_سەرنجێک لە بارەی شیعری (دایکەکان) ی دڵشاد عەبدوڵا_
سەدیق سەعید ڕواندزی
ئەزموونی شیعریی، ئەزموونێکە لە گۆڕاندایە. کاتێ شاعیرێکیش ھیچی نوێی پێ نامێنێ بۆ وتن، یاخود ئەزموونە شیعرییەکەی لە جێی خۆی وەستا، ئەوا جاری مەرگی خۆی دەدات. خولانەوە لە بازنەی شیعرو زمانێکی دیاریکراودا، ناتوانێت گوتارێکی دیکەی شیعری جیاواز بێنێتە ئاراوە. یەکێک لەو ڕەگەزە شیعرییانەی وایکرد نیو سەدە زیاتر شێرکۆ بێکەس لە نێو ئەزموونی نووسینی شیعردا بژیت زمانەکەیەتی. شێرکۆ بە بڕوای من ھەر تەنھا شاعیرنەبوو، بەڵکو فەرھەنگێکیش بوو لە زمانی تازە و وشەی تازە. ئەگینا ھاوشێوەی گەلێک شاعیری تر، دەمێک بوو دەکەوتە پەراوێزی مێژووەوە. کە زمانی شیعر جیاواز کەوتەوە، ئەوا وێنە و ماناش جیاواز دەکەونەوە. یەکێک لە خاسیەتە دیارەکانی تێکستی نەمر ئەوەیە،کە ھەمیشە خوێنەردەتوانێت بگەڕێتەوە سەری و بەر مانای دیکەی جیاوازتر بکەوێت.ئەم جۆرە دەقانە، سنووری زەمەن وشوێن دەبڕن ولە یەک کاتدا ھەم دەقێکی مێژوویین، ھەم ئێستایین.ئەم خاسیەتە بە شێوەیەکی دیار لە ئەزموونی شیعری کلاسیکی کوردی دەبینرێت، کە وێرای تێپەڕبوونی چەند سەدەیەک بە سەر نووسینیان، کەچی ھێشتا دەخوێنرێنەوە و بگرە ھەندێکییان شڕۆڤەش نەکراون!.بێگومان ھەر دەقێک نەیتوانی لەو چوارچێوە زەمەنی و مێژووییە دەرچێت کە دەقەکەی تیادا نووسراوە،ئەوا دەچێتە پەراوێزی مێژوو.بۆ ئەوەی دەقێکیش نەبێتە بەشێک لە مێژوو بەمانا ئەدەبییەکەی، ئەوا دەبێ وزە و ھێزی ئەوەی تێدا بێت بەردەوام بخوێنرێتەوە. دەکرێ ئەی ڕەقیبی دڵدار نموونەیەکی دیار بێت لەو تێکستە نەمرانەی کە سنووری مێژوو دەبڕن. ئەی ڕەقیب کە دەیان ساڵە نووسراوە، لە ئێستادا نەک ھەر دەخوێنرێتەوە، بگرە بۆتە ماڕشی نەتەوەیی ئێمە و بەشێکی دیار لە کۆنەستی میللی نەتەوەیی ئێمە.بێگومان، ھەموو دەوقێک ناتوانێت شوناسی نەمریبوون وەربگرێت و نەچێتە پەراوێزی مێژوو،لە ئێستادا گوتاری بە شێکی زۆری شیعری ئەو نەوەیە نەک ھەر نابنە جێگەی تێڕامان و خوێنەوەی خوێنەر، بەڵکو ھەر لەگەڵ نووسینیشیاندا دەقی مردوون. واتە ھەر ساتی یەکەمی خوێنەوەی دەقەکە، خوێنەر درک بەوە دەکات کە لە بەردەم تێکستێکدایە کە جگە لە یەکجار بینین و خوێنەوە، ناتوانێت کۆنتاکی لەگەڵ ھەبێت. چ جای ئەوەی دوای چەند ساڵێک وجارێکی تر بگەڕێتەوە سەری. بەشێک لە شیعری ئێستا لە ئاستی زمان و گوتاردا، ھێندە سادە و ڕووت دەکرێتەوە، وەک ئەوەی لە بەردەم دەقێکی میللی بین نەک شیعر. کە یەکێکە لەو ژانرە جوانانەی چێژ و جوانی بە خوێنەر دەبەخشێت. ئەو سادەبوونە ھەر تەنھا لە ئاستی فۆڕمدا نییە، بگرە لە ڕووی ناوەڕۆکیشەوەیە. زۆرجار ئەو سادەبوونەوەیە مانا ون دەکات و یان بەر مانایەک دەکەوین، کە خاڵی لە ھەموو جۆرە جوانی و شیعرییەتێک. شیعر یەکێکە لەو دەقانەی لە یەک کاتدا جوانی و چێژ، پەیام و مانا بە خوێنەر دەدات، ئەزموونی شیعری شاعیرێک، کاتێ لە بازنەیەکی دۆگما دەوەستێت و لە دەوری وشە دەخولێتەوە، ئیدی ئەزموونێکە کۆتایی ھاتووە، یاخود لە دوا دڵۆپی چۆڕاوەی شیعری خۆیدایە. لە ئەزموونی شیعری شاعیراندا، ڕێچکەیەک ھەیە، ئەویش بەرەو پێشەوەچوون و تاقیکردنەوەی ئەزموون و ستایلی جیاوازی دیکەی شیعرییە، نەک گەڕانەوە وەک ئەوەی لای بەشێکی زۆری شاعیرانی نەوەی ڕابردوو لە ئێستا دا دەبینرێت. شیعر تەنھا زمانە، بە بێ دەربەستبوون بە زمانێکی نوێ، جیھانبینییەکی نوێ، ڕوانینێکی نوێ، ھیچ شاعیرێک ناتوانێت تا سەر شیعر بنووسێت و خۆی کاوێژ نەکاتەوە، یان دەق بە ھەندێک وشە و وێنەی سواوی شیعری نەگرێت، کە ھەزاران جار دووبارە دەبنەوە. زمان ئەو کەرستەیە، کە دەتوانرێت لە چەندین گۆشەنیگاو دەلالەتی شیعرییەوە، لە دەقی شیعریدا بەرجەستە بکرێت، خووگرتن بە زمانێکی دیاریکراو، بە چەند وشە و وێنەیەکی سواو، ناتوانێت تێکستێکی شیعری جیاواز و نوێ بەرھەم بھێنێت. دەقی شیعری (دایکەکان جوان بوون) ی دڵشاد عەبدوڵا، کە دوایین شیعری تازەیەتی، یەکێکە لەو شیعرانەی بە بڕوای من گوزارشت لە کۆتایی ھاتنی ئەزموونی شیعری ئەو شاعیرە دەکات. گەر بە وردی بڕوانینە ئەو شیعرە و بەراوردی بکەین بە شیعرەکانی بیست ساڵ لەمەوبەری ئەم شاعیرە، ئەوا زۆر بە ڕوونی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم شاعیرە، لە بری ئەوەی بەرە و پێش چوو بێت و ئەزموونی تازەی شیعری تاقیکربێتەوە، کەوتۆتە خۆجوینەوە و نووسینی جۆرێک لە بە ناو شیعر. ئەم شیعرە، لە ڕووی زمان، ناوەڕۆک، وێنەی شیعریی، لە ئەزموونی شاعیرێک ناچێت، کە پەنجا ساڵە شیعر دەنووسێت. ئەم دەقە، یەک ڕاستی بۆ خوێنەران دەردەخات، ئەویش ئەوەیە کە ئەم شاعیرە، دوا چۆڕاوەی شیعری خۆی کوشیوە و سەرەنجام ئەو دەقە ناھونەریی و لاوازەی لێ کەوتۆتەوە. دڵشاد عەبدوڵا لەم شیعرەیدا دەڵێت:_
مەنجەڵ لە سەر ئاگر جوانە
کە دایکەکان سەرپۆش لا دەبەن لە سەری
کەوگیر چ دڵگیرە بە دەستیانەوە کەوگیرێک زیاتر بۆ باوک و بنکر بۆ خۆیان.
پەنجا ساڵ لەمەو بەر، پەشێو، شاعیری بە ھەڵوێست و پاک ودیاری نەتەوەیی ئێمە، لە شیعرێکیدا کە بۆ تاڤگەی برازای نووسیوە دەڵێت:_
بەیانیان کە ئاگرۆکە دەکەیتەوە
شیر بۆ من و بنکڕ بۆتە
دڵشاد عەبدوڵا، دوای نیو سەدە لە ئەزموونی شیعری خۆی، کە ھەمیشە وەک قیگەرێکی دیاری شیعریش ھەوڵی پیشاندانی دەدەن، دێت وێنەیەکی شیعری پەشێو، لە گوزارشت و مانایەکی جیاوازدا دووبارە دەکاتەوە، ئەمەش تەنھا یەک ئاماژە دەگەیەنێت کە ئەویش خولانەوە بەدەوری وشە و گەڕانەوەیە بۆ دواوە. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە، وشە موڵکی شاعیرێک بێت، بەڵکو کاتێ ھەمان وشە، بە ھەمان وێنە و وەسف خۆی دووبارە دەکاتەوە، ئەوا جگە لە لااساییکردنەوە، نەبوونی دیدگایەکی نوێی شیعری، ھیچ مانایەکی دیکەی نییە. شاعیر، دایکەکانمان دەباتەوە نێو ئەو چوارچێوە خیڵەکی و میللیەی وەک زیندان بە درێژایی مێژوو، بۆیان بووە ئەویش ماڵەکەیان و نێو موبەقەکانیانە. ئایکۆنەکانی مەنجەڵ، کەوگیر، سەر ئاگر، دەلالەتن لەو ئەرکە ژنانەیەی کە ھەمیشە لە کۆمەڵگەی ئێمە بە ژن دراوە و دەدرێت. بەو مانایەی ئەرکی ژنان، ھەر تەنھا چێشت و مەنجەڵ و خزمەتکردنی پیاوە و دەبێ وەک حەیزەران بەرگەش بگرێت. شاعیر، کەوگیرێک زیاتر لە ژنەکان بۆ باوک دا ئەنێت ! بە ڕاست ئەم دیدگایە، ھەڵگڕی چ گوتار و مەبەستێکە؟ جەختکردنەوە لە دنیابینی شاعیرێک بەوەی دەبێت دایکان کەوگیرێک زیاتر خواردن لە خۆیان بۆ باوکان دابنێن ئاماژەی چەوسانەوەی ژن و دیدگای پەتریاکی خیڵگەڕایی نییە؟ بۆ دەبێ باوک کەوگیرێکی زیاتر لەدایک ببات لە کاتێکدا ئەو خۆی خواردنەکە ئامادە دەکات و تین و تاو و بڵێسەی گەرمی ئاگرەکە دەیسووتێنێت؟ ئەم جۆرە وێناکردنە، کە لە پەراوێزییەوە شاعیر دەیەوێت وەک وێنەیەکی جوان و سادەی ژیانی ڕابردووی دایکەکان پیشان بدات، لە ڕاستیدا وێنەیەکی جوان نییە، بەڵکو وێنەیەکی خێڵەکی و پڕ ئازارە و گوزارشت لە چەوسانەوەی ژن، بە دەست و ئەقڵی پەتریاکییانەی پیاوی کورد و ڕوانینی باوک بۆ دایک و نێر بۆ مێ دەکات. شاعیر لە ڕێی وێنەکانی مەنجەڵ و کەوگیر، چێشت و شیر، ژنان دەباتەوە نێو موبەق و ئەو پەیامەمان پێ دەگەیەنێت کە شوێنی ئەوان ئێرەیە و ئەوان دەبێ موتیعی پیاوەکانیان بن و ڕێزیان لێ بگرن و کەوچکێک زیاتریش لە بەشەکەی خۆیانیانی پێ بدەن، بەو مانایەی ئەوان دەبێ ماندوو بن، ئێوەی پیاویش دەبێ بحەسێنەوە، وەک ئەوەی لە ئیسلامدا دەگوترێت ھەر ژنێک پیاوەکەی لێ ڕازی نەبێت، ناچێتە بەھەشت. گەرچی لە ڕوالەتدا، ئەم شاعیرە دەیەوێت وا وێنای بکات، کە شکۆ و و ڕێز، پایەی کۆمەڵایەتی و میللی بۆ دایکەکان دەگێڕێتەوە کە لە ڕابردوودا چۆن بوون، بەڵام لە ناوەڕۆکدا گوتارێکی نەریتی و سوننەتی بەرھەم دەھێنێت و جەخت لەو وێنە میللیی و پەتریاکییانە دەکاتەوە، کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پیاو بۆ ژن ھەیەتی. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ھەمیشە ژنان ھاوتای پیاوان، لە ئەرک و ماڵداریی و خەبات و تێکۆشان دابوونە و باجی زیاتریشیان داوە ، دایکی وەھا ھەبووە، چوار ڕۆڵەی بەخشیوەتە کوردستان، خۆڕاگر و بەورە و قوربانبیدەر بووینە، شیاوی ئەوەن تەوێڵیان بۆ لە خاک بسووی، وەک ئەوەی پەشێوی مەزن دەیڵێت، ئەم شاعیرە ھەموو ئەو وێنە مەزن و مێژوویی و جوانانە نابینێت و دێت وێنەی دایکێکمان بە کەوگیر و مەنجەڵ پیشان دەدات، وەک ئەوەی ژنی کورد جگە لەم کارە، ھیچی تر نەزانێت و کاری تەھنا نێو چێشتخانە بێت.؟ ئەم شاعیرە، دوای ئەوەی دایکەکانمان بەو شێوەیە پیشان دەدات ، ئەمجارەیان دەڵێت:_
دایکەکان دار حەیزەران بوون و گوێیان بە ھیچ نەدەدا
لە ڕاستیدا، دایکەکان دار حەیزەران نەبوون، بەڵکو مرۆڤ بوون، وەک من و شاعیریش ئاوەز و ھەست و سۆزیان ھەبوو، دڵخۆش و نیگەران دەبوون، خەمیان دەخوارد و ڕامانیان دەکرد، بیریان دەکردەوە ، لە دۆخ و گوزەرانی ژیان و چەوسانەوەیان بە دەستی پیاو، ئاین، نەریت و کۆمەڵگە نیگەران بوون، ئەوان مرۆڤ بوون و ھەست و سۆزیان ھەبوو، کە گوێیان بە ھیچ نەدەدا، ئەوا لە خۆڕاگریان نەبوو، لەوەش نەبوو کە وەک دار حەیزەران ڕەق و پتەو و بێ ھەستن، لە کاتێکدا ژنان ھەزاران ئەوەندەی پیاوان یە سۆزتر و ڕۆمانسیترن، بەڵکو لە ترسی پیاوەکانییان و لە ترسی کۆمەڵگە، ناچاربوون ئەو دۆخە قبوول بکەن. ئەوان دەبوو، ماندووەتی، ماڵداریی، چەوساوەنەوە، ستەم و بگرە لێدان و شکانەوەش بچێژن، بێ ئەوەی مافی ئەوەیان ھەبێت، ناڕەزایی دەرببڕن و قسە بکەن، مەگەر ئێستاش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ھەزاران پیاوی لەو شێوەیە بوونیان نییەو ھەمان ئەقڵی پیاو سالارانە بەرکار نییە؟ ئەوان گوێیان ھەبوو، ھەرگیز توانای دار حەیزەرانیشیان نەبوو، ئەوان مرۆڤ بوون نەک دارێکی ڕەق و تەقی بێ ھەست و سۆز، ئەوە پیاوەکانن وایان دەکرد، دایکەکانمان خۆیان وەک دار حەیزەران پیشان بدەن، مەگەر ھیچ مرۆڤێک ھەیە، بەدەر لەویست و تواناو خواستی خۆی، کاربکات و ماندوو بێت، ناڕەزاییش دەر نەبڕێت؟ شاعیر بەردەوام دەبێت لەو وەسفە نا سرووشتی و بایۆلۆژیی و مرۆییەی دایکەکان و ئەمجارەیان دەڵێت:_
دنیایان لەو خشتانە دروست دەکرد
کە لە خانووی تر ڕووخابوون
بێ ئەوەی گلەیی لەکەس بکەن
دایکەکان، دەیانتوانی گلەیی بکەن، گلەییشیان دەکرد، دڵنیاش بوون خانوو دروستکردن، خشت کێشان و ھێنان، لەگەڵ توانست و سرووشتی ژنانەی ئەوان نە دەگونجا، بەڵام لە ترسی پیاوەکان، ناچار دەبوون بێ دەنگ دابنیشن و گلەیی نەکەن. ئێستاش لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، چەندین پەند و ئیدیۆمی بێ مانا لە بارەی ژنەوە دەگوترێن، وەک ئەوەی دەڵێن ( ژنان ئەقڵیان لە کۆشدایە ھەر ھەستن لێیان دەکەوێت ، تا پیاو ھەبێت، ژن مافی نییە قسە بکات، پرس بە ژن بکە بەڵام بە گوێی مەکە ، ژن ھەر تەنھا دەتوانێت تا شەو پارێزگاریی لە نھێنییەک بکات و نەیدرکێنێت ) ئەمانە و چەندین دەربڕینی دیکە، گوزارشت لەو ڕوانیننە خیڵەکی و پەتریاکییانە دەکەن، کە کۆمەڵگە و پیاو بۆ ژن ھەیەتی، ئیدی ئەوان چۆن دەتوانن گلەیی بکەن، دواتر گلەیی لە کێ بکەن؟ لەوانەی ھەر خۆیان سەرچاوەی ترس و بێباکی و ستەم بوون بۆ ژنان و دایکەکان ؟ مرۆڤ کە گوێی بە ماندووبوون نەدا، کە گلەیی و بیرکردنەوەی نەبوو، کەواتا دەبێ ڕۆبۆت بێت نەک مرۆڤ ! دایکەکان ماندوو دەبوون، گلەییشیان ھەبوو، زۆرباش درکییان بەو دۆخەی ژیانی خۆیان و ئەو ستەمەش دەکرد کە لێیان دەکرا، بەڵام نەدەوێران دەنگ ھەڵبڕن. دڵشاد عەبدوڵا، دەیەوێت ھەموو ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و ژنێتییەی دایکانی ئێمە لە ڕابردوودا تیایدا ژیاون، وەک ئاکتێکی سادە و ئاسایی پیشان بدات و ئەو پەیامە بگەیەنێت، کە دایکەکانمان چەند بێ ئاوەز، ھەست و سۆزبوون و توانایەکی چەند سیزفیانەیان ھەبووە، کە لە واقیعدا وا نەبوو، بەڵکو چەندین پلە، لە خوارەوەی پێگە و پایەی کەسی و کۆمەڵایەتی پیاوەوە بوون. شاعیر بەردەوام دەبێت لە وەسفی دایکەکان، بەو جۆرەی خۆی دەیەوێت بۆیە لە کۆتایی شیعرەکەیدا دەڵێت:_
دایکەکان جوان بوون
بە تایبەتی کە ڕۆیشتن و شپرزەیان جێھێشت
لە دوای خۆیاندا
دەبێ ھیچ جوانییەک لەوە دابێت، سەیری شپرزەیی دایکەکان بکەین، کە وەک دوا یادگاریی پڕ لە ئازاریی ژیانێکی پڕ لە ماندووەتی و نائومێدی لە دوای خۆیانیان جێھێشت؟ دایکەکان، تا لە ژیان دابوون ھەر ماندوو، جگەر سووتاو ، شپرزە بوون، کە مردیشن، ھەر تەنھا خەم و نائومێدی و شپرزەیان جێھێشت، بەڵام ئەم ژیان و دیمەنانە، ئەم بیرەوەریی و یادگارییانە، لە ڕاستیدا نەک ھەر جوان نەبوون و نین، بەڵکو مایەی نەنگیشن. دەبێ شپرزەیی و ماندووەتی ئەوان، بکەینە مایەی ڕەخنەکردن، ڕەت کردنەوەو دڵسووتانمان بە دایکەکانمان. ھیچ مرۆڤێک لە ژیاندا نییە، ئارەزووی ئەوە بکات شپرزەیی لە دوای خۆی جێبێڵێت، لە بری ئەوەی شانازیی بەوە بکەین کە دایکەکانمان چ ناسۆریەکییان لە دوای خۆیان جێھێشت، ئەوا دەبێ ڕەخنەی ئەو ئەقڵیەتە پەتریاکی و خێڵەکییە بکەین، کە بە ئێستاشەوە، نایەوێت دایکەکنمان بحەسێنەوەو چێژ لە ژیان ببینن و وەک مرۆڤ سەیر بکرێن ، بۆ ئەوەی کە مردن شپرزەیی لە دوای خۆیان جێنێڵن.
سەرنج : دایکەکان جوان بوون، شیعرێکی ( دڵشاد عەبدوڵا ) یە، لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ، ژمارە (١٣٢٤ ) لە ٣٠ / ٥ /٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.
• ئەم بابە تە لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە (١٣٩٥) لە ١٦/٧/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post