ئەگەر نێچیرڤان بارزانی نەبوایە نەمدەتوانی لە ٢٠٠٢ ەوە کاری ھونەری بکەم
چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
ھونەرمەند دانا عەبدولجەبار لەو چاوپێکەوتنێک لەگەڵ (سڤیل) وەڵامی چەند پرسیار لە بارەی کارە ھونەرییە سەرەتاکانی خۆی و ئێستا دەداتەوە، ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە لەلایەن کەناڵی ڤین تیڤی حەقی خوراوە، داوایەکی یاسایی لە دژی ئەو کەناڵە تۆمار دەکات.
زانا دڵشاد دزەیی: کارەکانی پێشووت بە بەراورد لەگەڵ کارەکانی پێشووت چۆن دەبینی؟
دانا: ئەو ئیشانەی کە لە سەرەتای نەوەدەکان زیاتر لەوکاتەوە ئیشی جدیمان کرد، ھەرچەندە ئەوکات ئیشی ھونەری قورستر بوو، زەحمەتییەک لە رووی تەکنیکەوە، ئەوکات کارەکان زۆر بە سادە و ساکاری دەکران، بگرە زۆربەی کارەکان لەناو ستۆدیۆ تۆمارم نەکردوون، بەڵکو لە ماڵی خۆم یاخود ھاوڕێیە موزیکژەنەکانم گۆرانییەکانم تۆمار دەکرد، بەڵام ئێستا ستۆدیۆکان لە رووی تەکنیک زۆر پێشکەوتوون، ئێستا من ھەست بەوە دەکەم کارەکانی پێشوو راستگۆیی پێوە دیارە، تەنانەت زۆرجار خەڵک ئەو پرسیارە دەکەن “بۆچی گۆرانییە کۆنەکانتان بە چێژتر بوون لە گۆرانییەکانی ئێستاتانن؟”
زانا دڵشاد دزەیی: منیش وەک ئەو خەڵکە دەپرسم ھۆکارەکەی چییە؟
دانا: پێشتر لە شارێکی وەک ھەولێر چەند گۆرانیبێژێک ھەبوون کە بە پەنجە دەژمێردران، بەڵام ئێستا ئەوەندە گۆرانیبێژ زۆر بووە رۆژانە گۆرانیبێژێکی تازە دەبینی، گوێی گوێگر تووشی سەرلێشێواوی بووە، خەڵک فریا ناکەون گوێ لەو ھەموو گۆرانیبێژە بگرن، ھەروەھا ئێمە لە ساڵی نەوەدەکان کۆمەڵێک تێکست و ناوەڕۆکی شیعریمان بەکارھێنا کە تارادەیەک بۆ خەڵک نوێ بوون، بەتایبەت بۆ عاشقان بوو، لە سەرەتادا گۆرانییەکانم زیاتر بۆ عاشقان بوو، کۆمەڵێک تێکستم بەکارھێنا لەناو خەڵک رەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو، بەتایبەت لەناو گەنج، بەڵام تێکستەکانی ئێستا زیاتر دووبارە دەبنەوە.
زانا دڵشاد دزەیی: ئەی توانای گۆرانیبێژ گەنجەکان پێ چۆنە؟
دانا: لە ھەموو سەردەمێک باش و خراپ ھەبووە، بەشێوەیەکی گشتی لەناو گەنجەکان چەند کەسێکیان لێ دەبینم ئیشی زۆر جوانیان کردووە و دەنگیان خۆشە، رەنگە لەناویان کەسی زۆر لەمن بە تواناتری تێدا بێت، بەڵام لەبەرمبەر ئەوەدا کۆمەڵێکی زۆر ھەن زۆر خراپن، زۆرجار لە ماڵەوە لەگەڵ خێزانەکەم دانیشتووم سەیری گۆرانییەک دەکەم، خێزانەکەم پێم دەڵێ ئەو گۆرانییە ناخۆشە چییە لای بدە، چییە پێتخۆشە؟ دەڵێم ناوەڵڵا حەزدەکەم خەمی لێ بخۆم!
زانا دڵشاد دزەیی: لەگەڵ ئەوەشدا حکومەت دەڵێ زۆر ھاوکاری ھونەرمەندانمان کردووە، بەڵام ھونەرمەندان باس لەو ھاوکاریانە ناکەن؟
دانا: لە ھەموو دنیا نەبووە حکومەت پارە بداتە ھونەرمەند، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ حکومەت بارودۆخێک بۆ بەرجەستە بکات کە ھونەرمەند بتوانێ کار بکات و چاوی لە دەستی حکومەت نەبێ، ئەوەش بە یاسا دەکرێ، من پێم وایە حکومەتەکەمان ئەوەندەی لە توانایدا ھەبووە ھاوکاری لە ٩٨%ی ھونەرمەندانی کردووە، بەڵام ئەوەی ھاوکاری ھونەرمەندانی کردووە ھەموو بەرپرسەکان نین، ئەوەندەی من دەیزانم و ئاگادار بم، لەو کوردستانە ئەوەی کە زۆر پاڵپشتی لە ھونەرمەندان و رۆشنبیران کردووە کاک نێچیرڤان بارزانی بووە، تەنیا ئەو بووە ھاوکاری ھونەرمەندانی کردووە، شەخسی خۆم زۆربەی کارەکانم بە ھاوکاری ئەو بووە، ئەگەر ئەو نەبوایە رەنگە من نەتوانیایە لە ٢٠٠٢ ەوە کاری ھونەری بکەم، کە باسی ئەو دەکەم زۆرجار رەنگە خەڵکانێک ھەن دەڵێن بۆچی دانا باسی کاک نێچیرڤان دەکات؟ لەبەرئەوەی کەسێکە لەو وڵاتە ھاوکاری ھونەرمەندان دەکات، بۆچی باسی نەکەم؟ نەک تەنیا ھەر ھونەر، بەڵکو ھاوکاری ھەموو بوارەکانی دیکەی کردووە، بەڵام من کە ھونەرمەندم باس لە ھاوکارییەکانی بۆ ھونەر دەکەم، ئەگەر خەڵکێک ھەیە بەلایەنە سیاسیەکە ئەو قسەیەم لێکدەداتەوە کێشە نییە، من وەک ھونەرمەند قسە دەکەم نەک سیاسیی، من وەک ھونەرمەند خۆم بەموڵکی ھەموو خەڵک و لایەنێک دەزانم، ئەگەر سبەینێ کەسێک لە حزبی شیوعی کوردستانیش ھاوکاری ھونەرمەندان بکات، زۆر بە شانازیەوە باسی دەکەم.
زانا دڵشاد دزەیی: تەجروبەی فیلم دروستکردنت و بەشداریکردنت لە فیلم چۆن دەبینی؟
دانا: ئەو فیلمانەی کە من کردم تەجروبەی زۆر باش بوون، ھەرچەندە کاری فیلم و دراما زۆر زەحمەتە، بەتایبەت کەسێکی وەک من کە گۆرانیبێژم یەکسەر بێم لە مەجالی نواندن کار بکەم، زۆر زەحمەت بوو، بەڵام تەجروبەیەکی زۆر باشم لێ وەرگرت، پێم وایە گۆرانی وتن زۆر ئاسانترە لەنواندن، لای کەسێکی ئەکتەریش رەنگە بەپێچەوانەی قسەکەی من، گۆرانی وتنی پێ قورستر بێت.
من کە باسی فیلمەکانم دەکەم، باسی ساڵی ١٩٩٨ و ١٩٩٩ و ٢٠٠٠ و ٢٠٠١ دەکەم، ئێمە وەک گۆرانیبێژان توانیمان سینەماکانی کوردستان ئاوەدان بکەینەوە، ھەرچەندە کارەکانمان زۆر بەھێز نەبوون و ناویان نانێم فیلم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵکی زۆر بەو فیلمانەی ئێمە ھاتنەوە ناو سینەما، خەڵک ئەوکاتە سینەمایان لەبیر نەمابوو، وەک دانا بۆ نمایشی فیلمەکەم ٤٠٠ ھەزار کەس ھاتە سینەمای کریستاڵ، کە خۆی سینەما کریستاڵ بە نھۆمی سەرەوە و خوارەوە شوێنی ١٢٠٠ کەسە، بەتایبەت فیلمی “قەدەر” نزیکەی مانگ و نیوێک ئیشی کرد و بەردەوام ھۆڵەکان پڕبوون لە بینەر.
زانا دڵشاد دزەیی: ئەی بۆچی بەردەوام نەبوون؟
دانا: ھەموو شتەکان گۆڕا، ساڵی ١٩٩٩ لەگەڵ ساڵی ٢٠١١ زۆر جیاوازیەکی زۆر ھەیە، رەنگە ئەو فیلمەی کە ٩٨ کراوە بۆ ئێستا ئەگەر پەخش بکرێت کارێکی زۆر لاوازە و شیاوی ئەوە نییە بۆ ساڵی ٢٠١١ پەخش بکرێت، ئەوانە بۆ سەردەمی خۆیان کرابوون، لەو چەند ساڵەی دوایدا بە ھۆی سەتەلایت و ئەنتەرنێت، خەڵک زۆر شتی باشی بینیووە، گۆرانی یاخود فیلم، بۆیە ئێستا خەڵک سەیری کاری لاواز ناکەن. من ئێستاش ئامادەی ئەوەم ھەیە کاری فیلم بکەمەوە، بەڵام بەو مەرجەی کارێکی باش و جوان بێت، دەرھێنەرێکی زۆر باش کارەکە بکات و کۆمەڵێک ئەکتەری زۆر باش بەشداری تێدا بکەن.
سڤیل: کێشەت لەگەڵ کەناڵی ڤین تیڤی چییە؟
دانا: کێشەی من لەگەڵ ڤین پرۆدێکشتنە، کە دوا ئەلبووم ئەوان بڵاویان کردەوە، کۆمەڵێک رێککەوتن ھەبووە لەنێوانماندا، بەڵام ئەوان پابەند نەبوون بەو رێککەوتنە، بۆیە بڕیارمداوە لە ماوەیەکی زۆر نزیک داوایەکی یاسایی لە دژی کەناڵی ڤین تۆمار بکەم، دەبێ لەرێگەی یاساوە حەقم وەربگرمەوە، کە ئەوان بەھەموو شێوەیەک حەقی منیان خواردووە.
زانا دڵشاد دزەیی: بۆچی تائێستا کۆنسێرتێکت نەکردووە؟
دانا: کۆنسێرت کارێکی وائاسان نییە، دەبێ لایەنێک ھاوکاریت بکات، بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتی ھونەرەکانی موزیک، لە رێگەی کۆمەڵێک ھونەرمەندەوە، بەتیبەت مامۆستا شێرزاد سەرسپی و سەید ئەحمەد رەواندزی و ھەڵبەست سەڵاح، بەڵێنیان بەمن داوە ئەمساڵ کۆنسێرتێکم بۆ بکەن، کە رەنگە کۆنسێرتەکە ھەر لە ھەولێر نەبێت، لە سلێمانی و دەڤەری سۆرانیش بیکەین.
پرۆفایلی ھونەرمەند:
+ لە ١٩٦٩ لە سلێمانی لەدایکبووە.
+ لە ١٩٩٠ – ١٩٩١ ئامادەیی پیشەسازی لە ھەولێر تەواوکردووە.
+ ساڵی ١٩٩٤ ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە و باوکی دوو کوڕ و کچێکە.
+ لە ١٩٩٨ یەکەم گۆرانی بە ناوی “بەختی گوڵ” بۆ تەلەفزیۆنی کەرکووک تۆمار کردووە.
+ ئێستا خاوەن ھەشت ئەلبوومی بڵاوکرایەوە.