توانا تەھا : ژن خۆشویشتن، گرنگی دان بەژن، سەلیقەو ھونەرێکی گەورەی دەوێت، بەتایبەتی ژنی خۆت، ئەوە ھونەرێکی مەزنە، با ژن تۆی خۆش بووێت، بەڵام ئەگەر تۆ لە ھونەری خۆشەویستدا کۆلەوارو نەزان بیت، خۆشەویستی بە گوڕی ژن کاتێک بەرەو لات شنە ئاسا ھەڵدەکات، نەک ھەر گەشە ناکات، بەڵکو لە پڕدا وشک دەبێت، یان بە دیوێکی دیکەدا دەشکێتەوە.
نووسین و قسەکردن سەبارەت بە خۆشەویستی گەمە نییە، خۆشەویستی وەکو ھیچ پرسێکی دیکە نییە، ئەوین چەند بابەتێکی ناسکە، ھێندەش نووسین دەربارەی وردەکاری و تەڕوپاراوی گەرەکە.
رەخنەگر و شاعیر و ساتیرنووسی گەورەی کورد ھێژا “حەمە سەعید حەسەن” جوانی وتووە. بەھۆی خۆشەویستیەوە متمانەمان بەخۆمان پتەوتر دەبێت، بەھێزتر دەبین لەوەی ھەین، ژیاندۆستی لە کنمان گەشە دەکات و ھەست بە ھێوری دەکەین، بەڵام دەشێت خۆشەویستی کارێک بکات، دووچاری پێچەوانەکانی ئەوانە ببینەوە. لە ھەواری خۆشەویستیدا، جێی خۆپەرستی نابێتەوە، ئەوە نییە کە کەسێکمان بەڕاستی خۆش دەوێت، ئامادەین بێ دوودڵی، ھەموو سامان و تەنانەت گیانی خۆیشمان، لە پێناویدا ببەخشین.
باسکال “فەیلەسوف، فیزکەر و ماتماتیکزانی فەرەنسی” (١٦٢٣- ١٦٦٢) دەڵێت: “دڵۆپێک ئەڤین لە زەریایەک تێگەیشتن زۆرترە”. فرە جوانی گوتووە.
بەڵام فەیلەسوفی گریکی ئەرستۆ بەر لە باسکال زۆرتر رۆیشتووە و خۆشەویستی بەو کەرەستەیە داناوە سەرجەم ژیان رێک دەخات، ئەرستۆ گوتوویەتی :”دەستبەرداری ھەموو یاساکان دەبووین، ئەگەر لەسەر زەوی خۆشەویستی دەسەڵاتدار بووایە”.
“ھەر ئەوە نییە ئەڤین چەند مافێکی ھەبێت و بەس، بەڵکو ئەڤین ھەمیشە مافدارە”. ئەمەیش قسەی ماری فۆن ئێبنەر – ئێشەنباخە، ژنە نووسەری ئۆتریشی (١٨٣٠- ١٩١٦). دیارە قسەکەی باشی پێکاوە، بێگومان ئەڤین ھەمیشە مافدارە و مافی کەسیش پێشێل ناکات.
خۆشەویستی زۆری لەسەر گوتراوە ئەوەنییە جۆرج کریستۆف لیشتنبێرگ (١٧٤٢- ١٧٩٩) نووسەر و رەخنەگری ھونەری و فیزیکزانی ئەڵمانیش لە دەربڕینێکی سادە و بەرچاودا باس لە گرنگی و “دەستکەوتی” خۆشەویستی دەکات و گوتوویەتی :”خۆشەویستی “بازرگانی”یەکە، ھەردوو لا تێیدا براوەن:”
بێگومان خۆشەویستی تاکە گەمەیەکە یان وەکو ئەو باسی لێوەکردووە بازرگانییەکە دۆڕاوی تێدا نییە.
لەو سۆنگەیەدا کە ژن زۆرتر نھێنی خۆشەویستییان بەلاوە گرنگە، زۆرتر ھەست بە ئاسمانی بوون و تایبەتمەندبوونی کارەکە دەکەن، بۆیە ئینگەبۆرگ باخمان “ژنە جوان نووس و شاعیر و نووسەری ئۆتریشی ١٩٢٦_١٩٧٣) دەڵێت :”ئەوەی ناپاکی لە نھێنی ناوجێگە بکات، شایانی خۆشەویستی نییە:”
ھەڵبەتە شتی خۆشیش سەبارەت بە خۆشەویستی زۆر گوتراون، ئەمە یەکێکە لەو شتە خۆش و “بەتامانە” لەبەر ئەوەی خۆشەویستی نەخۆشییەکی نایابە، بۆیە دەبێت لە کاتی ئەو نەخۆشییەدا ھەمیشە دوو کەس بچنە ناوجێگەوە:” ئەمەیش قسەی “ڕۆژنامەوانی ئەڵمان رۆبێرت لێیمکەیە” ١٩١٣ – ١٩٨٩.
خۆشەویستی تاکە شتێکە دەبێ ڕۆژێکی نەبێت، بەڵکو دەبێ ساڵ موڵکی خۆشەویستی بێت. پێویستە ھەموو، ھەر ھەموو ڕۆژەکانی ژیان پڕ بن لە خۆشەویستی. دەبێت بە خۆشەویستی بژین، ئەگەربمانەوێت ژیانی بە جوانی ببینین و دڵمان ئاسوودە بێت. ئەوەنییە ئەوەی شادی دەبەخشێت خۆیشی ھەست بە دڵخۆشی ئەکات.