دایکی دوور لەمن ئەی نوری چاوم
کە یادت ئەکەم قوڵپ ئەدا چاوم
بۆکۆشی گەرمو لایلایەی شەوان
بارانی سەرکێو ڕۆدەکات چاوم
لەتاو دووری تۆ بوم بەدێوانە
هەر بەیادی تۆ ڕوناکە چاوم
تادەمەو بەیان لەچاومە شێوەت
دڵ گریە دەکات ناڵەی دێ چاوم
دایە گیان ناوت نەخشە لە دڵما
جوانی ڕوخسارت عەکسە لە چاوم
لاشەم تۆزی ڕێت سەرم قوربانت
دایە بفەرموو پێ بخە سەر چاوم
ئەگەر تۆنەبیت ئەوا منیش نیم
دوور لەچاوی تۆ تاریکە چاوم
باشم لەبیرە ئێشک گرم بویت
قەزا گێڕت بم ئەی هەردوو چاوم
خۆم بەقوربانی هاتو چۆی ماڵت
بەرپێت ئەماڵێ برژانگی چاوم
لەو ڕۆژەوەی من دابڕاوم لێت
هەروەکوو تاڤگە هاژەی دێ چاوم
لەدووری سۆزت ( ڕێباز ) بێکەسە
تادوور بم لەتۆ هەر دەگری چاوم
ڕێباز عوسمان عزیز
ستۆکهۆڵم