مەنسوور جیهانی ـ بە یاد و پێشکەش کردنی خەڵاتی سینەماکاری کورد ڕەوانشاد “تەها کەریمی” و خەڵاتی دەرهێنەری کورد شەهید “خەلیل داخ” یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی “کورت و کرمانجی” بەڕێوەچوو.
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی یەک خولەکی کورتە فیلمی “کورت و کرمانجی” Kurt û Kurmancî بە بەرپرسیاریی “فێرات کێڤێر” Ferat Kevir وێنەگری کوردیی دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیا، “ئاڕدین دێرین” Ardîn Dîren دیکۆمێنتساز و ڕۆژنامەوانی کوردیی باکووری کوردستان و “فەرهات بایسال” Ferhat Baysal بەرپرسی ماڵپەڕی “سینەمای کورد”ی دانیشتووی وڵاتی بەلژیکا، بە یاد و پێشکەش کردنی خەڵاتی سینەماکاری کورد ڕەوانشاد “تەها کەریمی” و خەڵاتی شەهید “خەلیل داخ” Xelîl dağ دەرهێنەری کورد و بە تەرکیز لەسەر تایبەتمەندیی و تواناکانی زمانی کوردی و بە هەوڵی ماڵپەڕی “سینەمای کورد” بە ناونیشانی www.sinemayakurdi.net و “تور فیلم” Tor Film و هەروەها بە هاوکاری یەکێتی مامۆستایانی کورد لە ئەورووپا بۆ ماوەی مانگێک بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو.
هۆگران و بینەرانی سینەما، دوای بینینی 16 بەرهەمی ئامادەبوو لە بەشی کۆتایی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی یەک خولەکی کورتە فیلمی “کورت و کرمانجی”، بە ڕێژەی 8641 دەنگیاندا کە دوای کۆتایی هاتنی قۆناغی دەنگدان، فیلمە براوەکان دەستنیشان کران و بەم شێوەیە خەڵات بەسەریاندا دابەشکرا:
خەڵاتی یەکەم:
ـ خەڵاتی یەکەم بە ناونیشانی خەڵاتی سینەمای “ئاموودە” Amûdê بە بڕی پارەی 500 یۆرۆ بە کورتە فیلمی “ئێستا بەبێ ترس” Êdî Bêyî Tîrs لە دەرهێنانی “ریزوان دیهارۆ” Ridwan Diharo بە بەدەستهێنانی 2017 دەنگ بەخشرا.
خەڵاتی دووهەم:
ـ خەڵاتی دووهەم بە ناونیشانی خەڵاتی ڕەوانشاد “تەها کەریمی” سینەماکاری بانەیی بە بڕی پارەی 500 یۆرۆ بە کورتە فیلمی “ق.و.خ” QWX لە دەرهێنانی “نووروڵڵا ئاکجان” Nurullah Akcan بە بەدەستهێنانی 1949 دەنگ پێشکەش کرا.
خەڵاتی سێیەم:
ـ خەڵاتی سێیەم بە ناونیشانی خەڵاتی شەهید “خەلیل داخ” Xelîl dağ دەرهێنەری کورد بە بڕی پارەی 500 یۆرۆ بە کورتە فیلمی “زەینی منداڵی” Hişê Zarok لە دەرهێنانی “فیرات یاووز” Firat Yavuz بە بەدەستهێنانی 1714 دەنگ بەخشرا.
خەڵاتی کوردستان:
ـ خەڵاتی تایبەتی “کوردستان” بە کورتە فیلمی “لە ماڵێ” Li Malê لە دەرهێنانی “خەلیل ئاکگوڵ” Xelîl Akgul بە بەدەستهێنانی 1358 دەنگ پێشکەش کرا.
لە وتاری کۆتایی بەرپرسانی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی یەک خولەکی کورتە فیلمی کورت و کرمانجیدا هاتووە: ئێمە بە بینەران و فیلمسازانی بەشداربوو لەم فێستیڤاڵە دەڵێین کە ماڵەکانتان لەو کاتەوە گەشەی کرد و پڕ لە ڕۆشنبیری بوو کە کورتە فیلمە کوردییەکانتان بۆ ماوەی مانگێک لە سەرتاسەری ئەم جیهانەوە بینی. زۆر سپاسی ئەو فیلمسازانە دەکەین کە ئەم بەرهەمە کورتە پڕمانا و کاریگەریان سازکردووە. ئێمە ڕێز لە پشتیوانی و لایەنگری ئێوە دەکەین و لە لایەن ماڵپەڕی “سینەمای کورد” www.sinemayakurdi.net و “تور فیلم” Tor Film بە خۆشەویستانمان لە وڵاتانی جۆراوجۆر ئەو مزگێنییە دەدەین کە تاکوو فێستیڤاڵی داهاتوو تامەجرۆیانە چاوەڕوانی ئێوە دەبین.
بۆ زانیاری زیاتر: