كارۆخ مەلائەسعەد: (خەسرەوی ماملێ) كە كوڕی هونەرمەندی كۆچكردوو (محەممەدی مامڵێ)ـیە، ماوەی 14 ساڵە لە وڵاتی نەرویژ نیشتەجێیە. چەند ڕۆژێكە بە فەرمی لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆكوردستان گەڕاوەتەوە، بە مەبەستی ڕێكخستنی كۆنسێرتێك بۆ یادی ڕاپەرینە مەزنەكەی كوردستان و ڕۆژنامەی “هەولێر”ـیش ئەم دیمانەیەی لەگەڵ ئەنجامدا.
* چەند ساڵ بێدەنگی و نەگەڕایتەوە بۆ كوردستان، هۆكاری چیی بوو؟
ــ هەڵبەتە من كە لێرەیش نەبووبم، بەردەوام چاوم لەو خاكە پیرۆزە هەبووە، بەڵام لەبەر چەند گرفتێكی ژیانم، نەمتوانیوە سەردانی كوردستان بكەم، هەروەها بێبەرهەمبوونیشم بۆ هەمان هۆكار دەگەڕێتەوە.
* سەردانی ئەم جارەت بۆ كوردستان بە چ مەبەستێكە؟
– بۆ یادی ڕاپەرین لە لایەن وەزەرەتی ڕۆشنبیری بۆ ئەنجامدانی كۆنسێرتێك بانگهێشت كراوم، كە ئەو كۆنسێرتەیش لە 15ـی مانگ بۆم ساز دەكرێت، لە هۆتێلی چوارچرای شاری هەولێر سەعات 7ـی سەر لە ئێوارە بە ڕێوە دەچێت.
هاوكات 11 بەرهەمی تازەیشم ئامادەیە كە زۆربەی ئاوازەكان هیی خۆمن، بۆیە لەم ئاهەنگەدا چەند بەرهەمێكی نوێ پێشكەشی میوانانی ئازیز دەكەم، لە هەمانكاتدا چەندین چالاكی دیكەم هەیە كە لە دەرەوەی وڵات ئەنجامی دەدەم.
* لە ئێستادا زۆرێك لە گەنجە كوردەكان، گۆرانییەكانی باوكت دەچڕنەوە، ئایا ئەو گەنجانە توانیویانە حەقی گۆرانییەكان بدەن؟
– دووبارەكردنەوەی گۆرانییەكانی باوكم لە لایەن ئەو گەنجانەوە، بە دڵنیاییەوە بۆ باوكم لە خۆشەویستییە، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدا نیم بە ئۆرگان گۆانییەكان بچڕنەوە، چونكە ڕێچكەی باوكم دیار بووە چۆن گۆرانی گوتوە، من دەست خۆشیان لێ دەكەم ئەگەر ئەو گۆرانیبێژە لاوانە هاوشێوەی (محەممەدی مالێ) گۆرانییەكانی بچڕنەوە.
* ئەگەرچی باوكت هونەمەندێكی بەتوانا بووە، بەڵام ئاوازی ئازەری و فارسییشی وەرگرتووە؟
– ڕاستە ئەوە شتێكە ناكرێت نكۆڵی لێ بكەم، بەڵام باوكم ئەو ئاوازانەی وەریشی گرتوونە، بە شێوەیەك چڕیویەتییەوە كە بە تەواوی كورداندویەتی، هەروەها شەونخونی لە پێناو بەرهەمهێنانی كارێكی جوان و كوردانە دەكرد.
* چی یادگارییەكی خۆشت لەگەڵ باوكتدا هەیە؟
ــ تەمەنم 8 ساڵ بوو، ڕۆژێك مامۆستایەكانم گوتیان (خەسرەو) بەیانی ئاهەنگێكمان لە قوتابخانە بە ئامادەبوونی خەڵێكی بەرچاو هەیە، مادام تۆش كوڕی (مەحەممەدی ماملێ)ـی دەبێت بەیانی گۆرانی بڵێی، منیش چوومەوە ماڵ، گوتم باوكە شتێكی وەها هەیە، خۆ من هیچ نازانم. باوكم دوو گۆرانی جوانی بۆ نووسیم و گوتی “لەبەریان بكە و مەترسە و بچوو.” ڕۆژی ئەهەنگەكە باوكیشم ئامادەی بوو گۆرانییەكانم پێشكەش كرد و چەندین دەست خۆشیم لێ كرا، باوكیشم زۆر ڕای لێ بوو.
07507767036