فرمێسک مسته‌فا
پیاوێک له قوڕ
وه‌ک تابلۆیه‌کی بێ ناونیشان و بێ نیشتمان
ده‌گه‌ڕا بۆ مشتێک خۆڵ
وێڵ بوو به دوای نمه‌یه‌ک بارانا و
پارچه‌یه‌ک زه‌وی،
کێ ئه‌یتوانی وه‌ک من له سه‌ر خاکی سۆزهکانیا و
له نیشتیمانی بێ پسوڵه‌ی دڵ و
له ژێر سیبه‌ری دره‌ختی جێژوواندا،
هه‌وارگه‌یه‌ک له‌تیشکی خۆری بۆ بهۆنێته‌وه…
پیاوێک له قوڕ
ئه‌ودیوو سنوری ئازاره‌کانی بڕیبوو
شه‌که‌ت، بێ هیوا
ده‌گه‌ڕا بۆ کیلگهیهک وه‌ک باران
فرمێسکی مه‌ینه‌تیه‌کانی خۆی به‌سه‌ردا ببارێنێت
ئامێزی خۆم بۆ واڵا کرد
بوومه سایه‌ی خه‌ماکانی و
نه‌شئه‌ی تینوێتی ئه‌و
پیاوێک له قوڕ
سه‌ربازێکی ماندوو و
بێ له‌شکری ناوجهنگێک بوو
به‌ڵام من رێبواری رێگایه‌کی دووری ژیان
ئیدی
بوه ویژدانم
دیوانی شیعرم
سۆمای چاوانم
بهتوولهڕێگا وکۆڵانه وێرانه‌کانی ڕۆحی یه‌ک ئاشنا بووین
هه‌ناسه‌و سووتووی یادگاریه‌کانمان تێکه‌ڵ به یه‌ک بوون
له‌فه‌رهه‌نگی سه‌رگوڵی وشه وپیته‌کاندا
تاجه‌گووڵینه‌ی هۆنراوه‌و لاوکی شه‌وچه‌ره‌ی
مناڵیم بۆ ده‌هۆنیه‌وه
نیشتمانێکم له گوڵه نێرگزه‌کان بۆ درووستکرد و
نهێنیه‌کانی خودێم بۆ درکاند
کردمیانه کافر، به‌کافر بوونی خۆم
بۆ ئه‌و ئاسوده‌بووم
فڕێ درامه دۆزه‌خی ئه‌به‌دی و
بۆمن به‌هه‌شت بوو
ئیدی
تیشکی مۆم و بۆنی بوخرد بوو
نوقڵ و باده‌م ومێووژ و جه‌ژنانه‌م بوو
ده‌نگی تارو نایم بوو
سنووره‌کانی ئه‌وینم پێکه‌وه لکاند
نه‌خشه‌م بۆخۆشبه‌ختی کێشایه‌وه
چیرۆکی ئه‌شقێ بووه داستانێک له په‌ڵه‌هه‌ور
به سابڵاخا تێپه‌ڕی
لهماردینا پشووی دا
ئاسمانی سووری شه‌وێکی هاوینه‌ی که‌رکوکی
پۆشی …
ئه‌ستێره‌کان ماچ بارانیان کرد
له قامیشلیا داباری
ئێواره‌یه‌کی سلێمانی شته‌وه
بووینه ئه‌فسانه
لهخانهقینا نمایشیان کرد بۆ مناڵێک
ئه‌ویش کردیه ده‌سرازه‌ی لانکه‌که‌ی
گڕووگاڵی له‌گه‌ڵ ده‌کرد
شه‌وانه ژانی دڵم بۆ حه‌سره‌تی دووری و
ناسۆری ژوانی ئه‌و گینگلی ئه‌دا
شیعرێک له دایک ده‌بوو
بۆ ئه‌وی شیعرێ
له‌گه‌ڵ ئاسۆی به‌ره‌به‌یانیشدا
یه‌که‌مین ته‌لیسمی خۆرم ده‌کرده نامه‌یه‌ک
چه‌شنی په‌پووله و به باڵنده ڕه‌وه‌نده‌کاندا بۆم ده‌نارد
ناز و ڕازی دڵمی تێدا تۆمار کرابوو
خواست و حهزهکانیشم عه‌تر و گوڵاوی دووتوێی نامه‌م بوو
تیا ده‌نووسرا ئه‌ی گیانه‌که‌م خۆشم ده‌وێێ
گه‌ر ده‌ته‌وێ بۆ ئه‌به‌دی شاژنی خه‌ونه‌کانت بم
ئاره‌زوه‌کانی دڵی دوور له کوردستانم ڕازی بکه
ده‌ستم بگره و به‌خاکی ده‌روێشانم بناسێنه
تنۆکه بارانی سهرکێڵگهیهکی شین بکه عه‌ترێ و
له‌سه‌ر گهردنمی جێ بهێڵه
خواسته‌کانم به‌باڵا قوڕینه‌که‌یدا هه‌ڵواسی
چرپاندم به گوێیدا
خۆشـم ده‌وێی بۆ کاتێ ده‌بیته خه‌نده بۆ ڕوخسارێکی پڕلهپهژاره
خۆشم ده‌وێێ بۆ کاتێ که مۆمی ناو تارمایهکانیت
خۆشم ده‌وێی لهوچرکه له‌دایک نهبوهی
که‌ڕووبه‌ڕووی یه‌زدان ده‌بیته‌وه و
تاگهردوونی پڕئاشووب پاکژ بێته‌وه
خۆشـم ده‌وێێ گهرببیته نانێکی گه‌رم
بچیته نێوده‌ستی هه‌ژارێکه‌وه
خۆشـم ده‌وێێ
گه‌ر ئه‌م جاره هاتی با
له که‌ژاوه‌ی خۆشه‌ویستیمانا
نێرگزوبهیبوون به‌رگی بوکێنیم بێت
جۆگایه‌کی سازگار تارام بێت و
ئه‌ڵقه‌ی دهسگیرانیم
گه‌ڵایه‌کی زه‌ردی پایزه
کاتێ لێواو لێوبوو له ئه‌شقی من
گه‌شکه‌ی ده‌کرد به سۆزی من
تا ئه‌و ڕۆژه‌ی به فیزێکه‌وه ڕوانیه ئاوێنه‌ی چاوه‌کانم و
به‌خۆی ووت
ئه‌م به‌سته‌زمانه لهتاوم بۆته خواوه‌ندی ئیشقێ
هه‌ر ڕۆژه‌ی گۆرانیه‌کم بۆ ده‌چڕێ
ئه‌و نازانێت خه‌ونه‌کانم شاژنێکی دی تێدایه
وه‌ک توخمی خۆم له‌قوڕ
ئه‌و نازانێ من له رۆحی باران ناگه‌م
لێێ ده‌ترسێم وپێێ ناوێرم
ده‌مکاته لیتاوو هیچی تر
من ئافره‌تێکم ده‌وێت نه‌ک له‌باران
به‌ڵکو له بیابان
تابمکاته بتێکی به‌ردین
ئیدی هه‌ڵهات له نیشتمانی من
گه‌ڕایه‌وه بۆ مه‌مله‌که‌تی کونه په‌پوو و شه‌مشه‌مه کوێران
به لووره‌ی ڕه‌شه‌بادا له‌گه‌ڵ گێژه‌ڵووکه خۆڵاویه‌کاندا
نامه‌کانی دایه‌وه ده‌ستم …و.. تێیدا نوسیبوو
من له زستاندا ده‌ڕمێم و له‌به‌هاراندا
درووست ده‌بمه‌وه
خودی خۆم له یاد ده‌که‌مه‌وه
بم به‌خشه ….
خواسته‌کانت له‌به‌رگی قوڕینه‌ی خۆم ده‌رم دێنێت
منێ فێری ئه‌م پۆشتهیهم
له‌نیشتمانی ته‌ڕو پاراو ئۆقره‌م نیه
ئیدی بۆ هه‌تا هه‌تایه
گلێنه‌کانمی بهقوڕسواغ دا
جه‌سته‌می بهقوڕههڵچنی
شیعره‌کانمی زینده‌به‌چاڵ کرد
ئارهزوهکانیش له‌بار بران
بووه ڕووبارێ له لیته و خه‌ونه‌کانمی داڕماند
خۆم پێچایه‌وه له‌گه‌ڵ تنۆکه بارانێکدا و
تۆزقاڵه خۆشه‌ویستیه‌ک که هێنده‌ی دونیایه‌ک ده‌بوو
به‌ره‌و وولاتێ له باران
2005
ئه‌لمانیا