محەمەد ئەسعەد
باران ھەڵئەوەرێتە سەرجەستەی شار
من لە ناو پاسەکەدا
ھەستەکانم تەڕ ئەچنەوە
ئەکەومەوە بیری
ئەو ئێوارانەی لە نێو ھەورەکاندا
چرۆی فڕینم ئەگرت
وەک گریانێک تینووی
دابارین ئەبووم…ئەباریم
وەک چۆن ئێستا باران
بەسەر جەستەی شاردا
دائەکا
میھرەبانە… سپێدەیەکە
ئەڵێی لە ڕوحی ئەو ژوانانە
ڕژاوەتە نێو دڵی شارەوە
کە ھەمیشە درەختەکان
گەڵا لە ماچەکانیان و
من وشە لە دەست گوشینەکانیان ئەگرم
ھەورەکان لێم ئەڕوانن
منیش خەمی چۆلەکەیەکم
تیا ڕواوە
کە ڕەنگبێ ئێستا
لە تەڕبووندا کەوتبێتە
خەیاڵی مردنەوە
یان وابیرکاتەوە
ئیتر ئەو لەم شارەدا
لەبیرچۆتەوە