زانا دڵشاد دزەیی : ھەفتەی رابردوو دایکی خانمە گۆرانیبێژ ئالین بە نە خۆشی لەوڵاتی تورکیا کۆچی دوایی کرد.
خانمە ھونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان ئالین، کە دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە و مانگی رابردوو بۆ ئەنجاندانی چەند پڕۆژەیەکی ھونەری ھاتە کوردستان، دوای ئەنجامدانی کلیپێک لە شاری دھۆک، بەھۆی تێکچوونی باری تەندروستی دایکی کوردستانی جێھێشت و چووە وڵاتی تورکیا.
لە پەیوەندیەکیدا ئالین بە (سڤیل)ـی راگەیاند “دوای مانەوەی مانگێک لە یەکێک لە نەخۆشخانە، ھەفتەی رابردوو دایکی لە تورکیا کۆچی دوایی کرد”. ئالین گوتیشی “دایکم شەکرەی ھەبوو، لە سوریا دکتۆرەکان نەیانتوانی چارەسەری بکەن، لەسەر داواکاری خۆم ھێنام بۆ تورکیا، بەڵام تائەوکاتە نەخۆشییەکەی سەختتر بوو، نەشتەرگەرییەکان بۆ ئەنجامدا، دوای نەشتەرگەرییەکە کۆچی دوایی کرد”.
ئالین راشیگەیاند، ئێستا لە ھەوڵی ئەوەدایە تەرمی دایکی بۆ رۆژئاوای کوردستان بنێرێتەوە و لەوێ بەخاک سپێردرێت.