یاسین برایم
ئەگەر ژیاننامەی ئەدیب و شاعیرانی وڵات بخوێنینەوە، زۆرن ئەوانەی زوو ھەتیوو بوون، یان یەکێ لە دایک و باوکیان یان ھەردووکیان مردوون. لە ژیانێکی ھەژار و دوور لە سۆز و خۆشەویستی ئەو دوو مرۆڤە ژیاون. کەم تا زۆر ئەم بێ دایکییە، کە مەبەستی سەرەکی ئێمەیە، لە بەرھەم و شیعرەکانیان ڕەنگیان داوەتەوە و بەرھەمیان پێشکێش بە دایک کردووە. دوور ناڕۆین (لەتیف ھەڵمەت)ی شاعیر بە نموونە دێنینەوە لەسەر دایک. ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت. کە دایکی ھەوێن و ئیلھامی زۆر لە شیعرەکانییەتی. لە کۆی سەرجەم دیوانە شیعرەکانی، کە چاپی کردوون. (١٤٢) شیعر لە بارەی دایک و جیھان و خێزان و بیرەوەریی و خۆشەویستی و گەورەیی و پیرۆزی و چاکی و پاکی و بەزەیی و….تد. ڕەنگیداوەتەوە.
ئەگەر سەیری پەرتووکی (دایک لە جیھانیی شیعری لەتیف ھەڵمەتدا(١)) بکەین. زانیاری ورد و جوانمان لەسەر دایک و ئەو ڕەھەندە قووڵەی دایک ھەیەتی لە ھەمبەر مرۆڤدا، بۆ دەردەکەوێت. نموونەیەکی تر، دایک لای فەرھاد پیرباڵ، لە شیعرێکی بچووک، بەڵام مانایەکی قووڵ و جوان و بەھادارمان پێدەدات. ناونیشانەکەی (شیعرێکی زۆر درێژ بۆ دایکم(٢))، کە لە پێنج وشە پێکھاتووە؛ کەچی ناوەرۆکەکەی دوو پەیڤە (غەریبیت دەکەم). ڕەنگە ئەمە بەقەد دەیان دەق و چیڕۆک و ڕۆمان، دونیایێک مانای قووڵ ھەڵبگرێت. دایک لای ھەڵمەت بایز، ھەمان ئەو گەورەیی و خۆشەویستییە بێسنوورەی ھەیە؛ کە لەتیف ھەڵمەت بۆدایک ھەیەتی. ئەم شاعیرە لە ماوەی زیاتر نیو سەدە لە ئەزموونی خۆیدا، بەرھەمەکانی بە ئەشقی دایک ڕازاندۆتەوە. تا ئێستاش ئەمە درێژەی ھەیە. ھەڵمەت بایز، مردنی دایکی لە ١٩/١٢/٢٠١٩ تا دەرچوونی ھەردوو بەرھەمەکەی خۆی، بە نێزیکەی تەمەنی ئەو نامەیە و ئەو نامیلکە شیعرە، کە بۆ دایکی نووسیوە؛ ساڵ و نیوێک کەمتر بێت. ئەو لەو تەمەنە لە پرسە و نائارامی و دوودڵی و دڵەڕاوکێ و خەم و ئازار و ئەو پاڵنەرە دەروونییە ژیاندەکات. لەدەستدانی دایک کە سەرمایەکی گەورەیە و چەتری خۆشەویستی خێزانە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی لە سۆزی باوکایەتی بێبەشن. ڕەنگە ئەمە ئاسان نەبێت، نەخاسمە بۆ دایکێک دەبێتە کارەکتەرێکی زیندوو و ماندوو و شوێنی باوکیان بۆ پڕدەکاتەوە. ئەگەر نەمانی دایک لە ڕووی فیزیکیەوە ون بێت، ئەوە لە خەیاڵ و ھزر و بیرەوەریی و دونیابینی ئەو ھەمیشە زیندووە. ھەر خودی دایک چەمکێکی نەمر و جوانە. ئامادەیی ھەمیشەیی ھەیە لە ھەست و سۆزی مرۆڤدا. ئەو لە دوای نەمانی دایکیدا، کانیاوی خەم و ناخە گڕگرتووەکەی، دەتەقێتەوە و باخێکی ڕەنگین و سەوزمان لە وشە و ھەست و سۆز بۆ دەڕازێنێتەوە. ئاشنامان دەکات بە دوو بەرھەمی نایابی خۆی، بە کارەکتەرێکی خۆشەویست، کە دایکە. لێرە، لە چیڕۆکی مردنی دایکی خۆیدا، دەیان بیرەوەریی تاڵ و شیرین خۆی بە ئاوێتەکردن و تێکھەڵکێشکردن و بەستنەوەی بە چیڕۆکی دایکێکی کۆڵنەدەر و وەفادار و پەروەردەکارێکی خەمخۆر و خۆراگر، لە ڕێگای گەڕانەوە بۆ (شریتی عومری ڕابردوو(٣)) و فلاشباک و خۆدواندن و دروستکردنی پرسیار و گومان و پەرسڤی کپکراو و خستنە ڕووی تاڵ و شیریینەکانی ژیان و جیھانە فراوانەکەی دایک.
دەڵێن: (دایک ئەو مرۆڤەیە، نە دووبارە دەبێتەوە، نە پێناسەدەکرێت، نە پاداشتی دەدرێتەوە) وتەیەکی جوان و بەھادارە، دایک دووبارە نابێتەوە و یەک ھەلە و تەواو. پێناسەشی بە وشە و قسە ناکرێت، پاداشتیش ڕەنگە مەحاڵ بێت و ھەردەم قەرزداری ئەوین. بۆ خاوەن دەقیش، ئەو ڕەنگدانەوەی ھەیە. ئەو، دڵسۆزانە و خەمخۆرانە لە ڕێگای دونیای ئەدەبەوە، توانیوویەتی پاداشتێکی بچووک بۆ زیندوو ڕاگرتنیی دایکی کرد بێت، بەڵام بۆ خوێنەر ئەمە شتێکی جوان و جێی بایەخە. لە دوو دەقی جیاوازی خۆیدا، لە دوو ژانر، توانیوویەتی دایکێکی نموونەییمان پێشکێش بکات. ئەمە ئەزموونێکی جوان و جێی باسکردنە. ڕەنگە بۆ منی خوێنەریش، نە پێناسەی دایکم پێ بکرێت بۆ نووسینێکی بچووک و کورت. نە دەتوانم پاداشتی دایکیکی مەزن بدەمەوە، کە خۆی لە خۆیدا، دەریایێکی قووڵە و کەشتیوانی خۆی دەوێت. دوو بەرھەمیش، دوو ژانری جیواز و جوان، بە چەند ڕستە و پەڕەگرافێک، ناتواندرێت مافی ئەو دوو بەرھەمە بدرێت، جا لە ئاست دایکیش، جارێکی تر قەڵەم دەستەوەسان دەوەستێت، ھەر ئەوەندەمان پێدەکرێت، جامە ئاوێک لە دەریا قووڵەکەی دایک و کانیاوە شیرینەکەی ئەو دوو دەقە ھەڵێنجین و بە تێڕوانین و ڕا و بۆچوون و خوێندنەوەی خۆمان، چەند ڕستەیەک بخەینە ڕوو.
یەکەم: بەرھەمی (نامەیەک بۆدایکی کۆچکردووم (٤)) نامەیەکی درێژی ٨٨ لاپەڕەییە، باس لە چیڕۆک و ژیان و بیرەوەریی و مردنی دایکی خۆی بۆ ئێمە باسدەکات. لەم نامەیە، (٥٨٠) جار وشەی دایک، دادە، دایە، دایکم، لەگەڵ وشەی (ئۆدا) بە شێوە ئاخاوتنەکەی ڕواندزێ بەکارھاتووە. بەدەر لەوشەی (تۆ) کە جێناوی سەربەخۆی کەسی دووەمی تاکە، کە ئاڕاستەی دایکی خۆی کردووە. ھەروەھا بەشی زۆری ئەو وەسفەی بۆ (ژن)ی کردووە، زیاتر مەبەستی دایکە وەک ژن، نەوەک ژن وەک ھاوژین، بەشی شێری بەرکەوتووە. لەگەڵ ناوھێنانی وشەی دایکایەتی ڕەنگە ئەمە مانایەکەی قووڵتریش بێت، ھەروەھا وشەی بێوەژن، ئەو وشەی زیاتر بەسەر دایک دابراوە، ھەموو ئەو ناوھێنانەش، باس لە گەورەیی و خۆشەویستی دایک دەکەن. ڕەنگە من وەک خوێنەرێک ئەوەندەی چێژ لە دەقێکی خۆماڵی وەردەگرم، کەمتر لە دەقێکی بێگانەی چەند سەدەیەیێک بەر لە ئێستا. بەتایبەتی لەو دەقەی باس لە ژینگە و سروشت و شوێن و شار و دەڤەرەکەی من دەکات. مرۆڤ خۆی تێدا دەدۆزێتەوە و ھەست دەکات دەقەکە لە ژیان و دونیابینینی ئەو نێزیکە. ئەو باس لە دایکێک دەکات، کە لە چیڕۆکی دایکی ھەموومان نێزیکە. بەتایبەتی لە بواری پەروەردەکردنی منداڵدا، خەم و ژیانسەختی و بەرگەگرتنی ئازارەکانی ڕۆژگار لە پێناو سەرکەوتن و پەروەردەکردنی منداڵ و خێزان. ئەو نامەیە، بۆنی دایکی ئەو شەھیدانەی لێدێت، سەربەرزانە کۆمەڵێک منداڵی بێباوک لە ئامێزی خۆشەویستی دەگرن و شوێنی سۆز و خۆشەویستی باوکیان بۆ دەگرنەوە. وەک مۆم ڕێگەی ژیان بۆ منداڵەکانی خۆیان ڕۆشەن دەکەنەوە و بەرگەی دەیان کارەسات و دەرد و کۆڤانی ژیان دەگرن. نموونەی ئەو دایکە پاک و دڵسۆزانە زۆرن. لە وڵاتێکی ژێردەستە و چەوساوە و شۆڕش و بەرخۆداندا، سەدان و ھەزاران چیڕۆکی تراژیدیا بەسەر دایکانی ئێمە داھاتووە، دایکانی ئەم نیشتیمانە ئاشنان بە ئاوارەیی و دەربەدەریی و سووتانی ماڵ و خانوو و گوند و ڕەز و باخ و ئەنفال و کیمیاباران و کۆمەڵکوژی و زیندەبەچاڵکردن و جەرگسوتاندن و دەستدرێژیکردنە سەریان و ئەتککردن و لێدان و گرتن و زیندان و بگرە لە سێدارەدان و لەناوبردنی بە شێوەیەکی نامرۆڤانە. چیڕۆکی ئەم دایکانە، ئەوەندە زۆر و زەوەندەن. خۆزگە مرۆڤە سادەکانیش توانیبایانە، ھەرکەسێ چیڕۆکی دایک و خوشک و ژیان و کۆلەمەرگی ئەوانیان بنووسیبایەوە, وەک ژنانی ھۆڵۆکۆست بۆ دونیا خرابانە ڕوو. دایکانی ئێمە بە چاوی خۆیان، دۆزەخ و ئازارەکانی ژیانیان چەشتووە. لە قوربانیدان و شۆڕش و بارودۆخە سەختەکان و شەڕە نەبراوەکان، کە بەڕۆکی ئەم وڵاتەیان گرتووە، بە درێژایی مێژوو تا ڕۆژگاری ئەمرۆش، دایکان باجێکی زۆری ئەم ژیانە سەختە دەدەن. چیڕۆک و ڕووداو و ھەواڵی جەرگبڕەکان زۆرن و باجی ئەو زوڵم و ستەمە دەدەن. دەیان تابلۆ و وێنە و کاری ھونەری، فیلم و شانۆ و چیڕۆک و شیعر و ڕۆمان، ناتوانن ئەو ھەموو ئازار و ژیانی دۆزەخئاسایانەی ئەم دایکە دڵسۆزانە نیشانبدرێن. ھێشتاش دەستەوەستانین و ھەژاریشین لەم لایەنە، نەمانتوانیووە ئەم ژیانە سەختە و جیاوازەی دایکانی ئێمە، بخەینە نێو کاری داھێنان و نیشانی دونیای دەرەوە بدەین. چەند گەورەیی و دڵسۆزی و وەفادارییە، بتواندرێت چیڕۆکی ئەم دایکانە بنوسرێنەوە و بکرێنە کاری ئەدەبیی. ئەم کارەی ئەم نووسەرە، بۆدایکی کردووە، جێگای دەستخۆشی و ڕێزگرتن و قسە لەسەرکردنە. لەنێو ئەم کارە ئەدەبییەدا، ئەگەر چی نامەیەکی درێژە، بەڵام ھێشتا لە ئاست گەورەیی دایک بچووکە. دەیان ڕستەی جوان و پڕمانا و مرواری ڕازاندراوەتەوە، مرۆڤ حەز لە چێژبینین و جوانی دەکات. بە خوێندنەوەیان مرۆڤ تووشی ڕامان و بیرکردنەوەی قووڵ دەکات. ناچارت دەکات بوەستیت و بیر لە ڕستە و وێنە و دەستەواژە جوانانە بکەینەوە، کە بە مانایەکی قووڵ و فەلسەفیانە خراونەتە ڕوو. ئاشنای دەیان پرسیار و بەرسڤی جیاواز لەھەمبەر دایک دەبین. بەتایبەتی بۆ کەسانێک، کارەکتەری دەقەکە و ھەم خاوەنی دەقەکە لە دیوی دەرەوەی دەقەکە بناسێت. ڕەنگە چیڕۆکێکی سادە بێت، بریتییە لە (ژنێک بە ناوی حەلیمە حەمەدەمین لەتەمەنی سی و سێ ساڵی لە ساڵی ١٩٩٢ ھاوسەرەکەی لەدەستدەدات و خۆی و حەوت منداڵ، لە خانووێکی سادەی کاولۆکان، وەکوو ژنە شەھیدێک، بەشێوەیەکی جوان ئەو منداڵانە پەروەردە دەکات و دواتر لە سەفەرێکی وڵاتی ھیندستان، کۆچی دوایی دەکات….) بەڵێ، ئەمە ئەم دایکەیە بوویتە ھەوێنی ئەم دووکارە، ئێمە لە مێژووی گەلەکەمان دایکە حەلیمەمان زۆرە، نموونە دایکە حەلیمەکەی شەقڵاوە، بەعسیەکان چوار کوڕیان لە ساڵی ١٩٨٧ گرت و شەھیدی کردن. چیڕۆکی ئەم حەلیمەیەش بۆ ئێمە، بویتە بیرەوەری و چیڕۆک وەکوو داستانەکانی (مەھاباراتا) و (ڕامایانا)ی ھیندییەکان، مەرگی ئەو بۆ ئێمە، دەبێتە چیڕۆکێکی جوان و سەرنجراکێش و خەمناک. یان نۆڤلێتێکی پڕ لە خەم و گریان و ڕاچەڵکین. ھەندێک جاریش وەکوو کورتیلە چیڕۆک، خۆی لە نێو نامەکە نمایش دەکات. وێنەیەکی زیندوو لە خەیاڵدانی خوێنەر دروستدەکەن، نامەیێک پڕ گەوھەری جوان، لێرە تیشک دەخەمە سەر چەند لایەنێکی ئەم دەقە و ئەم وێنە جوانانە، مرۆڤ تووشی خەیاڵبردن و تێرامانی قووڵ و گەڕانەوە بۆ زەمەن و بیرەوەریی منداڵی دەکات. چەند نموونەیەک لەم نامەیە، دەخەینە ڕوو.
“ھەموو ئێوارانێک دایکم پێش مەغریب بە پارچە پەڕۆیەکانی و بە تفە تفکردنەوە، جوان لە تەنی دەیسڕینەوە. خۆم دەبینم، بەدیار کتێبێکی قوتابخانەوە لە بەردەم فانۆسێکدا وانەکان دەخوێنم…. ل١٢”
ھەر لە ھەمان لاپەڕە دیمەنێکی موزیکا و دەنگمان پێ ئاشنا دەکات. کاتی باران بارین، تکەی ئاوی سواندە و سوولاوکەکان (تک.. تەپ.. تک.. تەپ.. تەپ…) ھەتا ئێستاش ئەم دیمەنە جوانەی شەوانی باران بارینی خانووە قوڕەکان لە گوێمان دەزرینگێنەوە. ئەم یادە جوانەمان بیردەخاتەوە. ئەو ڕووداو و کورتیلە چیڕۆکمان بەرچاو دەکەون. ھەندێ جاریش ڕستەی مرواری لە نێو ئەو نامەیە بەدێ دەکرێت چەند جارێک بخوێنیتەوە، تەزوو بە لاشەت دادێت و سەرسورمان دەبیت. وەک” بۆنی پێیەکانت، بۆنێکی زۆر غەریبە، ئەوەی ماچی نەکات، بۆنی بەخۆی ناکات. من بۆن بە خۆم و بە تۆ و بە گەردوون دەکەم. بۆنی ژێر پێیەکانت. بینینێکیان ھەیە بۆ کوێرەکانیش دونیا دەبێتە ڕۆژی ڕووناک… ل٣٤”
بۆنی پێیەکان، بۆنێکی ناخۆش و بێزارکەرە، لێ ئەو بۆنی پێیەکانی دایکی، لامان جوان و بۆنخۆش و پیرۆز دەکات. ئەم نامەیە، وەک نامەیەکی ئەدەبی، شتی جوان و سەرنجراکێشی تێدایە و وەک دایک قسە ھەڵدەگرێت؛ وەلێ من ھەر ئەو ھەندە گوڵێک لەو باخە ڕازاوە و ھەمەرەنگەم ھەڵبژارد و ھێشتا دەیان گوڵ و خونچەی تر ھەیە، جێگای تێڕامان و دەست بۆبردن و بۆنکردن ھەیە، بە گەیشتنیان، چێژ بە ھەست و سۆز و دونیابینی ئێمە دەبەخشن.
دووەم: (کرووکپایز، توولەڕێیەکانی دایکم گوڵدار دەکات(٥)) ئەم نامیلکە شیعرییە لە (٢٥) شیعر و پارچە پەخشانێک پێکھاتووە، بە ڕای خۆم ئەم پەخشانە زیادە و بوویتە زیوانی ناو گوڵە شیعرەکانی ئەم نامیلکەیە. شیعرەکان کورت و پوخت، سادە و جوان و پڕ مانان. ڕەنگدانەوەی دایک بەسەر ھەموویان دیارە، بۆ خۆشەویستی دایک و دوای مەرگی دایک نووسراون. لە کۆی ئەم بەرھەمە شیعرییە، (١٢٠) جار پەیڤی دایک بەکارھاتووە، (٦) شیعر وشەی دایک لە ناونیشانی شیعرەکان بوونی ھەیە. (٧) شیعریش وشەی دایکی تێدا نییە, بەڵام ئەوانیش پڕن لە وشەی جوان و سۆز و خۆشەویستی بۆ دایک. لە شیعری (دوا پیاسەی غەریبی دایکم)، (٢٠) جار وشەی دایک، کە زۆرترین وشەی دایکی تێدا بەکاربردووە. جەستەی ھۆنراوەکان، بۆنی عەتر و بخوور و کرووکپایزیان لێدەتکێ. نووسینی شیعر قورسە و دانانی ناونیشانیش قورسترە. بۆ منی خوێنەریش، ڕەنگە سەختر بێ قسە بکەم لەسەر کۆی شیعرەکانی ئەم نامیلکەیە. بۆ نووسینێک بچووک، جێگای ئەو لێکدانەوە و دۆزینەوەی کۆد و قوفڵ و مانا شاراوەکان نەبێت. ڕەنگە مەبەستی منیش ھەر ئەمە نەبێت، دوای خوێندنەوەی شیعرەکان ئەو تێبینییەم بۆدەرکەوت، بەشێکی زۆری شیعرەکان لە نێو نامەکان شرۆڤە کراون، ھەمان ڕستە و دێڕەکان بە ئاسانی دەدۆزیەوە، یان ھەمان ئەم نامەیە، جارێکی تر وەک ھەوێن و ئیلھام بۆ شیعر سوودی لێ وەرگێراوە و کراون بە شیعر. لەبەر ئەوەی ھەردوو نامیلکەکە بەیەکەوە چاپکراون. ھەم نامەکە و ھەم شیعرەکان لە زەمەنێکی کورت و دیاریکراو نووسراون؛ وەک دیوی یەک دراویان لێھاتووە. ئەگەر خوێنەرێک بە تەنیا یەکێک لەو بەرھەمانە بخوێنێتەوە، ھەست بەم لێکچوونە ناکات. بەڵام کاتێ منی خوێنەر بە تام و چێژەوە چەند جارێک ئەو دوو بەرھەمم خوێندەوە؛ ئەو ڕاستییەم بۆ دەرکەوت. ئەو دوو دەقە، دەقئاوێزانی یەکتر کراون، ئەمە شتێکی ئاسایی و باوە بەس بەو شێوەیەش نا، دوو دەقی یەک کەس ئەوھا لە ژێر وەرگرتن نغرۆ ببێت. ھەردوو دەقەکە لە ھەڵمژینی یەکتر ھاتۆتە بەرھەم، لە ڕستە و دیڕەکان بەدیار دەکەوێت، پەلەپرووزێ و زۆر لە خۆکردنی پێوەدیارە، پاڵەپەستۆ خراوەتە سەر تەواوکردن و بە کۆتا ھێنانی ھەردوو بەرھەمەکە، ڕەنگە ھەڵەچنینێکی باشی بۆ کرابوایە، ئەو ھەموو ھەڵە بەقەد ژمارەی لاپەڕەکان ڕووینەدابوایە، ئەم پەندە (کاری بە پەلە، پڕە لە ھەڵە) بۆ ئەم ئەم دوو کارە، گونجاو بێ، بوونی ئەو ھەڵانە بۆ نووسینێکی بچووک، گەورەیە. دەکرێت بۆ چاپی دووەم، ئەم پەرێزە خاوێنبکرێتەوە. لێرە چەند نموونەیێک دەخەمە ڕوو، دەقاوێزانی یەکتر کراوون و ھەمان وێنە، لەیەکچوون و دووبارە کراونەتەوە. دەکرێت خوێنەر بگەرێتەوە بۆ دەقەکان، ئەم بەراوردییە بکات.
لە شیعری (دوا پیاسەی غەریبی دایکم)، دەڵێت:
دایکم دەبینم.
جووتێک نەعلی منداڵانەی لە دەستە.
بە ناو ماڵۆچکەی بێلانەوازانی سەر شەقامەکاندا.
بۆ دڵخۆشی منداڵێکی ھیندۆس دەگەڕێت. ل ٤٥.
لە نامەیەک بۆدایکم، ئەوھا ھاتووە:
( لەوێ جووتێک نەعلی منداڵانت لە دەست بوو. بە ناو بێ لانەوازان دەڕۆیشتی، بزانی کێ لە وان پێڵاوێکی نییە، ئەویش بلاوێنییەوە. بێ لانەوازانت دڵخۆش دەکردن. بۆ ئەوەی خۆت بیر بچێت، بیرت لەوانی دیکە دەکردەوە، ھەر وەک ئەوەی خۆی لە بیر کردبوو، ھەمیشە لە بیری ئێمە دابووی. بۆ دڵخۆشی منداڵێکی ھیندۆس دەلاوایتەوە…. ل٨٢)
لە خوارەوە چەند نموونەیێک بە کورتی تیشکی دەخەمە سەر و لەبەر زۆری نووسینەکە، دەکرێت خوێنەر بگەرێتەوە سەری.
١. شیعری (گەڵا مێوەکان بە سەر پایزدا دەکشێن). بڕوانە ل (٤٨_٤٩) نامیلکەی ( نامەیەک …)
٢. شیعری ھەبوو.. نەبوو. بڕوانە ل(١٨_١٩) نامیلکەی ( نامەیەک …)
٣. (کرووکپایز، توولە ڕێیەکانی دایکم گوڵدار دەکات)، کە ناونیشانی کۆمەڵە شیعرەکەیە، بڕوانە، ل( ٧٦_٧٧). ھەروەھا لە باسکردنی توولە ڕێیەکانی ھەمان شیعر بڕوانە، ل٣٠.
نموونە و ڕستە و گرێ و وێنەی زۆرتر ھەیە، با ئەمە بۆ خوێنەران بێت، ئەم دەقئاوێزانە لە جۆری ھەڵمژینە و دەقئاوێزانیش لە دەوڵەمەندی دەقە و بە مەرجێ زیان لە پێکھاتە و مانا و کاکڵی بابەتەکە نەگینێت. ئەمە چ لە بەرھەمەکەی ئەو کەمناکاتەوە. لە نێو شیعرەکان، ڕستە و کۆپلە و ھایکۆ و وێنەی جوان دەبیندرێت. لە خوێندنەوە و ئاشنابوون بەو دوو بەرھەمە، ڕەنگە بیرکردنەوە و بەخۆداچوونەومان بەرانبەر گەورەی دایک بۆ پەیدا دەبێت. ئاخر ئێمەش لەگەڵ خاوەن دەق گوزەر دەکەین و لەگەڵ ڕستە و کوپلە شیعرییەکان و خوێندنەوەی ئەم نامەیە، تووشی ڕاچەڵکین و موچرک و خەم و فرمێسک و حەپسان و بیرکردنەوە و شکست و وەستان و ھەستانەوە دەبین، ئەمەش بەسە کە ئەدەب بە ئاگامان بێنێ، چێژمان پێ ببەخشێت و تێڕوانینمان بۆ شتەکانی دەوروبەر جوانتر بێت. قسەکردنی ئێمەش، گوزەرێکی بچووک بوو بە کووچە و کۆڵانەکانی ئەم دوو بەرھەمە جوانە.
(دایکم ڕستەیەکی مرواری،
بە ئەستووندەی خانووێکی قوڕین ھەڵواسی بوو. ل ١٣)
لەم نووسینە، ئێمە ویستبێتمان بگەینە ئەو ڕستە مروارییە. لێ دەریای دایک ئەو ھەندە قووڵە، نە دەستمان بەو مروارییە دەگات، نە دەتوانین وەک پێویست قسە لەسەر ئەو مروارییە بکەین، چونکە دایک ھەر خۆی گەورەیە و باسکردنیش ئاسان نییە، بۆ منیش وەک پەندی (دوو گندۆرە بەدەستەکی ھەڵناگیرێت)، ھەر ئەوەم بۆکرابێت، شتێکی بچووک بڵێم، ئەم ھەویرەش ئاوی زۆر دەوێت و دەکرێت توێژەرانی ئەم بوارە، قسەی لەسەر بکەن و شتی جوانتر و گەوھەرداتر لە دەریایی ئەم دوو دەقە بدۆزنەوە.
سەرچاوەکان
١. دایک لە جیھانبینیی شیعری (لەتیف ھەڵمەت)دا، د. ھاوژین سلێوە، فازیل شەوڕۆ، ٢٠١٩.
٢. سپیاتییەکانی ناو ڕەش و ڕەشاییەکانی ناو سپی، فەرھاد پیربالڕ، بڵاوکراوەکانی نووسینگەی گۆڤاری وێران، ١٩٩٩.
٣. نیوە دێرێکی ئەحمەد ھەردی شاعیرە.
٤. نامەیەک بۆ دایکی کۆچکردووم، ھەڵمەت بایز، چاپی یەکەم، ٢٠٢١.
٥. کرووکپایز، تولەڕێیەکانی دایکم گوڵدار دەکات، ھەڵمەت بایز، چاپی یەکەم، ٢٠٢١.