به‌رپرسیارێتی رۆشنبیر به‌رزرکردنه‌وه‌ی راستیه‌کانه به‌رووی ده‌سه‌ڵتدا
مێژوونوسی فه‌ره‌نسی
فرانسۆ جیزیك
نه‌بوونی ڕه‌خنه، یان نه‌بوونی به‌رزکردنه‌وه‌ی ده‌نگێکی ئازاد، له گشت بواره‌کانی رامیاری، کۆمهلاَیهتی، په‌روه‌ده و ئایینی، تووشی ئه‌و قه‌یرانه گهروهرانهی کردوین که هه‌موو ده‌سه‌لاته‌کان به‌شێوه‌یه‌کی نایه‌کسان و نه‌ویستراو دابةش بوون، نه‌بوونی ده‌نگی نارِهزايی له دهسهلاَتی رِامیاری وسیستمی په‌روه‌رده و هه‌موو کایه‌کانی تر له لایه‌ن رۆشنبیر و خه‌ڵکه ساده‌که‌وه ئه‌و ڕه‌وایه‌تی ورههایهی دا به‌ده‌ست هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، به‌مانایه‌کی تر بێده‌نگی میلله‌ت توانی د یکتاتۆر و سانسۆر دروست بکات. به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و بوارانه‌ی سه‌ره‌وه ، هونه‌ریش تووشی قه‌یران بووه به‌تایبه‌تی هونه‌ری دراما ، که ده‌بوو له ڕێی ی کاری هونه‌ری وڕهخنهوه به گژ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵيی ڕامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی و کلتووری و ئایینی‌دا بچێته‌وه، که مرۆڤه‌کان به‌رهه‌میان هێناوه، کاری هونه‌ر، وێنای شۆڕشێکه و له فۆرمی هونه‌ری وئه‌ده‌بی جیاوازدا، به به‌رده‌وام و له‌هه‌موو سه‌رده‌مێکدا ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و فکری لةلایه‌ن ڕۆشنبیران وهونهرمهندانهوه جۆره گفتوگۆیه‌کی دروست کردوه که ده‌کرێ ببێته خاڵی وه‌رچه‌رخان و گۆڕان له نێو خهلَکیدا، گرنگی میللهتيش بۆ هونه‌ر دةخاتة رِوو.
باسه‌که‌مان چرِ ده‌که‌ینه‌وه و ده‌مانه‌وێت به چاوێكی ڕه‌خنه‌یه‌وه خوێندهوهیهك بۆ درامای خانه‌که‌ی حاجی ئاغا بکه‌ین، که به‌رهه‌می کوردساته و نوسین و سیناریۆی به‌ریز فوئاد مه‌جید میسریيه و ده‌رهێنانی سالار سوڵتانه.
هونه‌ر و ئه‌ده‌بی دراما ،جۆرێکه له ده‌ربڕین و هه‌ڵقوڵاوی بیرێکه له‌سه‌ر دروستبوونی مرۆڤ و په‌یوه‌ندیيه‌کان و هه‌موو کێشه جۆراو جۆره‌کانی ژیان..
هه‌روه‌کو بینیمان درامای خانه‌که‌ی ئاغا باس له‌و ڕووداوانه ده‌کات که له مێژووی ساڵانی 1939- 1945 ڕوویان داوه ، واته ده‌ستپێکردنی شهرِی جیهانی دووه‌م و کۆتاییه‌که‌ی، په‌رده ههڵدانهوهیهکه له‌سه‌ر مێژوو خه‌باتی رزگاریخوازانی کورد، به‌تایبه‌تی له باشووری کوردستاندا.
من پێم وایه هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بابه‌ته گرنگیيه‌کی تايبةتى هه‌یه و ئاوڕدانه‌وه‌یه‌که بۆ مێژوو، ده‌کرێ ببیته هانده‌ر بۆبینهر و بتوانێ خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتنی زیاتری هه‌بێت له‌سه‌ر ڕووداوه سیاسييهکان و بۆچوونی وڵاته زلهێزه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه و ڕووداوه هه‌نوکه‌یه‌کان، چونكة به درێژايی ژیان مێژوو خۆی دووباره ده‌کاته‌وه ، هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه یه‌کێکه له لایه‌نه ئه‌رێنیه‌کانی ئه‌م درامایه.
پێمان وایه مێژووی پڕتراژیدیا و پرِ سه‌روه‌ری و نوشوستی ئێمه ى کورد زۆر له‌وه گه‌وره‌تره ئێمه بتوانین به چه‌ند دێڕێك باسی لێ بکه‌ین، هه‌روه‌ها مه‌حاڵه به درامایه‌ك و چه‌ند زنجیره‌یه‌ك ئه‌و مێژووه پڕ ئازاره واڵا بکرێت بۆ رِۆلَهکانمان، ئه‌مانه ته‌نها چه‌ند تیشکێکن بۆ سه‌ر مێژووی کورد.
کوردستان لهکۆتايی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا قوربانيى پیلانه گڵاوه‌کانی داگیرکه‌ران بوو، به‌ژیانێكی پڕ حه‌سره‌ت و ناهه‌مواردا تێپهرِ ده‌بوو، لیَوان لَیو بوو له راپه‌رين و بهرخوردهگی.
له به‌ره‌و پێشچونی رووداوه سیاسیيه‌کان ، جیهان ڕیرهوێكی ئایدۆلۆژیای توندی به خۆیه‌وه دی. که‌هه‌ریه‌که‌یان پروپاگه‌نده‌ی بۆ خۆی ده‌کرد و هه‌وڵی ڕاکێشانی هه‌وادارانی خۆی دةدا، سهرنجام زمانی دبلۆماسی و دیالۆگی بری و بووه هۆی وهگهرِخستنی زمانی چه‌ك له کۆتایی سیيهکانی سه‌ده‌ی بیسته‌م، جیهانی خسته نیو جه‌نگێكی کاولکاریيهوه، تێێدا جیهان به سه‌ر دوو به‌ره‌ی دژ به‌يه‌ك دابه‌شبوون و که‌وتنه شه‌ڕ و گیانی یه‌کتری له‌سه‌ر حسابی زۆرێك له نه‌ته‌وه و وڵاتانی دونیا، کوردستنایش وه‌کو به‌شێك له‌و جیهانه پریشکی ئه‌و جه‌نگه‌ی به‌رکه‌وت . له ١٩٣٩ ده‌ستی پێ‌کرد و لە ساڵی ١٩٤٥ کۆتایی هات بە خۆ بەدەستەوەدانی ژاپۆن لە دوای وێرانکردنی هێرۆشیما و ناگازاکی لەلایەن وڵاتە یەکرتووەکانی ئەمریکاوە، هێزە چەکدارەکانی نزیکەی ٧٠ دەوڵەت بەشداربوون لە شەڕی ئاسمانی و دەریایی و وشکانییەکاندا.
شەڕی جیهانی دووەم بە شەڕێکی گشتگیر دادەنرێت، زۆرترین باجی هه‌بوو له مێژووی مرۆڤایه‌تیداو زیاتر له 100 ملێۆن سه‌رباز به‌شدار بوون، لایه نه ناکۆکه‌کان چه‌ندین دهولَهت بوون نزیکه‌ی 61 ملێۆن که‌س بوونه قوربانی له سه‌ربازو خه‌لكی ئاسایی.
ده‌ستپێکردنی جه‌نگی جیهانی دووه‌م، قۆناغی چالاکی و سه‌رگه‌رمی جموجۆڵی سیاسی کورد بوو، نه‌ک ته‌نها له باکووری کوردستان به ڵکه له رۆژهه‌لات و باشووریش
بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کوردی باشوور و رۆژهه‌لاتی بووژانده‌وه. چه‌ند پارتێك به‌نهێنی دامه‌زراند وه‌ك پارتی (هیوا) كة یه‌کێک بووه له گرنگترین کۆمهلَه سیاسييةكان شان به شانی ( ته‌عاون وته‌ره‌قی کورد، ته‌عالی کوردستان، ته‌شکیلاتی ئیجتماعی فیرقه‌ی دیموکراتی کورد و جه‌معیه‌ی ئیستقلالی کورد له‌گه‌ل شێخ مه‌حمود و شریف پاشا) دا، پارتی هیوا پارتێکی سه‌ر گۆره‌پانی سیاسی باشووری کوردستان بوو ئاڵای کوردایه‌تی دابوه ده‌ستی لاوی خوێندواری کورد و نیشتمان په‌روه‌رانی له ده‌وری خۆیدا کۆکردبونه‌وه.
له ڕۆژهه‌لاتی کوردستانیش له مهاباد کوانووی چالاکی و بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد بوو که به‌لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاتی رژێم وهه‌ڵوێستی دڕندانه‌ی ئۆردوی سۆڤیه‌ت که ئازربایجانی داگیر کردبوو، گه‌شایه‌وه و وزه‌یه‌کی به‌به‌ردا هات له سالی -1946، کوردی مهاباد بانگی دامه‌زراندنی کۆمارێكی سه‌ربه‌خۆیان هه‌ڵدا به ڕابه‌رایه‌تی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د ، له‌لایه‌ن کوردی باشوریشه‌وه پشتیوانیان لێکراو بارزانی به خۆی ویه‌ک تا دوو هه‌زار له هاوه‌ڵه‌کانی خۆیان گه‌یانده مه‌هاباد بۆ پشگیریکردن له‌و کۆماره ، هه‌رجه‌نده ته‌مه‌نی ئه‌و کۆماره یه‌ک ساڵی نه‌خایاند و جارێکی تر پیلانی دۆژمنانی کورد هه‌ره‌سیان به‌و ئه‌زموونه گهورهیةی کورد هێنا. مه‌لا مستهفاو پێشمه‌رگه‌کانی گهرِانهوه عيَراق ، ئه‌وانی دی ته‌سلیم بوون، پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و سه‌دری برای و سه‌یفی ئامۆزای قازی به‌مه‌رگ سزادران و به‌رد باران کران، پارتی دیموکراتی کوردستان داڕماوهه ڵوهشایهوه ته‌نها ده‌سته‌یه‌کی که‌م نه‌بێت به دزیه‌وه درێژه‌یان به خه‌بات دا.
له جه‌نگی دوه‌می جیهانیدا ، کاربه‌ده‌ستانی ئینگلیز له ئیراقدا دواهه‌مین حکومه‌ت بوون سیاسه‌تی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ناراسته‌وخۆ پیاده ده‌کرد، ئینگلیز .هه‌ندێك له ئاغاکان وخه‌ڵکانی هه‌ل په‌رست و یاساوڵ وفه‌رمانبه‌رانی کردبوه سیخوڕ به‌سه‌ر کورده‌کان خۆیانه‌وه و چاودێری ورد‌و درشتی هه‌موو جموجۆڵێکیان ده‌کرد ، هه‌ربۆیه رق وکینه‌ی گه‌لی کورد به‌رانبه‌ر ئینگلیزه‌کان و سیاسه‌ته‌که‌ی زۆر به روونی دیار بوو ، هه‌موو رابه‌رو سه‌رکرده کانی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی کوردستان به تاقیکردنه‌وه بۆیان ده‌رکه‌وتبوو که نابێت پشت به به‌ریتانیا ببه‌سترێ که جاره‌سه‌رێكی ره‌وا بۆ مه‌سه‌له‌ی کورد بدۆزێته‌وه، ئه‌م هۆکاره هانده‌ر بوو که به‌شێک له کورده‌کان هاتبوونه سه‌ر بیری ئه‌وه‌ی له ڕێگای ئه‌ڵمانه‌کانه‌وه مافه‌ره‌واکانی گه‌لی کورد به‌ده‌ست بهێنن. له‌لایه‌کی تریشه‌وه ئه‌لمانه‌کان که‌وتبونه پروپاگه‌نده‌ی ئاری نه‌ژادی خۆیان له‌ناوچه‌کانی کوردستان به گشتی و به‌تایبه‌تی باشووری کوردستان هه‌روه‌ها رۆشنبیران له ئاستی ئه‌م قه‌یرانه‌دا له رێی نوسین و هۆشیاری و ئایدۆلۆژیاوه ده‌بوونه به‌ڵگه‌یه‌ك به‌رووی ده‌سه‌لاتداراندا، شؤڕشگێرو شيوعیهکان ده‌نگی خۆیان ده‌گه‌یانده خه‌ڵكی وکۆرو کۆبونه‌وه‌یان ئه‌نجام ده‌دا، قسه‌یان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ده‌کرد، له‌و کاته‌دا ئه‌وانه خه‌ڵکانێك بوون که حكومةتى به‌ریتانیاو عيَراق چاودێڕی ده‌کردن و ده‌ستگیری ده‌کردن .
له ئه‌نجامی ئه‌م هه‌موو بێنه‌و به‌رده‌یه‌ی به‌ریتانیاو عيَراق و ولاتانی تر که له راستیدا نه‌یانده‌ویست دان به مافی ڕه‌وای گه‌لی کوردا بنێن و رِهوايهتى به ویلایه‌تی کوردی بده‌ن به پێێ ئه‌و یاداشتنامه‌یه‌ی که پارتی هیواو بارزانی به‌رزیان کردبۆوه بۆ حكومه‌تى عيَراقی ئه‌و سه‌رده‌مه ، له کۆتایدا به دامه‌زارندنی چه‌ند وه‌زیرێك وكردنه‌وه‌ی دایره‌ی مه‌عارف وهه‌ندێ چاکسازی توانیان کوردستان هێمن بکه‌نه‌وه.
ئەنجامی ئه‌م جه‌نگه به‌ریتانیا پاشه‌کشه‌ی کرد له گه‌ڵ ولاتانی تردا‌و به سەرکەوتنی هاوپەیمانان کۆتایی هات و نەتەوە یەکگرتووەکان دروست بوو، دەرکەوتنی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤێت وەک دوو زلهێز، دامەزراندنی هاوپەیمانی ناتۆ و هاوپەیمانی وارسۆ، و دەرکەوتنی شوێنی دەسەڵات کە بووە هۆی شەڕی سارد.
چاوتێبرینی ولاته زلهێزه‌کان بۆ ناوچه‌ی کوردستان وای له ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کان کردوه له کاتێکدا به‌رژه‌وه‌ندیان به لای کوردا هه‌بوه هه‌وڵیان داوه بۆ لای خۆیان ڕاکێشیان بکه‌ن، بهلاَم که به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ماوه پشتیان له کورد کردوه بۆیه کورد تا ئێسته ده‌ردی ئه‌و رۆژانه ده‌خوات و له نهههماتیهکانیدا ده‌ژیت، ئه‌م رۆژگاره تاڵانه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ئه‌و ضاوتێبرِین و دابه‌شکردنه‌ی کوردستان له دوای جه‌نگی یه‌که‌می جیهانیه‌وه تا ئه‌مرۆش به‌ده‌ست ئه‌و پارجه پارچه‌یه‌وه ده‌ناڵێنین.
گه‌ر سه‌یرێكی درامای خانه‌که‌ی ئاغا بکه‌ین چیرۆکی ئه‌م درامایه به سود وه‌رگرتن له رۆمانی (غایب تعـمه فرمان ) رۆمان نووسی عه‌ره‌ب وه‌رگیراوه به‌ریز فوئاد مه‌جید میسری دایڕشتۆتهوهو ئه‌م چیرۆکه‌ی لێ به‌رهه‌م هێناوه له ههشاکاندا له‌سه‌ر شانۆ پێشکه‌ش کراوه، له ده‌رهێنانی کامه‌ران ره‌ئوف.
بۆئه‌وه‌ی چیرۆکێك بکه‌ینه دراما پێویستمان به‌داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌قه‌یه بۆ سیناريۆ ، دهڕبڕێنی وشه‌کان بۆ نواندن ، له‌ڕێی کاره‌کته‌ره‌کانه‌وه و ڕه‌چاوی هێڵێ دراما بکرێت، دروستکردنی ڕووداوی سه‌رنجڕاکێش و بوونی چه‌ند گرێێهك له‌یه‌ك کاتدا و به‌ره‌و ترۆپك بردنی ئه‌م گرێيانهو یاریکردن به‌هه‌ست و نه‌ستی بینه‌ر و پاشان ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌م گرێیانه و له‌دایك بوونی چه‌ندین په‌یامی تازه که نوسه‌ر ده‌یه‌وێت بیگه‌یه‌نێت، به تێکههڵکێشتنی هه‌موو په‌یوه‌ندیيه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان وگه‌رم و گوڕی و ژیانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که‌باسی لێده‌کرێ، لێره‌شه‌وه ڕوانین و سه‌لیقه‌و وردهکاریي ده‌وێت هه‌ر له هه‌ڵبژاردن بۆ لۆکیهشن ، دیزان، مکیاج، ئێکسسوارات، ڕووناکی و هێزی وێنه‌گرتنی دیمه‌نه‌کان به‌ته‌کنیکێکی تازه و له‌گه‌ڵ بوونی خه‌مێكی گه‌وره بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌که‌ت ده‌رئه‌نجامێکی باشی هه‌بێت.
لێره‌دا چه‌ند تیشکێک ده‌خه‌ینه سه‌ر هه‌موو ئه‌و فاکته‌رانه که له‌سه‌ره‌وه باسمان کرد‌و هه‌موو ئه‌و ره‌گه‌زه سه‌ره‌کیانه‌ی پێكهاته‌ی دراما.
چیرۆکی ئه‌م درامایه ژیانی رامیاری و کۆمه‌لایه‌تی و ئابووری وکلتووری ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌خاته ڕوو ، به ستنه‌وه‌ی به ڕووداوه ههنوکهیهکانهوه وه‌لێ له‌کاتی جێ به‌جێ کردنیدا هێڵی دراما گۆڕرا و به تایبه‌تی تێشك خرایه سه‌ر کاره‌کته‌ری مه‌عسومه واته ( هه‌ڵهاتن وگرتنی ) به‌مانایه‌کی ترگرنگیدان به‌و داب و نه‌ریته کۆمه‌ڵایه‌تیه و ئیتر به‌شیوه‌یه‌کی زۆر میکانیکی کۆتایی به هه‌موو ئه‌و رِهگهز و بارودۆخه مێژووییه هات .
داڕشتنه‌وه‌ی سیناريۆی خانه‌که‌ی حاجی ئاغا
ئةو كاره ئه‌وه‌نده‌ى داڕشتنه‌وه‌یه‌کی شانۆیی، یان راديۆيى بوو ئه‌وه‌نده درامی و وێنه‌یی، واته (ته‌له‌فیزیۆن) ی نه‌بوو، هه‌ر یه‌که ده‌هاته ژێر تاقه‌کان یان سه‌کۆکان و دیالۆگی خۆیان ده‌ووت و ده‌ڕۆشتن، راسته کاری دراما‌و ته‌له‌فیزێۆن چڕکردنه‌وه‌یه به‌ڵام به‌م شیوه‌یه‌ش نا که دایبماڵی و ڕووتی بکه‌یته‌وه له‌هه‌موو یه‌که‌کانی درامای وێنه‌یی .
له‌راستیدا ئێمه زیاترمان چاوه‌ڕێ ده‌کرد له‌داڕشتنی ئه‌م چیرۆکه‌و به سیناریۆکردنی بۆ زنجیره دراما، به‌هۆی ئه‌و ئه‌زمون وپاشخانه ڕۆشنبیرییه‌ی نووسه‌ره‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌روه‌ك چۆن زۆرێك له‌دراماکانی تر بینه‌ری تووشی تێڕامان و هه‌ناسه ساردی کرد درامای خانه‌که‌ی ئاغا ش جۆرێك له پێکوته ( راوح ) ه بوو له شوێنی خۆیدا، به‌هه‌مان ده‌ردی حكومه‌ته کوردیه‌که‌مان ساوایه‌و بهساوایيش ماوه‌ته‌وه .
هێڵێی سه‌ره‌کی چیرۆك له خانه‌که‌ی حاجی ئاغا دا.
بابه‌ت یان چیرۆك یه‌کێکه له ڕه‌گه‌زه هه‌ره گرنگه‌کانی پێکهاته‌ی دراما‌و کۆڵه‌که‌ی سه‌ره‌کییه، ده‌کری چیرۆكی باش ببێته هۆی سه‌رکه‌وتنی به‌رهه‌مێك گه‌ر لایه‌نه‌کانی تریش ئه‌و سهرکهوتوییه به‌ده‌ست نه‌هێنن و پێجه‌وانه‌که‌شی راسته. پلانی ده‌رهێنان ده‌توانێت هه‌ڵه و که‌م وکوڕی چیرۆک بشارێته‌وه‌و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت. له‌م درامایه‌دا هێڵی سه‌ره‌کی مه‌عسومه بوو به‌ڵام وه‌ک بینیمان نه‌توانرا بووکچێکی گوندیمان بۆ به‌رجه‌سته بکات ، چ له فۆڕم و چ له داڕشتنی کاره‌کته‌ره‌که، کچێك که له گوندا ژیاوه چۆن توانی هه‌ڵبێت پالنهرهکان چی بوون؟ خێزانی مه‌عسومه زۆر ده‌مێکه هاتوچۆیان نه‌ماوه گوایه کاتێ ئه‌م منداڵ بووه که په‌یوه‌ندی خێزانیيان هه‌بووه، باشه کاتێ هه‌ڵهات چۆن توانی ئه‌م ماڵه له شاردا بدۆزێته‌وه بێ هیچ پاش و پێشینه‌یه‌ك؟ به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌م قسانه باوکی کچه ئه‌وه‌ی هیچ کات به بیردا نه‌ده‌هات که کچه‌که‌ی رِای کردبێته ئه‌و ماڵه . نووسه‌ر نهیتوانيوه داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌کته‌ره چڕ وپڕ بکات و وه‌کو کهتوارێك نمیاشی بکات و متمانه‌ی بینه‌ر به‌ده‌ست بهێنێت، له فۆرمیشدا به چه‌ند کوتانی خاڵێك ناتوانی بیکه‌یته کچه لادێیه‌ك .
دروست کردنی ڕووداو گرێ و چنینی
ڕاکردن وههڵهاتنی مه‌عسومه له یه‌که‌م په‌خشی زنجیره‌که‌دا گرێ و مه‌به‌ستی سیناریست بوو، به‌ڵام په‌ره‌سه‌ندنی گرێچن له‌م درامایه‌دا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌و بایه‌خه‌ی نه‌ما و ئه‌نجامه‌که‌شی به پێێ گێڕانه‌وه‌ی ده‌ست پێکردنه‌که ئاشکرا بوو.
دروست بوونی گرژی لای بینه‌ر زۆر گرنگه هه‌روه‌ها فه‌زای خه‌یاڵ و بوچوونه‌کانی بینه‌ر ده‌جوڵێنێت، ده‌بوو نووسه‌ر کاتێك ماڵی پوری ڕازی نابن که مه‌عسومه له‌ماڵه‌که‌دا بمێنێته‌وه ودهریدهکهن ، کوڕه‌ش ناچاره بیباته ماڵێكی تر کاتێ به کۆڵانه تاریکه‌کاندا ده‌ڕۆن؛ ده‌بوایه داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌کته‌رانه زۆر شپرزه‌یی به رووخساری هه‌ردووکیانه‌وه دیار بوایه، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی بینه‌ر تووشی دڵهرِاوکێ و هه‌ژان بکه‌یت ، ڕووداو له‌ناو ڕوداودا دروست ببێت، واته له‌یه‌ك کاتدا سه‌ری دوو سێ ڕووداوت بداتێ که خه‌ریکه که‌سێك یان بارچاوه‌ش ده‌یانبینێت به‌ڵام به شیوه‌یه‌کی چاره‌سه‌ری درامیانه نه‌تهێشتایه ببینرانایه، واته یاریت به بۆچونه‌کانی بینه‌ر بکردایه، هه‌روه‌ها ده‌توانی له‌و کاتانه‌دا زنجیره‌کانت کۆتایی پی بهێنایه که سه‌رنج راکێشه.
دابه‌ش کردنی ڕۆڵه‌کان وپیشه‌یان له‌م درامایه‌دا.
کاتێك نووسه‌ر سیناريۆ داده‌رێژێت بیر له باری سروشتی وکۆمه‌ڵایه‌تی وده‌روونی واته (أبعاد طبیعی، نفسی، أجتماعی ) یه‌کانی کاره‌کته‌ر ده‌کاته‌وه ، بۆ نموونه گه‌ر سه‌له‌ی نانکه‌ر وه‌ربگرین له‌م درامایه‌دا به پێێ ناساندنی ، ئافره‌تێكی به‌ته‌مه‌ن و ماندوو و نانکه‌ره وه‌لێ له‌م درامایه‌دا سه‌له کار‌و پیشه‌و په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی نه‌خرابوه ڕوو ، واته من ژنێکی پیری ماندووم له فۆڕمدا نه‌بینی به‌مانایه‌کی تر من ده‌مبینی شادان کاری نواندن ده‌کات به‌ڵام سه‌له‌م نهدةبینی، وه‌ك پیشه نانکه‌ر بوو ، بهلاَم جارێك بۆ به‌رجه‌سته‌کردنی ئه‌و پیشه‌یه نه‌مانبینی سه‌له نان بکات له ماڵان‌دا ، گه‌ر که‌سێك به‌درێژایی ژیانی ئه‌وه پیشه‌ی بووبێت هه‌ڵبه‌ته ده‌یزانی له جیاتی ئه‌وه‌ی له سینیدا ئارد ببیژێتهوه ده‌بوو له‌ناو ته‌شتدا ئاردی ببێژایهوه ئه‌م ورده‌کاریانه زۆر گرنگه بۆ دیمه‌نه‌کان وپشاندانی جۆری کاره‌کته‌ره‌که .
له‌لایه‌کی تر گه‌ر نانکردن به‌و شیوه‌یه مرۆڤی ده‌وڵه‌مه‌ند بکردایه وه‌کو بینیمان له دراماکه‌دا شه‌راکه‌تی هه‌بوو له فرنێكی سه‌موندا، یان هیچ نه‌بێت 30 دیناری ئه‌و کاته‌ی هه‌بوو ؟ خۆ ده‌بوو هه‌موو ئه‌و ژنه هه‌ژارانه‌ی ناو دراماکه نانیان بکردایه بۆ ئه‌وه‌ی له‌ده‌ست ئه‌و ههژاريیه رزگاریان ببوایه ، هه‌روه‌ها پرسیاری ئه‌وه‌ت لا دروست ده‌بێت باشه هه‌ژاری یه‌خه‌ی هه‌موو که‌سی گرتبوه‌وه ، ئه‌ی که‌واته بۆ کێ نان کراوه؟ کوا ئه‌و ڕهنگاوڕهنگیه له ژیانی ئه‌م ئافره‌ته‌دا زۆر به‌که‌می په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بوو؟ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌م کاره‌کته‌ره تێر نه‌بوو ، کاری مکیاجیش نه‌یانتوانی بوو رۆڵی خۆی بگێڕێت، به سپیکردنی چه‌ند تاڵێكی قژی و بوونی چه‌ند چرچیهک لهدهموچاویدا که ده‌یتوانی چاره‌سه‌ری فۆڕمی بکردایه.
ڕۆڵی ڕه‌شه؛ کابرایه‌کی عه‌ره‌بانچی بوو به‌ڵام زۆربه‌ی کاته‌کان نه‌مان ده‌بینی به خۆی و ئه‌سپ وعهرهبانهکهیهوه خۆی بکات به خانه‌که‌دا، له هه‌مووشی خراپتر ته‌نانه‌ت له رۆژی ماڵ چۆڵ کردنهکهشیدا نه‌توانرابوو سوود له ئه‌سپ و عه‌ره‌بانه‌که‌ی ببینرێ و که‌ل و په‌له‌کانی پێ بگوازێته‌وه، که ده‌کرا ڕیتمی رۆشتنی ئه‌سپه‌کان و که‌ساسی ئه‌و خیزانه له‌گه‌ڵ باكگراوندێك به موزیك ولاوانهوه، کۆچه‌ری و ڕاگواستنی کوردى پشان بدایه، یه‌کێکیش بوایه له دیمه‌نه جوانه‌کان، که ده‌نگی ناڵی ئه‌سپ و زرینگه‌ی زه‌نگۆڵه‌ی ملی ئه‌سپه‌کان و ئهوگڵۆڵه زه‌رد و سورانه‌ی ملی ئه‌سپه‌کان تابلۆیه‌کی نایابی سه‌رده‌مانی خۆی پشانی ئێمه بدایه.
کاره‌ته‌ری خانچی
له‌م درامایه‌دا رؤڵی ئه‌م کارهکتهرش له ڕووی داڕشتنی که‌سایه‌تیه‌که‌وه نهگهیهنرابوو به بینه‌ر، جارێك ئه‌م خانچیهمان نه‌بینی خه‌ریكی خان و ئه‌سپه‌کانی حاجی ئاغا بێت و جۆری قسه‌کردنی نێوان خانچی و ئاغا به شێوه‌یه‌كی زۆر توند بوو، وه‌ك هه‌موو ده‌زانین ئاغا له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆربه‌ی دهسهلاَتهکانی به‌ده‌سته‌وه بووه به هیچ جۆرێك که‌سێک نه‌بوه له ڕوویدا هه‌ڵبگه‌رێته‌وه و بێ منه‌ت بێ،
هه‌روه‌ها بۆ هه‌لبژاردنی زۆربه‌ی کاره‌کته‌ره‌کان ره‌چاوی ته‌مه‌ن نه‌کرا بوو، بۆ نموونه ژنی بارجاوهش وزبهی ژنی ڕه‌شه‌ی عه‌ره‌بانچی وه‌ک دوو کچی گه‌نجی جوان ده‌بینران که هیج جۆره ماندووبوون وههژاریهک به روخساریانه‌وه دیار نه‌بوو .
له زۆربه‌ی دراما کوردیه‌کاندا منداڵ زۆر که‌مه، یان زۆرجار رۆڵى منداڵيش هه‌روه‌کو ئه‌وه وایه که نه‌بێ، زۆربه‌ی خێزانه‌کان له م درامایه‌دا له‌یه‌ك منداڵ زیاتریان نه‌بوو، من تا زۆرێك له زنجیره‌کانی ئه‌م درامایه وام ده‌مزانی ره‌ئوف له جیاتی منداڵ بێشکه‌ی هه‌یه، نقهیهك له‌م منداڵه نه‌ده‌هات تا له دوای چه‌ند زنجیره‌یه‌ك هه‌ستت به گریانی ئه‌م منداڵه کرد، نه‌بوونی ئه‌م جم‌و جۆڵ و ژیان و هه‌ماهه‌نگیه له‌نگی بۆ دراما دروست ده‌کات و دایده‌ماڵێ له به‌رجه‌سته‌کردنی ژیانی خێزانه‌کان.
کاری نواندن
چه‌ندایه‌تی ده‌نگ و گۆڕينی هونه‌ره ، گه‌ر کاره‌کته‌ره‌کان بتوانن به‌رجه‌سته‌ی بکه‌ن و سه‌رکه‌وتوبن تێێدا.
به‌شیوه‌یه‌کی گشتی کاری نواندن له درامای خانه‌که‌ی حاجی ئاغادا له ئاستێكی باش‌دا بوو، به‌ڵام من پێم وایه هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ده‌نگه‌ی به‌رێز سیروان جه‌مال سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌هه‌ندێ کاتی توورِهبوون وسهرخۆشیدا بیری ده‌چوه‌وه ، هه‌ر بۆ خۆی ئه‌و جۆره ده‌نگانه جۆره نائارامیيهك بۆ بینه‌ر دروست ده‌کات و له‌هه‌مان کاتدا ده‌بێته ئاسته‌نگی بۆ فه‌زای نواندن له‌لایه‌ن کاره‌کته‌ره‌که‌وه که ده‌بێت هه‌میشه ئاگاداری ئه‌وه بێت به ده‌نگی خۆی نهپهیڤێت.
هه‌ڵبژاردنی لۆکه‌یشن فه‌زا یان ڕووبه‌ری جێگاکان له‌م درامایه‌دا
فه‌زا ته‌نها بهرِووپهرِ یان پانتایی ناو نابرێت . بهلَکو سه‌یرکردنێکی فیزیکی و زانستی و فه‌لسه‌فی و ئه‌ندازیاریشی هه‌یه و له‌سه‌ر ئاستی زمانیش به‌های خۆی هه‌یه .لای زانای ئه‌مریکی (ئیدوارد هال ) بوه به‌زانستی بونیاد به‌تایبه‌تی له شانۆدا بایه‌خی ته‌واوی پێدراوه.
یه‌کێک له خاڵه هه‌ره لاوه‌زه‌کانی درامای کوردی نه‌بوونی فه‌زای پێویست وهه‌ڵبژاردنی لۆکه‌یشنی گونجاو و دانانی ئێکسسواراته، زۆرجار هه‌ست به کاردانه‌وه‌ى کارهکتەرهکان و شوێنه‌که ناکه‌یت . ونبوونی هه‌موو دهسهڵاتەکانه.
له‌درامای کوردی‌دا به‌تایبه‌تی له دراما مێژوویه‌کاندا نه‌توانراوه، به فۆڕم نزیك بکرێته‌وه له‌سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی، بۆ نمونه له‌درامای خانه‌که‌ی حاجی نووسه‌ر نه‌یتوانی بوو فه‌زا یان رووبه‌ری چیرۆکه‌که به کاره‌کته‌ر وپهیوهنديیه کۆمه‌ڵایه‌تیيه‌کان چرِ و پڕ بکات و به‌هه‌مان شێوه ده‌رهێنه‌ریش فه‌زای کارکردنی زۆر به‌رته‌سك بوو، هه‌ر له هه‌ڵبژاردنی شوێنه‌کان و نه‌بوونی سه‌لیقه بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌زایه و دوایش نه‌بوونی ته‌کنیکی گرته‌و دیمه‌نه‌کان.
ئێـمه‌ی کورد تا ئێستا زۆر ئه‌سته‌مه بۆمان بتوانین به‌رجه‌سته‌ی چاخانه‌یه‌کی کوردی بکه‌ین، که لای ئێمه چاخانه مێژویه‌کی پڕ به‌های خۆی هه‌یه . کۆڕ‌و کۆبونه‌وه‌و کتێب گۆڕینه‌وه‌ی رۆشنبیران زۆربه‌ی کات له چاخانه‌دا بوه که پێم وايه هیچ نه‌بێ دهبووگرنگی ته‌واو بدرایه به‌م شوێنه.
که بریتیه له چه‌ند کورسی و مێزو له‌هه‌موو گرنگتر ئاگرو ئاگردانهکهیه که تائێستا نه‌توانراوه گه‌رم و گوڕی چاخانه‌یه‌ك پيشانی بینه‌ر بدرێ ، نه‌مانبینی جارێك ههڵـم له کتری وقۆری و چاکه‌وه ده‌ربچێ، له کاتی تێکردنی چا دا، زرینگه‌ی پیاڵه و ژێر پیاڵه بێت، یان هاتوچؤی خه‌ڵکی وده‌نگی تاوڵه و گۆرانی که چاخانه‌یه‌کی کوردی پيشان بدات ،. به‌ڵکه ئه‌وه‌ی ده‌یبینین ته‌نها به‌شیوه‌یه‌کی دروستکراو یه‌ک دوو کورسی رِهق وته‌ق ده‌بینرێ، ئیتر بێ ئه‌وه‌ی بیر له ورده‌کاری ناو چاخانه‌کان بکرێته‌وه.
مێژووی مالَه کۆنه‌کان به‌تایبه‌تی ماڵه کوێخاو ئاغا‌و ته‌نانه‌ت مالَه هه‌ژاره‌کانیش پڕ بوون له ڕه‌نگ، هه‌ر له مافوور وپێخه ف و که‌ل و په‌له‌کانی تر، هه‌ڵبه‌ته وریايی ده‌رهێنه‌ر ڕۆلێكی سه‌ره‌کی هه‌یه بۆ په‌یداکردنی هه‌موو ئه‌و که‌ل و په‌لانه‌ی که سه‌رده‌مه‌که‌ی پێ ده‌ناسرێته‌وه. پێويسته ئاماده‌ی بکات، بهلاَم وه‌ك بینیمان له‌م درامایه‌دا خانه‌که‌ی حاجی ئاغا‌و ژووری کاربه‌ده‌ستی حکومی و بازاڕ‌و هه‌موو ماڵه‌کان دارِمابوو له هه‌رچی دهسهلاَت و ناساندنی شوێنه‌کانه ، نالێێن دراما که نه‌کرایه باشتر بوو، به ڵکه پيشاندانی به‌م ساکاریيه ده‌بێته په‌ڵه بۆ سه‌رله‌به‌ری دراماکه و کۆی ئه‌م ههلَه و پهلاَنه جۆرێتی دراماکه‌ت بۆ ده‌ستنیشان ده‌کات ، که نه‌توانراوه تيايدا کاری هونه‌ری دراما به ئه‌نجام بگه‌یه‌نرێت.
به شیوه‌یه‌کی گشتی هه‌موو لۆکه‌یشنی درامای خانه‌که‌ی ئاغا له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر ( سالار سوڵتان) ه‌وه سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، هه‌روه‌ك چؤن نه‌یتوانی بوو جێگا یان شوێن بۆ درامای شاژنی بێ تاجی شاره‌زور هه‌ڵبژێرێ و هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵات وجوانیانهی سنووردار و بزر کردبوو به‌هه‌مان شیوه‌ش درامای خانه‌که‌ی حاجی ئاغا شی به‌و ده‌رده بردبوو ، پشاندانی که‌لاوه‌یه‌ك یان ژێر تا ق و چه‌ند لا دیوارێك زه‌مه‌نی کۆن و رِابردومان بۆ به‌رجه‌سته ناکات، نووسه‌ر باسی لادێ ده‌کات، ته‌نانه‌ت نه‌توانراوه لادێیهکهشمان پشان بدات خۆ له‌سه‌رده‌می خۆی و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت لادێ هه‌ر لادێیه، ده‌بوو چه‌ندین دیمه‌نی سه‌رنجراکێش له که‌ش وهه‌وای ئه‌و ساده‌ییه‌دا بگیرایه و هه‌روه‌ها پيشاندانی سروشتی ژیانی لادێیه‌ک هه‌ر له کشتوکاڵ و مهرِو ماڵات به‌خێو کردن و ئه‌و ساده‌ییه‌ی که له‌لادێدا هه‌ستی پێ ده‌کرێ چ نووسه‌رو چ ده‌رهێنه‌ر نه‌یانتوانی لادێییهکمان بۆ به‌رجه‌سته بکه‌ن له‌م درامایه‌دا .
کاری ته‌کنیکی وێنه گرتن له درامای خانه‌که‌ی حاجی ئاغادا
ههلَبهته هه‌ڵبژاردنی لۆکه‌یشنی گونجاو ده‌کرێت یارمه‌تی زیاترت بدات بۆ ئه‌وه‌ی گرته‌ی دیمه‌نی گونجاوی پی بگریت، به شێوه‌یه‌کی گشتی کاری وێنه‌گرتن بۆ زۆربه‌ی دیمه‌نه‌کان له‌م درامایه‌دا سنوردارکرابوو، بۆ نموونه مه‌ودای دوکانی ره‌ئوفی خه‌یات ده‌بێت چ گرته‌یه‌کی جوان یان جوڵه‌یه‌کی کامێرا له ئه‌ستۆ بگرێ هێنده‌ی به‌رته‌سکی رووبه‌ره‌که‌ی کامێرا ده‌یتوانی گرته‌کان بگرێت ،ماڵی ئاغا، ژووری کاربه‌ده‌سته حکومیه‌کان، ماڵی باوکی مه‌عسومه له لادێ وزۆرێكی تر له دیمه‌نه‌کان، زۆربه‌ی گرته‌کان له ڕووی( میزان سین) ه‌وه ته‌واو نه‌بوون ،واته به‌شێكی کادر به‌تاڵه‌و به‌شێكی پڕ هه‌روه‌ك چؤن کاتێک له تابلۆیه‌کدا وینه ده‌کێشیت ده‌بێت ره‌چاوی ئه‌و پارسه‌نگیه بکه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی چاوی بینه‌رو سه‌یر که‌ر مه‌ندوو نه‌بێت وئه‌مه خۆی وه‌ك هه‌له‌یه‌کی زانستی (علمی) تۆمار ده‌کات ، جگه له‌کێشه‌ی ڕووناکی و خواری زۆربه‌ی کادره‌کان بۆ نموونه دوکانی ره‌ئوف کاتێك سه‌یری کادرت ده‌کرد ،ده‌تزانی کامێرا‌و ستانده‌که‌ی خوار دانراوون، هه‌ر بۆیه نه‌مانتوانی کاری هونه‌ری وێنه‌گرتن و ته‌کنیکی تازه‌و سه‌رنجڕاکێش ببینین له‌م درامایه‌دا
کاری پێداجوونه‌وه و هه ڵهچنین و مونتاج وده‌نگ له‌م درامایه‌دا
مونتاژ به مانای ده‌رهێنانی دووه‌م دێ، واته به یهکهوهلکاندن و رێکخستن و پاکژکردنه‌وه‌ی گرته‌ی زیاده و ده‌ستکاریکردنی ده‌نگ و رِهنگ به پێی ویستراو.
به شێوه‌ه‌یه‌کی گشتی مۆنتێر سه‌رکه‌وتو نه‌بوو له‌م درامایه‌دا، زۆربه‌ی جێگاکان له‌به‌ر چؤڵی یان نه‌بوونی ئێکسسوارات، ده‌نگیان ده‌دایه‌وه و هه‌ندێ جار ده‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی بینه‌ر باش تێ نه‌گات، ده‌نگ له‌م درامایه‌دا زۆر نا پرۆفیشنەڵانە تۆمار و مۆنتاج کراوە .
که‌رتکردنی گرته و دیمه‌نی داهاتوو به بێ بوونی ده‌روازه‌یه‌ك په‌ڵه‌ی بۆ کاری مونتاج دروست کردبوو.
،
زیاد له 7 خولهك پيشاندانی تایتڵ و دووباره‌کردنه‌وه‌ی به‌شی پێشوو زیادهرِهویهکی بێزارکه‌ری پیوه دیار بوو.
هه‌روه‌ها ده‌ستپێكردنی دراماکه به دیمه‌نێك که سێ خولهك وسی چڕکه‌ی خایاند، که ده‌بوو ئاگاداری کات بن وهه‌رچه‌نده لێره‌دا به‌رۆکی سیناریستیش ده‌گرێته‌وه که ده‌بوو کاتی بۆ دیمه‌نه‌کان به شێوه‌یه‌ك دابنایه که بێزار که‌ر نه‌بن بۆ وه‌رگر، ئه‌مه‌ش ده‌بوو پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌کار بکرێت ئه‌م ورده‌کاری و گفتوگۆ گۆڕینهیهوه دروست ببوایه، تاكو به‌رهه‌مه‌که به پوخته‌یی پێشکه‌ش بکرایه.
بێچگه له دووباره بوونه‌وه‌ى زۆربه‌ی دیالۆگه‌کان و زۆرێك هه‌ڵه‌ی دیالۆگ و بوونی زۆرێك له دژه دیالۆگ .
دیمه‌نی ئه‌و مانگهشهوانه ی كه به كۆمپیوته‌ر دروستكرابوون په‌له‌یه‌کی بۆ کاری مۆنتاژ دروست کرد بوو ، یان زیندووبوونی گرته‌کانی پێ نه‌به‌خشی بوو وه‌ك ئه‌وه‌ی كوردستان هه‌رگیز مانگی لێ هه‌ڵنه‌یه‌ت و نه‌توانرابوو دیمه‌نی مانگه‌شه‌وێكی سروشتی بهێنرێته كاره‌كه‌وه . .
سیناریست وزه‌یه‌کی به‌رهه‌مهێنه‌ره بۆ بونیادنان و فرهرِهههندی بۆ کاره‌کته‌ره‌کان. ئه‌کته‌ریش نواندنی ئه‌و وزه‌یه‌یه و بهرجهستهکردنیهتی. به‌ڕیوه‌به‌ری به‌رهه‌م ومۆنتێرو دهرهیَنهریش له رێێ كارى ئه‌زموون وجوان بینین و ڕوانینی خۆیانه‌وه گه‌یاندنی ئه‌و وزه‌یه‌یه به بینه‌ر. به‌و مانایه‌ی هه‌ریه‌ك له ( سیناریست و ئه‌کته‌ر و به‌رێوه‌به‌ری به‌رهه‌م ومۆنتێر و ده‌رهێنه‌ر ) داینه‌مۆی هه‌ر کارێكی درامان . ڕوانین و سه‌لیقه و ئهزمونیيان ده‌بێته هۆی پێشچوونی هونه‌ری دراما و پێچه‌وانه‌که‌شی رِاسته، نه‌بوونی ئه‌و ههماههنگیيه ده‌بێته ناهاوسه‌نگی بۆ سه‌رجه‌م کرده‌کانی دراما.
ئیدنبرا 05-11-2012
به سوپاسه‌وه سوود له‌م سهرجاوانه وه‌رگرتوه؛
·دۆزی کورد له جه‌ند باسکی مێژوویدا. نوسینی ئه‌حمه‌د حه‌مه‌د ئه‌مین
·ئاغا‌و شێخ وده‌وڵه‌ت نوسینی مارتن ڤان برونه‌سن
·ژه‌نه‌راڵ شه‌ریف پاشا نوسینی د. فه‌رهاد پیباڵ
·هه‌ندێ زانیاری وسه‌رچاوه‌ی تر له گوگڵ و ویکه‌پیدیا