مەسعودى مەلا هەمزە : خانمە هونەرمەندى دەنگخۆش و گۆرانیبێژ خەندە عەبدوڵڵا لە هەواڵێکى چاوەڕواننەکراودا بڕیاریداوە واز لە گۆرانى گوتن بهێنێ.لە لێدوانێکى تایبەتدا خەندە عەبدوڵڵاى گۆرانیبێژ گوتى: لە ئێستادا کە کۆمەڵێک گۆرانیبێژ هاتوون هونەریان قێزەون کردووە و کاریان کردۆتە سەر کەسایەتى تەواوى هونەرمەندان، بۆیە بەباشی دەزانم لە ئێستادا واز لە گۆرانى گوتن بهێنم تا ئەوکاتەى ئەو رەوشە باشتر دەبێ”.
خەندە گوتیشی: لەماوەى کارکردنمدا وەک کچێک 5 بەرهەمم تۆمارکردو خەڵک دەزانن کە بەرهەمەکانم چۆنن و سەلماندیشم کە خێزانەکەم نەک رێگرم نەبوونە، بەڵکو هاندەر و پاڵپشتیشم بوونەو سەلماندیشم تواناى هونەریم هەیە”.
هەروەها خەندە گوتیشی:”دەبێ خەمخۆران و لێپرسراوانى بوارى هونەر بزانن، کە بۆچی خەریکە دەبێتە دیاردە کە هونەرمەندانى کچ واز لە گوتنى گۆرانى دێنن، لە کاتێکدا ژمارەى کچان و ژنانى گۆرانیبێژ زۆر نییە”.
لە کۆتاییدا خەندە ئاماژەى بەوە کرد”هونەر و کارکردنى هونەرى خەونى گەورەى منە، بەڵام بەداخەوە هەندێ فاکتەر هەن واملێدەکەن بۆ ماوەیەکى دیارینەکراو لەو دنیا جوانە دوورکەومەوە”.
شایانى باسە خەندە عەبدوڵڵا وەک کچێکى گۆرانیبێژ لەماوەى 7 ساڵى کارکردنیدا 5 گۆرانى تۆمارکرد و 2 دانەی کلیپکرد، کە ئەو بەرهەمانەى خەندە بوونە هۆی ئەوەى پێشوازییەکى باشی لێبکرێ و بە درێژەپێدەرى خەباتە هونەرییەکەى ئایشەشان و گولبەهار هەژمار بکرێ”.