سەدیق سەعید ڕواندزی
بە ھۆی نەبوونی زمانێکی ستانداری یەکگرتووی کوردی کە لە نووسیندا پەیڕەو بکرێت ، شێوەکانی نووسین و ڕێنووس بە شێوازی جیا لە بڵاوکراوەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەونە بەرچاو. تا ئەو ڕادەیەی ڕێنووسی وشەیەک بە چەندین شێوە لە ھەربڵاوکراوەیەک دەنووسرێت. لە کاتێکدا وشەکە ھەر ھەمان وشەیە. کتێبێکم خوێندەوە، ڕێنووسی یەک وشە بە چوار جۆر نووسرابووکە ئەویش: (حکومەت_ حکوومەت_ حوکوومەت_حوکمەت) بوو. لە ھەموو دنیادا، زمان وەک زانستێک ڕێکخستن و یەکخستنی ئەرکی نێوەندە زانستی و ئەکادیمییەکانە، کەچی لە ھەرێمی کوردستاندا، بە ھۆی ئەو بێ پلانیەی لە بواری چاپ و بڵاوکردنەوەدا ھەیە، دەبینین ھەر بڵاوکراوەیەک بە جۆرێک پەیڕەو لە شێوەیەکی نووسین و ڕێنووس دەکات. گرفتەکە ھەر تەنھا ئەمە نییە، واتە نەبوونی یەک زمانی نووسین و ستاندارد، بەڵکو دیاردەیەکی دیکەی نا فەرھەنگی لە نێوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا سەریھەڵداوە، ئەویش داتاشین و داڕشتنی وشەی سەیر و نامۆیە، کە گوایا لە بەرانبەر واتا و ھاوواتای وشەیەک بەکار دێت. ھەڵبەتە زمان ھاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگە، گۆڕانی بە سەر دادێت، بەڵام لە ڕووی وشەسازیی فەرھەنگییەوە، مەرج نییە زمان بەردەوام لە گۆڕان دابێت، چونکە وشەی بنچینەیی لە ھەر زمانێکدا ھەن کە نەگۆڕن لە ڕووی واتاوە، بۆیە ئاسان نییە لە ڕێگەی دروستکردنی وشەیەکی نامۆ، کە ئەرکی دامەزراوە ئەکادیمیەکانە، وشەیەکی نوێ بە مەبەستی گوایا بەرحەستەکردنی واتای زیاتر دابھێنرێت. لەو ڕوانگەیەوە بە ھۆی گەشەکردنی وەرزشی شاخەوانی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، وشەیەکی داتاشراو ھاتۆتە نێو زمانی کوردی ئەویش (شاخڕەوان) ە، کە گوایا مەبەست لێی ھەموو ئەو کەسانەیە، کە وەرزشی شاخەوانی دەکەن و بنەمای ئەو وشەیە بە تێگەیشتنی خۆیان بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، کە کرداری (ڕەوان) ی تێدایە، وەک (کۆچڕەو) ھەر بۆیە وەک چۆن کۆچڕەو بۆ کۆچی بە کۆمەڵ بە کاردێت، دەشێ شاخڕەوانیش مەبەست ھەموو ئەوانە بێت کە وەرزشی شاخەوانی دەکەن، بەڵام بێگومان ئەم وشەیە ھەڵەیە، چونکە شاخڕەوان، وشەیەکی لێکدراوە لە شاخ کە ناوێکی سادەیە، لەگەڵ ڕەوان کە ھاوەڵناوی چۆنیەتییە پێکھاتووە. ڕەوان لێرەدا، کۆی وشەی ڕەو نییە، وەک ئەوەی کەسانێک تێی گەیشتوون، چونکە نیشانەی کۆی ئەلف و نون لەم وشەیەدا، بەشێکە لە خودی وشەکە، نەک نیشانەیەکی زیادکراو بێت، بە مەبەستی کۆکردنی کارەکە، یان ناوەکە، وەک ئەوەی لە کۆچڕەودا ھەیە، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە گەر پاشگری ئەلف و نونیش لە وشەکە لابەرین ئەوا دەبێتە (شاخڕەو) کە دیسانەوە ھەڵەیە، چونکە شاخ کۆچ ناکات و ڕەوی نییە، بۆیە شاخڕەوان لە ڕووی واتاییەوە ھەڵەیە، بەڵکو شاخەوانان دروستترە، کە مەبەست لێی کۆی ئەو کەسانەیە کە وەرزشەکە دەکەن.شاخەوان وشەیەکە دەکرێ وەک ناوی مرۆڤ بۆ ڕەگەزی نێر، ھاوکات وەک سیفەتیش بەکار بھێنرێت. زمان زانست و ھونەرە، زمان موڵکی کەسی نییە تا نووسەرێک بە ئارەزووی خۆی وشەی نوێ و بێ مانای بۆ دابتاشێ، بەڵکو ئەمە ئەرکی دامەزراوە ئەکادیمییەکانە، لە نێوشیاندا ئەکادیمییای کوردی کە بەو ئەرکە ھەستێت، بەڵام بە داخەوە زمان لای ئەوانیش لە پەراوێزی کارە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان دایە.
• ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارە (١٣٧٧) لە ٣/٧/ ٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.







































































Discussion about this post