بورھان شێخ ڕەئوف
پێش ھەرشتێک خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و مانگرتن مافی سەرەتایی مرۆڤن , لە عێراقیش بەگوێرەی دەستوورەکەی ئەو مافەی بە ھاوڵاتیانی خۆی داوە , کەس ناتوانێت لێ یان زەوت بکات بە ھەرێمی کوردستانیشەوە .
ئەوەی گرنگە بۆ ھەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەک بۆئەوەی داواکارییەکانیان بە ھەند وەربگیرێت و بە دروستی بگاتە حکومەت و دەستەڵاتداران و ئاکامی ھەبێت , ئەوەیە رێکخەرانی ئەو میتینگ و کۆبوونەوانە بە ھێمنی و ئارامی و دوور لە توندو تیژی و داواکارییەکانیان بخەنە ڕوو و پێداگیری لە سەربکەن .
بە پێچەوانەی ئەوەوە پەنا بردن بۆ توندوتیژی و پەلاماردانی دامودەزگاکانی دەوڵەت کە موڵکی گشتی تاک بەتاکی کۆمەڵگەیە لەسەر حسابی ھەمووانیش دروستکراوەو دامەزرێنراوە , خۆپیشاندان لە ئامانج و ناوەڕۆکە حەقانی ڕەواکەی لادەدات و پاساو دەدات بە حکومەت و ھێزەکانی ئاسایش پەلاماریان بدەن و بەگژیاندا بچنەوەو داواکارییە ڕەواکانیشیان وەلا بنرێت .
لە ھەرێمی کوردستان کە کێشەو قەیرانی قووڵمان ھەیە بە ھۆی گەندەڵی و نەدانی مووچەی کارمەندانی حکومەت , خەڵکی بێزارو نیگەرانن تاڕادەیەکی زۆر , بۆیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەڵکێکی زۆر لە سەرشەقامەکانن بە شێوەی جۆراوجۆار, بە داخەوە قوربانی و برینداریش لە خەڵک و ھێزی پاراستنی ئاسایشییش ھەیە.
من لە کاتێکدا ئەو قسانە دەکەم بە حوکمی ئەزموونی چاودێری زۆرێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی چەند ساڵی ڕابردووی عێراق و وڵاتانی عەربیش ھەندێک ڕاستیم بۆ دەرکەوتووە کە حەزدەکەم لێرەدا بە کورتی باسیان بکەم:
١. عێراق لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ و ەو بزوتنەوەیەکی جەماوەری خاوەن داخوازی ڕەوا لە بەغدای پایتەخت و زۆرێک لە پارێزگاکانی باشوور سەری ھەڵدا بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دوور لە توندو تیژی و لە ئاکامدا توانیان حکومەتەکەی عادیل عەبدولمھدی ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە بکەن و حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی کازمی پێکبێت و وادەی ھەڵبژاردنی پێشووەختە دیاری بکات , سەرەڕای ئەوەی میلیشلکان پەلاماریان دەدان و ٧٠٠ کەسیشیان لێ کوشتن , بەڵام ئەوان ھەھاواریان دەکرد ((سلمیە سلمیە ))
٢. سودانیش بە ھەمان شێوە ساڵی ڕابردوو بە خۆپیشاندانی ھێمنانەو ئارامی حکومەتەکەی عومەر بەشیریان لابرد بە پشتیوانی سوپای وڵاتەکەیان و ئێستا بەشیر لە زیندانە و داگایی دەکرێت و حکومەتی ڕاگوزەریش حوکمڕانی دەکات .
٣. جەزائیریش ھەربە شێوازی خەباتی مەدەنی و پشوودرێژیەکی زۆر عەبدولعەزیز بو تەفلیقەیان ناچار بە دەست لەکارکێشانەوە کرد و داخوازییەکانیان بە سەر حوکومەتدا سەپاند کە ساڵانێکی درێژبوو دەستەڵاتیان قۆرخکردبوو.
٤. سوریا بە پێچەوانەی ئەو وڵاتانەی سەرەوە شێوازی شۆرشەکە گۆڕا بۆ توندو تیژی و تاقم و گروپە توند ئاژۆکان سواری شەپۆلی ڕق و بێزاری خەڵک بوون , سوریایان وێرانکرد , ئەوە دەساڵە شەڕی ناوخۆییەو نیوەی خەڵکی وڵاتەکە ئاوارەو دەربەدەری ولاتان بوون جگە لە کوژرانی سەدان ھەزارکەس , و ڕژێمی ئەسەدیش وەکو خۆی ماوە لە شام تائێستایشی لەگەڵدا بێت .
٥. یەمەنیش بە ھەمان دەردی سوریا چوو توندوتیژی شۆڕشەکەی گەلی یەمەنی لە باربرد کە لە دەست دکتاتۆریەتی عەلی عەبدوڵاساڵەح وەخۆ ھاتبوون ھەرچەندە دکتاتۆر کوژرا بەڵام یەمەن ئێستا گۆڕەپانی شەڕی ناوخۆیی و کوشتو بڕێکە کە وێنەی نیە .
٦. لیبیا ش ھەر بە ھەمان شێوەی یەمەن و سوریا توندوتیژی و ئاژاوە سەری شۆرشەکە خوارد کە لە دەست دکتاتۆریەتی قەزافی ڕاپەڕی بوون و ئێستا خۆزگە بۆ سەردەمی قەزافی دەخوازن .
٧. تونس ئەو وڵاتەی کە یەکەم چەخماخەی بەھاری عەرەبی لەوێوە سەری ھەڵدا بە ھیمنی و دوور لە توندو تیژی توانی تا ڕادەیەک سەرکەوتن بە دەستبێنێت .
ئەوەی لە کۆتاییدا دەمەوێت بیڵێم بارودۆخی شڵەقاوی ھەرێمی کوردستانە کە وەکو دیفاکتۆیەک وایە سەرەڕای ئەوەی لە دەستوری عێراقدا وەکو ھەرێمێکی فیدرالیش جیگیر بووە , لەوەیە بەرگەی ململانێ و پێشھاتی لەو جۆرەی وڵاتانی تر نەگرێت , بۆیە زۆر پێویستە دەستەڵاتداران بە ھۆشیارییە گوێ بۆ داخوازییەکانی خەڵک بگرن وڕیفۆرمی جدی بکەن بۆ نەمانی گەندەڵی و ناداد پەروەرەی کەوەک ڕۆژی ڕووناک بەبەرچاوی ھەموومانەوەیە , خەڵکیش دەبێت زیاتر ھۆشیاربن بوارنەدەن ئاژاوەچی و دەستی پیس داخوازییە ڕەواکانیان لەکەدار بکەن .