سەدیق سەعید ڕواندزی
پەروەردەکردنی منداڵ،یەکێکە لە ئەرک و بەرپرسیاریەتییە گەورەکانی خێزان.کە دەبێتە بنەمای پێگەیاندنی مرۆڤێکی سەرکەوتوو لە داھاتوودا.ئەو پەروەردەکردنەی منداڵ لە کۆمەڵگاکاندا بەمێتۆد و ڕێسای کۆمەڵایەتی جیاوازە. بەو مانایەی پەروەردەکردنی منداڵ لە ڕۆژھەڵات جیایە لە ڕۆژئاوا و لە کۆمەڵگایەکی ئایینی و نەریتخوازدا جیایە لە کۆمەڵگایەکی لیبراڵ و سەربەخۆ.بەڵام نابێ ئەوەمان بیربچێت میتۆدەکانی پەروەردەکردن چەند جیاوازبن، دواجار ئامانجی یەکەم و کۆتاییان ئەوەیە چۆن منداڵ بە پەروەردەیەکی ڕاست و دروست گەورە بکەن. کە کەسیەتییەکی سەرکەوتووی لە داھاتوودا ھەبێت. کتێبی(دەربارەی پەروەردەکردن) یەکێکە لەوکتێبانەی کە زۆربەوردی لە بارەی پەروەردەکردنی منداڵەوە دەدوێت وپەیوەندی خێزان بە منداڵ لە قۆناغەکاندا ڕووندەکاتەوە.
ئەم کتێبە یەکێکە لەوکتێبانەی کەبایەخێکی ھەرەگرنگی لەڕووی پەروەردەییەوە ھەیە.بەتایبەتیش پەروەردەکردنی منداڵ و شێوەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵ ھەر لەقۆناغی شیرەخۆریەوە کەئێمە بە ساوا ناوی دەنێین، تاقۆناغەکانی دواتر. نووسەری کتێبەکە چەند دیاردەیەک لەھەمبەر پەروەردەکردنی منداڵدا ڕووندەکاتەوە، کە تاکوئێستا لەکۆمەڵگا نەریتییەکان و کوردستانیشدا، بەڕێگەیەکی دروستی پێگەیاندنی منداڵ دادەنرێت. کەچی لەبنەڕەتدا شێوازێکی ھەڵەیە. نووسەر ئەوە ڕووندەکاتەوە کە زۆرجار لەمیانەی خۆشویستنی بێ سنوورو نازپێدانی لەراِدەبەدەری منداڵ لە تەمەنی بچووکیدا، منداڵ فێری نازکردن و داواکاری زیاتردەبێت. کاتێ قۆناغی مندالیش جێدێڵێت و گەورە دەبێت،ئەوا داخوازییەکانیشی لەگەڵدا، زۆر و گەورەدەبن، بەڵام ھەمان ئەو تێگەیشتنەی ھەیە کەوەک چۆن لە منداڵیدا ھەرشتێک مەبەستی بێت بۆی کراوە، ئەوا دەبێ لە گەورەییش بەھەمان شێوە بێت. کەئەمەش خێزانەکان ڕووبەڕووی گرفت و ئاریشەی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە.بەبڕوای من ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن و پەیوەندی لەگەڵ منداڵدا، یەکێکە لە نەریتە باو و دیارەکانی کۆمەلگای کوردی. چونکە لەکۆمەلگای ئێمەدا بەگشتی دایبابەکان بەئەندازەیەک کۆرپەکەی خۆیان خۆشدەوێت،تەنانەت لە ڕوحی خۆشیان زیاتر. بەڵام کاتێ ھەمان ئەو منداڵانە گەورەدەبن، ئیدی ئەو نازوسۆزپێدانەش وردە وردە کاڵدەبێتەوەو لەھەندێک کاتدا نەک ھەرنامێنێت، بگرە باوک و منداڵەکەی بەتایبەتیش کوڕ، دەبنە دوژمنی یەکتری و زۆرجار خوێنی یەکتریش بە دەستی یەکتری دەڕێژن و کارەساتی جەرگبڕدروست دەکەن. کەبەدڵنیاییەوە نموونەی لەو شێوەیە یەکجار زۆرە لەخێزانی کوردی. بۆیە نووسەری کتێبەکە(بێرتڕاندڕەسل) جەحت لەوە دەکاتەوە کەدەبێ لەنێوان نازپێدانی لەڕادەبەدەرو خۆشویستنی منداڵ، سنوورێک ھەبێت. ناکرێ لەپەنای خۆشویستنەوە ھەرشتێک منداڵ مەبەستی بوو، بۆی جێبە جێبکرێت. چونکە دواجار ئەم منداڵە کەسیەتییەکی داخوازیکەری لێدەردەچێت و ھاوکات خووێکی سایکۆلۆژی خراپیش دەگرێت. نووسەر لەم ڕووەوە نموونەیەکی بەرجەستە دێنێتەوە.کەئەویش پەیوەندی بەکۆرپەلەوە ھەیە کە ئێمە بە ساوا ناوی دەبەین. واتە زۆربچووک.ھەموومان دەزانین لە کۆمەڵگەی کوردیدا و ڕەنگە لە کۆمەلگاکانی دنیاش بەو شێوەیەبێت، کاتێ منداڵی شیرەخۆر لەلانکە دەپێچن یاخود دەخەوێنین، ئەوا لای لایەو لاواندنەوەی وەک ڕێگەیەکی خەوتن بۆبەکاردێنن. بەڵام بێرتڕاند ڕەسل، ئەم شێوازە بە ڕێگەیەکی یەکجارھەڵە ناودەبات. ئەو باس لەوە دەکات کەمنداڵ کاتێ پێویستی بەخەوبێت، ئەوا دەبێ ژینگەیەکی لەباروگونجاوی ھێمن و دوورلەدەنگە دەنگی ھەبێت. چونکە لەبنەڕەتدا ئەو پێویستی بەخەوتنە، نەک لاواندنەوەی. پێویستی بەئارامییە، نەک ناز ھەڵگرتنی.نابێ خووێک وەک تایبتمەندییەکی کەسی منداڵ بچسپێنین کەخۆمان دەمانەوێت. نووسەری کتێبەکە، ھەرپەیوەست بەو تەمەنە نموونەیەکی دیکە دێنێتەوە کەئەویش گریانی منداڵە لەو تەمەنەدا. بێگومان کاتێ منداڵ دەگریێت و ڕەنگە بەگریانەکەی ھەم دایباب دڵتەنگ بکات و ھەمیش ئارامیان تێکبدات، ئەوا دایک پەنا دەباتە بەرڕێگەی جۆراو جۆر بۆ ژیرکردنەوەی.بەمەش بێ ئەوەی ھەستی پێ بکات، خووێک لای منداڵ دروست دەکات کە ئەویش لەبەرامبەر گریان شتێکی پێدەدرێت. بۆیە کاتێ ساواکە دەزانێت ئەوەی دەیەوێت بە گریان بۆی مەیسەر دەبێت، ئەوا گریان دەکاتە چەکی بەھێزی دەستی خۆی بۆجێبەجێکردنی داواکانی.کاتێ گەورەش دەبن و داواکاری دیکەیان دەبێت و خێزانەکانیش بەشێوەیەکی دیکە وەڵامیان دەدەنەوە، ئەوا دەکەونە بارودۆخێکی دەروونی خراپەوە کە ئاسەوارێکی نادروست لەسەرکەسیەتییان جێدێڵێت.بەڵام ئەگەر منداڵەکە ھەرگریا وھەستی کرد ماندوو دەبێت، ئیدی بۆخۆی بێدەنگ دەبێت. بەتایبەتیش کە ئەو منداڵە ھیچ نەخۆشییەکی نەبێت. نابێ ئەوەندە سۆز بدرێتە منداڵ وەک بووکە شوشەی لێبێت.چونکە ئەو تاھەتایە ھەرلە قۆناغی منداڵی نامێنێتەوە، گەورە دەبێت. کەگەورەش بوو، ناکرێ بەھەمان شێوەی منداڵی بۆی بڕوانرێت و ھەر ھەمووداواکانی جێبەجێبکرێن. بابەتێکی دیکەی پەیوەست بەمنداڵ کە نووسەر ئاماژەی پێ دەکات ئەویش ترسە. واتە کاتێ منداڵ بەھۆی ھەرشتێکەوە بێت بەرجەستە یاخود نابەرجەستەیی دەترسێت. بەبڕوای نووسەر، زۆر جار گەرورەکان دەبنە ھۆکاری قوڵبوونەوەی ئەوترسە لای منداڵ و دۆخێکی دەروونی پڕلەترس و دوودڵییان بۆ دروست دەکەن. زۆر ئاساییە منداڵ وەک ھەر مرۆڤێکی دیکە بترسێت. بەڵام نابێ ئەوترسە ببێتە فۆبیاو ھەرلە سەرەتاوە منداڵ تێکبشکێنێ و تاھەتایە بەترس گۆشبکرێًت.یەکێک لەو ڕێگایانەی کەدەشێ ترس لەدەروونی منداڵ دووربخاتەوە ئەوەیەکەخودی گەورەکان نابێ بترسن.خۆ ئەگەر نەشیانتوانی زاڵبن بەسەرئەو ترسەدا، ئەوا بەلایەنی کەمەوە دەبێ ھەوڵبدەن ئەوترسە بەڕوویانەوە دیارنەبێت. بۆ ئەوەی منداڵەکە ھەست نەکات کەتۆدەترسێی. ئەوکات ترس وەک ھەر دۆخێکی دیکەی دەروونی مرۆڤەکان دەبینێت کە زۆرجار بەھۆی ڕووداوێکەوە یاخود بەرکەوتەیەکەوە دروست دەبێت. وەلێ کاتێ گەورەکان بەئەندازەیەکی زۆرلەبەردەم منداڵەکانیاندا دەترسێن،ئیدی ئەوانیش ھەست بەجۆرێک لەترس و دڵەڕاوکێ دەکەن.نووسەر بەردەوام دەبێت لەشێوازەکانی پەروەردەکردنی منداڵ کە ئەو بەپەروەردەی مۆدێرن لەبەرامبەر پەروەردەی کلاسیک وێنای دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش لەسەر خووەکانی منداڵ ءتێڕوانینی بۆ دەوروبەردەوەستێت.بێرتڕاند ڕەسل، باس لەوە دەکات کەمنداڵان ئارەزووی سەیریان ھەیە. تەنانەت ئەگەر ئەو ئارەزووانە ھیچ مانایەکیش بەژیانیان نەبەخشێت.وەک ھەندێک جۆری یاریکردن.بەڵام ئەوان ھەرچێژی لێدەبینین. بۆنموونە: کاتێ منداڵێک دەچێتە نێوباخچەیەکی پڕ لەگوڵ و گوڵزارەوە، ئەوا حەزدەکات کام گوڵیان زۆرجوان و سەرنج ڕاکێشە، یاخود زۆربەیان بقرتێنێت و لێبکاتەوە. ئەرکی گەورەکانە، وەک دایباب و خێزان کە منداڵ بەئاگا بێننەوە لەوەی نابێ گوڵەکان لێ بکاتەوە. چونکە دیمەن و بۆن و بەرامەی باخچەکە وندەبێت و دەشێوێت. بەڵام ئەرکی گەورەکان ھەر تەنھا لەو ئامۆژگارییە بەزمانێکی سادە کۆتایی نایەت، بەڵکولەوە گرنگترو پڕبەھاترئەوەیەکەمنداڵ فێری ئەوە بکرێت کەگوڵەکانی خۆشبوێت ھاوشێوەی گەورەکان. لەھەرجێگەیەک بیانبینێت، بیانپارێزێت. چونکە گوڵ ھێمای جوانییە. کەبەو شێوەیە گوڵمان لە دنیابینی منداڵ نەخشاند، ئیدی ئەویش گوڵەکانی خۆشدەوێت و لە ھەرجێگەیەک بیانبینێت دەیانپارێزێت. نووسەری کتێبەکە باس لە بابەتێکی دیکەی گرنگ دەکات کە ئەویش پەیوەندی منداڵ بەگەورەکانەوە، کەزۆر جار بێ متمانەیان لادروست دەکات.نووسەر ئاماژە بەوە دەکات کەنابێ گەورەکان بە قسەو بۆچوونی ئەفسانەیی و ناواقیعی مێشکی منداڵ ئاڵۆزبکەن. یاخود نابێت بابەتێکییان بۆ بوروژێندرێت کە لە ئەقڵ و توانای گەورەکان خۆشیان بەدەرە چ جای منداڵ. منداڵان ھەر تەنھا حەزناکەن گوێیان لەگەورەکان بێت چی دەڵێن، بەڵکو دەیانەوێت بە پراکتیکیش بۆیان بسەلمێنرێت. دەنا باوەڕ بەقسەکانیان ناکەن. بۆیە دەبێ گەورەکان لەم ڕووەوە ھوشیاربن وشتێک نەڵێن کە نەتوانن جێبەجێی بکەن. چونکە ئەمە بڕوای منداڵ لاوازدەکات و ئەو ھەستەشیان لادروست دەکات کەئەوانیش لە داھاتوودا قسەیەک بکەن و نەتوانن بیسەلمێنن. یاخود فێری فریودان و درۆکردن دەبن.دواجار نووسەری کتێبەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کەدەبێ دایکان و باوکان لەھەموو تەمەنێکدا بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ منداڵ بکەن،کە ئەو مرۆڤێکی ئەم جیھانەیەو بەدڵنیاییەوە تووشی خۆشی و ناخۆشیش دەبێت. لەڕاستیدا ئەم کتێبە یەکێکە لەکتێبە ھەرەگرنگەکانی بواری پەروەردە.کە ئێمە دەرفەتمان نییە ھەموو کتێبەکە بەخوێنەران بناسێنین. گرنگی ئەو کتێبە لەوەدایە کەخێزانەکان و مامۆستاکان و کەسانی بواری پەروەردەوەو بگرەھەموو کەسێکیش بیخوێنێتەوە. چونکە ئێمە ھەمیشە پێویستیمان بەپەروەردەکردنێکی ڕاست و دروستی نەوەکانمان ھەیە. بەتایبەتی لە ژێرسایەی سیستەمێکی پەروەردەیی لەوشێوەیەی کەئێمە ھەمانە.لەکۆتاییدا دەست خۆشانە لە وەرگێڕی کتێبەکە کاک(جیھاد محمد)دەکەم.ئەم کتێبە گەرچی دەتوانم بڵێم لە یەک کاتدا کتێبێکی پەروەردەیی،دەروونناسی، فەلسەفییە،بەڵام بە زمانێک وەرگێڕدراوە کە ئاسانە بۆخوێنەران بە گشتی بیخوێننەوە.ئەمەش دووەم کتێبی پەروەردەیی ئەم وەرگێڕەیە دوای کتێبی یەکەمی(پێداگۆکی ستەملێکراوان)کە من بەو زمانە جوانە و وەرگێڕانە بێ خەوشە دەیخوێنمەوە…
*پەراوێز/ ناوی کتێب(دەربارەی پەروەردەکردن)/ نووسینی(بێرتڕاند ڕەسل)/وەرگێڕانی(جیھاد محمد) بڵاوکراوەی سەردەم_٢٠١٨.
*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی(ھاووڵاتی) ژمارە(١٨٠٩)ی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩-٥-٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە………
sadiqrwandze@yahoo.com