خەڵاتی ساڵی ٢٠١٤ـەی گۆرانیبێژی ناوداری کورد “محەمەد ماملێ” لە ڕێوڕەسمێکدا پێشکەش بە گۆرانیبێژی کورد “زۆزان گولەر” دەکرێت.
لێژنەی ڕاوێژکاری مەڵبەندی ھونەریی ماملێ بڕیاری داوە کە شەشەمین خەڵاتی گۆرانیبێژی ناوداری کورد “محەمەد ماملێ” بە ناونیشانی “خەڵاتی ساڵی ٢٠١٤” بە ھونەرمەندی کورد “زۆزان گولەر” پێشکەش بکات.
دڵسۆزانی مەڵبەندیی ھونەریی ماملێ لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا پێشنیاریی کۆمەڵێک ھونەرمەندی کوردیان بە مەڵبەند کرد بۆ ئەوەی وەک وەرگری خەڵاتی ھونەریی ماملێ لەبەرچاو بگیردرێن. کۆمیتەی بەربژێرکەری مەڵبەند، شڕۆڤەی خۆی لەسەر ھونەرمەندە پێشنیارکراوەکان کرد و لە کۆتاییدا بڕیاریدا کە خەڵاتی ھونەریی ئەمساڵی ماملێ بە یادی “زۆزان گولەر” پێشکەش بکرێت.
ھونەرمەند زۆزان لەدایکبووی باکووری نیشتمانە. ئەو لە زەمەنێکدا ھەنگاوە سەرەتاییەکای خزمەت بە کەلتوور و ھونەری کوردیی ھەڵھێنا کە چالاکی ھونەری و کوردیی لەبەر کێشەی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری چەتوون بوو. لە دۆخی کۆمەڵگای ئەوکاتدا پێویست بوو ژنێک زۆر بوێر بێت کە دەنگ بەرز بکاتەوە و لە ڕیزی ھونەرمەندانی کورددا ڕابوەستێت. ھاوکات حکوومەتی داگیرکەری خاکی باکووری کوردستان دەرفەت و مافی ئەوەی نەدەدا کە بە کوردیی گۆرانی بگوترێت. زۆزانی ھونەرمەند، گەلێک زۆزانانە توانی ئەڤین و سەرنجی کۆمەڵگای خۆی بۆلای خۆی ڕابکێشێت و لە بەرانبەر نەیاری داگیرکەریشدا سینگی دلێری ھێنا پێش و بایەخی بەو مەترسییانە نەدا کە ڕەنگبوو ھەڕەشە بخەنە سەری.
یای زۆزان لە ساڵانی لاوییەتیدا لە فێرگە و قوتابخانە بێبەر بوو. ھاوکات مامۆستایەکیشی نەبوو کە لە باکووری قەدەخەکراو لە زمانی دایکییدا فێری خوێندن و نووسینی کوردی بێت، بەڵام لەبەر ھەست و بڕوایەک کە بە ناسنامەی نەتەوەکەی ھەیبوو، خۆی فێری خوێندنی کوردیی کرد و کاری لەسەر شێعری کوردیی کرد.
ئەو تەنانەت بواری ئەوەی نەبوو کە لەژێر چاوەدێری و ڕێنوێنی مامۆستایەک فێری ژەنینی ئامێرێک بێت، ھەر بۆیە بە پاڵپشتی ئەڤین بە ھونەری کوردیی و گوێگرتنی ورد بۆ مۆسیقای کوردیی توانی کۆڵنەدەرانە قۆناخە دژوارەکانی ژەنینیش تێپەر بکات.
یای زۆزان لە ساڵانی خزمەتکردنی بە ھونەری کوردیی ھەوڵیداوە بەشێک لە ئاوازە دێرینەکانی کورد زیندوو بکاتەوە. ھاوکات سروودی نیشتمانی و شۆڕشگێڕانەشی گوتووە و کاریگەریی لەسەر ھونەرمەندەکانی جیلی دوای خۆی داناوە. لاساکردنەوە لە کارەکانیدا کەمڕەنگ بووە و لە ھونەریشدا وەک برای گیانبەختبووی لە خزمەت ناسنامەی نەتەوەکەیدا بووە. ئەو کە لە بەرانبەر داگیرکەردا خەباتی دەکرد، ھاوکات لە پرسە کۆمەڵایەتییەکانیش دوور نەبووە و دژی چەوسانەوەی ژن لە کۆمەڵگادا ھاوکارێکی بەرزی ھەبووە. زۆزان ئێستاش لە خزمەت بە پێشکەوتوویی کۆمەڵگاکەیدا ماندوویە و کۆڵنەدەرانە لە ڕێگەی ھونەر و پێگەی خۆیەوە خزمەت بە کورد و کوردستان دەکات.
مەڵبەندیی ھونەریی ماملێ پیرۆزبایی لە یای “زۆزان گولەر” دەکات و ھیوای بەختەوەری و سەرکەوتوویی بۆ ئەم
ھونەرمەندە ھێژایەی نەتەوەکەمان دەخوازێت.
مەڵبەندیی ھونەریی ماملێ بە ھاوکاریی ئەنیستیتۆی کورد لە ئەڵمانیا بۆنەیەکی ڕێزلێنان بۆ ئەم ھونەرمەندە ھێژایە پێک دەھێنێت و خەڵاتی ھونەریی ماملێ لەو بۆنەیەدا پێشکەش بە یای “زۆزان گولەر” دەکرێت.
مەڵبەندیی ھونەریی ماملێ ھاوکات سپاسی ئەم ئەنیستیتۆیە دەکات کە ھاوکاریان دەبن لەم بۆنەیەدا.مەڵبەندی ھونەریی ماملێ ساڵی ٢٠٠٨ لە لایەن بنەماڵەی ھونەرمەندی نەمری کورد مامۆستا “محەمەد ماملێ” دامەزراوە و ھەموو ساڵێک بۆ بەرز ڕاگرتنی یاد و بیرئانینی ئەم ھونەرمەندە پایەبەرزە خەڵاتێک پێشکەش بە ھونەرمەندە بەئەزموون و ناودارانی کورد دەکات کە بە بەرھەمەکانیان خزمەتی گۆرانی و موزیکی کوردییان کردووە و لە بەخشینی ئەم خەڵاتە گرینگەدا کەسایەتیی، ھەڵکەوتوویی، داھێنانی ھونەریی، ئەزموون، توانا و بەھرەمەندیی ھونەرمەندەکە ڕەچاودەگیرێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا خەڵاتی گۆرانیبێژی کورد محەمەد ماملێ بە چەندین ھونەرمەند و گۆرانیبێژی ناودار و بەئەزموونی کورد پێشکەش کراوە، لەوانە: لە ساڵی ٢٠٠٩ بە ژەنیاری بەتوانای شمشاڵ مامۆستا “قاڵەمەڕە”، لە ساڵی ٢٠١٠ بە گۆرانیبێژ و موزیکزانی کورد مامۆستا “باکووری”، لە ساڵی ٢٠١١ بە گۆرانیبێژی کورد “عەزیز شاھرۆخ” و لە ساڵی ٢٠١٢ بە گۆرانیبێژی کورد “عەبباس کەمەندی”.
ساڵی ڕابردووش لە ڕێوڕەسمێکدا کە ڕۆژی ٢٩ی کانوونی دووەم / یەنایەری ٢٠١٤ لە ھۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، پێنجەمین خەڵاتی گۆرانیبێژی کورد “محەمەد ماملێ” بە ھونەرمەندی گۆرانیبێژ “ناسر ڕەزازی” پێشکەش کرا.
بۆ زانیاری زیاتر:
http://www.mamle.net/?p=٣٤٢٠#more-٣٤٢٠