سازدانی: رزگار رهزا : رزگار رهزا: ماڵپەڕی دەزگای خەندان لە وەڵامی ھێرشەکانی کەناڵی کەی ئێن ئێن. پەنای بۆ بەکارھێنانی دەستەواژەی میدیای مارکسیی بردووە، کە چەند رستەیەک لەو بارەوە دەڵێن، وەک ئەوەی لە وەڵامەکەیاندا بۆ کەی ئێن ئێن ھاتووە ”میدیای مارکسیستیی بڕوای وایە ئەوەی ئەو دەیڵێ راستە و ئەوەشی وەک ئەو نییە ھەڵەیە، با ئیدی باشیش بێ. لۆژیکی میدیای ناو بازنەی بیری مارکسیزمیی، پێمی دەڵێ مادام من نایکەم خراپە و گەر منیش بیکەم قەیدی ناکا، گرنگ ئەوەیە تۆ نەبی، میدیای مارکسیستیی، گەر ھێرشی لەسەر نەبێ ئەوا خۆخۆریشە”..
لەم تەوەرە مەبەست لە قسەکردن نییە لەسەر شەڕی ئەو دوو دەزگایه، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە بزانرێ ئایا شتێک ھەیە بە ناوی میدیای مارکسیی، ئایا ئەوە ئەسڵی میدیای مارکسیی و کاری میدیای مارکسییە؟
بە بڕوای ئێوە بەکارھێنانی دەستەواژەی میدیای مارکسیی پێدانی ناسنامەیەکی دروستە بۆ ئەو میدیایانەی بە جۆرێک کار دەکەن کە ھێرش بکەن یان راستی نەبینن؟ پێتان وایە بۆچی لە وەڵامی دوو حیزبدا، ناوی میدیای مارکسیی دێتە ئارا؟ ھۆکار و مەبەست چییە؟
دارا ئەحمە: خراپ نییە لە دەسپێکدا ئەوە رۆشن بکەمەوە؛ ئەگەر مەبەستتان لە مارکسیی کۆمۆنیزمە؟ ئەوە لە رامانی مندا کۆمنیزم بەر لە مارکس و لە سەردەمی وی ھەر ھەبووە و پاش ئەویش ھەر ھەیە و ھەر بەردەوامە تا ئەو ئامانجانە وەدی دێن کە کۆمۆنیزمیان وەک پێویستییەکی بابەتیی لێ وەبەرھەم ھات.
تێزەکانی مارکس بە ھاوکاریی ئەنگلس و ئەوانی دیکە کە دەتوانین بە کۆمۆنیزمی زانستییانە ناوی ببیەن چاکترین و جوانترین گوزارشتن لە کۆمۆنیزم تا رادەی ئەوەی کە ساغکەرەوەی بن.. بە شێوە و جۆرەکی کۆنکریتییانە لە ھەردوو بواری تیۆریی و پراکتیکی گیانی زیندیبوون و پەرەسەندن و گەشەی بەردەوامیان پێ بەخشی.. لێ کۆمۆنیزمیان لە نێو خۆیاندا نەتاواندەوە بەڵکە رۆشنیان کردەوە، کەواتە ئەوە تەنیا ھەڵەی لینینییەکان بوو خەریک بوو کۆمۆنیزممان لێ بکەن بە مارکسیی و ناو لە رەوت و کەسانەک بنێن مارکسیی و ئەدەبیات و میدیایەک بە مارکسیی ناوزەد بکەن.
دیارە لایەنی بەرانبەریش – دژە چەپ – بە مەبەست یان بێ مەبەست کەمیان نەکرد لەو ناولێنانە، ھەڵبەتە رەوتی رامانی باوی کەسانی نێو لایەنە چەپ و کۆمۆنیستییەکانیش کە کڵۆڵانە بە خۆیان دەبێژن مارکسیی ناھەقیان نییە چونکە لە بن تینی قامچی حیزبایەتیی سەرکوت بوونە و تا حیزبایەتییش دانەڕووخێ ھەر ئەوە دەبن کە ھەن.. چونکە حیزبایەتیی سەرەنجام تەنیا خولیایەکی کەسپەرستییە.
میدیای وابەستە بە کەس یان تێزەکانی یەک کەس جا با ئەو کەسە تەنانەت (مارکس)یش بی وەک ماکیاژ دێتە بەر چاوان کە کرۆک و سروشتی جوانی کەسەکەت لێ دەشێرتەوە، دەکرێ میدیایەک بە شێوەکی گشتیی سەرسام بی بە بەرھەمە بە نرخ و پڕ لە بایەخەکانی مارکس کە مۆری خۆی لە کۆمۆنیزم دا و گۆتی: ”وەرن.. ئەوە کۆمۆنیزمە و ئەوەش رەوت و رێچکەی گەشەشەکردنەکەی”.. لێ کە ناوی بنێین (میدیای مارکسیی) ئەوە وەک ئەوەیە کە دەزگەیەکی لەوانەی پێی دەگۆترێ (ئەکادیمیی) تەنیا خەریکی بڵاوکردنەوەی یەک تێزی دۆگمایی بی وەک (گاتاکانی زەردەشت) یان (پەلەتیقەکانی نیتشە*) یان (ئایەت** و فەرموودەکانی محەمەد) یان (میرپەرستیی ماکیاڤیلیی) و… ھتد.
سەبارەت بە ناونانی میدیاگەلەک کە ھێرش دەکەن و راستیی نابین بە ناوی (میدیای مارکسیی)، تەنیا ھێندە بەسە ببێژین: ھێزی داھێنانەکانی مارکس لەوە دایە دەماری ئەو سیستەمەی گرتییە کە نەک ھەر سەرچاوەی ھەموو کارەسات و نەھامەتییەکانی تێکڕای ژیان و گوزەرانی مرۆڤەکانە بەڵکە قڕکەری گیانلەبەرانیشە و بە ئارەزووی دڕندانەی خۆی ژینگە پس دەکا و خەریکە ئەو گۆی زەوییە بە تەواویی لەنێو دەبا، لێرەوەیە ئەو کەسانەی ئاسۆی ژیانەکی باشتر دەبینن بە بەڕێوەبەرانی ئەو سیستەمە دەبێژن: ”ئیدی بەسە.. بوخچە و بارگەتان بپێچنەوە و بڕۆن”.. زۆر راستە ئەوە ھێرشە.. لێ ئەوە ھێڕشکردنە سەر چەوسانەوەیە، زۆر راستە ئەوە راستیی نەبینە.. لێ ئەوە ئەو راستییەیە کە (زۆربەی ھەرە زۆری خەڵک سەختترین و ھەموو کارەکان دەکەن کەچی خراپترین و ناخۆشترین ژیان و گوزەرانیان ھەیە، کەمترین خەڵکیش ھیچ کارەک ناکەن کەچی چاکترین و خۆشترین ژیان و گوزەرانیان ھەیە)! نە مارکس و نە ھیچ کەسەک لەو زۆربەی زۆری خەڵکە ئیشکەرە ئەگەر ناچار نەکرێن ھەرگیز نایانەوێ ئەو راستییە ببینن بەڵکە دەیانەوێ ئەو راستییە لە بنوبۆتکەوە دەربکێشن و لەنێوی ببەن، ئەو راستییە تەنیا لە بەرژەوەندیی ئەو خەڵکە کەمە دایە کە دەیانەوێ لەسەر پشتی خەڵک دانەبەزن و کەسیش ھێرشیان نەکاتە سەر!
ھیچ تشتەکی تازە نییە کە ھەر میدیایەک رەنگدانەوەی دەنگی چینە بێبەش و زەحمەتکێشەکان بی و لە پێناو ماف و ئازادییەکانیان ئەوان کار بکا.. ئەوە لە لایەن میدیای یەکێتیی و گۆڕان و پارتی و ئیسلامییەکان و ھەر حیزب و لایەنەکی دیکەی کوردستان کە ئەوەی گرنگ نەبی لە لای ئەوان خەڵکە.. ھێرشی دەکرێتە سەر، چونکە ئەوانە میدیاگەلەکی حیزبیین و لەسەر رێبازی (ماکیاڤیللی***) کار دەکەن و ھەر خەریکی چەقەچەق و ستایشی بەرپرس و سەرۆکە دیکتاتۆرۆکەکان و جوانکردنی ئەو سیستەمەن کە بە دزین و تاڵانکردنی داھاتی خەڵک بەڕێوەدەچی.
ئەگەر بە ھووردیی سەرنج بدەین، دەبینین ھەر تەنیا خەندان و (کەی ئێن ئێن) و میدیا حیزبییەکانی دیکە و میدیا بێزەوەرە بە ناو سەربەخۆکانی وەک رووداو و ھاوڵاتی و ھەولێر و کوردستانپۆست و ئاوێنە و… ھتد نین ھێرش دەکەنە سەر ھەر میدیایەک کە بۆنی چەپی لێوە دێ، بەڵکە ئەوە ھێرشکردنەکی جیھانییە و سەرچاوە سەرەکییەکەی میدیایە زەبەلاحەکانی نێو تێکڕای سیستەمە دیموکراسییە پەڕپووتەکەی ئێستای جیھانە کە ھەر ھەموویان لە بەردەستی بازرگانان و سیاسەتبازەکانی نێو دەسەڵاتەکان دان و تەنیا نووسەران و رۆژنامەنووسان و میدیاکارە پێناوەکانی دەسەڵاتداران رۆڵی کاریگەریان تێدا دەگێڕن.
ھەرچەندە ئێستا ھیچ دەسەڵاتەکی سۆسیالیستیی لە ھیچ کونجەکی ئەو جیھانە لەسەر کار نییە و تەنانەت دەسەڵاتە بە ناو سۆسیالیستییەکەی سۆڤیەتیش سەرنگون بووە و ھیچ میدیایەکی بەرچاو و بەھێزی بەرھەڵسکارانەی سۆسیالیستییش بوونی نییە.. کەچی میدیاکانی دەسەڵاتداران ھەر لە دژایەتییکردن و سەرکوتکردنی ھزر و فەلسەفەی سۆسیالیستیی ناکەون.. چونکە دەزانن ھەر ئەوانن بەرگریی لە چەوساوان و چینە نەدار و زەحمەتکێشەکان دەکەن و ئەگەر میدیایەکی بە ھێزیان ھەبێ ئەوە کۆتایی بەو سیستەمەیان دێ.
ئەو دوو میدیاش – خەندان و (کەی ئێن ئێن) – میدیای حیزبیین و تەنیا کاریان ستایشی دیکتاتۆرۆکەکان و جوانکردنکردنی سیستەمەکەیانە.
___________________________________________
* (پەلەتیقە): کار و گوفتاری عەنتیکە و بێ سەروبەر و پووچ و نابابەتیی. یەک لە نموونەی ئەو قسە پەلەتیقییانەی نیتشە ئەوەیە کە دەبێژی: ”خودا مرد و ئێمە بووین کە کوشتمان”! دیارە ئەگەر خودا بوونی ھەبا ئەوە نەدەمرد، کە بوونیشی نییە کەواتە کوو دەمرێ یان دەکوژرێ! دەربارەی ژنانیش پیاوسالارانە دەبێژی: (”پیاو دەبێ بۆ جەنگ پەروەردە بکرێ و ژن بۆ خۆشگوزەرانیی پیاوی جەنگی.”، ”کاتێ دەچیتە لای ژنێک؟ قامچی لەبیر نەکەیت”، ”ژن مایەی سەرشۆڕیی زۆرە”). ئیدی سەردەمی ئەوە نەما گوێ لە (چەقەچەق)ی ئەو جۆرە فەیلەسووفانە بگرین و واتای سەیر و سەمەرە لۆ قسەکانیان دابتاشین.
** (ئایەتەکانی محەمەد): ئەمن بڕوام بە ھیچ خودایەک نییە، لێ ئەگەر گریمان بڕوام بەو خودایەی ئیسلامیش ھەبی.. ھێشتا ھەر پێ لەسەر ئەوە دادەگرم کە ئەو نووسینانەی پێیان دەگۆترێ (ئایەت) قسەی (محەمەد)ن، زۆر سەرچاوەش لەسەر ئەوە ھەیە کە ئەو قسانەی محەمەد ھەموویان بە دەستکاریی لە قسەی فەیلەسووفان و ھۆنراوەکانی سەردەمی (جاھیلی) و چیڕۆکە ئەفسانەییەکانی نێو دینەکانی پێش ئیسلام وەرگیراینە.
*** (ماکیاڤیللی): ماوەیەک لەمەوبەر لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیی بە ناوی (خوێندنەوەیەک بۆ پەرتووکی میری ماکیاڤیللی) سێ کەسی نێو چارچیوەی ئەو جۆرە میدیایە (کەماڵ مەزھەر – نووسەر و مێژوونووس، د. کەنعان حەمەغەریب – مامۆستای زانکۆ، محەمەد سابیر – مامۆستای زانکۆ) دەیانویست لە رێگەی بە شانوباڵ ھەڵدانی مەکیاڤیللیزم رەوایی بدەنە سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی سیستەمی کەڵەگای شەڕ و کاوڵکاریی کە دەسەڵاتدارانی کوردستانیس بەشێکن لێی، ھەرچەندە نەیاندەتوانی دان بەوە دا نەنێن کە ماکیاڤیللی لە ئامۆژگاریی سەرۆک و دەسەڵاتداران دەبێژێ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و پارێزگاریی لێکردنی دەبێ سەرۆک درۆزن و فرتوفێلکەر و تەلەکەباز و بێ بەڵێن بێ جا چ لەگەڵ دوژمن چ لەگەڵ جەماوەر، دەبێ سیفەتی شێر و رێوی ھەبێ، دەبێ بێ بەزەیی و دڵڕەق بێ، دەبێ لێی بترسن، دەبێ بە ئاین کۆنترۆڵی جەماوەر بکا، دەبێ بێ مۆراڵ بێ، و… ھتد، کەچی ھێشتا بە رێبازەکی گرنگ و باشیان دادەنا و دەیانگۆت ماکیاڤیللی پیاوەکی مەزن و نایابە! لە ھەمووشی عەنتیکەتر ئەوەبوو کە کەماڵ مەزھەر دەیگۆت: ”ھێتلەر و مۆسۆلۆلینی وەک چۆن ماکیاڤیللی لە میر داوای کردبوو گەلێک گەلێک خراپتریان دەکرد..”!!!