زانا دزەیی: دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیەی کە باس لەوە دەکات داعش داوای ھونەرمەند ئالین لەحکومەتی کوردستان کردووە، ئەوانیش لەبەرامبەردا پێشمەرگە دیلەکان ئازاد دەکەن، ئالین رایگەیاند “من لە ھەڕەشەکانی داعش ناترسم و ھەر ساڵ و ھەر مانگ گۆرانی نوێتر بۆ پێشمەرگە دەڵێم”.
ھونەرمەند ئالین بە(سڤیل)ـی راگەیاند “ھەرچەندە ئەو دەنگۆیە بۆمن شتێکی سەیرە و نەمبیستووە، بەڵام من ھەموو ساڵێک و ھەر مانگێک گۆرانیەکی نوێ بۆ پێشمەرگە دەڵێم و سەرکەوتنی ئەوان دەکەم بەھەوێنی کارەکانم، لە ھەڕەشەکانی تیرۆرستانی داعش ناترسم و ناتوانن بموەستێنن”.
جێی ئاماژەیە ئالین خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە، خاوەنی چەندان کلیپ و ئەلبوومە، لەگەڵ دروستبوونی شەڕی نێوان پێشمەرگە و چەکدارانی داعش، دوو گۆرانی بۆ پشتیوانی پێشمەرگە بڵاوکردەوە، بەمەش زیاتر ناوبانگی لەکوردستان دەرکرد.