نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
وا کابینەکەی عەبادی لەوە نزیک دەبێتەوە ساڵێکی تەمەنی تەواو بکات ئەگەرچی لە سەرەتاوە ئومێدی زۆری لە سەر ھەڵچنرا , بەڵام تاوەکو ئێستاش ھیچ ھەنگاوێکی خێراو شێلگیرانەی نەناوە بۆ چارەسەری کێشە ئاڵۆز و قورس وتاقەت پڕوکێنەکانی عێراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە .
ئەگەرئاوڕێک بۆ دواوە بدەینەوە دەبینین کابینەکەی مالیکی پێش ئەم ڕووبەڕووی خوپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی پارێزگا سونە نشینەکان ببووەوە بەڵام ئێستا کابینەکەی عەبادی ڕووبەڕووی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکی زۆری ھاو ئاینزاکانی خۆی بووەتەوە ھەرلە باشووری عێراق بەسرە تاوەکو بەغدادی پایتەخت .
ئەگەرچی عەبادی تائێستە پشتگیریەکی زۆری ناوخۆ ودەرەکی لێدەکرێت بەڵام نەیتوانیوە کەڵک لەو پشتیوانیانە وەر بگرێت بۆ چارەسەری کێشەکانی وڵات ,ئەگەرچی توانرا شاری تکریت ئازاد بکاتەوە لە دەست دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەڵام نەیتوانی بێجی کە گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی تێدایە لە عێراق و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دا ئازاد بکات کە دەکەوێتە باکوری تکریتەوە ,ھەروەھا فەلوجەش کە چەند میلێکی کەم لە بەغدادی پایتەختەوە دوورە.
بۆیە ئێستا عەبادی و کابینەکەی لە دۆخێکی زۆر نالەباردا ڕووبەڕووی بێزاریو ڕق تووڕەیی خەڵکی شارە جیاجیاکانی عێراق بوونەتەوە لەگەڵ بەرزبوونەوە پلەی گەرما بۆ سەرووی پەنجا پلەی سەدی ڕق و نیگەرانیەکانی خەڵکی عێراقیش بەرزبووەتەوە لە نەبوونی کارەبا و کەمی ھەموو خزمەتگوزاریەکان خەڵکیش تائێستە بە شێوەیەکی زۆر مەدەنیانە بەڵام بە زمانێکی زۆر زبر ھاوتا بە گەندەڵی و بێباکی و خەمساردی و بێ دەربەسی کاربەدەستانی حکومەتەکەی عەبادی کە لە ریزی ھەرپێشەوەی حکومەتە گەندەڵەکانی جیھانە کە بەداخەوە شەرم دەکەم ھەندی َ لەو دروشم ووتانەی ئەوان واتە خۆپیشاندەران لێرادە بۆ خوێنەرانی خۆشەویست بخەمەڕوو.
پێویستە ئاماژەش بۆ داخوازی خوپیشاندەران بدەم کە جۆراو جۆر بوو لە سەرتادا ھەندێک لە لاوان داوای باشکردنی خزمەتگوزاریەکانیان دەکردلە کارەباو ئاوو بەگژاچوونەوەی گەندەڵی ( دەردی کوشندەی عێراق ).
دواتریش ڕادەی داخوازیەکان بەرزبکرێتەوە بۆ ڕیفۆرمی سیاسی و گۆرینی ڕژێمی سیاسی .
لە دوای ئەوەش مەرجەعیەتی باڵای شیعەش ھاتە سەر ھێڵ و لە ڕێگەی بریکارەکەیەوە ( ئەحمەد سافی) لە کەربەلاوە بەناو داوا لە عەبادی دەکات کە بە دەستێکی پۆڵایین بکێشێت بەسەری ھەموو ئەوانەی کە یاری بە ماڵی گشتی یەوە ئەکەن و کاربکات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ھەمووئیمتیازو دەرماڵە ی کاربەدەستانی پێشوو ئێستا,
ھێزە سیاسیەکان بخرێنە بەردەم لێپرسراوێتی مێژوویی خۆیان و ئاشکراکردنی ھەموو ئەوانەی کۆسپ و تەگەرە دروست دەکەن لە ڕێگەی ڕیفۆرم وچاکسازی دام ودەزگاکانی دەوڵەتدا لە ھەر کوێ بن و لە ھەر پلەو پۆستێکدا بن .
لە بەرامبەریشدا زۆربەی سەرۆک فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران پشتگیری خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی و عەبادی سەرۆک وەزیرانیش لە بەیانەمەیەکدا پابەند بوونی خۆی بە ڕێنماییەکانی سیستانی دەربڕی و ئەوەش پشتیوانیەکی بە ھێزە بۆی گەر بتوانێت وەبەری بھێنێت ..
ئەگەر چی ئەم ھەنگاوە بتوانێت بۆ ماوەیەک ڕق و بێزارییەکانی شەقام کپ بکاتەوە بەڵام شارەزایانی بواری ئابوری پێیان وایە لەم بارودۆخەی ئێستادا کەنرخی نەوت لە دابەزیندایەو شەڕی داعش بارێکی قورس و تێچوونێکی زۆری ھەیە ودابینکردنی مووچەی نزیکەی ٦ ملێۆن کارمەند ی حکومەت و تەمویل کردنی ھێزەکانی حەشدی شەعبی و ئەو گەندەڵی و بێسەروبەرییەی کەلە دەزگاکانی دەوڵەتدا ھەن ناتوانرێت ھیچ چارەسەرێکی خێرا ی بۆ دۆخی ئاڵۆزی وڵات بکات .
لە کۆتاییدا جارێکی ئەو پرسیارە خۆی قووت دەکاتەوە ئەرێ ئەمەی کەلە عێراقدا ڕوودەدات لە دوای دوانزەساڵ لە ڕووخانی سەدام حوسین سەرەڕای ھەموو کۆمەک و یارمەتیە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەش کەچی بارودۆخی عێراق لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕوات ئایا ئەمە شکست ھێنانی ڕەوتی مەزھەبی و تائیفەگەرایی نیە لە وڵاتێکی فرە ئتنیک و فرە مەشرەبی وەکو عێراقدا ؟؟؟؟