ئا:کارۆخ مەلائەسعەد:دوای ئەوەی لە بەشی ھونەری ڕۆژنامەی ھەولێردا لە پانۆرامای ٢٠١١ـدا ھێمامان بۆ بە شێک لە ھەواڵ و، ڕووداوە ھونەرییەکانی ساڵی ٢٠١١ کرد، بەڵام بەداخەوە بە ھۆی خێرایی لە کارەکانماندا، ئاماژەنەکردن بە ئەلبوومی ھونەرمەندی ناسراو (دیاری قەرداخی) بەسەرماندا تێپەڕی. ئەگەرچی بە باس نەکردن و باسکردنی ئەو ھونەرمەندە ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر کەسایەتی ئەو ھونەرپەروەرە درووست ناکات، چونکە پێویست بە ھیچ مجامەلە و درێژبڕییەک ناکات، ئەو جیا لە ھونەرمەندەکانی دیکە بە شێوەیەک گۆرانی دەچڕێت کە بە تەواوەتی لەگەڵ ناخی گوێگردا ئاوێتە دەبێت، ھەربۆیە دەبوو لە پانۆرامایەکی ئاوھادا گرینگیەکی تایبەتی خۆی پێ درابا. بەڵام جارێکی دیکەیش بەداخەوە بە ھۆی پەلەکردنەوە، ئەو حاڵەتە ڕوویدا.
لێکدانەوە و داخی من بۆ ناونەھێنانی (قەردەداخی) زیاتر لە بەرخاتری خودی ئەو نییە، بەڵکوو ئاماژەکردن بە ناوی ئەو ھونەرمەندە لە پانۆرامایەکی ئاوھادا زیاتر کارەکەی ئێمەی دەوڵەمەندتر و پڕبایەختر دەکرد، ھاوکات ئەو ھیچ پێویستی بە من یان ڕۆژنامە، نییە کە گرینگی پێ بدەن و ئاوڕ لە کارەکانی بدەنەوە، چونکە ئەو لە ئاستێکی باڵادایە.
بە داخەوە، ھەندێک لە ماڵپەرە ئەلیکترۆنییەکان بابەتی ناونەھێنانی (دیار قەرداخی)ـیان لە پانۆرامای ٢٠١١ـی ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـدا قۆزتەوە و ویستیان سوود لەم دەرفەتە وەربگرن و گرژییەکی لە نێوان ڕۆژنامەی “ھەولێر” و ئەو ھونەرمەندە گەورەیە درووست بکەن.
جارێ بڕواناکەم (دیار قەرداخی) زۆری لای گرینگ بێت، کە لەم ڕیپۆرتاژیدا ناوی نەھاتووە، وە ئەمەیش ھیچ لە گەورەیی ئەو ھونەرمەندە کەم ناکاتەوە، ئەگەر ڕەخنەیشی ھەبێت مافی خۆیەتی.
(دیار) لە ڕابردوودا یەکێک بووە لە گۆشە نووسەکانی ڕۆژنامەی ھەولێر و ماوەیەکی زۆریش لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەیە بەردەوام بوو، ھەمیشەیش ڕۆژنامەکەمان لە بابەتی گرینگ و تایبەت بە بارودۆخی ھونەری و ھۆکار و چارەکردنی کێشە ھەنووکەییەکان بیروڕای ئەو ھونەرمەندەی وەرگرتووە و، بە چاوێکی ڕێزەوە سەیری ئەزموون و باکگراوندی ئەو کەسایەتیەی کردووە.