من لەناو ئەم ژوورەدا زووتر لە خەم پێئەگەم و ئەترشێم..
ئەویش لە ناو ئەو گۆزەدا درەنگتر لە من .. قوم قوم ئەمخواتەوە ..
زمكان عەزیز
خەم مەخۆ
…
خەم پیاوێكی كەڵەگەتی چوار شانەیە و
ئەسپ سوارێكی باڵدارە ھێشتر نەگلاوە
خەم مەخۆ
…
خەم شۆڕە ژنێكی تەڕ و پڕی مەمك قوتە
پیاوەكانی لە دوورەوە ڕەحەت كردووە و
خۆی نادا بەدەستەوە
خەم مەخۆ
…
پیاوێكە سوارمان ئەبێت و تاومان ئەدات
ژنێكە .. قشتیلەیە و ڕووت
سواری خۆیمان ئەكا و لە ھەر وێسگەیەك
یەكێ دائەبەزێ و دووی تر ئەبات
خەم مەخۆ
…
گۆزەیەك شەرابم پڕكردووە لەو خەمە كاڵە
چاوڕێم .. وەك منداڵێ بۆ گەورە بوون
وەك شەو بۆ ڕۆژ بوونەوە
وەك خۆر بۆ ئاوا بوون
وەك دەرگا بۆ كردنەوە
وەك پەنجەرە بۆ داخستن
وەك مەمك بۆ ھەڵتۆقین
وەك عەشق بۆ باڵق بوون
وەك پیر بۆ گەنج بوونەوە
وەك مردن بۆ لەدایك بوون
ئیدی نازانم ئەو خەمە ..
كەی ئەگا بۆ ئەم شەوی خۆكوشتنەم
خەم مەخۆ
…
شكانی پیاوێكە .. شوشەیەكیش ئەشكێت
ڕژانی پێكێكە .. ژنێكیش ئەڕژێت
ئەوتا خەم .. گۆزەكەی لە من پڕ كردووە و
ئێوارەیەك نیە لە ماڵی سەرخۆشێكدا نەشكێم
خەم مەخۆ
…
خەم .. ئەمشكێنێ و نامڕژێنێ
لە گۆشەیەكی ئەم مەیخانەدا
ئێستا كە من نوقمم .. لە ترشانی ناو گۆزەیەك
خۆم نەبێ كەس نامخواتەوە
خەم مەخۆ
…
ھەموو شەوێ خەم بە تەنیشتمەوەیە و
تونگ بە خۆیەوە ئەمگوشێت
ئەوەندە تونگ .. دڵم لە ژێر پێیدا ئەفلیقێتەوە
لە پشتمەوە بە لێوەكانی گازم لێئەگرێت و
دێتە ئەم دیو .. گەمەی چڕنوقم لەگەڵ ئەكات
ڕەحەت ئەبێت و خەوم لێناكەوێ
ئەنوێ ئەو ..
تا بەیانی من .. لەژێر شەختە و ھەوری پرخەیدا
چاوەڕێی ساماڵێكم
خەم مەخۆ
…
بەیانیەك ھەڵئەسم و
لە دیوەخانەكەی خەمەوە سەری خۆم پێھەڵناگیرێ
سەرم ئاوسە لە ژانەكانی عومر ..
ژانی یەكەم ..
یەكەمین ژانم .. فرمێسك بوو
ئەو كچە خانە
لە چاوانمەوە كەوتە خوارەوە
ھەناسەیەكی سارد بردی و لە بن ئاخێكدا ناشتی
ژانی دووەم ..
خەم مەخۆ
…
دڵم كچێكی مۆر بوو
شكان ھەڵیگرت و فڕاندی
شەرم ئەخلاقی پێچامەوە و
لەبەردەم ماڵی شەرەفدا خستی
بە پەتێك بەستیانەوە
ژانی سێھەم ..
خەم مەخۆ
…
سەفەر لە سەربازی سەری سپی بوو
جارێكیش نەمدی و نەگەڕایەوە
لە نامەكەیدا نوسیبووی ..
پێڵاوەكانی بدەنە دەست ڕێگا و
چاویلكەكەشی بۆ سۆراغ و
ھەگبەكەشی بۆ منداڵان
پڕیەتی لە ماندوبوون و نەگەشتنی ڕەنگاو ڕەنگ
ژانی چوارەم ..
خەم مەخۆ
…
ئاشتی كچێكی زۆڵ زادە بوو
شەڕی كوونی كونی كرد و ھەڵیگرت
ئێستاكە ..
ئاشتی لە لۆتیخانەی سەرۆكەكاندا
نێرگەلەی دوودەگەكان گەش ئەكاتەوە
ژانی پێنجەم ..
خەم مەخۆ
…
شەڕ پیاوێكی نوێژكەر و نورانیە
تەبەڕكێكی سەوزە بە ناو قەدی دڵمانەوە
ئەو پیرخرەی ئاخر زەمان
لە ئاشتی تۆڵەی بوو ..
ئێستا تۆڵە ژنی ڕقە و وەچەشیان زۆرە
ژانی شەشەم ..
خەم مەخۆ
…
خۆشەویستی شوشەیەك ژنە و
ھەنوكە لە خەم پڕ ئەبێ ..
پیاوێكیش لە قومێكدا نۆشی ئەكات
قڵپ ئەبێتەوە و دڵۆپێكیشی تێدا نامێنێ
پیاوێك لە ناو نامەیەكدا لەت و پەت ئەبێت
خۆشەویستی بە خۆنەویستەوە موعتادە
ئەوەندە ئەكێشێ .. شەوێك
پێی ناگەن .. كە ئەشكێ و ئەڕژێت
ژانی حەوتەم ..
خەم مەخۆ
…
خۆزگەش بە منداڵی كچێكی ھار بوو
گەورە بوو شوی بە داھاتوو كرد
ئەویش لەسەر ھەرگیزی كچی
مێردەكەی كوشتی
ژانی ھەشتەم ..
خەم مەخۆ
…
گریان لەوەتەی ھەیە حەزی لە پێكەنینە
ئەو كچەش لە ئاوە مەنگەكەی چاودا
تاساو نیشت
ژانی نۆیەم ..
خەم مەخۆ
…
تەنیایی كچێكی زۆر شیرینە
ئەو شابانووە .. لەسەر شەقامەكان
تەقەی ناڵی ئەسپەكەی ئەوە
لەسەر پشتی پیاوێك سوار ئەبێ و
ژنێكیش قەمچیەكە ئەداتە دەستی
ڕێگاكەی بۆ چۆڵكەن
وا دێ ..
ژانی دەیەم ..
خەم مەخۆ
…
بێدەنگی گۆرانی بێژێكی دەنگ خۆشە
كە لە دوورەوە با دێ
بە ناو شمشاڵەكەی تەنیاییدا
ئیتر ئەو بەدمەستە
دەنگی ئەگاتە كەشكەلانی فەلەك
…
ئێستا بۆ ئۆكستراكانی تەنیایی و
ئاھەنگەكانی بێدەنگی ..
ڕیزی سەرەكە لەو پەڕی دنیایە
چاوەڕوانیش لە پێشی پێشەوەیە و
لەسەر كورسیەك دانیشتووە
یەك یەك ئەچینە ژوورەوە
بۆ ژانەكانی تر
خەم مەخۆ ..