زانا دڵشاد دزەیى: قادر ئەسعەد سەرقاڵى بەرهەمهێنانى دوو ئەلبوومى نوێیە، کە یەکێک لە ئەلبوومەکەى تایبەت کردووە بە گۆرانى هەڵپەڕکێ، چونکە دەڵێت “هەم خەڵک هەمیش هاوڕێکانم داوایان لێمکردووە وەک جاران دەست بە گۆرانی هەڵپەڕکێ بکەمەوە”
ماوەیەکە قادر ئەسعەد بە مەبەستى هەندێ پرۆژەى، لە کوردستان نیشتەجێیە، بەڵام ئێستا بە سەردانێک گەڕاوەتەوە وڵاتى سوید، کە هاوسەر و منداڵەکانى لەوێن، لەبارەى دواین کارى هونەرى، لە پەیوەندیەکدا بە (سڤیل)ـى راگەیاند، “لە ساڵى نوێ دوو ئەلبووم بڵاودەکەمەوە، ئەلبوومێکم تایبەت کردووە بە گۆرانى شایى و هەڵپەڕکێ، ناوم ناوە (شایى) لە 11 تراک پێکهاتووە، سەرجەم میلۆدى و تێکستەکان خۆم دامناوە، کە سەرەتا ئەو ئەلبوومە بڵاودەکەمەوە بۆ نەورۆز، پاشان ئەلبوومەکەى دووەم، کە ستایلى جیاوازى لەخۆگرتووە”. قادر ئەسعەد کە یەکێک لە هونەرمەندە پێشەنگەکانى کوردە، کارى لەسەر گۆرانى هەڵپەڕکێ کردووە، بەڵام ماوەى چەند ساڵێکە کارى لەو ستایلە نەکردۆتەوە. ناوبراو ئاماژەى بەوەدا، پێشئەوەى ئەو ئەلبوومە هەڵپەڕکێیە بکات، لەلایەن خەڵکێکى زۆر و هەندێ لە هونەرمەندە هاوڕێکانى، داواى لێکراوە گۆرانى هەڵپەڕکێ بکاتەوە، وتیشى “لەو چەند ساڵەى رابردوو هەندێ خەڵک بەشێوەیەکى زۆر سادە و لاواز، گۆرانى هەڵپەڕکێیان کردووە، کە من پێم وایە بە هەڵە لە گۆرانى هەڵپەڕکێ گەیشتوون”.