نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
دوای ئەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام تووشی چەند شکست و پاشەکشەیەکی سەربازی ھات لە پارێزگای سەلاحەدین و ڕزگارکردنی بێجی لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانی عێراق و ڕزگارکردنی شەنگال لە لایەن ھێزەکانی پێشمەرگەو شەڕڤانان و گریلاکانەوە و ھەروەھا لە سوریاش لە چەند شوێنێک پاشەکشەیان پێکراوە لە ئاوا بارودۆخێکدا ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە دەیەوێت چەند ئامانجێک بپێکێت و لە ھەمان کاتدا چەند نامەیەکیش ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتی دژ بە داعش بکات کە ھەوڵدەدەم لە چەند خاڵێکدا کورتیان بکەمەوە :-
١.دەوڵەتی ئیسلامی بە ھەموو یارو نەیارەکانی دەڵێت کە ئەو ھەر ئامانجێک لە ھەرکوێ بێت دەتوانێت پێی بگات و بە وردی بەرنامەکانی کردەوە تیرۆریستیەکانیجێبەجێ بکات .
٢. ئەم کردەوانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە وڵاتانی جیھان خۆیان بۆ دوو ڕووداوی گرنگ ئامادە دەکەن یەکێکیان کۆبوونەوەی ڤیەنا یە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا و ئەوی تریان کۆبوونەوەی وڵاتانی بیستە لە ئەنتالیا لە تورکیا کە بڕیار بوو سەرۆک کۆماری فەرەنسا ش بەشداری تێدا بکات بەڵام بە ھۆی ئەو کردەوە تیرۆریستیانەوە نەیتوانی بەشداربێت کە ئەوان ویستیان کاریگەریان لە سەر ڕاسپاردەو گفتوگۆکانی ئەو کۆبوونەوانە ھەبێت .
٣. دەوڵەتی ئیسلامی لەم کردەوەتیرۆریستیەدا ھەشت کەسی بەکارھێناوە بە پشتێنی بۆمب ڕێژکراوو ڕەشاشی ئۆتوماتیکی بەم ژمارە کەمەوە توانی چەند پێگەیەکی گرنگ و ھەستیار لە پاریسی پایتەختی فەرنسادا بکاتە ئامانج و دۆخێکی پڕلە ترس و سام و شەڵەژان بلاوبکاتەوە جۆریک لە ئیفلیج بوونی ژیان لە چەند ناوچەیەکی ئەو شارەدا بخولفێنێت و ئامانجەکان بە وردی بپێکێت کە ئەوەش نیشانەی چاودێری و ئاگاداری بەردەوامی ئەو شوێنانەی پێوە دیارە لە لایەن دەوڵەتی تیرۆرستی داعشەوە .
٤.ھەروەھا داعش دەیەوێت بە ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتی بڵێت کە ئەوان ناتوانن بە و ھەموو کۆبوونەوەو نەخشەکێشان و لەشکرکێشیە ھێزەکانی داعش بترسێنن و ڕۆڵیان کەم بکەنەوەو کۆڵیان پێ بدەن .
٥. ھەروەھا بانگەوازێکە بۆ جەنگاوەرانی ڕێکخراوەکەیان لە وڵاتانی ئەوروپا کە ھەرکەسێک شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی بکات دەبێت بمرێت و نەمێنێت ھەروەھا ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکراشە بۆ ئەوەی کە سوورن لە سەر دروشم وئامانجەکانیان بۆ بە دیھێنانی کاردەکەن .
٦. ھەروەھا ھەوڵێکی دەوڵەتی ئیسلامیە بۆھاندانی ھەموو موسڵمانە توندڕەوەکانی دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپا و بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی ئەندامی ھاوپەیمانی نێو دەوڵەتین دژی داعش کە کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن .
٧.ھەوڵدان بۆ قووڵکردنەوەی شەڕی ئتنیکی و ئاینی و بە تایبەتی شەڕی دژبە مەسیحیەت و خاچپەرستی کە لە ھەموو بڵاوکراوە و ڕاگەیاندنەکانیاندا دووپاتی دەکەنەوە و بەڵێنی داگیرکردنی ڕۆماو بە دیاریکراوی ڤاتیکان یش دەدەن وەکو ھێمای ئایینی مەسیحی و ئاماژە بەوەدەدەن کەدەبێت بگەنە ئەوروپا.
لە کۆتاییدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە تیرۆر ھیچ سنوورو بەربەستێکی لە بەردا نیە ھەموو شوێنێکی جیھان دەگرێتەوە و ئامانجی تیرۆریستان کوشتنی زۆرترین ژمارەی خەڵکی سڤیل و بێتاوان و بڵاوکردنەوەی کەش و دۆخێکی ترس و سام و شەڵەژانە و تۆڵەکردنەوەیە لە ھەر جێگەیەک بیانەوێت ورەی لایەنگرو ھەوادارەکانیان بڵندبکەنەوە پێیان بڵێن ئێمە ش کەرەسەو توانای ڕووبەڕوونەوەمان ھەیە.
لە کۆتاییشدا ئەو تۆمارە دەنگیەی دەوڵەتی ئیسلامی کە بە فەرمی دان بە ئەنجامدانی ئەو کردەوەدا دەنێت و بە غەزوەی موبارەکە ناوی دەبات دەڵێت ھەموو ئامانجەکانی بە سەرکەوتوویی پێکاوە.
ئیتر ھیچ بوارێک بۆ خەمساردی و بێخەمی و خاوە خاوو خۆ خەریک کردن ناھێلێتەوە لە لایەن کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیەوە بۆ پێکھێنانی ھاوپەیمانیەتیەکی زۆر بە ھێزتر و پڕتواناتر بۆ پەکخستن و ڕیشەکێش کردنی داعش و ھەموو ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی تر .