هەردوو خانمە شانۆکارى کوردى نیشتەجێی وڵاتى سوید “خەرمان هیرانى و هێرۆ سەباح” لە وڵاتى ئەڵمانیا و لە شارى هامبۆرگ وەکو ئەکتەر و ئیرۆتمیست بەشدارییان کرد لە نمایشێکى ئیرۆتمى کە لە رۆژانى 22 تا 24/1/2010 لەهۆڵی شانۆی مێرزسێتەر نمایش کرد.
دەربارەى ئەو کارەیان هێرۆ سەباح گوتى: لەرۆژانى 22 تا 24/1/2010 لەگەڵ خانمە هونەرمەندى کورد خەرمان هیرانى بەشداریمان کرد لە شانۆگەرى “ئەلف و بێ ونبووە تازە دۆزراوەکان” لە نووسینى نووسەرى بەناوبانگى ئەڵمانى نالى ساشز و دەرهێنانى هینز شیمیل، کە کۆمەڵێک لە شارەزایانى بوارى ئیرۆتمى بەشدارییان لە کارەکە کرد و من و خەرمان هیرانیش وەکو دوو ئیرۆتمیست لە کارەکە بەشدار بووین، ئەم کارە بە شێوەیەکى مۆدێرن دەرهێنرابوو، هەروەها میوزیکەکەى بە ستایلی مۆدێرن بۆ نووسرابوو.
دەربارەى کارەکەش هێرۆ گوتى: ئەم کارە بریتى بوو لە هونەرى ئیرۆتمى لەگەڵ هونەرى نواندن و ڤیدیۆ و میوزیک و هۆنراوە و خوێندنەوەى دەقی شیعری، ناوەرۆکەکەشی بریتى بوو لە ئەلفوبێ کە لە ژیانى ئەمڕۆماندا تەنها بۆ کارى ئاسایی بەکاردێت، بەڵام لە نووسراوە کۆنەکاندا هاتووە کە ئەلفوبێکان شتێکى ئاسایی نین، بەڵکو گرنگ پارچەیەکى زۆر گرنگە لە هێز، هێزی بنیادنانەوە و تازەکردنەوە، ئەلفوبێکانى ماناکان رێگەیەکن بۆ بنیادنان و گەشەسەندنى میللەتەکان.
جێی ئاماژەیە لە ساڵی رابردوودا هەردوو خانمە شانۆکارى “خەرمان هیرانى و هێرۆ سەباح” بە داوەتى بەڕێوەبەرایەتى شانۆى هەولێر هاتنە هەولێر بۆ ماوەى 10 رۆژ وۆرک شۆپێکیان کردەوە و چەند پارچە نمایشێکى ئیرۆتمیان پێشکەش کرد.
مەسعودى مەلا هەمزە