ھونەرمەندی گۆرانیبێژ (دانا عەبدولجەبار) لە نوێترین کاری ھونەری خۆی دا، لە ئێستادا خەریکی ئامادەکارییە بۆ سازدانی کۆنسێرتێکی گۆرانی جەماوەرییە لە شاری ھەولێر، ئەو کۆنسێرتەی (دانا) دەبێتە یەکەم کۆنسێرتی لە دوای (٢٣) ساڵ لە کاری ھونەریی گۆرانی گوتن کە ئەنجامی دەدا.
ھونەرمەند (دانا عەبدولجەبار) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ خوێنەرانی رۆژنامەی “ھەولێر” دەربارەی سازدانی ئەو کۆنسێرتە راگەیاند : “ماوەیەکە بە ھاوکاری ئەو ھونەرمەندە بەڕێزانەی، کە لە بەڕێوەبەرایەتی ھونەرەکانی موزیک بەیەکەوە لە شاری ھەولێر کار دەکەین، خەریکی پلان و ئامادەکارییم بۆ ئەوەی کۆنسێرتێکی جەماوەری لە شاری ھەولێر ساز بکەین”.
(دانا) ھەر دەربارەی ئەو کۆنسێرتە گوتیشی : “ئەو کۆنسێرتە لە ئێستادا خەریکی پرۆڤە کردنین بۆ ئامادەکاریی گۆرانییەکان، بە سەرپەرشتی ھەریەک لە مامۆستایان (سەید ئەحمەد رەواندزی و شێرزاد سەر سپی)، ھەروەھا کۆمەڵێک موزیکژەنی دیکەی بەڕێوەبەرایەتی ھونەرەکانی موزیک لەگەڵم لە کۆنسێرتەدا بەشدارن و ھاوکارن”.
دەربارەی شێوازی ھاتنی جەماوەر بۆ ئەو کۆنسێرتە (دانا عەبدولجەبار) ئاشکرای کرد و گوتی: “وابڕیارە ئەو کۆنسێرتە لە ناوەڕاستی ئەو مانگەدا ساز بکرێت، شێوازەکەی ئەو کۆنسێرتە جەماوەری دەبێت، واتە ھاتنی جەماوەر بە خۆراییەو بە بێ بلیتە، لەسەر ئەرکی بەڕێوەبەرایەتی ھونەرەکانی موزیک بۆ جەماوەری شاری ھەولێر ئەو کۆنسرێتە ئامادەیی بۆ کراوە”.
ھونەرمەند (دانا عەبدولجەبار) دەربارەی ناوەرۆکی گۆرانییەکانی کۆنسێرتەکەی گوتی : “لەو کۆنسێرتەدا بڕیارمداوە گەشتێک بە نێو گۆرانییە کۆنەکانم بکەم و، ھەندێک لە گۆرانییە تازەکانیشم دەڵێمەوە، کە ژمارەیان خۆی (٨) گۆرانی و (٢) مەقام دەگرێتەوەو لەو کۆنسێرتەدا پێش کەشی جەماوەری ئامادە بووی دەکەین”.
دەربارەی سازدانی ئەو کۆنسێرتە تەنیا لە شاری ھەولێر دەبێت، یاخوود لە شارەکانی دیکەش بڕیاری لەسەر دراوە ساز بکرێت؟ لەوەڵامدا (دانا) گوتی : “دوای سازدانی ئەو کۆنسێرتە، گفتو گۆمان کردووە لە شاری سلێمانی کۆنسێرتێک و لە دەڤەری سۆرانیش کۆنسێرتێک ساز بکەین، وەکو گەشتێکی ھونەری لێ بکەین، ئەگەر ھاتوو ئیش و کارەکانمان بەچاکی بڕوات بەڕێوە لەو شارانەش درێژە بەو کۆنسێرتە دەدەین”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ھونەرمەند (دانا عەبدولجەبار) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە بۆ یەکەم جارە کۆنسێرت ساز دەکات و گوتی : “من لە ساڵی (١٩٨٨)ـەوە، خەریکی کاری ھونەرییم، بۆ یەکەمین جارە کۆنسێرت بۆ جەماوەرەکەم ساز دەکەم، ھیوادارم ئەو کۆنسێرتەم کارێک بێت بەدڵی جەماوەرەکەم و ھونەر دۆستان بێت”.
لە کۆتایی دا (دانا عەبدولجەبار) دەربارەی رێکەوتن لەگەڵ کەناڵێک بۆ گواستنەوە کۆنسێرتەکەی بۆ بینەران گوتی : “پلانمان داناوە لەگەڵ تەلەفزیۆنەکان ھەماھەنگیەک دروست بکەین، بۆ ئەوەی ناوەرۆکی کۆنسێرتەکە بۆ بینەران بگواسترێتەوەو پەخش بکرێت”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا