مەسعودی مەلا ھەمزە : لە نوێترین چالاکی خۆیدا ھونەرمەندی گۆرانیبێژ دانا عەبدولجەبار کۆنسێرتێکی گۆرانی و میوزیکی جەماوەری لە شاری ھەولێر سازدەکا.
ئەم کۆنسێرتە کە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەر- بەڕێوەبەرایەتی ھونەرەکانی میوزیکی ھەولێر کاتژمێر ٥ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ١٤/٩/٢٠١١ لە ھۆڵی میدیای شاری ھەولێر بەڕێوەدەچێ.
لە لێدوانێکی تایبەتدا دانا عەبدولجەباری ھونەرمەند گوتی”دوای ماوەیەکی زۆر ئەمجارە بە کۆنسێرتێکی گۆرانی دێمە ناو جەماوەر و چەند گۆرانییەکی دانسقە پێشکەش دەکەم”.
دانا عەبدولجەبار گوتیشی”ئەم کۆنسێرتە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ھونەرەکانی میوزیک سازدەکرێ و ھیواخوازم زۆرترین بینەر ئامادەبن بۆ ئەوەی بتوانین بە بەرھەمەکانمان ھەمدیسان بینەر بە ھۆڵەکان شاد بکەینەوە”.
لە کۆتایی قسەکانیدا دانا گوتی”لە چەند مانگی داھاتوو ئەم کۆنسێرتە دەگوازینەوە بۆ شارەکانیی سلێمانی، دھۆک، دەڤەری سۆران”.