواوی نائومێد ببون ، چاودێریان دەکرد و دەچوە ھەرشوێنێک بەشوێنیەوە بون.
ئەو ژنە کەھەم دایک بو ھەم ھاوڵاتیەکی ئەو وڵاتە ، خەفەتی لە ڕۆڵەکەی و وڵاتەکەی دەخوارد ، ڕۆڵَەیەکی جوان و بزێو ، بەڵام بێبەزەیانە لەڕیزی سوپایەکدا بو کەئابڵوقەی شاریان دابو و دەیانەویست وێرانی بکەن.
تا ماوەیەک لەوەپێش ، دایکە بەشانازیەوە لە کوڕەکەی دەڕوانی ، بە دیاریەکی بەنرخی دەزانی بۆ وڵاتەکەی ، بەھێزی چاکەی دەزانی بۆ کۆمەکی ھاوشاریەکانی. ئەو شارە ھێلانەیەک بو ، کە ھەم خۆی تێیدا چاوی کردبۆوە ، ھەم ڕۆڵەکەشی تێدا پەروەردە کردبو. سەدان ھەودای ون ، دڵی ئەو دایکەیان بە بەردە کۆنەکانەوە ، کە باپیرانی خانویان پێ دروست کردبو و بناغەی شاریان لەسەر دامەزراندبو و بەو زەویەوەی کە ئێسک و پروسکی باپیران و ھاوخوێنەکانیان ، بەئەفسانە و ئامانج و ئومێدەوە ، تێیدا نوستبون ، دەبەستەوە.
ئیستاش ئەو دڵە ، نزیکترین و خۆشەویستترین کەسەکانی خۆی لەدەست چوبو و وەژان ھاتبو. ئەو دڵە ، چەشنی تەرازویەک بو ، کاتێ لەنێویدا سۆزی خۆی بۆ ڕۆڵەکەی و ئەو شارەی کەتێیدا ژیاوە ، ھەڵدەسەنگاند ، نەیدەزانی تێبگا لەوەی ئاخۆ تای تەرازوەکە بەکام لایاندا لاسەنگە؟
بەم شێوەیە شەوانە بەکۆڵانەکانی شاردا دەگەڕا و کاتێ توشی چەند کەسێک دەبو کە نەیانناسیبا ، دەترسان و ئەو تارماییە ڕەشەیان بە دێوەزمەی مەرگێک دەزانی ، کە ئیدی لەھەموان نزیک ببۆوە. ئەگەر ھاتباو ناسیباشیان بەخێرایی لەو دایکە خائینە دور دەکەوتنەوە.
شەوێکیان ، لەنزیک شورای شارەکە ، لەسوچێکی تەریک و تاریکی شاردا ، دایکە لەگەڵ ژنێکی تر بەرەوڕو بۆوە. ئەو ژنە ، بێ جوڵە ، وەک ئەوەی بەشێک بێت لەزەویەکە ، لەبەرامبەر تەرمێکدا چۆکی دادابو ، نیگای خەمناکی بڕیبوە ئەستێرەکان و دەپاڕایەوە.
پاسەوانەکان ، لەسەر شورای شارەوە ، بەچرپە چرپ ، سەرگەرمی قسەکردن بون لەنێو خۆیاندا. دەنگی چەکەکانیان بەدیوارەکە دەکەوت ، دەھاتە بەرگوێ.
دایکە خائینەکە پرسی: مێردتە؟
: نا.
: براتە؟
: کوڕمە. مێردەکەم سێزدە ڕۆژ لەمەوبەر و ئەمڕۆش ئەم کوڕەم کوژرا.
پاشان دایکی کوژراوەکە ھەستاو بەڕازی بونەوە ، گوتی: عەزرای پیرۆز بۆخۆی ھەمو شتێک دەزانێ و دەبینێ ، زۆر سوپاسی دەکەم.
: لەبەرچی؟
ژنەش وەڵامی دایەوە: ئەو لەشەڕی بەرگریکردن لەنیشتیماندا کوژراوە. دەتوانم بەوپەڕی ئاسودەییەوە بڵێم: ئەو ، ترسی لەدڵی مندا دروست دەکرد ، زۆر گوێی بەشتەکان نەدەدا ، زۆرحەزی لەژیانی شاد و بێ کێشە بو ، دەترسام ئەویش وەک کوڕەکەی (ماریاننا) ، خیانەت لەشارەکەمان بکا و ببێتە دوژمنی خەڵک و خودا ، نەفرەت لەو و لەو منداڵدانەش کە ئەوی ھێنایە بون و پەروەردەی کرد!…
ماریاننا ، ڕوخساری خۆی داپۆشی و دورکەوتەوە.
ڕۆژی دواتر ، چوە لای بەرگریکارانی شورای شار و گوتی: بەھۆی ئەوەی کە کوڕەکەم چۆتە نێو باوەشی دوژمن و لەدژی ئێوە شەڕدەکا ، یان بمکوژن ، یان ڕێگام بدەنێ منیش بچمە لای ئەو…
ئەوان وەڵامیان دایەوە: تۆ مرۆڤی و دەبێ نیشتیمانەکەی خۆت خۆشبوێ ، کوڕەکەشت وەک چۆن دوژمنی ھەریەک لەئێمەیە ، دوژمنی تۆشە.
: من دایکم! من ئەوم خۆشدەوێ و لەڕوی پەروەردە کردنیەوە ، خۆم بەکەمتەرخەم دەزانم.
دواتر ئێشکچیەکان لەنێو خۆیاندا کەوتنە پرس و ڕاوێژ ، سەرەنجام گەیشتنە ئەنجامێک و گوتیان: شەرەفمان ڕێگەی ئەوەمان ناداتێ بەھۆی خیانەتی کوِرەکەتەوە تۆ بکوژین. ئێمە لەوە دڵنیاین کە تۆ نەبویتە ھاندەر و ڕێنشاندەری ئەو بۆ کردەوەیەکی لەوچەشنە و تەنانەت ئاگادریشین کە خەم وخەفەتێکی زۆری پێوە دەخۆی. شار ئەگەر تۆشی تێدا نەبیت ، درێژە بە بەرگری کردنی خۆی دەدات. کوڕەکەت ھەرگیز بیر لەتۆ ناکاتەوە ، لەوانەیە ئەو ئەھریمەنە تۆی ھەر لەبیرچوبێتەوە! ئەگەر تۆ لەو باوەڕەدای کەشایستەی سزایت! ئەوا ئەو سزایە بەسە. پێمانوایە سزایەکی لەم چەشنە تەنانەت لەسزای مەرگیش قورسترە!
دایکە گوتی: بەڵێ ، ئەمە قورسترین سزایە!
پاشان دەرگاکەیان بۆکردەوە و ژنەش لەشار چوەدەرێ .
ئێشکچیەکان ، ماوەیەکی زۆر لەسەر شوراکەوە ڕوانیانە دایکەکە ، کەچۆن بەسەر زەوی نیشتیمانەکەیدا ، کەبەخوێنی ڕۆڵَەکانی تێراو ببو ، دەچوە پێش. بەشێوەیەک ھەنگاوی دەنان ، قاچەکانی بە زەحمەت لەزەوی جودا دەبونەوە و ھەڵی دێنان. چۆن لەبەردەم تەرمی بەرگریکارانی شاردا ، دادەچەمایەوە. چۆن بەڕقەوە ، بەنوکی قاچی ، شەقی لە چەکە شکاوەکان ھەڵدەدا.
دایکان ، ڕقێکی زۆریان لەچەک و و ھێرش پەلامار و کوشتوکوشتار دەبێتەوە ، تەنیا چەکێکیان بەلاوە پەسندە کە بۆ بەرگری کردن لەژیان ، بەکاربێت.
دەتگوت ، لەژێر لیباسەکانیەوە گۆزەیەکی پڕ لەئاوی شاردۆتەوە و دەترسێ بڕژێت ، تا زیاتر دور دەکەوتەوە ، بچوکتر دەبۆوە. ئەوانەی کە لەسەر دیوارەکەوە سەیریان دەکرد ، پێیان وابو لەگەڵ تارمایی ئەودا خەم و نائومێدی ، یەخەی بەرداون و لەکۆڵیان بۆتەوە و دورکەوتۆتەوە. دیتیان لەنیوەی ڕێگادا ڕاوەستا ، کڵاو و باڵاپۆشەکەی لەخۆی کردەوە و تا ماوەیەکی زۆر لەشار ڕاما.
بەڵام لەوێش ، لەشکری دوژمن ، ئەویان دیتبو کە بەتاقی تەنیا لەو چۆڵەوانیەدا ڕاوەستاوە ، بۆیە چەند تارماییەکی ڕەشی وەک خۆی ، بەھێواشی و بەوریاییەوە لێی نزیک بونەوە و تێیانخوڕی: تۆ کێی؟ دەچیە کوێ؟
ژنە گوتی: سەرکردەکەتان کوڕی منە.
دوای ئەم قسەیە ، ھیچ کام لەسەربازەکان ، شک و گومانیان لەڕاستی قسەکانی نەکرد. شان بەشانی وی ، کەوتنەڕێ ، بەدەم ڕێگاوە کەوتنە پیاھەڵدان و ستایش کردنی لێھاتویی و ئازایەتی کوڕەکەی.
دایکەش بەغرور و لەخۆڕازیبونەوە ، سەری بەرز کرد و گوێی بۆ قسەکانیان شل کرد و سەرسوڕمانی پێوە بەدی نەدەکرا.
دەبو کوڕی وی بەو شێوەیە با!!!
سەرەنجام ، لەبەرامبەر کەسێکدا ڕاوەستا کە مانگێک بەر لەدایک بون ئەوی نەدەناسی ، لەبەرامبەر بونەوەرێکدا ڕاوەستا ، کە ھەرگیز ھەستی نەدەکرد پارچەیەکی جیا بێت لەجگەری.
ئەو لەبەرامبەریدا ، خۆی لەنێو مەخمەل و ئاوریشماندا ون کردبو ، چەک و کەرەستە جەنگیەکانیشی لەبەردی گرانبەھا دروستکرابون ، ھەمو شتێک ، وەک ئەوەبو کەدەبوایا ببێ. دایکە ، لەخەونیدا ئەوی بەو دەوڵەمەندی و ناوداریەوە دیتبو.
دەستەکانی دایکی ماچ کرد و گوتی: دایە! تۆ ھاتیتە لای من! دڵنیام ھەستت بە کۆتایی بڕیارەکەم کردوە! سبەی ، نیازی ئەوەم ھەیە دەست بەسەر ئەم شارە نەفرەت لێکراوەدا بگرم!
دایکی بەبیری ھێنایەوە: ئەو شارەی تێیدا لەدایک بویت؟
لاوەکە کە سەرمەست و شەیدای وەدەستھێنانی ناو و ناوبانگی زیاتر بو ، بە تین و تاوێکی جەسورانەی گەنجانەوە ، گوتی: من لەدونیادا بۆ دونیا ھاتومەتە بون ، بۆئەوەی تێکی ھەڵشێوینم ، من تەنیا لەبەر خاتری تۆ دەستم لەم شارە دەپاراست و بەزەیم پێدا دەھاتەوە ، ئەم شارە چەشنی دڕکێک چەقیوەتە قاچمەوە و بۆتە بەربەست لەبەردەم ئەوەی بەزویی بگەمە ناوبانگ و سەرفرازی. بەڵام ئێستا ، لەسبەی زوتر نیە دار و پەردوی ئەم ھێلانە سەرکەشە بەسەر یەکدا دەڕوخێنم.
دایکە گوتی: ئەو ھێلانەیەی کە تەنانەت بەردەکانیشی ئاشنای سەردەمی منداڵیتن؟
: مادام مرۆڤ نەتوانێ بەردەکان وەقسە بھێنێ ، کەواتە لاڵن. وازم لێبێنە با کێو و چیاکان سەبارەت بەمن دەم ھەڵبێننەوە و لەبارەی منەوە بدوێن ، من ئەوەم دەوێ!.
دایکە پرسی: ئەی خەڵکەکە؟
: ئەھا! بەڵێ ، من ئەوانم لەبیرە. دایە! ئەوان بۆمن پێویستن ، چونکە کەسانی قارەمان و دلێر ، لەیادەوەری ئەواندا بە نەمری دەمێننەوە!
دایکە گوتی: قارەمان ئەو کەسەیە بەپێچەوانەی مەرگەوە ، ژیان بنیات دەنێ. قارەمان ئەو کەسەیە بەسەر مەرگدا زاڵ دەبێ …
ئەویش وەڵامی دایەوە: نا! وێرانکەرەکانیش بە ئەندازەی بنیاتنەرەکان ناو و ناوبانگیان ھەیە ، بڕوانە تا ئێستا ئێمە نازانین کە شاری ڕۆما (ڕۆمێرلۆس) دروستی کردوە یان کەسێکی تر! بەڵام ناوی (ئالاریخ ) و تەواوی قارەمانەکانی تر کە ئەوشارەیان کاول کرد ، ھەمویان بەڕونی زانراون …
دایکە ، جارێکی تر وەبیری ھێنایەوە: ھەمان ئەو شارەی کە نەمرە و ھەمان ئەو دلێرانەی کە شوێنەواریشیان دیار نیە؟
بەم شێوەیە ، تا بەربەیان ، لەگەڵ دایکیدا قسەی کرد. دایکە بەدەگمەن قسە شێتانەکانی پێ دەبڕی و سەری بەرز و بەعیزەتی ، تا دەھات زیاتر شۆڕ دەبو.
دایک بنیات دەنێ و گیانی خۆی دەبەخشێ ، دایک پاسەوانە و ئێشک دەگرێ ، گفتوگۆی نەشیاو و ناپەسند ، لەبەرامبەر دایکدا ، دەچێتە خانەی دژایەتی کردنەوە.
بەڵام گەنجەکە درکی بەمە نەدەکرد.
دایک ھەمیشە دژی مەرگە ، دایک ھەمیشە ڕقی لەو دەستانە دەبێتەوە کە مەرگ دەچێنن و پەلامار دەبەنە سەر ماڵی خەڵک. دایک لەوجۆرە کردەوانە ھەراسانە. بەڵام کوڕەکەی ، ئەم شتانەی نەدەبیست و نەدەبینی ، تیشک و گڕی سارد وسڕی ناو و ناوبانگ ، چاوەکانی کوێر کردبو.
ھەروەھا تێنەدەگەیشت لەوەی کاتێ دایکێک ژیانێک دێنێتە بون و دەیپارێزێ ، بۆی ھەیە پیلانی بۆ داڕێژێ و مەترسی بۆَ دروست بکا. دڕندەیەکی بەھێز و بێبەزەیی و بێباک بو …
دایکەکە بەخەفەتباریەوەدانیشتبو ، لەپەردەی کراوەی خێوەتەکەی سەرکردەوە ، شارێکی دەبینی کەتیایدا بۆ یەکەم جار جوڵەی شیرن و چێژبەخشی کۆرپەڵەی لەزگیدا ھەستپێکرد و ئازار و ئەشکەنجەی لەدایکبونی ئەم ڕۆڵەیەی چێشت ، کە ئێستا دەیویست بێبەزەییانە ئاگری تێبەردا و بیسوتێنێ.
تیشکی سوری خۆرەتاو ، بەسەر بورج و شورای شارەوە تروسکەی دەدا. شوشەی پەنجەرەکان بریسکەیەکی شومیان ھەبو ، دەتگوت تەواوی دانیشتوانی شار بریندارن و ژەکی سوری ژیان ، لەسەدان برینی شارەوە ھەڵدەچۆڕێ. کات تێدەپەڕی و شاریش وردە وردە ، تاریک دادەھات. دەتگوت تەرمێکی بەجێماوە ، ئەستێرەکان بەسەریەوە دەرکەوتون و چەشنی چەند مۆمێک بەدیاریەوە دەدرەوشێنەوە.
نیگای دایکە ، تا نێو ئەو خانوە تاریکانە بڕی دەکرد کەخەڵکەکەی دەترسان لەوەی چرای تێدا داگیرسێنن ، نەبادا سەرنجی دوژمن ڕاکێشێ. نیگاکانی تا ئەوسەری شەقامە تاریکەکان بڕی دەکرد کەبۆنی لاشەکان ھەوای شاریان ژەھراوی کردبو ، دەنگی ناڕەزایی کپی خەڵکانێک کە چاوەڕوانی مەرگیان دەکرد ، دەبیسترا.
ئەو ، ھەمو کەسێک و ھەمو شتێکی دەبینی.
تەواوی ئەو شتانەی کە بەلای ئەوەوە ئاشنا و ناسیاو بون ، لێی نزیکتر ببونەوە. دەتگوت لەبەرامبەریدان و بێدەنگ چاوەڕوانی بڕیاری ئەون. دایکە وایدەزانی کە دایکی تەواوی خەڵک و دایکی شارەکەی خۆشیەتی.
لەقوللەی کێوە ڕەشەکانەوە ، چەند پەڵە ھەورێک ، لەشێوەی چەند ئەسپێکی باڵدار بەرەوە زەوی دەھاتنە خوار و بەرەو شارە ناچارکراو بە نەھامەتیەکە ، دەفڕین. کورٍِەکەشی دەیگوت: ئەگەر شەو بەئەندازەی پێویست تاریک بێت ، لەوانەیە ھەر ئەمشەو بەسەر شاردا بدەم ، کاتێَ خۆر لەچاوی مرۆڤ دەدات ، بینینی تروسکەی چەک بۆ چاو ناخۆشە و مرۆڤ ناتوانێ بەباشی شمشێرەکەی بەکاربێنێ. لەھەل و مەرجێکی لەوشێوەیەشدا مرۆڤ ناتوانێ بەباشی ئامانجەکەی بپێکێ. بەدەم ئەم قسانەوە بەوردی سەیری شمشێَرەکەی دەکرد.
دایکە گوتی: وەرە ئێرە ، سەرت بخەرە سەر سینگم و پشو بدە و بیھێنەرەوە بیرت کە بەمنداڵی چەندە بزێو و زیتەڵە بویت و خەڵکی چەندیان خۆش دەویستی!
لاوەکە بەقسەی دایکی کرد و سەری نایە سەر ڕانی دایکی و ڕاکشا و چاوەکانی لێک نان و گوتی: من تەنیا تۆ و ناوبانگم خۆش دەوێ ، تۆشم لەبەر ئەوە خۆشدەوێ کە کەسێکی وەکو منت ھێناوەتە ژیانەوە.
دایکی بەسەریدا نوشتایەوە و گوتی: ئەدی ژنان؟
: ژن زۆرن! مرۆڤ زۆر بەخێرایی ، وەک شتێکی شیرن ، زوو لێیان تێر و بێزار دەبێ.
دایکە ، بۆ دوایین جار لێی پرسی: حەزت لەوە نیە بیتە باوک و ڕۆڵەی خۆت لەباوەش بگری؟
: لەبەرچی؟ بۆ ئەوەی بیان کوژن؟ کەسێکی وەک خۆم بیانکوژێ وگرفتاری خەم و نائاسودەییم بکات؟ ئیدی بەدەم خەم و خەفەتەوە پیر ببم و ھێز و توانام لەبەر ببرێ و نەتوانم تۆڵەشیان بستێنمەوە!
دایکە ، ئاھێکی ھەڵکێشا و گوتی: تۆ وەک بروسکە جوانی! بەڵام ھیچ سودێکت نیە.
کوڕە ، زەردەیەکی کرد و وەڵامی دایەوە: بەڵێ! بەوێنەی بروسکە …
دواتر چەشنی کۆرپەیەکی ساوا ، لەباوەشی دایکیدا خەوی لێکەوت.
دایکە باڵاپۆشێکی ڕەشی ، بەسەر کوڕەکەیدادا و لەنێویدا بزری کرد. خەنجەرە تیژەکەی ھەڵێنا و تاھێَزی تێدابو چەقاندیە سینگی ڕۆڵەکەی. کوڕە – بێ ئەوەی جوڵەیەک بکات – یەکسەر گیانی سپارد. ئاخر دایک باش دەزانێ کە دڵی کوڕەکەی لەکوێدا لێدەدا و ترپە ترپیەتی. دواتر لاشەی بێ گیانی کوڕەکەی ھاویشتە بەرپێی پاسەوانە حەپەساوەکانی و پاشان ڕوی کردە شارەکە و گوتی: من وەک مرۆڤێک ، ئەوەی لەتوانامدا بو بۆ نیشتیمانەکەم کردم ، بەڵام وەک دایکێک لەگەڵ کورەکەمدا دەمێنمەوە! ئیدی لەو تەمەنەدا نیم جارێکی تر دڵم بەوە خۆشبێت بتوانم کوڕێکی تر بێنمە دونیاوە ، مانەوەشم لەژیاندا سودی بۆ ھیچ کەسێک نابێت.
دوای ئەم قسانە ، ھەمان ئەو خەنجەرەی کە ھێشتا بەخوێنی کوڕەکەی- واتا خوێنی خۆی – سور و گەرم بو ، چەقاندە سەر دڵی خۆی.
کاتێک دڵ ئازاری ھەبێت ، دەکرێ زۆر بەئاسانی بکرێتە ئامانج.
سەرچاوە / داستانھای برگزیدە ماکسیم گورکی / ترجمە افسر سدارت – رزا ازرخشی/ نشر جامی