سارا عومه‌ر : پێش ئه‌وه‌ی کون و قوژبنی شار‌و شارۆچکه‌و لادێ بێنازه‌کانمان بپشکنین، بۆ لافیته و تراکتی هه‌ڵواسراو سه‌باره‌ت به بانگه‌واز بۆ خۆشه‌ویستی، بۆ ڕێز لێنان له مێژوویه‌ک، که قه‌شه‌یه‌ک له هه‌لومه‌رجی شه‌ڕدا نه‌خشاندی، من پێم وایه ده‌بێت بپرسین .. ئه‌وه چ دنیایه‌که ده‌بێت خۆشه‌ویستی به جاڕنامه بسه‌پێنرێت؟ ئه‌وه چ ژیانێکه .. که خۆشه‌ویستی بکرێته بۆنه‌و ساڵی جارێک به ڕه‌سمی یادی بکه‌ینه‌وه؟
ئه‌ی ٣٦٥ ڕۆژه‌که‌ی تری ساڵی پڕ به‌چی ئاوبده‌ین؟ بوغز و فێڵ و خیانەت و درۆ ..؟
بڕوانن، بۆ ئه‌وه‌ی شرۆڤەکردن لەسەر بۆنەیەک، ته‌نها بۆ ڕازاندنه‌وه‌ی خودی بۆنه‌که نه‌بێت .. چه‌ند جوانتر بوو سەدەگەلێک لهمهوپێش شرۆڤه‌ی پێویستمان له‌سه‌ر بوونی جیهانی خۆشه‌ویستیمان بکردبایه!
باشه، سێ مانگ لهمهوپێش و ئێوه بڵێن سێ سه‌ده له‌مه‌وپێشیش خۆ ئه‌وه هه‌ر ئێمه بووین کۆدهنگانه له‌سه‌ر سفره‌ی که‌لتورێک کۆ ده‌بووینه‌وه، که دواجار سوارچاکه‌کانی عه‌شق گوڵاویان بەسەر زهواکەی سەریدا دەپرژاند و ئێمه‌ش بە هەموو ویژدانی خۆمانەوە خوێنیانمان حه‌ڵاڵ ده‌کرد..!
ئاخر ئه‌م ڕۆژه هه‌رچی بگه‌یه‌نێت .. ناتوانێت په‌ڵه‌ی ئه‌و خوێن و شه‌رمه له‌سەر ڕوخسارمان لا بدات، که له ژێر زه‌بری بلۆکه‌کانی سه‌ر و جه‌سته‌ی كچۆڵه و ژنه ڕۆح سپییه‌كان لێمان ده‌نیشێت.
ئه‌رێ به‌ڕاست،.. ئێوە توانیوتانه ئه‌و په‌ڵه‌ی خوێن و شه‌رمه بسڕن..؟ تا بێن و ڕووتان بێت باسی ڕۆژی خۆشه‌ویستی بکه‌ن؟ ئه‌رێ هۆ به‌نی ئاده‌مینه، خۆ پێم وابێت عه‌یب نییه، من بڵێم؛
“به‌ڕاستی هێشتا من ته‌وێڵم ته‌ڕو خوێناوییه، سینەم پر سیمفۆنیای خه‌جاڵه‌تیه…”
نازانم چه‌ند به‌یداخ سیمای سلێمانی و هه‌ولێر و به‌عشیقه‌و دهۆک و سه‌رده‌شت و سنه و قامیشلی و ئامێدی و تەنانەت مه‌ریخ داده‌پۆشێت، له‌و ڕۆژه‌ی ناو نراوه ڕۆژی خۆشه‌ویستی!
ئەرێ ئێوە هەرگیز نیشانەی پرسیارتان لەسەر ئەوە بەجێهێشتووە، کە ئایا به‌ڕاستی خۆشه‌ویستی که‌وتۆته کوێی دڵمانه‌وه؟؟
به‌ڕاست ئێمه ده‌مانه‌وێت ته‌نها و ته‌نها یادێک بکه‌ینه‌وه، یان ده‌مانه‌وێت له گۆشه‌ی یادێکه‌وه بڕوانینه مانایه‌ک، که پێیه‌وه هاتووین و که‌چی وا خه‌ریکه به ته‌واوی له ده‌ستی ده‌ده‌ین؟!!
نازانم، بۆ هێنده‌ی تێڕامان له‌م دیارده‌یه‌م بۆ گرنگه، که ناونراوه ڕۆژی خۆشه‌ویستی..
بۆچی نیو هێنده ئه‌وه‌م بۆ گرنگ نییه، که ئه‌م ڕۆژه چی ده‌گه‌یه‌نێت لای کورد؟
سوێند دەخۆم.. سوێند، کە خۆشه‌ویستی وه‌ک خۆمان کۆیله‌یه و .. ئه‌گه‌ر خۆمان کۆیله‌ی سه‌رده‌مه تاریکه‌کانی ده‌ستی جەللادان و هه‌وه‌سی پیاوه ناشیهکانین، ئه‌وا خۆشه‌ویستی کۆیله‌ی ناو سینه داخراوه‌کانی خۆمانه!
ئاخر، ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی ئه‌سیر نه‌بێت .. پێم بڵێن، تفه‌نگ چۆن ده‌یتوانی به ناو جه‌رگه‌ی سه‌رده‌مه‌کاندا ئه‌و هه‌موو خوێنی کیژۆڵە ناسکانە بڕژێنێته به‌ر پێی ئه‌سه‌فمان؟
پێم بڵێن، ڕق چۆن ده‌بووه شۆفێری شاره‌زای سه‌رانسه‌ری ڕێگاو بانی ناو چیرۆکه‌کان..؟
ئه‌رێ ئێمه چیرۆکه‌کانمان پڕ نین له ده‌ربه‌ده‌رکردنی ئاشنایی و کوشتنی ڕۆح و كوشتنی وه‌فا؟
پێم بڵین، ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی ئه‌سیر نه‌بێت، هه‌ژاری ڕووی ده‌هات به ئاشکرا به کۆڵان و جاده‌ی گشتی ته‌مه‌نی زۆربه‌ماندا جرت و فرتی بێت؟
ببینن دۆستان، خۆشه‌ویستی زیندانە .. زیندان! بڕوانن، چۆن سه‌ركرده فیتنه‌كانی ماڵ و كۆمه‌ڵگا ئازادی و ماف و ته‌حه‌مولیان ئه‌تک کردین، بڕوانن!
من سوێندم ناکەوێت،.. ئەگەر بە دەنگی بەرز هاوار بکەم و بڵێم؛
“خۆشه‌ویستی لێره نییه، به‌نیئاده‌مینه.. ئیتر ئێمە چ کارەین لێرە.؟!”
پێش ئه‌وه‌ی من له‌گه‌ڵتان بم بۆ یادکردنه‌وه‌ی به‌هایه‌ک، که شایانی ئه‌وه‌یه هه‌ر ٣٦٦ ڕۆژه‌که‌ی ساڵی تێروته‌سه‌ل هی ئه‌و بێت، نه‌ک ته‌نها یەک ڕۆژ .. من خۆم خۆشخه‌یاڵ ناکه‌م به هات و هاواری بۆنه و یاده‌کان.
من ده‌زانم خۆشه‌ویستی ده‌بێت پێش نه‌ته‌وه‌که‌شم ئازاد بکرێت.. ده‌بێت ساڵ ببێته موڵکی خۆشه‌ویستی .. ئه‌وسا ڤالانتینۆش ده‌توانێت هه‌موو ڕۆژه‌کانی ساڵ له یادماندا بێت، نه‌ک ته‌نها یەک ڕۆژی ئه‌سیر..!
ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی بۆ یەک ڕۆژ بتوانێت هه‌بێت له‌ساڵێکدا .. ئه‌وا من ڕوخسه‌ت له حه‌زره‌تی ڤالانتینۆ ده‌خوازم و به ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێم؛
“مه‌رگ بۆ خۆشەویستی..!”
*تابلۆی : هونەرمەند وەلید ستی
دانیمارک