سەدیق سەعید ڕواندزی
ساڵانێکە وەک خوێنەرێک، بە تاسەوە ڕۆمان دەخوێنمەوە.بە تایبەتیش ئەوانەی نووسەرەکانیان دەسپێکی نووسینیانە لەوبوارە. خوێندنەوەی ڕۆمان وەک ژانرێکی ئەدەبی بۆ من لە دوو ڕوانگەوەیە. یەکەمیان چێژ وەرگرتن و خوێندنەوەی تێکستێکی ئەدەبییە، ئەوەی تریان بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی زمانەکەم وئاشنابوونی زیاترە بە زمانی کوردی کە دەبێ ڕۆماننووس شارەزایەکی ووردو زۆری لێ ھەبێت. چونکە زانینی زمان و شێوەی داڕشتن و گوزارشتکرن، ئەلف و بێی نووسینی ڕۆمانە. ھەرکەسێک توانای بە سەر زماندا نەشکێت، باشتر وایە ڕۆمان نەنووسێت.ئەوەی جێگەی سەرنجە لام، لە میانەی ئەزموونی خۆم وەک خوێنەرێک لە بواری خوێندنەوەی ڕۆماندا، تا ئەندازەیەکی زۆر گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە بەشێکی زۆری ئەوانەی خۆیان بە نووسینی ڕۆمانەوە سەرقاڵکردووە(نەک ڕۆماننووسن) شارەزایەکی ئەوتۆیان لە زمانی کوردی نییە. نازانن چۆن چەمک ودەستەواژە و دەربڕین و گوزارشتە زمانەوانییەکان، لە بونیادی زماندا بەرجەستە بکەن. بۆیە دەکەونە ھەڵەی سەیرەوە کە خۆشیان ھەستی پێ ناکەن. گەرچی ئەو نووسەرانە ھەوڵدەدەن لە ڕێگەی فەنتازیای نووسین و زمانێکی پەخشان ئامێز، جۆرێک لە ئستاتیکا بە وشەکان بدەن تاکو سەرنجی خوێنەر ڕابکێشن. بەڵام کاتێ دەچینە قووڵایی وشە و ماناکان، ئیدی دەستەپاچەیی ئەوانمان بۆ دەردەکەوێت. ئەم کارەم وەک ئەوە دێتە بەرچاو کە خانووێکی لە قوڕ دروست کراو، بە بۆیەیەکی جوان بڕازێنییەوە. خاڵێکی دیکەیان ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لەوانەی بە خەیاڵی خۆیان ڕۆمان دەنووسن، تووشی کاوێژکردنەوەی وشە و درێژدادڕیی و دووبارەبوونەوەی وێنەکان دەبن. بابەتی بەشێکی زۆر لەو جۆرە ڕۆمانانە، دەکرێ پوخت و چڕوکورت بکرێتەوە لە چەند لاپەڕەیەکی کەم. یاخود ئەوەی ڕۆماننووس بەو ھەموو نووسینەوەیەوە گوتویەتیی، دەتوانرێت کورت بکرێتەوە بۆ چیڕۆکێکی زۆرکورت. نموونەی بەرجەستە لەم ڕووەوە زۆرن گەرخوێنەر مەبەستی بێت ئاماژەیان پێ بدات. لەو ڕوانگەیەوە یەکێک لەو ڕۆمانانەی لە زۆرلایەنی زمانییەوە ھەڵە و کێماسی ھەبوو ڕۆمانی(خەونەکانی کەژاڵ)ە. ئەم ڕۆمانە، سەرگوزشتەی ژنێکی کوردمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ناوی(کەژال)ە و لەکەنەدا دەژیت. کەژاڵ، دوای ئەوەی بە خۆشەویستی شوو بە کامەرانی ھونەرمەند دەکات، لەگەڵیشیدا دەچێتە کەنەداو لەوێ دەژیت. دوای ماوەیەک ناتوانن وەک دوو ھاوسەر بە یەکەوە بژین، بۆیە کەژاڵ لێی جیا دەبێتەوە و ئەمجارەیان شوو بە کوردێکی ڕۆژھەڵات دەکات بە ناوی ئومێد، لەویش جیا دەبێتەوەو ئەمجارەیان شوو بە کەسێکی دیکە دەکات بە ناوی عەباس. کەژاڵ لە گەڕانەوەیەکی دا بۆ کەرکوک عەباس دەناسێت و ئەڵقەی دەزگیرانی دەگۆڕنەوە، بەڵام لەویش جیا دەبێتەوە. کاارەکتەری ڕۆمانەکە، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی لە ژیانی خێزانی دابووە، بە نھێنیش مامۆستا بە ختیاری خۆشویستووە کە چەند ساڵێک لە خۆی گەورەترو ھاوکات ھاوسەر و منداڵیشی ھەیە. واتا لێرەدا ڕۆماننووس، ناڕاستەوخۆ ڕەوایەتی بەوە دەدات، کە کاتێ کەسێک لە ژیانی تایبەتی و خێزانداری خۆیدایە، دەکرێ بە نھێنیش کەسێکی دیکەی خۆشبوێت و ناپاکی لە ھاوسەرکەی بکات. لە کاتێکدا ئەم جۆرە پەیوەندییانە، یەکێکن لە گەورەترین ئەو گرفتە کۆمەڵایەتی و کەسی و خێزانی و پەروەردەییانەی، سەرچاوەی سەدان ڕووداوی دڵتەزێن و تراژیدین لە کۆمەڵگەی کوردیدا، کە زۆرینەیان سەردەکێشن بۆ کوشتن و خوێنڕشتنی مرۆڤ. ئەم جۆرە تیمانە لە نووسینی ڕۆماندا، وەک بابەتێکی سواوی لێھاتووە و ھەمیشە دەکرێنە کەرستەی نووسینی بە ناو ڕۆمانی بێ مانا و تەنانەت ھەندێکییان لە پەراوێزییەوە لە کۆمەڵگەی خۆشیان دەدەن. ھیچ داھێنانێک لەوەدانییە، نووسەرێک بابەتێکی سواو بکاتە کەرستەی نووسینی ڕۆمانێک. وێرای ئەمەش لە ڕۆمانەکەدا، خوێنەر بەر چەندین ھەڵەی زەق لە ڕووی زمان و دەربڕینەوە دەکەوێت کە لێرەدا ئاماژەیان پێ دەدەین:_
* لا-١٤ -نووسیویەتی:_(ستۆدیۆی نیگار کێشان). نووسەری ڕۆمانەکە (ستۆدیۆ)و(مەرسەم)ی لەیەکتر جیا نەکردۆتەوە، وا دەزانێت ھەردووکییان ھەمان مانایان ھەیە. ستۆدیۆ بۆ تۆمارکردنە (مەرسەم) کە بە کوردی (نیگارخان) ەی پێ دەگوترێت، شوێنی وێنە کێشانە.
* لا ١٤_نووسیویەتی:_(کامەران کەسێکی قرچۆک و چاوچنۆک بوو، نرخی کراس و پێلاوەکەی لە سەرووی ھەزار دۆلاربوو). سەیرم پێدێت کەسێک ڕۆمان بنووسێت و خۆی پێ ڕۆماننووس بێت، بەڵام ھەڵەی وەھا کۆمێدی بکات. ئاخر کەسێک قرچۆک بێت، چۆن پۆشاکی گران بەھای بەو نرخە دەپۆشێت؟!.
* لا١٤ _نووسیویەتی:_(بە فیکە لێدان تەماشای تابلۆیەکانم کرد). ئەگەر بینەرێک تەماشای تابلۆیەک بکات، لێی ڕادەمێنێت و چێژی لێ وەردەگرێت، یاخود فیکەی بۆ لێ ئەدات؟ ئەمە با ڕۆماننووسی وەڵامان بداتەوە؟.
* لا٢٨_نووسیویەتی:_( ئومێد دەڵێ ھەفتەی داھاتوو دەچمە حەج) نووسەری ڕۆمانەکە وادەزانێت (حەجکردنیش) وەک(عەمرە)یە، ھەر کاتێک مرۆڤ ئارەزووی کرد دەتوانێت بچێت!؟.
* لا٤٢-نووسیویەتی:_(کەژاڵ قونکی جگەرەکەی خستە ژێر پێی و پانیکردەوە). نووسەری ڕۆمان وادەزانێت وڵاتی کەنەداش کوردستانە، خەڵک بە ئارەزووی خۆی ژینگە پیس بکات.!
* لا ٦٥-نووسیویەتی:_( پیرەمێردێکی جوو، خەونەکەی بۆ شیکردمەوە). بنووسی ڕۆمانەکە وا دەزانێت جووەکانیش وەک موسڵمانەکان، باوەریان بە خەون بینین ھەیە! یەکەمجارە، ئەمە دەبیستم. دواتر خەون لێک دەدرێتەوە شیناکرێتەوە بۆ زانیاریی نووسەری ڕۆمانەکە.)!.
* لا ٦٦_:_(بەختیار بە نیلۆفەر دەڵێت، ئەم جوجکەیە کوڕە، یان کچ). نووسەری ڕۆمان، وادەزانێت ژنیش وەک مریشک ھێلکە ھەڵدێنی و (کورک) دەبێت، دەنا چۆن بە منداڵی دەگوت جوجکە!؟.
* لا٨١-نووسیویەتی:_(بە پێی شەریعەت، ئەگەر ژن و مێرد تا ساڵێک بە یەکەوە نەبوون، ھاوسەرگیرییەکەیان ھەڵدەوەشێتەوە). نازانم نووسەری ڕۆمان، ئەم شەریعەتەی لەکوێ ھێناوە؟ ئەمەیە کۆمێدیای بەشێک لە بە ناو ڕۆماننووسانی ئێمە، کە لە ھیچ بوارێک شارەزانین و قسەشی لە بارەوە دەکەن. چونکە نووسەری ڕۆمان دەبێ بزانێت، لە ئیسلامدا، ھیچ ھاوسەرگیرییەک دوای ساڵێک بە تاڵ نابێت، بگرە ھەر ھەڵناوەشێتەوە، تاکو بەتەڵاق کۆتایی نێت.).
* لا٩٣نووسیویەتی:_(ژن بە سەماوارەوە جوانە). سەیری ئەو دیدە خێڵەکییە بکەن بۆ ژن!.
* لا١٤٢نووسیویەتی:_(نیو چارەگە سعات وەرزشم کرد). لەڕاستیدا، نیو چارەگ عەرەقم بیستووە، بەڵام نیو چارەگ کاتم نەبیستووە !.
* لا١٤٨ نووسیویەتی:_(کەژال بە بەختییار دەڵێت: تۆسەگی و من پشیلە).
* لا ١٦٨(دوای ئەوەی بەختیار بە ھۆی ڕووداوی ئوتومبێلەوە دەکەوێتە حاڵەتی کۆماو بێ ھۆشییەوە، کەژاڵ دەڵێت:_ (ھیدفۆنی مۆبایلەکەم خستە گوێی بەختیارو ئەویش گوێی لە گۆرانی ئێمە گیانێکین لە دوو جەستە دا دەگرت). نازانم کەسێک لە دۆخی غەیبوبو دابێت، چۆن دەتوانێت گوێ لە گۆرانی رابگرێت.
خاڵێکی دیکە کە بەپێویستی دەزانم ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە، کە نووسەری ڕۆمانەکە، ھاوشێوەی دەیانی تر کەوتۆتە ھەڵەی دیاریکردنی ڕۆڵی کارەکتەرەکان و پاشخانی ھزریی و پەروەردەییان. بەو مانایەی، گەرچی ڕووداوەکان لە وڵاتی کەنەدا ڕوودەدەن و بنەماڵەی بەختیاریش زیاتر لە بیست ساڵە لەو وڵاتە دەژین، وەلێ ھێشتا وەک خێزانێکی داخراوی ڕۆژھەڵاتی و میللی بیردەکەنەوە. بۆ نموونە:- بەحتیار کە کارەکتەرێکی سەرەکی رۆمانەکەیە و ھەندێ جار ڕۆڵی بگێڕەوەی ڕووداوەکانیش دەبینێت، لە ھەمان کاتدا نووسەرو مامۆستاشە، کە چی زمانی ئەو کارەکتەرە، لە زمانی کەسانی سەر شەقام و بازاڕ دەچێت. بەختیار دەڵێت:_( با سیر بخوات و زوڕنا لێ بدات) یاخود (کەرایەتی بەری داوی). ئەم جۆرە لە زمانی دەربڕین، لە زمانی کەسانی خێڵەکی و میللی دەچێت، نەک زمانی نوووسەرێک و ئەو نووسەرەش، بیست ساڵ لە کەنەدا ژیا بێت. سوقرات دەڵێت:_(قسە بکە تا بزانم کێی). بیرمان نەچێت، زمانی دەربڕین و قسە کردن، ڕەنگدانەوەی پاشخانی ھزریی و کۆمەڵایەتی مرۆڤە. چەند، ئەو پاشخانە دەوڵەمەند بێت، ئەوەندەش زمانی دەربڕین بابەتی تر دەبێت. ئەو زمانەی بەختیار و کامەران و کەژاڵ و ھەموو کارەکتەرەکانی دیکەش کە پێ دەدوێن، لە ڕاستیدا یەک ناگرێتەوە لەگەڵ ئاستی ھوشیاریی و پێگەی پیشەیی و کۆمەڵایەتییان. بە تایبەتی کە ئەو کارەکتەرانە لە کەنەدا دەژین و ھەمووشمان دەزانین ئەو وڵاتە و کوردستان لە ڕووی ڕێساکانی ژیانەوە چەند لە یەکتری دوورن. کەچی نووسەری ڕۆمانەکە، ھەروا دەزانێت لە کوردستانە، ئەوھا جلەوی بۆ ڕووداوەکان شل کردووە. سەیرم پێدێت کەسێک نووسەر بێت و بیست ساڵیش لە کەنەدا ژیا بێت و کەچی زمانی ئاخاوتنی وەک زمانی مرۆڤەکانی نێو بازاڕ بێت. ئەمە بە داخەوە گرفتی بەشێکی زۆری بە ناو ڕۆماننووسانی ئێمەیە، کە نازانن چۆن ڕۆڵی کەسایەتی و کارەکتەرەکان لە ڕۆماندا دیاری بکەن.
وێرای ئەمەش، ھەر زمانی ڕۆمانەکە، بەگشتی زمانێکی سادە، حیکایەت ئامێز، بێ چێژو نا ھونەرییە. خوێنەر کە ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە، وا ھەست دەکات وتارێکی سادەی ڕۆژانە دەخوێنێتەوە، کە گفتوگۆ و دەربڕینەکانی ھیچ بەھایەکی مەعریفی و ئستاتیکییان نییە. دواتر بیکاتە بابەتی بە ناو ڕۆمانێک و دەزگاکانی چاپیش لە پای ھەر پەیوەندییەکەوە بێت، بۆی چاپ بکەن ھەر لە ڕۆمانەکەدا، ئەوەندە ھەڵەی چاپ ھەن، کە واتای ھەموو وشەکانییان شێواندووە.ئەگەر خوێنەر وردبین نەبێت، نازانێت ئەو وشەی نووسراوە مانای چییە. ھەر بۆ نموونە پیتی(گ) لە کاتی تایپکردنەوە، بە ھەموو وشەکانەوە نووساوە. ھیوادارم بەشێک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، بزانن ڕۆمان نووسین ھونەرە، مەرج نییە ئەوەی تیمەیەکی لە خەیاڵ دابوو، بە شان و باڵی دەقەکە و نووسەرەکەشی ھەڵبدەن و ئەوانیش چەندین دەقی دیکەی لەو شێوەیە چاپ و بڵاو بکەنەوە. ئەم جۆرە بنووسانە، لە ڕاستیدا وەک مەلەوانێکی نەزان وان لە دەریایەکی قووڵدا. ئەگەرکەسێک مەلەوانی نەزانێت چی لێدێت؟ بێگومان دەخنکێ. زمانیش وایە، ئەگەر نووسەر شارەزای ھەموو سووچێکی نەبوو، دەسەڵاتی بەسەر گوزارشت ودەربڕیندا نەشکا و ڕۆمانیشی نووسی، ئەوا وەک مەلەوانە نەزانەکەی لێدێت.
*پەراوێز: ڕۆمانی خەونەکانی کەژاڵ، نووسینی: جەبار قادر، بڵاوکردنەوەی:کولتوور ژمارە ١٠ ٢٠٢٠.
*ئەم بابەتە لەلاپەڕەی ئەدەبی ڕۆژنامەی خەبات بڵاوکراوەتەوە…