خەڵاتی ساڵی ٢٠١٣ـەی گۆرانیبێژی ناوداری کورد محەمەد ماملێ لە ڕێوڕەسمێکدا ڕۆژی چوارشەمە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ لە ھۆڵی تەوار لە سلێمانی پێشکەش بە گۆرانیبێژی کورد ناسر رەزازی دەکرێت.
لێژنەی ڕاوێژکاری مەڵبەندی ھونەری ماملێ بڕیاری داوە کە پێنجەمین خەڵاتی گۆرانیبێژی ناوداری کورد محەمەد ماملێ بە ناونیشانی “خەڵاتی ساڵی ٢٠١٣” بە ھونەرمەندی بەناوبانگی کورد ناسر رەزازی پێشکەش بکات.
بڕیار وایە بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی کەلەپووری کورد سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتیی ھونەری و کەلتووری بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، میوانانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان و ھەروەھا بنەماڵەی ماملێ، کاتژمێر ٣ی پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە ٢٩ی کانوونی دووەم / یەنایەری ٢٠١٤ لە ھۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی ڕێوڕەسمێکی شایان بۆ ئەم مەبەستە بگیرێت.
ئەو خاڵانەی کە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری لێژنەی ڕاوێژکاری مەڵبەندی ھونەری ماملێ داوە بۆ بەخشینی ئەم خەڵاتە بە ھونەرمەد ناسر رەزازی، بریتین لە: خەباتی ئەم ھونەرمەندە لە پێناو بووژاندنەوەی زمان و ھونەری کوردیدا، گرینگی شۆڕشی کورد و جەماوەری کورد بە یەکتر، خزمەت بە ھونەرکردن بە دوور لە چەمکی ناشیرینی جیاوازیدانان و ناوچەگەری، ھونەرمەندێک کە بڕوای بە یەکسانی تاکەکان ھەبووە، ھونەرمەندێک کە بڕوای بە یەکسانی مافی ژن و پیاو ھەبووە، پێشمەرگە بووە، لە ھونەری گۆرانی گوتنەوەدا داھێنەر بووە و لاساییکەرێکی ئاسایی نەبووە و ھەروەھا لە خزمەت چەمکی نەتەوەیی کوردیدا تێکۆشاوە.
مەڵبەندی ھونەری ماملێ ساڵی ٢٠٠٨ لە لایەن بنەماڵەی ھونەرمەندی نەمری کورد مامۆستا محەمەد ماملێ دامەزراوە و ھەموو ساڵێک بۆ بەرز ڕاگرتنی یاد و بیرئانینی ئەم ھونەرمەندە پایەبەرزە خەڵاتێک پێشکەش بە ھونەرمەندە بەئەزموون و ناودارانی کورد دەکات کە بە بەرھەمەکانیان خزمەتی گۆرانی و موزیکی کوردییان کردووە و لە بەخشینی ئەم خەڵاتە گرینگەدا کەسایەتیی، ھەڵکەوتوویی، داھێنانی
ھونەریی، ئەزموون، توانا و بەھرەمەندیی ھونەرمەندەکە ڕچاودەگیرێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا خەڵاتی گۆرانیبێژی کورد محەمەد ماملێ بە چەندین ھونەرمەند و گۆرانیبێژی ناودار و بەئەزموونی کورد پێشکەش کراوە، لەوانە: لە ساڵی ٢٠٠٩ بە ژەنیاری بەتوانای شمشاڵ مامۆستا قاڵەمەڕە، لە ساڵی ٢٠١٠ بە گۆرانیبێژ و موزیکزانی کورد مامۆستا باکووری، لە ساڵی ٢٠١١ بە گۆرانیبێژی کورد عەزیز شاھرۆخ و لە ساڵی ٢٠١٢ بە گۆرانیبێژی کورد عەبباس کەمەندی.