پێش نیوەرۆى ئەمرۆ هەینى رێکەوتى25/12/2009لەشارى بۆکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەکەش و هەوایەکى دۆستانەى جوان و بەرزى هونەرى و نەتەوەییدا رێورەسمێک بەرێوە چوو بۆ پێشکەشکردنى (خەڵاتى رێزلێنان لە هونەرمەندى ساڵ) کە لەلایەن (مەڵبەندى هونەرى ماملێ ) تەرخانکرابوو ،
نۆبەرەى بەخشینى ئەم خەڵاتەش پێشکەشى خوالێخۆشبوو هونەرمەندى شمشاڵ ژەنى دەست و پەنجە زێرین(قادرعبداللە زادە ناسراو بەقالە مەرە) کرا. لەم بۆنەیەدا کە ژمارەیەکى بەرچاو لە کەسایەتیانى رۆشنبیرى و هونەرىو ئەدەبى و ئەندامانى هەردووبنەماڵەى قالە مەرە وماملێ نوێنەرانى ناوەندوکۆروکۆمەڵەکان ئامادەبوون سەرەتا چەندچالاکییەکى هونەرى پێشکەشکران لەوانەش ژەنینى چەندپارچە ئاوازێک بەشمشاڵ لەلایەن یەکێک لە هونەرمەندانى لاو دواتر بەپێشکەشکردنى چەند ووتارێک و خوێندنەوەى چەندین پارچە پەخشان و هۆنراوە درێژە بە مەراسیمەکەدرا،هەروەها هونەرمەندان کاک جەعفەر وعبدالله ماملێ بەگۆرانیەک بەشداریان کرد و پاشان لەلایەن ئامادەبووانەوە لەچەند پەیڤ و ووتەیەکدا باس لە لایەنى هونەرى و هەوڵ و ماندووبونى هونەرمەند قالە مەرە کرا سەبارەت بە پاراستنى میلۆدوئاوازە رەسەنەکانى کوردى و گەشەپێدانى ئەو گەنجینە هونەرییە کە خودى هونەرمەند بەپشت بەستن بەخۆى وگەلەکەى و بەهەوڵ و ماندوبون و شەونخونى زۆرى تائەو جێگەیەى توانى برەوى بەهونەرەکەى داو سەرەنجام ئەو پێگە هونەرى و کەسایەتییە بەرزەى لێ هەڵ کەوت کەجێى شانازى هەموولایەک بێ و سەربەرزانەش خۆى گەیاندە کاروانى نەمرى لەمێژووى هونەرى ناوچەکەو گەلى کورد. لەبەشێکى ترى ئەو مەراسیمەدا لەلایەن هەردووبەرێزان (مامۆستا فەتاح ئەمیرى و جەعفەرى ماملێ ) خەڵاتى رێزلێنانى(ماملێ2009) بههەنەرمەندى ساڵ پێشکەشى ماڵباتى هونەرمەند (قالەمەرە) کرا.. دوابەدواى ئەم برگەیەش ئامادەبووان و بەشداربووانى رێورەسمەکە وەک رێزلێنان سەردانى ناڵەشکێنەى بۆکانیان کرد کەئارامگاو گڵکۆى هونەرمەند قالەمەرەى لەئامێز گرتووە لەپاڵ ئارامگاى هونەرمەندى گهورهو نەمر (حسن زیرەک) بۆئەم مەبەستەش دوابەدواى گەیشتنیان و خوێندنى سورەتى فاتیحە تاجە گوڵى وەفاو خۆشەویستى و رێزلێنانیان لەسەر گڵکۆى هەریەک لە (زیرەک و قالە مەرە)داناو پاشان بەرێز حورمەتەوە کۆتایى بەو مەراسیمە هونەرییە هات.
شیاوى باسکردنە ساڵی ڕابردو لەکاتى کردنەوەى (مەڵبەندى هونەرى ماملێ ) راگەیەندرا کەهەرساڵ بەگوێرەى توانا خەڵاتێکى رێزلێنان بۆهونەرمەندێکى کوردستان تەرخان دەکرێت ، وائەمجارەش بەخۆشحاڵییەوە یەکەم نۆبەرى خەڵاتى ماملێ لەساڵى 2009پێشکەشى هونەرمەندێکى ناسراو و هەڵکەوتووى وەک مامۆستا (قالەمەرە)دەکرێ ) جارێکى تر پیرۆزبایى و خۆشحاڵى خۆمان رادەگەیەنین بەبۆنەى بەرێوەچوونى ئەم رێورەسمە و سوپاسى هەمووئامادەبووان وگشت لایەن و کەسایەتییە رۆشنبیرى و ئەدەبى و کۆرى هونەرمەندان دەکەین کەبەشداربوون لەگەڵمان بۆسەرخستنى ئەو بۆنە پیرۆزە بەرزو بەرێز وشکۆداربێت کاروانى هونەرورۆشنبیرى گەلى کورد .. سڵاو و حورمەتمان بۆ سەرجەم هونرمەندانى ئەرک وەخۆگرى نەتەوەى کوردلەهەرکوێیەک بن .. سڵاو بۆهونەرمەندانى نتێکۆشەرانى ئازادیخوازهەڵگرانى پەیامى مرۆڤایەتى
مەڵبەندى هونەرى ماملێ