مەنسوور جیهانی ـ دادوەرانی بەشه‌کانی کێبڕکێی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی” له یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “دهۆک” ناسێندران.
“مەسعوود عارف” Massoud Arif وتەبێژی فەرمی یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” له دووهه‌مین کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه‌دا گوتی: هه‌ر وه‌کوو ئاگادارن، له یه‌که‌مین کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانی فێستیڤاڵدا، فیلمەکانی بەشی کێبڕکێی “سینەمای کوردی”، فیلمەکانی بەشی کێبڕکێی “سینەمای جیهان”، فیلمەکانی بەشی ده‌ره‌وه‌ی کێبڕکێی “پانۆڕامای کوردی” Kurdish Panorama، فیلمەکانی بەشی ده‌ره‌وه‌ی کێبڕکێی “ڕوانینێک به سینەمای جیهان” World Vision و … ناسێندران و ئه‌مڕۆکه‌ش له دووهه‌مین کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌وانیدا، “شەوکەت ئەمین کۆرکی” Shawkat Amin Korki بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “دهۆک”، ئەندامانی لێژنەی هەڵبژاردنی پێنج بەشی پێشبڕکێی ده‌ناسێنێت.
پیشاندانی ١٠٧ فیلم له ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جیهان
هه‌روه‌ها گوتیشی: یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” بە دروشمی “وه‌رزش” و “وه‌رزش بۆ هه‌موان” و به پیشاندانی ١٠٧ فیلم له ده‌رهێنه‌رانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی و هه‌روه‌ها به پشتیوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ڕۆژانی ٩ تا ١٦ی دێسامبه‌ر/ کانوونی یه‌که‌می ٢٠٢٤ لە هۆڵی “کۆنگرە”ی زانکۆی دهۆک و کۆمه‌ڵه‌ی سینه‌مایی “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
“هێڤی” (هیوا) Hêvî فیلمی ده‌ستپێکی فێستیڤاڵ
له درێژه‌دا ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا، “شەوکەت ئەمین کۆرکی” بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” ڕایگەیاند: یازده‌یه‌مین خولی فێستیڤاڵ، به فیلمی سینه‌مایی “هیوا” له ده‌رهێنانی “ئۆرهان ئینجێ” Orhan Ince سینه‌ماکاری باکووری کوردستان به فه‌رمی ده‌کرێته‌وه. ئه‌مساڵ ١٠٧ فیلم له به‌شه جۆراوجۆره‌کانی فێستیڤاڵ نمایش ده‌کرێن که له نێوانیاندا ٥٥ فیلم له به‌شی پێشبڕکێی ئاماده‌ن و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خه‌ڵات، ڕکابه‌ریی ده‌که‌ن.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی به‌شی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتی”
ئەم دەرهێنەرە کوردە سەبارەت بە ئەندامانی دەستەی دادوەرانی به‌شه‌کانی کێبڕکیی “سینەمای جیهان” و “سینەمای کوردی” گوتی: ئەمساڵیش لە پێنج بەشی پێشبڕکێدا؛ ئەو فیلمانەی کە لە فێستیڤاڵی فیلمی “دهۆک” به‌شداری ده‌که‌ن، لە لایەن ناوبژیوانه‌کانه‌وه دادوەری دەکرێن. ئەندامانی دەستەی دادوەرانی به‌شی کێبڕکێی فیلمه‌کانی سینه‌مایی نێودەوڵەتی بریتین لە؛ “عه‌لی عه‌سگه‌ری” Ali Asgari سه‌رۆکی دەستەی دادوەران، دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە ئێران، خاتوو “ئێلیف ئێرگێزێن” Elif Ergezen دەرهێنەر، وێنه‌گر و مۆنتێر له تورکیا، “کۆردۆ دۆسکی” Kordo Doski ده‌رهێنه‌ری باشووری کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، خاتوو “ماڕتینا ساکۆڤا” Martina Sakova دەرهێنەر له سلۆڤاکیا و هه‌روه‌ها “میراز بێزار” Miraz Bezar سیناریۆنووس و دەرهێنەر لە باکووری کوردستان.
ئەندامانی دەستەی دادوەرانی به‌شی پێشبڕکێی “سینەمای کوردی”
هەروەها گوتی: ئەندامانی دەستەی دادوەرانی فیلمە بڵیندەکانی سینه‌مایی بەشی “سینەمای کوردی” بریتین لە؛ خاتوو “باڕباڕا لۆری” Barbara Lorey سەرۆکی دەستەی دادوەران و ڕۆژنامه‌نووس لە فەرەنسا، “ئاکام ڕه‌زایی” Akam Rezaee بەرپرسی دیمه‌نه تایبه‌ته‌کان و ده‌رهێنه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی ئه‌مه‌ریکا، “حیکمه‌ت داوود” Hekmat Daoud دیزاینی سه‌حنه و جلووبه‌رگ له ڕۆژئاوای کوردستان، “محه‌مه‌د ئه‌لده‌ڕاجی” Mohamed Al-daradji ده‌رهێنه‌ر له عێراق و هه‌روه‌ها دکتۆر “قوتبه‌دین سادقی” ئه‌کته‌ری سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆن و ده‌رهێنەری به‌ئه‌زموون و ناوداری شانۆ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان.
ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی به‌شی پێشبڕکێی بەڵگەفیلم
“شەوکەت ئەمین کۆرکی” لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەندامانی دەستەی دادوەرانی فیلمەکانی بەشی رکابه‌ریی به‌ڵگه‌فیلم و دۆکیۆمێنتاری بریتین لە؛ “تۆماس لێر” Thomas Lier سەرۆکی دەستەی دادوەران، مامۆستای زانکۆ و سه‌رۆکی به‌شی فێربوون و ئاخاوتنی “ئه‌نستیتۆی گۆته” Goethe-Institut له ئه‌ڵمانیا، خاتوو “بێتی لێرچێ” Betty Lerche هونه‌رمه‌ند له ئه‌ڵمانیا و هه‌روه‌ها “زه‌هاوی سنجاوی” Zahavi Sanjavi دەرهێنەری به‌ڵگه‌فیلم و فیلمساز له هەرێمی کوردستان و دانیشتووی وڵاتی سوید.
ئەندامانی دەستەی دادوەرانی به‌شی پێشبڕکێی کورته فیلم
بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: ئەندامانی دەستەی دادوەرانی کورتە فیلمەکانی بەشی ڕکابه‌ریش بریتین لە: خاتوو “گۆری نایێر” Gouri Nair سەرۆکی دەستەی دادوه‌ران و ئه‌کته‌ر له هیندستان، “عه‌لی حه‌کیم” Ali Hakim دەرهێنەری ئه‌فغانستانی دانیشتووی ئه‌ڵمانیا، خاتوو “بێلیبان زۆ ستۆلبێڕگ” Beliban Zu Stolberg سیناریۆنووس له ئه‌ڵمانیا و هه‌روه‌ها “کاردۆ مه‌نسوور” Kardo Mansur دەرهێنەر لە نۆڕوێژ.
ئەندامانی لیژنەی دادوەرانی ڕەخنەگرانی فیلمی “فیپرێشی”
“شەوکەت ئەمین کۆرکی” له درێژه‌ی قسه‌کانیدا جەختی لەوە کردەوە: ماوه‌ی چەندین ساڵە که فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕەخنەگرانی فیلم “فیپرێشی” FIPRESCI لە ته‌نیشت فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” به‌شداری و ئامادەییهکی کاریگەرانەی هەیە و ئەمساڵ له سه‌ده‌مین ساڵوه‌گه‌ڕیی دامه‌زراندنی ئه‌م ڕێکخراوه گرینگ و ئاکادیمیا سینه‌ماییه‌دا؛ سێ ڕەخنەگر، دادوەریی ئەم بەشەیان له ئه‌ستۆ دایه کە بریتین لە: خاتوو “ئێلینا ڕۆباشێڤسکا” Elena Rubashevska ده‌رهێنه‌ر، ڕۆژنامه‌نووس و ڕه‌خنه‌گری فیلم لە ئۆکڕاین، “ئێرگین ئۆپێنگین” Ergin Opengin توێژه‌ر و لێکۆله‌ر لە تورکیا و “جیلم سالۆتێک” Jim Slotek ڕه‌خنه‌گری فیلم لە که‌نه‌دا.
سینه‌مای وڵاتی هیندستان، میوانی تایبه‌تی فێستیڤاڵ
“مەسعوود عارف” له درێژه‌ی ئه‌م کۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌دا گوتی: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک”، له یازده‌یه‌مین خولیدا، هه‌نگاوی دیکه به‌ره‌و سینه‌مای جیهان هه‌ڵده‌گرێت و له‌م گه‌ڕه‌دا، له لایه‌نی ناوه‌رۆک و فۆڕمیش گۆڕانکاریی به‌سه‌ر ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه‌دا دێت و شاری دهۆک له ماوه‌ی یه‌ک هه‌فته‌دا، ڕۆژان و شه‌وانێکی دیکه به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت. ئه‌مساڵ، هیندستانمان به‌ناونیشانی وڵاتی میوان له فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” ده‌ستنیشان کردووه و هه‌روه‌ها گرووپێکی سه‌ماکاری پیشه‌گه‌ڕ پێکهاتوو له شه‌ش که‌سیش له‌م وڵاته، میوانی فێستیڤاڵ ده‌بن و له درێژایی ڕۆژانی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م فێستیڤاڵه‌دا، به‌رنامه‌کانی خۆیان پێشکه‌ش ده‌که‌ن.
چوار ئه‌ستێره‌ی سینه‌مای عه‌ڕه‌ب، میوانی تایبه‌تی فێستیڤاڵ
وتەبێژی فێستیڤاڵی فیلمی “دهۆک” سه‌باره‌ت به میوانانی تایبه‌تی ئه‌م ڕووداوه سینه‌ماییه ڕایگه‌یاند: ئه‌مساڵ چوار ئه‌ستێره‌ی به‌رچاوی سینه‌مای عه‌ڕه‌ب، له‌وانه: خاتوو “ئیلهام شاهین” Elham Shahein ئه‌کته‌ری ناوداری میسری، خاتوو “ئیلهام سه‌فی ئه‌دین” Elham Safi El Din ئه‌کته‌ری به‌ناوبانگی میسری، خاتوو “کیندا حه‌نا” Kinda Hanna ئه‌کته‌ری له سووریا و هه‌روه‌ها “ناجی تێعمی” Nagi Teameh ده‌رهێنه‌ر له وڵاتی سووریا، میوانانی تایبه‌تی ئه‌م خوله‌ی فێستیڤاڵن.
په‌رده‌لادان له پۆسته‌ری فێستیڤاڵی فیلمی “دهۆک”
له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م کۆنگره ڕۆژنامه‌وانییه‌دا “شەوکەت ئەمین کۆرکی” سه‌باره‌ت به پۆسته‌ری یازدەیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “دهۆک” گوتی: پۆسته‌ری ئه‌مسال، له لایه‌ن “یانا ڤێکشینا” Yana Vekshyna هونه‌رمه‌ندی ئۆکڕاینی دیزاینی بۆ کراوه. ئه‌م پۆسته‌ره، به ئیلهام له دروشمی سه‌ره‌کی فێستیڤاڵ؛ یانی “وه‌رزش و سینه‌ما” خوڵقێندراوه. له‌م به‌رهه‌مه‌دا، ئه‌سپ که له پۆسته‌ری ساڵی ڕابردووش‌دا ئاماده‌بوو؛ به ناونیشانی هێما و سیمبولی هێز و وزه و هه‌روه‌ها له درێژه‌ی پۆسته‌ری ساڵی ڕابردوو، خه‌ریکه دێته ناو پۆسته‌ری ئه‌مساڵیشه‌وه. لۆگۆی فێستیڤاڵ که‌وتۆته سه‌ر هه‌تاو و شاخ و کێوه‌کانیش به ناونیشانی سروشتی کوردستان نیشاندراوه. تیشکه‌کانی هه‌تاویش که له ڕێگای پڕۆژێکتۆرهوه ده‌که‌ونه سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما؛ لێره‌دا به‌دیده‌کرێت.
ئه‌م پۆسته‌ره ڕۆحی جمووجۆلی زۆریی ناوچه‌که‌ی نیشانداوه
له ناساندنی ئه‌م به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌دا هاتووه: ئه‌م پۆسته‌ره، به نیشاندانی که‌سانێک که له وه‌رزشه جۆراوجۆره‌کان له پشته‌وه‌ی کوێستانه به‌رزه‌کاندا چاڵاکی ده‌که‌ن، ڕۆحی جمووجۆلی زۆریی ناوچه‌که‌ی نیشانداوه. وه‌رزشوانه‌کان هێماکانی وه‌رزش و به‌رده‌وامی فێستیڤاڵ ده‌نه‌خشێنن، ئه‌وه له حاڵێکدایه که شاخه به‌شکۆکان، هێمای دره‌وشانه‌وه و ئیلهامن. تێكه‌ڵاویی گوشینی تۆکمه‌ی هه‌ستی به‌هێز له کۆمه‌ڵگا و جه‌ژن ده‌گوازێته‌وه و به‌رپرسیارییه‌تی فێستیڤاڵ به په‌ره‌پێدانی که‌لتووریی خۆماڵی و بانگهێشت له بینه‌ران بۆ دۆزینه‌وه‌ی تێکه‌ڵاویی هونه‌ر، وه‌رزش و سروشتی کوردیی به‌رجه‌سته کردووه.
په‌رده‌لادان له تڕه‌یله‌ری فێستیڤاڵی فیلمی “دهۆک”
بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” سه‌باره‌ت به تڕه‌یله‌ری فه‌رمی فێستیڤاڵ گوتی: “ماڕتینا ساکۆڤا” Martina Sakova فیلمسازی سلۆڤاکیا، تڕه‌یله‌ری فێستیڤاڵی ئه‌مساڵی ساز کردووه. فیلمی “خه‌باتکارانی هاوین” Summer Rebels له به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره‌ش له به‌شی تایبه‌ت به “منداڵان” پیشان ده‌درێت. ئه‌م تڕه‌یله‌ره، به ئیلهام له دروشمی سه‌ره‌کی فێستیڤاڵ؛ یانی “وه‌رزش و سینه‌ما”، منداڵان که سه‌رقاڵی وه‌رزشن و هه‌روه‌ها سروشتی کوردستان خوڵقێندراوه.
ئه‌م تڕه‌یله‌ره، جه‌وهه‌ریی گۆڕان پیشان ده‌دات
له ناساندنی ئه‌م به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌دا هاتووه: ئه‌م تڕه‌یله‌ره، به کچێک که سواریی ئه‌سپه ده‌ست پێده‌کات. ئه‌و سه‌یری ئاسۆی تهپومژاویی کوردستان ده‌کات. ئه‌م کچه، تیرێک به‌ره‌و ئاسمان ده‌هاوێت. په‌یکانه باڵنده‌که ده‌بێته تیشکه‌کانی ڕووناکی که له زه‌وییه جۆراوجۆره‌کانه‌وه ده‌دره‌وشێته‌وه و جووڵه جیاوازه‌کانی ژیمناستیک، زۆرانبازه‌کان و ئه‌و گه‌نجه کوردانه‌ی که هه‌ڵده‌په‌ڕن له خۆ ده‌گرێت. هه‌مووی ئه‌مانه هێمای جووڵه و ده‌وڵه‌مه‌ندیی که‌لتووریی کوردییه. له کۆتاییدا، تیشکی ڕووناکی ده‌بێته کوڕێک که یاریی تۆپی پێی ده‌کات و تۆپه‌که به دیواردا ده‌کوتێت و پارچه پارچه ده‌بێت. ئه‌م تڕه‌یله‌ره، که هه‌ست ده‌بزوێنیت، جه‌وهه‌ریی گۆڕان پیشان ده‌دات.
یادی “یەڵماز گۆنای” دەرهێنەری براوەی خەڵاتی “چڵە خورما”
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “دهۆک” Duhok کە بە یادی سینەماکاری هەرمانی کورد “یەڵماز گۆنای” Yılmaz Güney دەرهێنەری ناوداری کوردیی براوەی خەڵاتی گەورەی “چڵە خورمای” فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی “کان”ی فەڕەنسا (1982) و بە مەبەستی پردی پەیوەندیی نێوان دەرهێنەرە کوردەکان و سینەماکارانی سەرتاسەری جیهان و هەروەها ڕەخساندنی ئاڵووگۆڕی کەلتووری نێوان نەتەوەکانی دنیا دامەزراوە، یازدەیه‌مین خولی به سه‌رۆکایه‌تی “ئه‌میرعه‌لی محه‌مه‌دتاهیر”، بە دەرهێنانی هونەریی سینه‌ماکاری کورد “شەوکەت ئەمین کورکی”، به دروشمی “وه‌رزش” و “وه‌رزش بۆ هه‌موان” و به نمایشی ١٠٧ به‌رهه‌م له سینه‌ماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چوارچێوەی فیلمە بڵیندە سینەماییەکان، کورتە فیلم و بەڵگەفیلمەکان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی و هه‌روه‌ها به پشتیوانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له ڕۆژانی ٩ تا ١٦ی دێسامبه‌ر/ کانوونی یه‌که‌می ٢٠٢٤ لە هۆڵی “کۆنگرە”ی زانکۆی دهۆک و کۆمه‌ڵه‌ی سینه‌مایی “دهۆک مۆڵ” لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
تڕه‌یله‌ری فه‌رمی یازدەیه‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی “دهۆک”:
Discussion about this post