سەدیق سەعید ڕواندزی : لە کۆمەلگای کوردیدا، کە کۆمەلگایەکی پەتریاکییە و ڕوانینی پیاو تیایدا باڵادەستە،پاشخانێکی فەرھەنگی و ئایینی لەلایەن بەشێکی زۆری ڕەگەزی نێر ھەیە ئەویش ئەوەیە، کە ھەموو نەھامەتییەکانی بوون لە ژندا دەبینێتەوە. چونکە ئەوبووە ھۆکاری خواردنی بەری دارەکە لە بەھەشت و فڕێدانی ئادەم بۆ سەر زەوی.بێگومان نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت، کە بە ئاسانی نە ئەو زمانە دەگۆڕێت،نە ئەوبینینەش بۆ ژن نامێنێت، چونکە ئەو تێڕوانینە بەشێکە لە پاشخانی ھزری و ڕۆشنبیری پیاوی کورد.بۆیە ئەرکی ژن لە کۆمەلگەی ئێمەدا، وەستانەوەیە لە بەرامبەر ئەو دیدگا نێرسالارییە کە ژن بە سەرچاوەی ئاشووب دەبینێت نەک جوانییەکان. ژنان بەگشتی بە بڕوای من، دەبێ لەڕێی پەیامەکانیانەوە بە گژ ئەوھزرەدا بچنەوە و ژن وەک ئەوەی کەھەیە کەھێمایەکە بۆ جوانی و سۆز، بەردەوامی ژیان، ببینن.بەڵام لەزۆر کاتدا ژنان خۆیان نەک ھەر ئەو ڕۆڵە نابینن، بەڵکو بەجۆرێک لە جۆرەکان ھەمان ئەو ئەقڵییەتە پیاو سالارییە درێژە پێ دەدەن کە ڕەنگڕێژکردنێکی ئایینی ھەیە و ژن وەک ھاوڵاتی پلە دوو دەبینێت وبوونی تەنھا لە چوار دیواری ماڵ و کۆمەڵێک خورافەی دینی دەبینێتەوە، کە بەبڕوای بەشێکی زۆری ژنان،دەتوانێت ژیانیان بگۆڕێت. بێگومان ئەگەر پەراوێزێک لە ئازادی بۆ ژنان ھەبێت،ئەوا دەبێ خۆیان فراوانتری بکەن و ئەستەمە لە چاوەڕوانی ئەوەدابن ڕەگەزی نێرھەمان سەربەستی و ئازادی بۆ ئەوانیش بە ماف ببینێت. بەڵام کاتێ سەرنج لە ئەزموونی نووسینی بەشێک لە ژنانی کورد دەدەین، بەداخەوە درک بەوە دەکەین کە خەونەکانیان لە ژیاندا چەند بچووکن و چۆن وێرای ئەو ھەموو پێشکەوتنەش، ھێشتا خۆیان بە پاشکۆی پیاوان دەبینن.لە کاتێکدا ھەموو مرۆڤێک لە ژیاندا دەبێ خۆی بێت و ھەرکاتێک کەسێکی لە پشتی خۆیەوە بینی، کە ئەو نەما،بێگومان ئەویش کۆتایی دێت. لەو ڕوانگەیەوە کاتێ سەرنج لە شیعرەکانی خاتوو (ناز فەلەکەددین) دەدەین، درک بەوە دەکەین کە خەونی ئەو خاتوونە لە شیعردا، چەند خەونی بچووک و بێ بەھان، لەو شیعرانە دا شوناسی ژنێک نابینین کە خەونی یاخیبوون و ھاتنەوە بەگژ ئەقڵی پیاو سالاریی بێت، بەپێچەوانەوە بەڵکو ھەمان ئەو خەون و خۆزگانەن کە پیاوان بۆ ژنان بەڕەوای دەبینن. لە کۆمەڵە شیعری نەسیمدا، ژن ھەمان ئەو بوونەوەرە کۆمەلایەتیەیە کە کۆمەلگە دەیبینێت. ھەمان ئەو کارەکتەرە لاواز و بێ ھێز و خەون و خولیایەیە، کە ئەگەر پیاوێک لە پشتی نەبێت یەک چرکەش ناتوانێت بژیت.بۆیە ئەرکی ژنانە کە ئەو دنیابینیە کاڵ بکەنەوە، وەلێ بە داخەوە دەبینین بەشێک لە ژنانی ئێمە نەک ھەر ئەو دنیابینییە قووڵتر دەکەنەوە، بەڵکو ناشیشارنەوە کە ئەگەر پیاوێک نەبێت، ئەوا ئەوان بێ ھێزو دەسەڵاتن.ئەمەش دروست ئەو خۆزگەیە کەپیاوان دەیخوازن. لەکۆمەڵە شیعری نەسیمدا، ئێمە خەونی گەورەی ژنێک نابینین کە بە گژ ئەقڵی پیاو سالاریی و دینی کۆمەلگەدا بێتەوە، بە پێچەوانەوە بەڵکو خەونێکی بچووک دەبینین کە لە چوارچێوەی ماڵ و یار و ڕۆمانسییەتدا دەرناچێت.خەونێک کە تەنھا بوونی ژن لە ھەندێک شتی بەرجەستەیی بێ بەھا دەبینێتەوە.خوێنەر لەو کۆمەڵە شیعرەدا، زۆر بەدەگمەن دنیابینی ژنێک وەک شاعیرێک دەبینێت کە ھێندە گەورە و مەزن بێت، ئەو سنوورانە تێبپەڕێنێت کە بۆی کێشراون. بەڵکو ئەویش ھاوشێوەی ھەزاران ژنی دیکە جگە لە چەند خەونێکی بچووک ھیچی تری نییە. ئەوەتانێ لە شیعرێکدا دەڵێت:_
دنیای ئەم ڕۆژانەی من و تۆ..
بەقەد گوارەکانمە..
من داھاتووی ماڵەکەم بە مۆمێک ڕووناک دەکەم..
بێگومان یەکێک لەو ڕوانینانەی بە شێکی زۆری پیاوی کورد بۆ ژن ھەیەتی،لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە دەبێ ژن ماڵێکی ھەبێت. کەماڵیشی ھەبوو، ئەوا ھاوسەرو منداڵیشی دەبێت. بەدەربڕینێکی تر لە پاشخانی فەرھەنگی و کولتووری کۆمەلگەی کوردیدا، شوێنی ڕاستە قینەی ژن چوار دیواری ماڵە. لەوێدا ھەموو ئازادی و سەربەستییەکان زنجیر دەکرێن. ماڵ ئەو شوێنەیە کە گوزارشت لە بوون و پێگەی ژن دەکات. چونکە لە ڕوانگەی زۆربەی پیاوەکاندا،ژن وەک ئامیرێکە ھەم بۆ تێرکردنی ڕەمەکەکانی، ھەمیش بۆ خستنەوەی منداڵ. زۆرجاردەوترێت(ژنێک بێنە و ماڵێک دابنێ). واتە ئەرکی ڕاستەقینەی ژن تەنھا ماڵدارییە. ھەڵبەتە ژنان کاتێک دەتوانن ئەو دیدگایە نەھێڵن، کە یاخی ببن، کە بوون وشوناسی خۆیان سەلماند. کە خەونی گەورەیان ھەبوو لە ژیاندا، کەچی بەداخەوە ئەوخاتوونە ھەموو دونیا بچووک دەکاتەوە لە گوارەکانی وەک ئێکسواراتێکی جوانکاریی بێ بەھا کە بوون و نەبوونی وەک یەکە. ئەو لەبری ئەوەی ئەو دنیایەی تیایدا دەژیت بۆخۆی و ھاوڕەگەزەکانی گەورەترو فراوانتر بکات، بە پێچەوانەوە بچووکی دەکاتەوە ھێندەی قەبارەی گوارەیەک کە نابینرێت! لێرەوەش ئەو پەیامەمان بۆ دەردەکەوێت کە دنیا لای ئەو، بچووک و بێ بەھایە. لەلایەکی دیکەوە ئەو خاتوونە شاعیرە خواستی خۆی بۆ ماڵێک نەشاردۆتەوە، کە پیاوان وایدەبینن کە ژنان تەنھا خشڵ و ماڵ و مۆبیلیات و کەوانتەرودوامۆدێلی چێشتخانەیەکی جوانییان ھەبێت بەسە. بێ ئاگا لەوەی ماڵ لە کۆمەلگەی کوردیدا ھێمای بەستنەوە و نەبوونی ئازادی و سەربەستییە بۆ ژن. ئاخۆ ئەو خاتوونە سەردانی شەلتەرەکانی کردووە کە چۆن سەدان ژن لە ترسی زەبرو زەنگی ڕەگەزی نێرلە ماڵ، چواردیواری ماڵەکانیان جێھێشتووە؟ڕووناک کردنەوەی ماڵ بەوەدا ناکرێت مۆمێک دابگیرسێنین، بەڵکو بەوە دەکرێت ڕۆشنایی بخەینە نێو ئەقڵی داخراو و دۆگمای زۆربەی ھەرە زۆری پیاوەکان، کە لایان وایە ژن ھەموو خولیای لە ژیان، بوونی ماڵ و مێردە. بێگومان لە کۆمەلگا ڕۆژھەڵاتییەکاندا و کوردیش وەک یەکێک لەو کۆمەلگایانە، ھەمیشە ژن بە پاشکۆی پیاو دەبینرێت، ھەمیشە وەھا وێنا دەکرێت کە ئەگەر ژنێک پیاوێکی نەبوو، ئیدی ئەو ھیچ نییە. ئەم ڕوانینە بەشێکە لە پاشخانی میللی و کولتووری کۆمەلگەی ئێمە،ڕەنگە تا ئێرە ئاسایی بێت(گەرچی ئاساییش نییە)،بەڵام بەبڕوای من، ناکرێت ژنێک لە شیعردا ھەمان ئایدیا بەرھەم بێنێتەوە، ناکرێ شیعر بکەینە سەکۆیەک کە ئەوەندی ترپیاوان پیاوبوونی خۆیانی تێدا ببیننەوە، بەڵکو دەبێ لە دژ ئەو ڕوانینە بوەستینەوە. دەبێ ژن لە شیعردا ھەڵگری ئەو گوتارە بێت کە ئەویش وەک پیاو مرۆڤە و یەکسانن لە ئەرک و مافدا و ھەموو جیاکارییەکان کۆمەڵگە پێی بەخشیون.کەچی ئەم خاتوونە لە شیعردا ئەوەندەی تر پاشکۆبوونی خۆی بۆ پیاو دەردەخات و ھەموو بڕوا و خەونەکانی بە گەورەیی پیاوێک ھەڵدەواسێت. بۆیە لە شیعرێکدا دەڵێت:_
ئەی یاری ڕۆح و دەروونی من..
لەپەرستگەی دین و ئیمانی من.
ھەم ڕابەرو ھەم ڕێگری من..
بێ من مەڕۆ..
لەڕاستیدا، یەکێک لە دیارترین ئەو سیمایانەی لە بەشێکی زۆری دەقی بە ناوشیعری ئێستادا دەبینرێت، ئەو کرووزانەوە و نووزانەوەیە، کەھیچ شوناسێک بۆ مرۆڤ ناھێڵێتەوە. ئەو جۆرە دەقانە لە بری ئەوەی وەک شیعرەکانی لۆڕکا فرانکۆ بتۆقێنن و وەک شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس رەفیق سابیر،بەعس بخەنە لەرزین، بەداخەوە دێن دەکرووزێنەوە بەڵکو یار بەزەیەکی پێیان دابێتەوە و سەیرێکییان بکات!! من ئەو سیمایەم لە بەشێکی زۆری شیعری ئێستا بینیوە و لەوبارەوە ڕەخنەشم کردوون. چونکە بڕوام وایە، شیعر دەبێ مرۆڤی یاخی، ئازادیخواز، سەربەست و بەھێز بونیاد بنێت، نەک کەسێکی لاوازو بێ دەسەڵات کە ھەموو باوەڕی وابێت ئەگەر پیاوەکەی لەدەستدا، ئیدی ماڵوێران دەبێت. ھیچ مرۆڤێک نابێت لە ژیانیدا ھێندە بێ بایەخ بڕوانێتە بوونی خۆی، کە کەسێکی دیکە بەڕابەرو پەرستگە و موقەدەسی خۆی بزانێت.چونکە مەسیح وتەنی:(چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر ھەموو دونیا بەرێتەوەو خۆی بدۆڕێنێت!). ژنان دەبێ لە شیعردا، ئەو پەیامە بگەیەنن کە ئەوانیش ھاشێوەی پیاوانن و دەتوانن ھەموو گۆڕانکاریی و کارێک بکەن، نەک پاشکۆی پیاوان بن. بۆمن وەک خوێنەرێک ڕەوا نییە خاتوونێک ھێندە بەلاوازی لە شیعردا خۆی نیشان بدات، کەمانایەک بۆ بوون و شوناسی خۆی نەھێڵێتەوە. ئەی ئەویش مرۆڤ نییە؟ خەون و خۆزگەی نییە؟ بۆ دەبێ وای پیشان بدات کە ئەگەر پیاوێک نەبێت، ئەو ناتوانێت بژیت؟ بەداخەوە ئەمە خزمەتکردنە بەو خواست و خەونانەی پیاوان ھەیانە و تا ئەندازەیەکی زۆریش بۆیان چۆتە سەر. لە شیعرێکی دیکەدا ئەو خاتوونە دەڵێت:_
کەھاتی سەرپۆشەکەم بێنە..
بۆ نوێژی یەکبوونم..
شەونمێک بێنە بۆ ھەستی ژن بوونم..
یەکێک لەو شیعرانەی لە ئەزموونی شیعری کوردی بەگشتی و لە مێژووی شیعری کوردیدا بۆمن جێگەی تێڕامانە و بەردەوام دەچمەوە سەری، ئەو شیعرانەی فایەق بێکەسن کە باس لە یەکسانی نێرو مێ، فڕێدانی پەچەی شەرم، ڕەخنەکردنی ئایینی دەکات. بێکەس ھەفتا ساڵ لەمەوبەر ئەوە تێگەیشتنی بووە، کەچی لە ئێستادا بەشێک لەوانەی گوایا شیعر دەنووسن نەک ھەر ناتوانن وەک بێکەس بیر بکەنەوە، بەڵکو بەھەمان شێوەی خەڵکە ھەمووەکییەکە ژیان دەبینن. ئەو خاتوونە بە ئاشکرا لەو شیعرەیدا بانگەشە بۆ شاردنەوەی قژو لەچک و پەچە دەکات. ئەو دەزانێت لە ئیسلامدا( ھەرچەندە خۆی ئایینێکی جیاوازی یەکجار مرۆڤدۆست و جوانی ھەیە) سەرپۆش لەسەر کردن، یەکێکە لە بنچینەکانی ئایین. دەبێ ژنان خۆیان بپۆشن و سەرو دەم و چاویان دیار نەبێت. ئەمە بەشێکە لە سوننەتی ژنان و کۆمەلگەش لەڕێی پاشخانی ئایینیەوە سەپاندوویەتی بە سەر ژنان، ئەو خاتوونە لەبری ئەوەی بانگەشەی ئازادبوونی مرۆڤ لە ھەموو جۆرە کۆت و بەندێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی بکات، بەداخەوە ھەستی ژنبوونی خۆی لە سەرپۆشدا دەبینێتەوە. ھەڵبەتە مرۆڤەکان ئازادن لە ھەڵبژاردنی ئایین و بەشێکە لەبیرو باوەڕی خۆیان و مافێکی ئەوانیشە. بەڵام نابێ لە شیعردا بانگەشەی چەسپاندنی ھیچ بنەمایەکی دینی بکەین و دەبێ ئەو سەربەستییە دواجار بۆخودی مرۆڤەکان خۆیان جێبێڵین. وەک چۆن کەسانێک ھەن باوەڕیان پێیەتی، کەسانێکیش ھەن لە گەڵیدا نین، ئەرکی شاعیر لێرەدا ئەوە نییە لە ڕێگەی شیعرەکانییەوە ژنان فێری پۆشینی پەچە و بنەما ئایینییەکان بکات، بەڵکو دەبێ لەڕێی شیعرەکانییەوە، ھوشیاریان بکاتەوە بۆ ئەوەی درک بەمافەکانیان بکەن. دەبێ ئەو ھەستەیان لای دروست بکات، کە شانازی بە ژنبوونی خۆیانەوە بکەن و ژنێتی وەک سەرچاوەی ئاشووب نەبینن. نابێ ژنێک خەونی ھێندە بچووک بێت کە ژنێتی خۆی لەسەرپۆشدا ببینێتەوە.بەبڕوای من ئەمە بانگەشەکردنێکی ئاشکرای دینییە.چونکە ئەو لە شیعرێکی دیکەشیدا ئەودیدگایەی خۆی بەیان دەکات و دەڵێت:_
کاتێ چرای پیاوچاکان کوژاوە..
مانگەشەو نەماو مرد..
بۆنی مرۆڤایەتیش سەفەری کرد..
دیارە ھەموومان دەزانین مەفھومی پیاوچاکان لە نێو کۆمەلگەی کوردی ئێمەدا چ دەلالەتێکی ھەیە. ئەو چەمکە فۆڕمێکی ئایینی ھەیەو بە سەدان وبە ھەزارن ژنیش باوەڕیان پێیەتی. کەلایان وایە پیاوچاکان مرازو خەونەکانیان دێنێتە دی.کە ئەمەش ھەمان بیر کردنەوەی ئەو ژنە سادە و ساکارو دواکەوتوو بێ خەونانەن، کە تەنھا خۆیان وەک ژن دەبینن ولایان وایە شوناس و بوونی ئەوان لەدەست کەسانی تر دایە. لە کۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە لەم کۆمەڵە شیعرەدا، دەیان و سەدان ھەڵەی زمان و ڕێنووس، دەربڕین و مانا ھەن، وەلێ چونکە پێویستی بەکات و خوێنەوەی زیاترە، ناپڕژێینە سەری. دواپەیامیشم بۆ ژنانی خۆشەویستی کورد ئەوەیە، کەخەونی گەورەیان ھەبێت، بەناوشیعری شاعیرانێک نەخوێننەوە کە لە جیاتی ئەوەی ھەستی ژنبوونیان لەلا جوانترو پیرۆزتر بکات، ئەوەندەی تر بچوکیان دەکاتەوە و خەونەکانیان نەزۆک دەکات!!………….
*پەراوێز/ نەسیم/ کۆمەڵە شیعر/نووسینی ناز فەلەکەددین /ساڵی چاپ ٢٠١٨ھەولێر..
* ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی ٠ۆِێگای کوردستان)ژمارە ١١٧٣ی ڕۆژی ٢١-٥-٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە………..