وشیار ئەحمەد ئەسوەد: بەر لەوەی (هەڵکەوت زاهیر) و (چۆپی فەتاح) لە ئەلبوومی “کریستاڵ”دا یەک بگرنەوە و بەبەرهەمگەلێکی نوێمان ئاشنا بکەن، ئەو دەمەی تەنیا وەک هەواڵ گوێبیستی دەبووین، من لە دوو نووسینی جیادا ئاماژەم بەدووریی زەوی و ئاسمانی نێوان ئەو دوو هونەرمەندە لە شێوازی کارکردندا کرد، لەبەر ئەوە نا کە یەک لەو هونەرمەندانە خاوەنی خەوشە زەقەکان بێت لە کارە هونەرییەکانیدا، بگرە پتر مەبەستم دوو شێوازی کارکردنی هەرچەندی بڵێی دوور لە یەکترن، بۆیە هەر لە سەرەتاوە دەمزانی (هەڵکەوت) ئەگەر هەموو تواناکانی خۆیشی بۆ ئەو ئەلبوومە خەرج بکات، لەمەیاندا ناتوانێ وەک نیشانچییەکی کارامە خۆی بنوێنێ، بێگومان (چۆپی)ش بەهەمان شێوە، وێڕای ئەوەی ئەو خاتوونە خاوەنی دەنگێکی کریستاڵییە، بەڵام لە “کریستاڵ”دا نەیتوانیوە بەهونەرێکی باڵامان ئاشنا بکات، بۆیە دەبوو هەردوو هونەرمەند ڕێنوێنییەکانیان بەهەند وەربگرتایە.
من لێرەدا مەبەستم نییە وەک زۆر لە نووسینەکانی دیکەم هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی گۆرانییەکان یان زۆربەیان بکەم، ئەمەیان بابەتێکی ڕژدتر دەخوازێ کە بەدڵنیاییەوە لە داهاتوودا دەیخەینە بەر قەڵەمی ڕەخنەوە، ئەوەی پتر جێگەی سەرنجە، ئەلبوومی “کریستاڵ” بەر لە بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەکی پتری هەبوو وەک لە دوای بڵاوبوونەوەی، زۆر بوون ئەوانەی چاوەڕێ بوون لە بەیەکگەیشتنی ئەو دوو هونەرمەندە گەنجەدا دنیایەک داهێنان لە گۆرانیی نوێ و هاوچەرخی کوردی ببارێنن، بەڵام کەتوارەکە پێچەوانەکەی پێ گوتین، مەبەستم ئەوەیە کەتوارەکە بۆچوونەکانی پێشترمی سەلماند کە دوو هونەرمەند و هەریەکەیان بەجیا هەرچەند بەتوانابن، هەرگیز مەرج نییە لە بەیەکگەیشتنیاندا بەرهەمی کریستاڵیمان پێشکەش بکەن.. کەتوارەکەیش نەک تەنیا لە دروستنەکردنی جەدەلە بۆ ئەلبوومەکە، بگرە وەڵامدانەوەی خەڵکی ئاساییش لە دەرەوەی ناوەندە هونەرییەکە بۆ ئەو ئەلبوومە لە ئاست پێویستدا نەبوو، یان لە ئاست ئەو دەنگۆیە نەبوو کە بەر لە بڵاوبوونەوەی بۆ ئەلبوومەکە دەکرا.
لەنێو “کریستاڵ”دا چەند گۆرانییەک شک دەبەین (چۆپی)یەکی دیکەمان پێدەناسێنن، واتە ئەو دەنگە نییە کە ئێمە پێشتر پێی ئاشنا بووین، ڕاستە (هەڵکەوت) لەسەر ستایلگەلێک کاری بۆ ئەو خاتوونە کردووە کە پێشتر کاری لەسەر نەکردوون، بەڵام بایەخ لەو شوێنەدا نادۆزینەوە، چونکە لە گۆرانیدا گرنگ دۆزینەوەی لایەنە شاراوەکانە بەپێی ئەسڵی دەنگەکە خۆی، ئەمەیش ناسینەوەی جۆری دەنگەکان لەلایەن ئاوازدانەرەوە دەگەیەنێت (میلۆدییەکانی ئەنوەر قەرەداغی بۆ چەندان دەنگی جیاجیا زیندووترین نموونەن لە ناسینەوەی دەنگەکاندا)، چونکە چ مەرج نییە ئەو ستایلگەلەی کە پێشتر لە گۆرانیی کوردیدا کاری لەسەر نەکراوە، ئێستە لەگە تەواوی دەنگەکاندا گونجان دروست بکات، واتە لێرەدا ناسینەوە و چۆنیەتیی بەکاربردنی دەنگ لەلایەن دانەری میلۆدییەوە ڕۆڵی کارا و گرنگ لە گۆرانیی نوێدا دەبینێت کە پێموانییە (هەڵکەوت) لە تەواوی ئەو میلۆدییانەدا سەرکەوتوو بووبێت، ڕەنگە ئەو توانیبێتی لە چەند گۆرانییەکی بەژمارە کەمدا کاری نوێ بۆ (چۆپی) بکات و هونەرێکی جوانمان پێ ببەخشێت، بەڵام لە ئەلبوومێکی فرە تراکدا ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ زۆربە دەکەین نەک کەمینە.
هەموو ئەمانە بەو واتایە نین کە ئەو دوو هونەرمەندە لە داکشاندا بن، بەپێچەوانەوە هەریەکەیان بەجیا خاوەنی شارایەک کاری جوان و بەبڕشتن، بەڵام ئەوەیش ناشارێتەوە کە نەیانتوانیوە “کریستاڵ” بکەنە ئەلبوومێکی ناوازە.
ئەوەندەی من چاودێریی چۆنیەتیی کارکردن و هەروەها کارە هونەرییەکانی (هەڵکەوت زاهیر) دەکەم، تا ئاستێکی زۆر شارەزا بووم لەوەی ئەم هونەرمەندە گەنجە جوانییەکانی پتر لە کارکردن بۆ ئەو دەنگانە دەردەکەون کە خۆی دروستی کردوون، نەک کەسانێک ئەزموونێکی پڕ بەهایان لە بوارەکەدا هەبێت، بێگومان مەبەستم بڵاوکردنەوەی ئەلبوومی گۆرانییە بۆ هونەرمەندێکی دیاریکراو، نەک دروستکردنی میلۆدییەک بۆ گۆرانیبێژێکی خاوەن ئەزموون، چونکە لەوەی دووەمیاندا (هەڵکەوت) ئەزموونی جوانی پێشان داوین، بۆ نموونە گۆرانیی “دوو هەفتەیە”ی (تارا ڕەسوول)، یان “سامحینی مرە”ی (حەجاڕ و فەریقی)، ئەو هونەرمەندانە بەر لە (هەڵکەوت)یش کەسانی دەرکەوتوو و سەرکەوتووی بوارەکە بوون، ئەویش لە کارکردن بۆیان بێ دەست و پل نەبوو، بەڵام هەرگیز پێموانییە لە تەواوی میلۆدییەکانی ئەلبوومێکی فرە تراکدا (هەڵکەوت) و (تارا) توانای یەکگرتنەوەیان هەبێت و کاری ناوازەمان پێشان بدەن، ئاخر ئەوان دوو دنیای جیاوازن، ڕەنگە لە گۆشەیەکدا بتوانن پێکەوە هەڵبکەن، بەڵام خەونە ئەگەر پێیان وابێ لە تەواوی گۆشەکاندا تەریب دەبن.. ئەمەیان بۆ (چۆپی)ش بەهەمان شێوەیە، چونکە ئەو خاتوونە وێڕای شارەزایی باشی لە گۆرانیگوتن و بەتایبەتیش ئەدای گۆرانی، جێی خۆیەتی دان بەوەدا بنێت کە قودرەتی لە چەند ستایلێکی دیاریکراودا پتر دەکەوێتە بەر کارە ئەفرێنەرەکان، ئەوانیش دوو دنیای دوور و جیاواز لە یەکترن.. خۆزگەم دەخواست (هەڵکەوت) لە بری ئەوەی میلۆدییەکانی ئەلبوومێکی فرە تراک ببەخشێتە (چۆپی)، تواناکانی خۆی لە میلۆدییەکدا بۆ ئەو خانمە خەرج بکردایە، لانیکەم بەرهەمێکی سەرکەوتووی تێدا بخوڵقاندایە، ئەگەرچی ڕەنگە لە ئەلبوومی “کریستاڵ”دا پتر لە گۆرانییەکی سەرکەوتووی تێدا بێت، بەڵام کارە نەرێنییەکان ئەرێنییەکانیش دادەپۆشن، بەمەیش جۆرێک لە خنکان دەخوڵقێنن کە دەخوازێ بۆ هەر گۆرانییەک هەڵسەنگاندنی جیا بکەین، بەڵام ئەمەیان بۆ کەسانی شارەزا لە بوارەکە وەردەگیرێت، چونکە هەوادارانی دەنگەکان ئەگەر لە دەرەوەی بوارە هونەرییەکە بن، تەنیا پێوەست دەبن بەسۆز و چێژەوە، ئەوەیش زۆر ئاشکرا دەبینرێت کە سۆز و چێژ لە “کریستاڵ”دا خۆی لە کورتی داوە، بۆیە دەبوو (هەڵکەوت) وەک گەنجێکی شارەزا و بەئەزموون لە بوارەکەی خۆیدا، هەنگاوەکانی لە بڕینی ڕێگەی “کریستاڵ”دا هێمنتر بکردایەوە، نەک بەو خێرایی و پەلەپەلییە بیەوێ بگاتە ئەو ئاستەی کە خەونی پێوە دەبینێ.
گومانم نییە لەوەی (هەڵکەوت) و (چۆپی) هەریەکەیان بەجیا لەوە پتریان پێیە کە تا ئێستا دەریانخستووە، ئەوان دوو هونەرمەندی گەنجن و هێشتا ڕێگەیەکی دووری پڕ هەوراز و نشێویان لە پێشە بیبڕن، منیش ئەوە بەئاریشەیەکی گەورە نازانم لە هەندێک دیودا وردە خەوشیان دروست کردبێ، چونکە خەوشی گەورە لەوێدایە کە گۆرانیبێژ و دانەری میلۆدیش ئەوەندەی بەرهەمهێنانی ئەلبووم بکەنە سەنگی مەحەک، کەمتر بیر لە هێمنیی هەنگاوەکان بۆ بەرهەمهێنانی هەرچی پترە کاری شیاو بکەنەوە، ئەزموونی داهاتوو ئەوە دەسەلمێنێت، چونکە هەرگیز مەرج نییە ئەو کارانەی (هەڵکەوت) کە لەگەڵ چەند دەنگێکی وەک (میرا) و (لۆکە)دا کردوویەتی و تێیدا تا ئاستێکی باش سەرکەوتوو بووە، تا ئەبەد لە هەمان ئەو تەرزە کارانە بۆ هەر دەنگێکی دیکە سەرکەوتوو بێت.. من دەزانم ئەو گەنجە سەلیقەیەکی ورد و پڕ لە عەجەبی لەگەڵ میلۆدییەکاندا هەیە، ئەوەیش دەزانم کە ماندوونەناسە و هەمیشە لە کارکردندایە و لە بوارە هونەرییەکەی خۆیدا هەرچەندی بڵێی بزێوە، بەڵام ئەوەیش دەزانم کە خەونەکانی ئەوەندە زەبەلاحن، هیچ گومانم نییە لەوەی هەموویان نایەنە دی و زۆریان بەتاڵ دەبنەوە.