سەدیق سەعید ڕواندزی
زەمەنی دەروونی لە کردەی نووسینی شیعریدا، دەکەوێتە پێشەوەی زەمەنە فیزیکیەکە. بەو مانایەی شیعر سەرەتا دەرەنجامی ڕامان و بیرکردنەوەی شاعیرە لە ئاست دیاردەکانی ژیاندا و دواتر کۆنتاک لەگەڵ ڕووداو و دیاردە بەرجەستەییەکانی ژیان دەکات. لێرەوەش شاعیر زۆرجار لەو زەمەنە فیزیکیە دادەبڕێت و دەکەوێتە نێو زەمەنی دەروونی خۆیەوە، کە دنیایێکی دیکەی تایبەتە لەو دنیا واقیعییەی ئەو لە ئاستی فیزیکیدا تیایدا دەژیت و بە پێوەری کات پێوانە دەکرێت. بەڵکو ئەو لە نێو زەمەنێکی دیکە دایە، کە زەمەنی دەروونی نێو شیعرە و ھیچ پەیوەندییەکی بە زەمەنی دەرەکییەوە نییە کە شاعیر فیزیکیانە تیایدا دەژیت. بۆیە زەمەنی نێو شیعر، دادەبڕێت لەو زەمەنە دەرەکییەوە کاتێ شاعیر باسی زەمەنێک لە شیعر دەکات، ئەوا دەگەڕێتەوە سەر ئەو زەمەنە دەروونییەی نێو ناخی خۆی، کە پێشتر زەمەنێکی فیزیکی بووە و بە پێوانەی کاتەکانی ڕۆژ و مانگ و ساڵ ڕۆیشتووە. بۆیە کاتێ شاعیرێک باس لە زەمەنی خۆی دەکات، ئەوا زەمەنی ئەو، تایبەتە بە ئەو و ھیچ پەیوەندییەکی بەوە زەمەنەوە نییە، کە ھەمووان تیایدا دەژین و دوای چەند ساتێکی دیکە، ئەویش دەبێتە زەمەنێکی فیزیکی و ڕابردوو. دڵزار، لە دوایین شیعری خۆیدا، کە کورتە شیعرێکی چەند دێڕییە و بەرلە ماڵئاوایی یەکجارەکی بە چەند رٍِۆژێکی کەم نووسیویەتی، تاسە بۆ زەمەنێک دەخوازێت، کە ئەو بە زەمەنی خۆی ناوی دەھێنێت. شاعیر لەو شیعرە کورتەیدا، پانۆڕامای ژیانی خۆی، بەرلە ماڵئاوایی یەکجارەکی دێنێتەوە بەرچاو و بە تاسەوە باس لە زەمەن و تەمەن و ڕۆژگاری ڕابردووی خۆی دەکات ، بە بێ ئەوەی بەراوردی زەمەنی ئێستای بکات، کە بە بڕوای من شتێکی جوانی تێدا نەماوەتەوە، شایەنی ئەوە بێت بەراوردی بکەین بە ڕابردوو. ھەڵبەتە، سرووتێکی سایکۆلۆژییانەیە، مرۆڤ کاتێ ھەست دەکات بەرە ومەرگ دەڕوات، ئەو ھەستەی لا دروست دەبێت، کە وێنە و یادگارییەکان و بیرەوەرییەکانی ژیانی، وەک پانۆڕامایەک بێتەوە بەرچاو و لەوێوەش ئاخ بۆ بە سەرچوونی ژیانی و تەمەنی ھەڵبکێشێت، چونکە لەلایەکەوە دەزانێت کە مەحاڵە جارێکی دیکە ئەو ژیان و تەمەنە دووبارە بێتەوە، لەلایەکی دیکەوەش ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیارکە مەرگە دەبێتەوە، بەڵام دڵزار لەو شیعرەیدا، بەرلە تەمەنی، تاسەی گەرانەوەی زەمەنی ژیانی دەخوازێت و بیر لە بە سەرچوونی زەمەنی ژیانی دەکاتەوە نەک تەمەنی. بێگومان تەمەنی مرۆڤیش بە پێی زەمەنەکان بە سەر دەچێت و کۆتایی دێت، بەڵام زەمەن لێرەدا، بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندی بە زەمەنی تاکەکەسی خودی شاعیرەوە نییە، بەڵکو ڕەھەندێکی دوورتری ھەیە. شاعیر لە سەرەتای شیعرەکەیدا دەڵێت:_
بێزارم ڕۆیی زەمەنم
سەد و یەک ساڵەی تەمەنم
ئای چەندە بێ تینە تەنم
ھەر ئێسک و پێسکە بەدەنم
دەسپێکی شیعرەکە، بە بێزاری دەست پێ دەکات. ھەموومان لە ساتێک لە ساتەکانی ژیان، ھەست بە بێزاری دەکەین، ئەو بێزارییەمان ڕەنگدانەوەی ئەو بارە سایکۆلۆژیەیە، کە دەشێ بە ھۆی بەرکەوتن و بینی ڕووداوێک، کارەساتێک، نا ئومێدییەک بێت، بەڵام بێزاری دڵزاری شاعیر، بێزارییەک نییە ڕەنگدانەوەی ئەو بارە سایکۆلۆژیی و جەستەیە بێت کە تیایدا دەژیت، بەڵکو دەرەنجامی ڕۆیشتن و بە سەر چوونی زەمەنێکە، کە ئەو بە زەمەنی خۆی ناوی دەبات. لێرەوەش ئەو پرسیارەمان لا دروست دەبێت، کە ئایا زەمەنی شاعیر کام زەمەنە؟ ھەڵبەتە، شاعیر تەمەنێکی زۆر ژیا، بەڵام نەھامەتی و ناخۆشی وچەرمەسەری سیاسی و کەسی و نەتەوەیی زۆریشی لەو ژیانە بینی. لە بیرەوەرییەکانی کەریم شارەزادا، نووسەر باس لەوە دەکات، کە بەردەوام بەعسییەکان فشاریان دەخستە سەر دڵزار تا پاکانە بکات و لە شیوعییەت پاشگەز بێتەوە، بەڵام ڕۆژێک ئەو فشارانە نەیان ڕووخاند. زەمەنی دڵزار، زەمەنی سەختی سیاسی و نەتەوەیی ئێمەیە، بەڵام زەمەنێکیشە پڕ لە جوانی و مرۆڤدۆستی و تێکۆشانی سیاسییانە. زەمەنی دڵزار لێرەدا، زەمەنی ھەموو ئەو ئەدگارە جوان و پڕ بەھا و مۆڕالە کەسی و مرۆییانەیە، کە لەو ساتانەی تیایدا ژیاوە بوونییان ھەبووە. زەمەنی دڵزار، ئاماژەیە بۆ ڕابردووێکی پڕ لە جوانی و خەبات و ھەستی بەرزی مرۆیانە، بە پێچەوانەی ئێستا کە زەمەنی ناشرینی و کاڵبوونەوەی ھەموو ئەدگارێکی جوانی مرۆییانەیە. گەر سەرنج بدەین دەبینین دڵزاری شاعیر، زەمەنی پێش تەمەن خستووە، واتا سەرەتا زەمەنەکەی بە سەر چووە دواتر تەمەنی، چونکە ئەو دەزانێت ژیان و تەمەنێک لە نێو زەمەنێکی پڕ لە جوانیدا، جوان دەبن و بە پێچەوانەوەش. بۆیە کە باسی رۆِیشتنی زەمەنی دەکات، ئەوا باسی نەمان و ڕِۆیشتنی ھەموو ئەو بەھایانەش دەکات، کە ئەو زەمەنەیان پێ دەناسرێتەوە، ھەر لە سادەیی ژیان و بەختەوەریی ڕوحییانە و مرۆڤدۆستی و ھەستی بەرزی مرۆیانە لە نێو مرۆڤەکاندا، دەنا ئەگەر لە ئاستی سیاسیەوە بڕوانیینە زەمەنی دڵزار، دەبینین زەمەنی چەوسانەوە و کوشتن و خوێن و بێ بەھاکردنی مرۆڤەکانە، بەو پێیەی ئەو خۆی وەک شیوعییەک چەرمەسەری زۆری لە ژیان بینیوە . زەمەن لێرەدا، ھەر تەنھا مانایەکی پێوانەیی و کاتی نییە، بەڵکو ھەموو ئەو ڕواڵەتانەی ژیان دەگرێتەوە، کە ڕەنگڕێژی ژیانی ئەو ساتی دڵزار و کۆمەڵگەی کوردییان کردووە. لێرەوەش ئاخ ھەڵکێشانی دڵزار بۆ ئەو زەمەنە، لە ڕاستیدا تاسەیە بۆ گەڕانەوەی ئەو زەمەنە کە ئەو ئەدگارانەی تیادا بووە. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە، دڵزار بۆچی باسی ڕۆیشتنی زەمەنی دەکات؟ بە بڕوای من، ئەمە ھەر تەنھا پەیوەست نییە بەو ڕواڵەتانەی ژیانی مرۆڤەکان لەو سەردەمدا، بەڵکو دڵزار لە ناخەوە و سایکۆلۆژیانە بەراوردی زەمەنی ئێستای بە زەمەنی دوێنی کردووە و لە پەراوێزی ئەو بەراورد کردنەشەوە، ئەو ھەستەی بۆ دروست بووە کە بە خەیاڵ بگەڕێتەوە زەمەنی خۆی، چونکە زەمەنی ئێستا زەمەنی ناشرینییەکان و نەمانی بەھا و خەسڵەتە مرۆییەکانە، زەمەنی ھەڵپەرستی و نامیھرەبانی و خود ئەڤینییە، کە دەشێ ھەموو ئەو دیاردانەی ژیانی ئێستا بە جۆرێک لە جۆرەکان دڵزارییان ئازار دابێت، بۆیە باسی ڕۆیشتنی زەمەنی خۆی دەکات و زەمەن لە پێشەوەی تەمەن دادەنێت، چونکە تەمەن ھیچ چێژێکی نییە، ئەگەر لە زەمەنێک نەژیایت پڕ لە خۆشەویستی و جوانی و مرۆڤدۆستی، بۆیە زەمەنی دڵزار، زەمەنی ھەموو ئەو شتە جوانانەیە، کە ئەو دوای سەد و یەک ساڵ تەمەنیش، ناتوانێت لە بیریان بکات و تاسەی بینینەوەیان ھەر دەکات. لە دوای زەمەن، ئەمجارەیان دڵزار وەسفی باری سایکۆلۆژیی و جەستەیی خۆی لە سەرووبەندی دوا ساتەکانی ژیانیدا دەکات. پێ دەچێت دڵًزاری شاعیر، ھەستی بە نزیکبوونەوەی ڕۆژی مردنی خۆی کردبێت، بۆیە بەو شیعرە کورتە کە دوایین شیعریەتی و لە سەر چەرپا نووسیویەتی و چەند ڕۆژێکی کەم دوای شیعرەکە دەمرێت، پانۆڕامای ژیانی خۆی دێنێتەوە بەرچاو. شاعیر لە ئاستی جەستەییدا باسی خۆیمان بۆ دەکات و دەڵێ:
ئای چەندە بێ تینە تەمەنم
ھەر ئێسک و پرووسکە بەدەنم
لێرەدا ئێمە، وێنەی مرۆڤێکی بێ ھێز، بێ دەسەڵات، بێ توانا لە ڕووی جەستەییەوە دەبینین، کە پیریی تەنگی پێ ھەڵچنیوە. بێگومان پیریش یەکێکە لەو وێستەگە پڕ ئازارانەی ژیانی مرۆڤەکان، کە تیایدا ھەموو خەون و ئاواتێک ھەرەس دێنن و مرۆڤ بە ئومێدەوە ناژیت، چونکە دەزانێت نە لە ڕووی ژیانەوە، نە لە ڕووی تەمەنیشەوە، وەک گەنجێتی لێ نایەتەوە. دڵزار لەو شیعرەیدا، جەستەی بێ تینی خۆی، ڕۆیشتنی زەمەن و تەمەنی، ھەمووی وەک فلمێکی سینەمایی لە چەند چرکەساتێکی کەم و لە دوو توێی ئەو چەند دێڕە شیعرییەدا دێنێتەوە بەرچاو. ئیدی ئێمە دەزانین کە دۆخی جەستەیی و ژیانی ئەو مرۆڤە چۆن بووە، ئەم بارودۆخە، ھەر مرۆڤێک تێیدا بژیت، کاردەکاتە سەر دەروونی و نائومێد و داڕووخاوی دەکات، بەڵام دڵزار تەنھا لە ئاستی جەستەییدا ھەست بە بێ توانایی و نەمانی ھێز دەکات، دەنا لە ڕووی ڕوحییەوە ھێشتا بە ھێزە و بەو ئومێدەوە دەڕوانێتە ژیان، کە خەونەکانی دەبنە ڕاستی. ئەو ئاسوودەیە ڕوحیەی شاعیر، وێرای جەستەیەکی بێ ھێز و تەنھا ئێسک و پرووسک، بە بڕوای من پەیوەندی بەو زەمەنەوە ھەیە، کە شاعیر بە زەمەنی خۆی ناوی دەبات و ئەو زەمەنەش ڕابردووە. واتا شاعیر، بە جەستە لە ئێستا دەژیت، بەڵام بە ڕوح، بە یادەوەریی و بیرکردنەوە لە نێو جوانییەکانی ژیانی دوێنێی دایە و ھەر ئەمەشە ئەو ھەستەی لادروست کردووە، کە بە تاسەوە باس لەوە بکات کە زەمەنی ئەو ڕۆیی. ئەوەی لێرەدا دەڕوات زەمەن نییە بە تەنھا وەک پێوانەیەکی پێوانەکردنی کات لە ڕووە فیزیکییەکەی، بەڵکو ھەموو ئەو ئەدگارە جوانانەشن کە ژیانی ئەو ڕۆژگارە پێکدەھێنن، ھەر لە خەونی گەنجی و خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی و تێکۆشانەوە بگرە، تا ئەو ھەستە مرۆییە قووڵەی مرۆڤەکان ھەیانبوو بە پێچەوانەی ئێستا. زەمەنی دڵزار، زەمەنی شاعیر نییە بە تەنھا، بەڵکو زەمەنی ڕۆژگار و زەمەنی ھەموو ئەو مرۆڤانەیە کە لەو کاتدا بوونیان ھەبووە ودەشێ ئێستا لە ژیاندا نەمابن. ئەو خۆ بواردنەی شاعیر لە زەمەنی ئێستا و گەڕانەوە بۆ زەمەنی ڕابردوو وەک باسمان کرد، دەشێ دەرەنجامی ئەو پەیوەندیی و بەرکەوتنە بێت، کە مرۆڤ لەگەڵ ژیانی بە ناو پێشکەوتووی خاڵی لە بەھا مرۆڤایەتییەکانی ئێستا ھەیەتی. وەک چۆن لای ھەموومان بەردەوام نوستالۆژیای گەڕانەوە بۆ ڕابردوو ھەیە، ھەمان ھەستیش لای شاعیر بەڵام بە زەمەنێکی دوورتر ھەیە. ئەو مانەوەیە لە نێو یادگارییەکانی زەمەنی دوێنێ و ژیانی ڕابردوو، لە ڕووی ڕوحییەوە ئاسوودەیەک بە شاعیردەبەخشێت و ئەو ئاسوودەیە، لە ڕووی توانا و ھێزی جەستەییەوە گڕووتینێکی پێ نادا، چونکە بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار، مرۆڤ بەرە و بێ ھێزی و پیری دەچێت و جارێکی دیکە، توانای بایۆلۆژی وەکو خۆی لێ نایەتەوە، بۆیە شاعیر بە جەستە لاوازە، بەڵام بە ڕوح ئاسودەیە و کاتێ سەیری ژیانی خۆی دەکات، لە پەراوێزی ئەو ژیانەی تیایدا ژیاوە، ھەست دەکات وەک مرۆڤ ژیاوە و پەرێزی پاکە و باکی بە ھیچ شتێک نییە، بۆیە لە شیعرەکەدا، ھیچ فۆبیایەکی ترس لە مردن نابینرێت. بەدەربڕینێکی تر، گەر مرۆڤ لە سەرە مەرگ و لەدوایین ساتەکانی تەمەنیدا،جۆرێک لە ترس و دڵەڕاوکێ و نائومێدی بۆ دروستت بێت، بەو پێیەی دەمرێت و بەرە و چارەنووسێکی نادیار دەچێت، ئەوا دَلزار ئازایانە بەرەو مەرگ دەڕوات و ئەوەندەی چاوی لە ژیان و ڕابردووە، ئەوەندەی خەونی ئەوەیە نەتەوەکەی بە مافەکانی بگات، ئەوەندە کاردانەوەی کەسی و فۆبیای دەروونی لە مردن نییە. واتا نزیکبوونەوە لە مردن وەک ڕووداوێکی تۆقێنەر، ئەو ھەستەی لای شاعیر دروست نەکردووە، نائومێد و داڕووخاو بێت، بە پێەوانەوە ئەو ھێشتا ڕوحێکی خۆڕاگرانەی ھەیە و تەنھا بەدەنی لاوازە، کە ئەمەش ھێمایە بۆ ئەوەی شاعیر لە ڕووی دەروونییەوە ھیچ ترسێکی لە مردن نییە و تەنھا ئاخ بۆ زەمەنێک ھەڵدەکێشێت کە بە سەر چووە. بە بڕوای من دڵزار ئەوەندە کەسێکی شۆڕشگێڕ و چەپ و وابەستە بە بیرو باوەڕی چینایەتی و مرۆڤدۆستی بووە، تەنانەت تا دوایین چرکەساتی تەمەنی پاشگەز نەبۆتەوە لە بیر و باوەڕەکانی، کە ئەمەش یەکێک لە دیارترین خاسیەتەکانی مرۆڤی بە ھەڵوێست، تێکۆشەر و تێگەیشتوو و ھوشیار، کە ھیچ کاتێک ئامادە نییە سەوداو مامەڵە بە بیروباوەڕە مرۆییەکانی خۆی بکات و ھەڵوێست و کردارو بیروباوەڕی خۆی مەزاد بکات و بفرۆشێت. دڵزار لە سەرە مەرگدا، خەونی ئەوەیە کوردستانی گەورە ببێتە بە ھەشتی جیھان. بێگومان شاعیر دەزانێت کوردستان ئێستا چوار پارچەیە، بەڵام لە شیعرەکەیدا وەک یەک خاک و یەک نیشتمان و یەکەیەکی جوگرافی و نەتەوەیی ناوی دەھێنێت، ئەمەش ئەو پرسیارەمان لا دروست دەکات کە بۆچی شاعیر کوردستانی گەورە وەک بە ھەشت وەسف دەکات؟ ئەمە لەلایەکەوە ڕەت کردنەوەی ئەو دیفاکتۆ سیاسیەیە کە کوردستانی لە یەک پارچەوە کردۆتە چەند پارچەیەک و شاعیر بە ڕەھایی ئەو واقیعە ڕەت دەکاتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو کوردستانی گەورە، وەک ئامانجێکی بەدی ھاتووی دوور لە ئاییندەدا دەبینێت. ئامانجێک کە ھیچ ئەگەر وگومانێک ھەڵناگرێت، ھەروەک خۆشی دەڵێت:_
جا برایان تێکۆشەران
بە بڕوای من ئەو ڕۆژەدێ
کوردستانی گەورە و گران
دەبێتە بەھەشتی جیھان
شاعیر تا ئەو کاتەی لە ژیان بووە، خەونێکی ھەبووە، ئەویش ڕزگاربوونی کوردستان و یەکگرتنەوەی پارچەکانی. لە دوایین ساتەکانی تەمەنیشیدا، ھەر بە تاسەی ئەو خەونەوە بەرە و مەرگ دەچێت. شاعیر لە بری ئەوەی نائومێد و خەمگین ببێت، کە بەرە و مەرگ دەچێت و دەستبەرداری ژیان دەبێت، بە پێچەوانەوە ئاواتی ئەوەیە کە کوردستان لە دوا ڕۆژدا ئازاد ببێت و ببێتە بەھەشت. شاعیر ھیچ ئەگەرێک بۆ ئەو ڕۆژە دانانێت، بەڵکو بە یەقینەوە چاوەڕوانی ئەو ڕۆژە دەکات و بەمەش ئەو خەونەی نەوە یەک لەدوای یەکەکانی کورد ھەیانە، دڵزار دەیسپێرێتە نەوەی داھاتوو. خەونی شاعیر لێرەدا بڕوایە نەک خەون و خەیاڵێکی ڕاگوزەر، شاعیر بە بڕواوە پێشبینی ئەو ڕۆژە دەکات کە کوردستانی گەورە دروست دەبێت و پاشانیش دەبێتە بەھەشتی جیھان. بەمەش دڵزار، خەونی بونیادنانی دەوڵەتی کوردی لە وەھمدا نابینێت، بەڵکو بە بڕواوە موژدەی ئەو ڕۆژە دەدات. بەمەش خەونێک کە تا شاعیر لە ژیاندا بووە و خۆزگەی ئەوەی خواستووە بێتە دی، کوردسانی گەورەیە و کاتێکیش دەزانێت مەرگ دێت و ھێشتا ئەو خەونە نەبۆتە واقیع، بە ھەمان ئەو خەونەوە کە لە دواساتەکانی تەمەنیدا ھەیەتی چاوەکانی لێک دەنێت و ئەو کوردستانەش کە لە دواڕۆژدا وەک بەھەشت دەبێت، دێتە دی. دڵزار، لە دوایین ساتەکانی تەمەنی، خەیاڵ و بیری لای کوردستانی گەورەیە و بێ ھێزی تەن و گیان و ئەو دۆخە سەختە جەستەییەی تێیدایە، لە بیر دەکات و تەنھا ئاواتی ئەوەیە، ئەو خەونەی کە ئەو لە ژیانیدا بۆی نەھاتە دی و نەیبینی، بۆ نەوەکانی داھاتوو بێتە دی. خەونێک و خۆزگەیەک کە ھەر بەتەنھا ھی شاعیر نییە، بەڵکو ھی ھەموومانە. دڵزار، دەسپێکی ئەم شیعرەی بە بێزاری دەست پێ دەکات و بە ھۆی پیرییەوە، جەستەی تەنھا ئێسک و پێستەو زەمەنی خۆشی بەسەر چوو، ئیدی ئەمانە ھەموویان ئەو ھەستەیان لای شاعیر دروست کرووە، بە بێزارییەوە وەسفی ئێستای ژیانی خۆی بکات. بەڵام دواتر، ئەمجارەیان بە پێچەوانەوە خۆی زۆر دڵشااو بەختەوە دەبینێت و بڕوای وایە لە داھاتوودا، کورستانی گەورە دروست دەبێت و دەبێتە بەھەشتی سەر ڕووی زەمین. لێرەدا، ئەو پرسیارەمان لا دروست دەبێت کە بۆچی دڵزار سەرەتا بە بێزارییەوە باسی ژیانی خۆی دەکات و لە کۆتاییشدا، بە دڵشادی و ئاسوودەیەوە، وەسفی ژیانی دەکات؟ بێگومان ئەم بێزارییە پەیوەندی بەو تەمەنەوە نییە، کە شاعیر لە ژیاندا بەڕێی کردووە، بێزاری دڵزار لەوە سەرچاوەی گرتووە، کە دەمرێت و کوردستانی گەورە، کە خەونی ھەزاران مرۆڤی کورد بووە بەرلە مەرگییان، بە داخەوە نابینێت، ئیدی بێزارە لەوەی کە سەدو یەک ساڵەی تەمەنی ڕۆیشت و ئەو خەونەی نەھاتە ی، بۆیە لە سەرە مەرگدا، ئومێدی ئەوەی ھەیە، ڕۆژگارێک بێت کوردستانی گەورە ببێتە بەھەشت لە جوانی و خۆشیدا. ئەم خەونە، ئەو ھەستە دەروونییەی لا دروست دەکات، کە زاڵ بێت بەسەر بێزاریەکەی و بە پێچەوانەوە خۆی بە دڵشاد و بەختەوەر بزانێت، چونکە بڕوای وایە ڕۆژگارێک ھەر دێت، ئەو خەونەی ئەو دەیبینی و تا لە ژیاندا بوو نەبووە ڕاستی، بێتەدی. ئەمە دەریەخات کە وێرای ئەوەی دڵزار کەسێکی شیوعی و چەپ بووەو بڕوای بە خەباتی چینایەتی ھەبووە، بەڵام کورستانییانە بیری کرۆتەوەو خەونی ئەوەی ھەبووە وەک کوردێک، دەوڵەتی کوردی دروست بێت و کوردستان ببێتە بەھەشت.
*ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی ڕێگای کوردستان ژمارە( ١٣٣٦) ی ڕۆژی ١١/٤/٢٠٢٣ بڵاوکراوەتەوە.
Discussion about this post